خەسرەو گورون
74
لە باسی پێشوومدا تیشكم خستە سەر پێنجەم یاریی قۆناغی گەڕانەوەی تیپی یانەی سلێمانی لە خولی پلە یەكی یانەكانی عیراقدا (گروپی باكووری عیراق)، ئەم یارییە دوا یارییمان بوو لە خولەكەدا.
لە قۆناغی یەكەمدا یاریی سلێمانی و 1 ی حوزەیرانی شاری كەركوك لەبەر سەرماو بەفر و باران نەكراو دواخرابوو، دەبوو یارییەكە مانگی جەنیوەری ساڵی 1989 دا بكرایە، بەڵام ئەو یارییە دواخرا بۆ رۆژی 10/3/1989 و لە یاریگای سلێمانی كرا.
یارییەكە سەعات 3 ی پاش نیوەڕۆ دەستیپێكرد، یاریگاكە قوڕو لیتەیەكی زۆر بوو، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی (محەمەد سەلیم) لە بەغداوە هاتبوو ئەم یارییەی بەڕێوەبرد، یاریدەدەرەكانیشی هەر لە بەغداوە هاتبوون، هاندەرانێكی زۆری سلێمانی ئامادەی بینینی یارییەكە بوون و سەرسەختانە هانی ئێمەیان دەدا، لەم یارییەشدا جارێكی تر بەو تیپەی شاری كەركوك دۆڕاینەوەو ئەمجارەش لە یاریگای خۆماندا 1-0 لێیان بردینەوە، گۆڵەكەی یەكی حوزەیرانیش شێرە لە دەقیقەی 66 ی یارییەكەدا كردی.
بەتەواو بوونی یارییەكانمان لە گروپەکەماندا، ئێمە توانیمان لە خولەكەدا بمێنینەوەو دانەبەزین بۆ خولی پلە دوو، تیپی یانەی دهۆك دوا تیپی ریزبەندیی بوو بۆ خولی پلە دوو دابەزی، هەردوو تیپی یانەكانی هەولێر و 1 ی حوزەیرانی كەركوكیش یەكەم و دووەمی ئەم گروپە بوون و بۆ قۆناغی دواتری خولەكە سەركەوتن.
ئێمە لەم یاریەیدا درێسەكانمان سوور بوو، تیپی یانەی 1 ی حوزەیرانیش درێسەكانیان شین بوو، حەمە بچكۆل و ئازاد وەهاب راهێنەری ئێمەبوون، بە پلانی 4-4-2 یاریمان كرد، پێکهاتەی سەرەکیش بەمشێوەیە بوو؛
*گۆڵچی: رزگار عەلی، ئەمەمە یەکەم یاریی بوو رزگار عەلی وەک گۆڵچی سەرەکی یاریی بکات و ئاستێکی باشیشی نواند، ئەمەش لەبەر ئەوەی رەفیقی برای نەشتەرگەری لە ئەژنۆیدا کردبوو.
*بەرگریی:خەسرەو گورون-کاپتنی تیپ، کاوە سدیق، داخل جەبار، سۆران ئەحمەد.
*ناوەند: ئامانج سەید برایم، بەکر مستەفا، فەرەیدون کەمال، فەلاح عەلی.
*هێرشبەر:حەمەی کەریم، بەختیار رەشید.
لە یارییەکەشدا هەردوو راهێنەر یەک گۆڕانکارییان کرد؛
*ئالان قادر چووە شوێنی بەکر، دارای حاجی عوسمان و تەنیا حەسەن تەنیا و هادی کەریمیش یەدەگی تیپەکەمان بوون.
پاش ئەوەی كۆتایی بە یارییەكانی ئێمە لەم خولەداهات، دەستەی كارگێڕی یانەی سلێمانی بڕیاریاندا تیپەكە بەردەوام بێت، هەردوو راهێنەریش لە كارەكەیان بەردەوام بن، بۆیە هەموو رۆژانێكی پێنجشەممان راهێنانێكمان دەكرد، پێنج راهێنانمان كرد، لەشەشەمدا هەردوو راهێنەر ئازاد وەهاب و حەمە بچكۆل پێیان راگەیاندین كە ئەوان وازیان هێناوە و ئێمەش بەدڵشكاوی گەڕاینەوە و راهێنانمان نەكرد و یاریگامان جێهێشت.