جێنین پلاسخارت: توندوتیژی و تۆقاندن و هەڕەشەكردن هەیە بۆ سەركوتكردنی بۆچوونە جیاوازەكان

04:18 - 2023-04-28
ڕاپۆرت
261 جار خوێندراوەتەوە




جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق  لە ئیڤنتێكدا لە شاری هەولێر رەخنە لە بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان دەگرێت و دەڵێت: دۆخی ئەمڕۆی ئازادی رادەربڕین جێگەی نیگەرانییە، دەشڵێت: بەكارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆر بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان زیادبووە.  
قسەكانی نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەكردووەكان لە عیراق لە كاتێكدایە رۆژانە دەیان راپۆرتی نێودەوڵەتی لەسەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و بەرتەسككردنەوەی ئازادییەكان بڵاودەكرێتەوەو كابینەی نۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەرپرسیار دەزانن لەو رووەوە، ئەوەش وایكردووە رووی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە كۆمەڵی نێودەوڵەتی ناشیرین بێت، بەتایبەت كە لە سنووری هەولێر و بادینان بەشێوەیەكی بەرچاو ئازادییەكان بەرتەسككراونتەوەو دەیان رۆژنامەنووس و چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە زیندانەكاندان و پێشوەختەو پێش بڕیاری دادگای بێ‌ لایەن تۆمەتیان خراوەتە پاڵ. 
هەرچەندە بەردەوام وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری لەو دۆخە نەخوازراوەی هەرێم دەدەن كەلەلایەن كابینەی نۆی حكومەتەوە خوڵقێنراوە، بەڵام حكومەت بەسەرۆكایەتی مەسرور بارزانی ئەو هۆشداری و راپۆرتە پشتگوێ‌ دەخات و لەبری بەخۆداچوونەوە تۆمەتیش بۆ نێردەو نوێنەری وڵاتان دروست دەكرێت. 
لە هەموو دیدارو ئیڤێنتەكان نێردەو نوێنەری وڵاتان و نەتەوەیەكگرتووەكان تەئكید لە ئازادی رادەبڕین دەكەنەوە، لە نوێترین لێدوانیشدا  جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق  دەڵێت: 
بۆ خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتیان بە باشترین شێوە، زۆر گرنگە كە كۆمەڵێك دەنگی جیاواز ببیسترێن. تەئكیدیش لە گرنگی ئازادی رادەبڕین دەكاتەوەو دەڵێت:  ئازادی رادەربرێن گرنگە. 
ئازادی رادەبڕین لە سنووری هەولێر و بادینان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرەو لاوازبوون دەچێت و بەردەوام رێگری لە خۆپیشاندانی مەدەنیانە دەكرێت، لەو بارەیەوە نوێنەرەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان دەڵێت: بێدەنگكردن یان رێگریكردن یان رەتكردنەوە یان بچووككردنەوەی گوتاری گشتی تەنیا دوو شت بەدەست دەهێنێت: هەم وێنەی دەوڵەت لەكەدار دەكات و هەمیش متمانەی خەڵك لەدەست دەدات.
دەشڵێت: راگەیاندنی ئازاد یەكێكی ترە لە بزوێنەرە بەهێزەكانی پەروەردە و فێربوون،  ئازادی رادەربڕین وەك پایەیەكی بنەڕەتی هەر كۆمەڵگایەكی دیموكراسی: واقیعی ئەمڕۆ جێگەی نیگەرانییە، لە سەرانسەری وڵاتدا بەرەو زیادبوونیش دەچێت  بەكارهێنانی ئامرازی جۆراوجۆری یاسایی و كارگێڕی و ئامرازی تری بەڕواڵەت یاسایی دەبینین بۆ دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان. یان خراپتر. ئەوەش ئاشكرا دەكات كە توندوتیژی و تۆقاندن و هەڕەشەكردن هەیە بۆ سەركوتكردنی ئەو بۆچوونانەی كە جیاوازن، هۆشداریش لەوەدات كە كاتێك یاساكان بەكاردەهێنرێن، نەك بۆ پاراستن، بەڵكو بۆ بێدەنگكردن، ئەوا بیروڕای ئازاد دەكەوێتە ژێر هەڕەشەیەكی گەورەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان