رفعەت عەبدوڵڵا: ئەركی ئۆرگانەکانە لە ئێستاوە تواناکان یەكبخەن بۆ سەرخستنی یەکێتی لە هەڵبژاردندا

06:38 - 2025-05-11
کوردستان
44 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ بۆرد و ناوەندکانی رێكخراوە دیموكراتییەكان لە كوردستان كۆبۆوە.
لەكۆبوونەوەكەدا كە ئەمڕۆ (11/5) لە مەكتەبی سیاسی لە سلێمانی بەئامادەبوونی هەڤاڵان بورهان سەعید سۆفی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی، عەباس فەتاح، فریال عەبدوڵڵا و ستران عەبدوڵڵا، ئەندامانی سەركردایەتی بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكانی یەكێتی كرا.
هەڤاڵ جێگری سەرۆكی یەكێتی روونكردنەوەی پێویستی لەسەر گۆڕانكارییە ئۆرگانییە چاوەڕوانکراوەکان دا بەتایبەتی لە كاروباری رێكخراوە دیموكراتییەكان لە چوارچێوەی مەكتەبێکی نوێ بەناوی (مەكتەبی كاروباری رێكخراوەیی). لەمبارەیەوە گوتی: «مەڵبەندەكانی یەكێتی هەر مەڵبەندی رێكخستن نابن، بەڵكو مەڵبەندی هەموو بوارەكانی خەباتن و دەبنە رووی گەشی مامەڵە و بەرخودی یەكێتی لەگەڵ جەماوەر لە سنووری مەڵبەندەكاندا».
هەڤاڵ رفعەت عەبدوڵڵا دەربارەی ئامادەكارییەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد، ئەركی هەموو هەڤاڵان و ئۆرگانەکانی  یەكێتی ئەوەیە هەر لە ئێستاوە تواناکانی خۆیان یەكبخەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەی هەڵبژاردن و سەرخستنی یەکێتی لە هەڵبژاردندا.
هەڤاڵانی رێكخراوەكان روانگە و بیروڕای خۆیان دەربارەی رێوشوێنەكانی رێكخستنەوەی ئۆرگانەكان دەربڕی بەو جۆرەی ئەركە رێكخراوەییەكان سەربکەوێت، بەتایبەتی لە چوارچێوەی وێستگەی داهاتووی خەباتی جەماوەریدا لە هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان