کۆمپانیای کۆڕەک 800 ملیۆن دۆلاری تری بەعیراق دۆڕاند

05:07 - 2023-04-30
عیراق
263 جار خوێندراوەتەوە

كۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق، بردنەوەی بڕیارێكی دادوەریی لە بەرژەوەندی خۆی راگەیاند كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم ناچار دەكات نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار بدات بە گەنجینەی دەوڵەت.

ئەمەش لە كاتێكدایە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا داوایەكی تری لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دۆڕاند‌ و دادگا بڕیاریدا كە دەبێت بەبڕی یەك ملیار‌ و 650 ملیۆن دۆلار قەرەبووی كۆمپانیای ئەجیلیتی كوێتی بكاتەوە.

كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم كە بەشێكی زۆری پشكەكانی لە لایەن سیروان سابر بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت، لە ماوەی دوو مانگدا دوو داوای یاسایی دۆڕاند‌وە. بەپێی ئەو داوایانەش دەبێت نزیكەی 2 ملیار‌ و 500 ملیۆن دۆلار بداتە كۆمپانیایەكی كوێتی‌ و حكومەتی عیراق.

عەلی موئەیەد، سەرۆكی كۆمسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردوە، بڕیارێكی دادوەرییان لە بەرژەوەندیی كۆمسیۆنەكە بەدەستهێناوە، كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم پابەند دەكات 800 ملیۆن دۆلار بداتە گەنجینەی دەوڵەتی عیراق.

وەك لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بە چاودێری ورد و چڕی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، دەستەكەیان توانی دۆسێیەكی یاسایی لەگەڵ كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمدا یەكلابكاتەوە و پابەندی بكات بە پێدانی نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی عیراق، وەك پارەی مۆڵەت و فریكوێنسی بەكارهێنراو لە لایەن كۆمپانیاكە و باجەكانی دیكە كە ساڵانێكە نەیداوە.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق هۆشداریشی دا، ئەگەر بڕیارە دادوەرییەكان جێبەجێ نەكرێن یاخود كۆمپانیاكە ئەو پێبژاردنە داراییە نەدات بە گەنجینەی دەوڵەت، ئەوا پەنا دەبەنەبەر رێوشوێنی یاسایی تر.

پێشتریش كۆمپانیای ئینتەر ناشناڵ هۆڵدینگ‌ و (تیلیكۆم عیراق) كە سەر بە كۆمپانیای (ئەجیلیتی كوێت) یە، لە دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، بەتۆمەتی بەرتیلدان‌ و فێڵكردن لە بەرپرسانی دەستەی پەیوەندییەكانی عیراق بۆ دەركردنی بڕیاری هەڵە و دەستبەسەراگرتنی پشكی هەردوو كۆمپانیاكە لە بەرژەوەندی كۆڕەك تیلیكۆم، داوایەكی یاسایی لەسەر كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم و سیروان بارزانی، وەك پشكداری سەرەكی  كۆمپانیاكە تۆماركرد.

دواجار لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا بڕیاری دادگا بڵاوكرایەوە، كە كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمی پابەندكردووە بڕی ملیارێك و 650 ملیۆن دۆلار وەكو قەرەبوو بداتەوە بەهەردوو كۆمپانیاكە.

بەوپێیەش كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم لە دوو دۆسێی یاساییدا، نزیكەی 2 ملیار‌ و 500 ملیۆن دۆلاری بە هاوبەشە كوەیتییەكانی‌ و حكومەتی عیراق دۆڕاندوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان