״بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی زیاتر״

11:49 - 2023-05-01
عیراق
249 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، كۆبوونەوە و جەختیان لە «بەهێزكردنی پەیوەندییەكان كردەوە».
لە كۆبوونەوەكەدا، كە رۆژی 29/4 لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو، تاوتوێی پەیوەندییە دۆستانەكانی نێوان هەردوو وڵات كرا، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار، جەختی لە گرنگیی بەهێزكردنی پەیوەندییەكان كردەوە بەشێوەیەك كە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو گەلی دراوسێ بكات.
لای خۆیەوە، رابەری باڵای ئێران، پەرۆشیی وڵاتەكەی بۆ پشتیوانیی بەردەوام لە عیراق و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا لەسەر ئاستی ئەمنی، سیاسی و ئابووری، دووپاتكردەوە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی چەندین بابەت كرد كە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەرێمی و نێودەوڵەتییان هەیە.
كۆبوونەوەی سەرۆك كۆمار لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێران
لەلایەكی دیكەوە، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، سەردانی بارەگای ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی ئێرانی لە تاران كرد و لە دیدارێكدا لەگەڵ محەمەد باقر قەلیباف سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، گرنگیی بەهێزكردنی هاریكارییە دووقۆڵییەكانی لە پرسە هاوبەش و دۆسێ و بوارە جیاجیاكاندا خستەڕوو.
سەرۆكی ئەنجومەنی شورا، پشتیوانیی بەردەوامی وڵاتەكەی بۆ عیراق دووپاتكردەوە و خواستی ئێرانی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دۆستانەكانی نێوان هەردوو وڵات و گەلی دراوسێ. ستایشی هەوڵەكانی سەرۆك كۆماریشی كرد بۆ سەقامگیركردنی بارودۆخی ئەمنی و ئاشتەوایی سیاسی لە عیراقدا و هیوای خواست هەوڵەكان بەردەوام بن بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی زیاتر.

بابەتە پەیوەندیدارەکان