داوای خێرا نۆژەنكردنەوەی پاركی شار دەكرێت

11:15 - 2023-05-04
ڕاپۆرت
358 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

پاركی شار یەكێكە لەشوێنە گەشتیارییە گرنگەكانی ناوشاری هەولێر، پێشتر بازاڕی مەزادخانەی كۆنی هەولێر بوو کە تێکدراو کرایە پارکی شار، شوێنەكەی كەوتۆتە چەقی بازاڕی گەورەی شار و چەند مەترێك لە قەڵا و قەیسەری هەولێرەوە دوورە بەهۆیەوە گەشتیارێكی زۆر لە دەرەوە و ناوخۆی هەرێم و شارەكە سەردانی دەكەن، ماوەی سێ مانگە ئەو پاركە بەهۆی نۆژەنكردنەوەیەوە داخراوە، ئەوەش هاووڵاتیان و دوکاندارو فرۆشیارانی گەڕۆکی نزیک پارکەکەی نیگەران کردووە، لە کاتێکدا ئێستا وەرزی گەشتیارییە و داخستنی كاریگەری خراپی لەسەر بازاڕیان دروستكردووە.

داخستنی پارکەکە بێ بازاڕیی دروستکردووە
كاروان سدیق شەربەت فرۆشێكی نزیك پاركەكەیە دەڵێت، داخستنی ئەو پاركە كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردۆتە سەر بازاڕمان بەڕادەیەك فرۆشتنی شەربەت لە دوکانەکەم بەڕێژەی %75 كەمیكردووە، داواکارین لایەنی پەیوەندیدار كاری نۆژەنكردنەوەكە بەزووترین كات تەواو بكەن، چونكە گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكەن بۆ نموونە بۆ جەژنی رەمەزان گەشتیاری عەرەب دەهاتن كە دەیانبینی پاركەكە داخراوە، لەو شوێنە نەدەمانەوە و دەڕۆیشتن بەتایبەتی شوێنەكە سەنتەری شارە و گەشتیارێكی زۆر رووی تێدەكەن نابێت ئەو ماوە زۆرە دابخرێت، جگە لە ئێمە داخستنەكەی كاریگەریی خراپی لەسەر چێشتخانە و چایخانە و زۆر شوێنی گشتی تریش هەیە.
سروود تاریق خاوەن قاوەخانەیەكە لەنزیك پاركی شار و بەدەم كاركردنەوە وتی، داخستنی ئەو پاركە كاریگەریی نەرێنی لەسەر ئیش و کارمان دروستکردووە و بێ بازاڕیی رووی لە قاوەخانەکەمان کردووە، هەرچەندە رۆژانە کاری تێدا دەکرێت، بەڵام زۆر خاون و پێویستە کارکردن تیایدا خێراتر بکرێت.

شوێنی پشوودانی هاووڵاتیانە
پارکی شار بەهۆی ئەوەی لە ناوەندی بازاڕدایە داخستنی تەنها گرفتی بۆ دوکانداران دروست نەکردووە، بەشێک لە هاووڵاتیانیش پێشتر بۆ پشوودان سەردانیان دەکرد و لە زۆریی ماوەی داخستنەکەی نیگەرانن.
بێستون سەعید گەنجێكی شاری هەولێرە ئەو لەپێشوودا بۆ بەسەربردنی کاتە بەتاڵەکانی سەردانی پارکی شاری کردووە، بەڵام ماوەی سێ مانگە بەهۆی نۆژەنكردنەوەی پاركەكە ناتوانێت بچێتە ناو پارکەکە و دەڵێت، پاركەكە بۆ ئێمەی خەڵكی هەولێر شتێكی زۆر جوانە و گرنگیشە بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆش، هەندێکجار پاش ماندوبوون و گەڕان لەناو بازاڕ لەگەڵ هاوڕێیانم بۆ پشوودان دەچووینە پارکی شار، بەڵام ئەوە سێ مانگە بەهۆی داخستنی بێ شوێن ماوینەتەوە. 
وتیشی، كاتێك نووسیبوویان بەهۆی نۆژەنكردنەوە پاركەكە دادەخرێت وامانزانی سەرجەم بەشەكانی پاركەکە نۆژەندەكرێتەوە و دیزاینەكەشی دەگۆڕن، كەچی ئێستا دەبینین تەنیا چەند شتێكی سادە لەو پاركە نۆژەنكراوەتەوە، بۆیە پێویست بوو بەماوەیەكی زۆر كەمتر لەو ماوەیەی بۆی دیاریکراوە تەواو ببوایە، چونكە ئەو پاركە هەموو جۆرە خەڵكێك رووی تێدەكەن و شوێنێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەشتیارانی بیانی.
پێشتر رۆژانە ژمارەیەک فرۆشیاری گەڕۆک لە پارکەکەدا شتومەکی جیاواز و خواردنیان دەفرۆشت ئێستا ئەوانیش بێکار بوون یان فرۆشیان کەمبووەتەوە.

زۆربەی نۆژەنکردنەوەکە 
تەواو بووە
رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی پارکەکە بڕی 283 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە كاری نۆژەنكردنەوەكەی زیاتر میكانیكی و كارەبایی و سیستمی ئاودانە بەتایبەت غەتاسی ئاوەكان لەگەڵ فوارەكان و رووناكییەكانی و رێڕەوەكانی رۆیشتن كە بەشێكیان شووشەبوون و شكابوون ئێستا %99 ی كاری نۆژەنكردنەوەی تەواو بووە و بڕیارە هەفتەیەكی تر دووبارە پاركەكە بەڕووی هاووڵاتیاندا بکرێتەوە.
وتیشی، پێشتر ماوەی سێ مانگمان بۆ تەواوكردنی نۆژەنكردنەوەی پاركەكە دیاریكرد بوو بەنیازیشین لەماوەی خۆیدا تەواوی بكەین.
سەبارەت بە نەگونجانی كاتی نۆژەنكردنەوەكە كە كەوتە رۆژانی جەژن و پشوو و هاتنی گەشتیار بۆ شارەكە  رێبین ئەحمەد حەوێز وتی، یەكێك لە هۆكارەکانی نۆژەنكردنەوەی پارکەکە لەمكاتەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەرەستەی نۆژەنكردنەوەكەی لەوڵاتی توركیا بۆمان دێت تا داواكراو هاتەوە تۆزێك كاتی زیاتری پێچوو. 
وتیشی، دیزاینی پاركەكە بەهۆی جوانیەكەی دەستكاری یان گۆڕانكاریمان تێدا نەكردووە، بۆیە پێویست بە دەستكاری ناكات و تەنیا كاری نۆژەنكردنەوەی بۆ دەكەین.

هەموو پارکەکە نۆژەن ناکرێتەوە
پاركەكە ژمارەیەك كورسی دانیشتنی بۆ كراوە، بەڵام بەشێكیان كۆن بوون یان شكاون، رێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر دەڵێت، بۆ گۆڕینی كورسییەكانی پاركەكە پێویستمان بە ئامادەكردنی دەرخستەیەكی ترە، چونكە ئەو بڕە پارەیە بۆ نۆژەنكردنەوەی دانراوە بەشی كورسییەكان ناكات بۆیە تەنیا كاری خاوێنكردنەوە و چاکكردنەوەی بۆ دەكەین.
سەبارەت بەجێگا تەرخانكردن بۆ فرۆشیاری گەڕۆك لە پاركەكەدا بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی هەولێر وتی، دەبێت كاری ئەو فرۆشیارانە لەلایەن شارەوانی هەولێر رێكبخرێت و هەندێكیان لایەنی نەرێنییان هەیە بۆ پارکەکە، بەڵام هەندێكیان هیچ كێشەیەكیان نییە لەو پاركە كاربكەن و خزمەتی گەشتیارانیش دەكەن، بۆیە پێویستە شارەوانی هەولێر کارەکانیان رێکبخات.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان