Jawa Eye ژمارەیەک هاووڵاتی مایەپووچ کرد

10:14 - 2023-05-07
ڕاپۆرت
326 جار خوێندراوەتەوە
#ئەو چالاکییە ئابوورییانەی بەڕێگەی ئەلیکترۆنی دەکرێن سەرکێشین

راپۆرتی/ ئەسرین محەمەد

جاوا ئای(Jawa Eye) پلاتفۆرمێکی تایبەتە بۆ وەبەرهێنانی فیلم لە چوارچێوەی وێبسایتێکدا، کەسی بەشداربوو بە کڕینی تیکتی فیلمە جیهانییەکان وەبەرهێنانی دەکرد بەشێوەیەک چەند بڕی پارەی بەشداربوونەکەی زیاتر بێت قازانج زیاتر دەبێت.
دانا سەردار بە شەش هەزار دۆلار( 60 وەرەقە) بەشداری لە جاوا ئای کردووە و هەموو پارەکەی تیاچوو، دانا دەڵێت: ماوەی سێ مانگ بوو بەشداریم کردبوو بەکڕینی تیکت بە بەردەوامی و ئەو ئۆفەرانەی بۆم دەهات بڕی پارەکەم لە بەرنامەکەدا بوو بووە 14 هەزار دۆلار( دەفتەرێک و 40 وەرەقە) چاوەڕوانی زۆرتر بووم لەپڕ بەرنامەکە داخراو هەموو پارەکەم بوو بە هەوا و رۆشت.
دانا وتیشی، بە ئاسانی دەمتوانی هەموو بڕی پارەکەم رابکێشم و ئیتر بەشداری نەکەمەوە، بەڵام بە پێشنیازکردنی ئۆفەر بەردەوام تەماحی زیاتر دەخاتە بەردەمت و وات لێدەکات نەک وازنەهێنێت هەرچیت هەیە بیخەتە بەرنامەکەوە و بەشداری پێ بکەیت.
قازانجکردن لە جاوا ئای بێجگە لە ئۆفەرە جیاواز و بەردەوامەکانی بۆ نموونە بە 2500 دۆلار بەشداربە بۆ ئەوەی بڕی پارەکەت ببێتە 7000 دۆلار.
چۆنیەتی قازانج کردن
قازانجکردن بەم شێوەیەیە نرخی تیکتی هەموو فیلمەکان وەک یەکە و هەر تیکتێک بە 10 دۆلارە، کەسەکە لە هەر تیکتێکدا بڕی 25 سەنت قازانج دەکات،  واتا ئەگەر بەبڕی 100 دۆلار تیکت بکڕێت دەتوانێت 10 تیکت بکڕێت و بڕی قازانجەکەی دوو دۆلار و 50 سەنت دەبێت، بەڵام ئەگەر بەبڕی 1000 دۆلار تیکت بکڕێت دەتوانێت 100 تیکت بکڕێت و بڕی قازانجەکەی دەبێتە 10 دۆلار.
جاوا ئای ماوەی هەشت مانگ و 19 رۆژ کاری کردووە و وەک دەوترێت لە 172 وڵات بەشداربووی هەبووە و تەنها لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان زیاترە لە 10 هەزار کەس، کە  ژمارەیەکی خەیاڵیی پارەی بەشداربوانی بردووە و رۆژی 17 مانگی رابردوو بەشی راکێشانی پارەی لەکار خراوە، واتا بەشداربوو دەتوانێت تیکت بکڕێت و پارەشی تێبکات، بەڵام ناتوانێت پارەکەی بە کاش رابکێشێت.
سەرهەنگ حارس پسپۆڕی بواری ئایتی دەڵێت، ئەو جۆرە بەرنامانە ساختەن و هیچ زەمانێکیان نییە، سەرەتا کە بەرنامەکە دادەنرێت ئاستێک پارەی دیاریکراوی هەیە لەلای دامەزرێنەرانی بۆ نموونە لای خۆیان دیاری دەکەن کاتێک بڕی پارەی بەشداربوان گەیشتە 600 ملیار دۆلار بەبێ حسابکردن بۆ هیچ کەسێک بەرنامەکە دادەخرێت و هیچ کەسێكیش نییە بەرپرسیاربێت.
وتیشی، ئەو کەسانەی قازانجیان کردووە لە پارەی ئەو کەسانە بووە کە زەرەریان کردووە نەک ئەوەی پارەی دامەزرێنەری بەرنامەکە بێت.
سەرکێشیکردن بە داهات 
بەشێک لەو بەشداربوانەی لە بەرنامەکەدا بەشدارییان کردووە و پارەیان خوراوە، بیریان لەوە کردووەتەوە سکاڵا تۆمار بکەن و لە رێگەی یاساوە داوای مافی خۆیا بکەن، بەڵام لەبەر ئەوەی هەموو کارەکان بەڕێگەی ئەلیکترۆنی کراوە و کەسی سەرەکی دیارنییە نازانن سکاڵا لە کێ بکەن و دەستەو ئەژنۆ دانیشتوون.
سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، هیچ کەسێک لەسەر فەوتانی پارەکانیان لەو جۆرە بەرنامانەدا سکاڵایان نەکردووە، لەبەرئەوەی کەسی سەرەکی دیار نییەو نازانن سکاڵا لەکێ بکەن.
وتیشی، لە ماوەی رابردوودا تەنها لەسەر بیتکۆین سکاڵا هەبووە، لەبەرئەوەی ئۆفیسیان هەبوو و بەشێک لە کەسەکان دیاربوون.
پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا هێمایەکی باشە بۆ پێشکەوتنی ئابووری وڵات، بەڵام ئەو چالاکییە ئابوورییانەی بەڕێگەی ئەلیترۆنی دەکرێن ئەگەر لایەنێكی دیار و باوەڕپێکراو پشتیوانی نەکات سەرکێشییە بە داهاتی تاک و بە هەدەردانی سامانی وڵات.
لە رێگەی تیم لیدەرەکانەوە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە بەرنامەکە دەستپێدەکاتەوە و پارەی هاووڵاتیان دەدرێتەوە سەرهەنگ حارس پسپۆڕی ئایتی دەڵێت، ئەو قسەیەی دەوترێ دەستپێ دەکاتەوە راست نییە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرنامەکانی پێشتر کە هەمان فێڵیان دەکرد جارێکی تر ناکرێتەوە  و پارەکەی برد و رۆشت.
مافی سکاڵاکردن
ئەم مامەڵە ئەلیکترۆنییانە بەرنامەیەکی تازەیە و لە یاسای سزادانی عیراقیدا بە تەواوی رێکنەخراوە، بۆیە بەپێی یاسای مەدەنی عیراقی ژمارە 40 ساڵی 1951 مادەی 186 مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، کە سزای بەندکردنی تێدا نییە و ئەگەر سەلمێنرا تەنها ناچارکردنی کەسەکەیە بە گەڕاندنەوەی پارەکە بۆ کەسی سەرەکی.
پارێزەر ساکار ئیسماعیل دەڵێت، ئەو کەسانەی لە بەرنامەی جاوائای پارەیان خوراوە بەپێی یاسا مافی سکاڵا کردنیان هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی کەسی بەرامبەر دیارنییە سکاڵاکردن هیچ سوودێکی نابێت.
وەک دەوترێت جاوا ئای تەنها لە هەرێمی کوردستان 10 هەزار بەشداربووی هەبووە و کەسانی پیشە جیاواز وەک مامۆستا، پارێزەر، پزیشک و هاووڵاتی ئاسایی و خاوەن پیشە جیاوازەکان زۆربەی هەرە زۆریان زیانیان کردووە و پارەکانیان خوراوە کە بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت، تەنها جاوا ئای نییە لە ماوەی رابردوودا دەیان بەرنامەی دیکەی هاوشێوە هەبوون هاووڵاتیان بەشدارییان تێدا کردووە، پاش ماوەیەک داخراوە پارەکەیان خوراوە و زیانیان کردووە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان