دیداری پیرەمێرد بۆ پەندی پێشینان

10:28 - 2023-05-07
ڕاپۆرت
482 جار خوێندراوەتەوە

ئا: جەواد حەیدەری 

رۆژانی (3و4/5/2023) لە هۆڵی یانەی كۆمەڵایەتی بە بەشداری 12 لێكۆڵەوەر و مامۆستای زانکۆ، دیداری پیرەمێرد بۆ پەندی پێشینان بەڕێوەچوو.
رۆژی یەکەم
لە یەكەمدا رۆژدا دوو پانێڵ بە بەشداری شەش لێكۆڵەوەر بەڕێوەچوو، لە پانێڵی یەكەمدا كە ئەكرەم میهرداد كۆڕگێڕ بوو هەر یەك لە د. شوكرییە رەسوڵ بە بابەتی» رۆڵی ژنی كورد لە پەندی پێشینان، قسەی نەستەق لە دوو روخساری جیاوازدا»، دکتۆر مەولود ئیبراهیم بە بابەتی» رەهەندی مێژوویی لە پەندی و قسەی نەستەقی كوردیدا، د. شێركۆ عەبدوڵڵا  بە بابەتی» بنەما ئەخلاقییەكانی دواكەوتن لە پەندی پێشینانی كوردیدا بەشدار بوون.
د. شوكرییە رەسوڵ ئاماژەی بە رۆڵی ژن لە پەندی پێشینان كرد و رایگەیاند كە ژن لە ناو خێزاندا لە پەندی پێشینان لە روانگەی بەها ئەخلاقییەكانەوە زۆر بەرز نرخێنراوە و پاشانیش رۆڵی ژن لەناو شاردا گۆڕاوە و ئەركی قورستری كەوتۆتە سەرشان.
بابەتەكەی د. مەولود ئیبراهیم لە لایەن د. فازیل شەوڕۆ خوێندرایەوە( د. مەولود ئیبراهیم نەیتوانیبوو بەشداری دیدارەكە بكات). لەو بابەتەدا باسی لە رەهەند مێژووییەكانی پەندی پێشینان كردووە و رایگەیاند: دەكرێ رەهەندە مێژووییەكەی دەقی فۆلكلۆری لەناوەوەی خودی دەقەكە هەبێت كە زمان و واتای دەقەكە دەگرێتەوە، دەشكرێ هەندێكجار لە دەرەوەی دەقەكەدا بێ كە لێرەدا مەبەست لە فەلسەفەی دەقەكەیە. ئاماژەی بەوەشكرد لەناو كتێبی پەندەكانی پیرەمێرددا تێكەڵییەكی زۆر لەناو پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و وتەی ناوداران دەبینرێت. 
هەروەها دکتۆر شێركۆ عەبدوڵڵا لە رووی بنەمای ئەخلاقییەوە پەندی پێشینانی شیكردەوە و ئاماژەی بە چەندین نموونە لە پەندەكان كرد و ئاماژەی بە پەندی نێوان گەلان كرد و بۆ ئەو مەبەستەش نموونەیەكی لە یەكێك لە ناوچەكانی ئیتالیا هێنایەوە. 
 لە پانێڵی دووەمی هەمان رۆژ كە دوانیوەڕۆكەی کرا، لەلایەن كەژاڵ ئەحمەدەوە بەڕێوەچوو.
لەو پانێڵەدا د. رێبوارسیوەیلی مامۆستای زانكۆ باسی لە پەندی پێشینان وەك ژانرێكی ئەدەبی كرد و رایگەیاند: پەندی پێشینان دەستەواژەیەكی مانادارە، دەقێكی سەربەخۆیە و جیاوازە لە ژانرەكانی دیكە كە گوزارشت لە مانایەكی گشتگیر دەكات و لەناو خەڵكدا دووبارە دەكرێتەوە و بەرهەم دەهێنرێتەوە. مانا لە پەندەكاندا بەرهەمهاتووی ئەزموونێكی تایبەت و كەسییە و هەر وەكچۆن دەكرێت گشتی و بە كۆمەڵیش بێت. پەندەكان لە كات و شوێنی جیاوازدا دووبارە دەكرێنەوە و زیاتر لە مانایەكیان هەیە و نوێ دەكرێنەوە.
د. رێبوار سیوەیلی باسی لەوەشكرد كە پەندەكان بۆ ئاگاداركردنەوە، رازییكردن، دڵنیاكردنەوە، ئارامكردنەوە، سەرزەنشتكردن، روونكردنەوە و وەسف و پوختكردنەوە و كورتكردنەوە بەكار دەهێنرێن.
پاشان د. هاوژین سڵێوە بابەتەكەی بە ناونیشانی «بەراوردی پەندی پێشینانی كوردی و سریانی» پێشكەش كرد و بە وردی باس لەو وردەكارییانە كرد كە لەو نێوەندەدا هەیە و چەندین نموونەی لە پەندی پێشینانی سریانی بە زمانی سریانی بۆ ئامادەبوان خوێندنەوە و ئاماژەی بە هەندێك پەندی هاوشێوە لە هەردوو زمانی كوردی و سریانیدا كرد. 
دواتر . عەبدولوەهاب خالید موسا بە شێوەزاری كرمانجی بابەتێكی بە ناوی» قالبێن جێگیرێن زمانی د پەندێن پێشیناندا، كرمانجییا ژووری وەك نموونە» پێشكەش كرد و ئاماژە بە چەندین پەندی پێشینان بە شێوەزاری كرمانجی كرد.
دووەم رۆژ
لە دووەمین رۆژی دیدارەكەدا لە دانیشتنەكەی بەیانیدا سێ بابەتی لێكۆڵینەوە پێشكەشكران و كۆڕەكە لەلایەن فوئاد محەمەد ئەمین سەراجەوە بەڕێوەچوو.
سەرەتا خاتوو د. هاوژین عەبدولخالق، بابەتێكی بە ناوی پەندی پێشینان لەڕووی بەراوردكارییەوە پێشكەش كرد و بەراوردێكی لە نێوان پەندی پێشینان لە زمانی كوردی و عەرەبی كرد و چەند پەندێكی وەك نموونە خستەڕوو. 
د. هاوژین عەبدولخالق لە بابەتەكەیدا باسی لەوە كرد كە زمانی كوردی و پەندی كوردی ئێستا لە ژێر هەڕەشە دایە و رایگەیاند: ئایا لە پەروەردەدا گرنگی بە پەندی پێشینان دەدرێت، ئایا ئێستا بۆ نەوەی نوێ پەندی پێشینان ماوە و لە قوتابخانەكان گرنگی بە پەندی پێشینان و زمانی كوردی دەدرێت. وتیشی: منداڵان ئێستا لە بری ئەوەی بە كوردی قسە بكەن زیاتر بە ئینگلیزی و زمانەكانی دیكە دەدوێن و ئەمەش مەترسییە بۆ لەناوچوونی پەند و قسەی نەستەق و خەریكە زمانەكانی دیكە بەسەر زمانی كوردیدا زاڵ دەبن. 
دواتر د. دیار فایەق بابەتێكی بە ناوی «وێنەی كۆمەڵگە لە پەندی پێشینان ( پەندی پێشینانی كوردی و ئینگلیزی بە نموونە) پێشكەش كرد و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد كە لە دروستبوونی پەندی پێشینان هەموو تاكەكانی كۆمەڵگە تێیدا بەشدار بوون و پەندی پێشینان رۆڵێكی گرنگی لە فێركردن و پەروەردەكردندا هەبووە. وتیشی: « لە كۆندا بەهۆی نەبوونی یاسا، پەندی پێشینان وەك یاسایەكی نەنووسراو رۆڵی لە رێكخستنی كۆمەڵگەدا هەبووە. پاشان بەراوردێكی لەنێوان پەندی كوردی و پەندی ئینگلیزیدا كرد و چەندین نموونەی هاوبەشی لەنێوان پەندی كوردی و پەندی ئینگلیزی خستەڕوو. ئەو بابەتە بە دوو قۆڵی لەلایەن د. دیار فایەق و د. سالار مەحمود ساڵح ئامادە كرا بوو.
پاشان د. هۆگر مەحمود فەرەج مامۆستای زانكۆ بابەتێكی بە ناوی» واتا و جیاوازی لە نێوان پەند و ئیدیۆم و قسەی نەستەقدا» پێشکەش كرد و رایگەیاند: وشە وەك لاشەیەكی مردوو وایە، ئەو كاتە زیندووە كە بە كار بهێنرێت. پاشان بە وردی جیاوازی لە نێوان پەند و قسەی نەستەق و وتەی ناودارانی شیكردووە و داواشی كرد بە ناوی زانستییەوە كڵاو لەسەر كورد نەنرێت و بە پێی تایبەتمەندییەكانی زمانی كوردی ئەو زمانە هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت.
لە بەشێكی بابەتەكەیدا د. هۆگر مەحمود فەرەج باسی لە رۆڵی گرنگی پیرەمێرد لە زیندووكردنەوە و كۆكردنەوەی پەندی پێشینان و هەروەها گرنگی رۆڵی پیرەمێردی لە زمان و ئەدەبی كوردی بۆ ئامادەبووان خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە هەموو زانكۆكانی ئێستای كوردستان نەیانتوانیوە بە قەت پیرەمێرد خزمەت بە زمان و ئەدەب و كەلتوری كورد بكەن، چونكە پەندەكانی پیرەمێرد تەنها قسەیەكی ئاسایی نییە و لە پشت ئەو پەندانە فەلسەفەییەكی قوڵ هەیە.
لە چوارەمین پانێڵ كە كۆتایی دیدارەكە بوو سێ بابەتی لێكۆڵینەوە لەلایەن سێ دكتۆرەوە پێشكەشكران و كۆڕەكەش لەلایەن نووسەر بەندی عەلییەوە بەڕێوەچوو.
سەرەتا د. محەمەد دلێر ئەمین محەمەد بابەتێكی بە ناوی» پەندی پێشینان وەك ئامڕازی میدیایی میللی « پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە كورد درەنگ دەستی بە نووسین كردووە و ئاماژەی بە سیحری وشە لە پەندی پێشینان كرد و رایگەیاند» پەندەكان لە رێگەی ئەزموونەوە بە دەست هاتوون و پەندی پێشینان زیاتر رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان بینیوە و وەك میدیایەك رۆڵی وشیاركردنەوە و قەناعەت پێكردنیان گێڕاوە و لەوبارەیەوە چەندین پەندی پێشینانی وەك نموونە هێنایەوە.
د. محەمەد دلێر داوای لە شارەزایانی بواری میدیا كرد كە بەشێوەیەكی ئەمڕۆیی پەندی پێشینان بۆ منداڵان تۆمار بكەن.
دواتر د. سامان عیزەدین سەعدون بابەتێكی بە ناوی» بنەمای دەروونیی لە پەندی كوردیدا خستەڕوو و رایگەیاند: حاڵەتە دەروونییەكان كاریگەرییەكی زۆری ئەرێنی و نەرێنی بەسەر پەندی پێشینانی كوردیدا هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین پەندی پێشینانی وەك نموونە باس كرد.
دوایین لێكۆڵینەوە لەلایەن د. دڵشاد عەلی بە ناوی « پەندی پێشینان لە نێوان رەوانبێژیی زمان و رەوانبێژیی لە قەڵەمدا» پێشكەش كرد و رایگەیاند: پەندی پێشینان دەقێكی ئەدەبییە كە بە زمانێكی سانا و واتایی و ناڕاستەوخۆ و رێنماییكەر خراونەتەڕوو كە لەباری رەوانبێژیی كورت و چڕ و پوختە. 
دیدارێکی سەركەوتوو 
سەبارەت بە ڕێوەچوون و چۆنێتی دیداری پێرەمێرد بۆ پەندی پێشینان، هەر یەك لە فوئاد محەمەد سەراج جێگری سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتی نووسەرانی كورد و لوقمان محەمەد ئەندامی لیژنەی باڵای دیدارەكە رایانگەیاند: كە دیدارەكە باش و سەركەوتوو بووە و لەو دیدارەدا 12 لێكۆڵینەوەی زانستی لە لایەن 12 دكتۆر و مامۆستای زانكۆ پێشكەشكران كە هەركام لەوان لە گۆشەنیگا و لە بوارێكی جیاوازدا باسیان لە پەندی پێشینان و قسەی نەستەق و وتەی ناوداران كردووە و هیواشیان خواست كە ئەو جۆرە دیدارانە بەردەوام بن بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بتوانن سوودی لێوەرگرن.
پێویستە بوترێت لەو دیدارەدا چەندین پێشنیار خرانەڕوو بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە و تەنانەت راگەیاندنەكانیش بتوانن بە شێوەیەكی زانستی و پڕۆفشناڵ سوود لە پەندی پێشینان و قسەی نەستەق وەربگرن. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان