جەنگی روسیا و ئۆکرانیا، ئایندەیەکی نادیار

01:06 - 2023-05-08
ڕاپۆرت
541 جار خوێندراوەتەوە

ئا: سەروەر کەمال رەسوڵ 

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم، جیهان رووبەڕووی هیچ مەترسیەکی گەورە نەبۆتەوە هاوشێوەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا مەترسی هەبێت.زۆرێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی بڕوایان نەبوو کە روسیا هێرش بکاتە سەر خاکی ئۆکرانیا. بەڵام دواجار روسیا لێکدانەوەی هەموو ئەو جۆرە بیروڕایانەی پووچەڵ کردەوە و هێرشکردنە سەرخاکی ئۆکرانیای کردە کردار. لە دوایین پێشهاتیشدا میلیشیای  ڤاگنەری  روسی، کە لەگەڵ سوپای روسیدا لە سەرەتای جەنگەکەوە دژی سوپای ئۆکرانیا دەجەنگێت، هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە شاری باخموت، ئەمەش لەدوای ئەوەی کە سوپای روسیا ئامادەنەبوو، ئەو چەکوتەقەمەنییانەیان بداتێ، کە پێشتر داوایانکردبوو، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە ئۆکرانیا خۆی بۆ هێرشێکی پێچەوانە ئامادەکات، بۆسەر سوپای روسیا.  

گەڕانەوە بۆ مێژوو
پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی هۆکاری سەرەکی ململانێکانی هەردوو وڵات و  بە کورتی باسی بکەین. ئۆکرانییەکان بەدیارییکراوی دوای کۆتاییهاتنی یەکێتیی سۆڤیەت هەوڵیاندا کە سەربەخۆیی بەدەست بێنن، وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی یەکێتیی سۆڤیەت.  لە سەردەمی دەسەڵاتی ستالینیشدا کوشتارێکی زۆریان بەسەردا کرابوو. بەتایبەتی لە ساڵانی 1932 بۆ 1933 بەهۆی برسێتییەوە کە بە ساڵانی برسێتی گەورە دەناسرێت، نزیکەی سێ بۆ چوار ملیۆن ئۆکرانی گیانیان لەدەستدا، زۆر مێژوونوسی ئۆکرانیش، روسیا بە هۆکاری ئەم برسێتییە گەورەیە تاوانبار دەکەن، لەکاتێکیشدا ئەم برسێتییە گەورەیە، تەنها لە ئۆکرانیا نەبووە بەڵکو هەموو ناوچەکانی یەکێتیی سۆڤیەتی گرتبۆوەو نزیکەی حەوت ملیۆن هاووڵاتی سۆڤیەتی بەهۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستدا، ئەمەش بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ستالینەوە بوو نەک دەسەڵاتدارانی روسیاوە. هەروەها لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیشدا، ملیۆنان کەسیان لێکوژراوە. 

سەربەخۆبوون
لە ساڵی 1991 ئۆکرانییەکان توانیان لە ژێر دەسەڵاتی روسەکان بێنە دەرو سەربەخۆیی بەدەستبێنن.
لە ساڵی 1997 روسیا بەناچاری دانی نا بە ئۆکرانیا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ. راستە روسیا دانی بەسەربەخۆیی ئۆکرانیادا نا بەڵام هەمیشە وەک بەشێک لە خاکی روسیا سەیری کردووە.
ئۆکرانیا خاوەنی 24 کانتۆنە و خاوەنی دوورگەی بەناوبانگی کریمیایە کە خاڵی سەرەکی و سەرهەڵدانی ناکۆکیەکانی هەردوو وڵات بوو. دواجار لە سالی 2014 دا روسیا لە رێی هێزی سەربازییەوە دەستی بەسەردا گرت.

مێژووی ناکۆکییەکانی روسیا و ئۆکرانیا
ناکۆکییەکانی روسیا و ئۆکرانیا چەندین وێزگەی مێژویی بە خۆیەوە بینیوە. ساڵی 2008 دەنگۆی داواکردنی ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ، گڕی بەردایە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە. روسیا لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەرخاکی ئۆکرانیا و بەشێک لە خاکی ئۆکرانیای داگیر کرد. روسیا پاڵپشتی سەرەکی ئەوانەی دەکرد کە بە جووداخوازە روسەکان ناسراون دژی حکومەتی ئۆکرانیا.
مارتن شۆڵتزسەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا لە لێدوانێکی بۆ گۆڤاری دێرشیپیگلی ئەڵمانی راگەیاندووە:  یەکێتیی ئەوروپا ناتوانێت پێوەرەکانی بوون بە ئەندام لە یەکێتییەکە نزم کاتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە ئەندامانی یەکێتییەکە نایانەوێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندامی یەکێتییەکە لەکاتێکدا بە رەسمی ساڵی رابردوو لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیاوە داواکاری بوون بە ئەندامی ئۆکرانیا لە یەکێتیی ئەوروبا پێشکەشی یەکێتییەکە کرا.
ئەوروپا نایەوێت مەترسی فراوانبوونی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا زیاتر تەشەنە بکات و ئەوەی هەیە تەنیا لەناو خاکی ئۆکرانیا بمێنێتەوەو  زیاتر پەل نەهاوێژێت.

ئایندەی جەنگەکە بەرەو کوێ دەچێت؟
جەنگی روسیا و ئۆکرانیا  زیاتر لە ساڵێکی تێپەڕاندووە. شیکردنەوەی زۆر بۆ ئەو جەنگە دەکرێت.بەشێک لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە روسیا دۆڕاوی ئەو جەنگە دەبێت و دەشکێت.
بەشێکی تری شارەزایانی سەربازیی و سیاسیش ئاماژە بەوە دەکەن روسیا بە دۆڕان لەو جەنگە،  رازی نابێت و درێژە بەو جەنگە دەدات تا گەیشتن بە ئامانجەکانی. پێدەچێت رای دووەم زیاتر دروست بێت. سەرەڕای گوشاری گەورەی نێودەوڵەتی لەسەر روسیا، بەڵام ئامادە نییە هیچ سازشێک لەسەر راگرتنی جەنگ بکات لەوکاتەی ئێستادا .
سازش نەکردنی روسیا بۆ راگرتنی جەنگ و نەچوونە سەر مێزی گفتوگۆ، دەرخەری ئەوەیە، روسیا چاوی لە پێشڤەچونی زیاترە لەناو خاکی ئۆکرانیا. بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، روسیا پلانی ئەوەی هەیە ئۆکرانیا دابەش کات، واتا ئەگەر نەتوانێت تەواوی خاکی ئۆکرانیاش داگیر بکات، ئەوا دەیەوێت ئۆکرانیا بە رەسمی بکاتە دووبەشەوە.

مەترسی گەورە لەسەر جیهانە
مەترسی گەورەش لە سەر جیهان ئەوەیە، کە ئەم جەنگە بە تەواوی پەلبهاوێژێت و ببێتە جەنگێکی جیهانی، بەتایبەتی لە نێوان روسیا و ئەمریکا.  زۆربەی چاودێرانی سیاسی لەشیکردنەوەکانیان لەسەر ئەو جەنگە، ئاماژە بەوە دەکەن ،کە درێژەکێشانی ئەو جەنگە دەرەنجامی باشی نابێت، چونکە لە لایەک روسیا بە تەواوی کار بۆ زیاتر پێشڕەوی دەکات، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیشی کار دەکەن بۆ زیاتر هاوکارییکردنی ئۆکرانیا دژی روسیا. بۆیە ئەوەی هەیە لەم قۆناغەی جەنگەکە بردنەوە یان دۆڕانی ئۆکرانیا نییە بەرامبەر روسیا، بەڵکو بردنەوە یان دۆڕانی روسیایە بەرامبەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. 
ئۆکرانیا شەڕی بە وەکالەت بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەکات بەرامبەر روسیا. بۆیە ئەمریکا لەم کاتەدا وا وێنا دەکات، کەوتنی ئۆکرانیا بەرامبەر روسیا، واتە  کەوتنی خۆیەتی بەرامبەر روسیا نەک ئۆکرانیا. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردنەش ئایندەیەکی تاریکی بە جیهان بەخشیوە. 

بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی
لە دوایین لێدوانی وەزارەتی بەرگری روسیاشدا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئامادەی هەموو روبەڕوبوونەوەیەکی سەربازین دژی ئەوانەی کە نیازیان هەیە راستەوخۆ رووبەڕووی سوپاکەمان ببنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاریمان کردووە. ئەو هەڕەشەی روسیاش زیاتر ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی، راستە زۆربەی شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆم لەم کاتەدا، ئەگەرێکی دوورە، بەڵام درێژەکێشانی جەنگەکە لەوەیە ئەم قسانە پێچەوانە بکاتەوە لە ئەگەری فراوان بوونی جەنگەکە بۆ دەرەوەی خاکی ئۆکرانیا، بژاردەی چەکی ئەتۆم تێیدا ببێتە بژاردەیەکی سەرەکی.

کشانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر
هەر لە سەرەتای جەنگەکەوە چەکدارانی میلیشای ڤاگنەر، کە ملیشیایەکی روسیی کەرتی تایبەتە، بەشدارییەکی سەرەکی ئەم جەنگە بوون، لە زۆربەی شەڕەکاندا ئەوان بەشداریی سەرەکیی بوون. لە نوێترین پێشهاتیشدا، ئیڤگینی  بریگوجین سەرۆکی گرووپەکە لە راگەیانراوێکیدا هەڕەشەکی کشانەوەی هێزەکانی دەکات لە بەرەکانی شەڕەکە لە شاری باخموت، ئەمەش لە پاشئەوەی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای روسیا، ئامادەنەبوو ئەو چەکوتەقەمەنیانەیان بۆ بنێرێت کە داوایان کردبوو، ئەمەش لە کاتێکدا ماوەی چەندین مانگە سوپای روسیا و ئۆکرانیا لەم شارەدا شەڕ دەکەن. هەروەها ئۆکرانیاش بە نیازە هێرشێکی پێچەوانە بۆ سەر هێزەکانی روسیا بکات. بۆیە زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی  و سەربازیی ئەم هەڵوێستەی ڤاگنەر بە سەرەتایەکی خراپ بۆ روسیا دادەنێن.  

سەرچاوە: بی بی سی

بابەتە پەیوەندیدارەکان