راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد
هەر كاتێك رەمەزان دێت خەڵكی هەولێر هەست و بیریان بۆ لای گەڕەك و شەقامی تەعجیل دەڕوات كە گەڕەكێكی زۆر دێرینی شارەكەیە و تەمەنی نزیكەی 500 ساڵە، هۆكارەكەشی بۆ فرۆشتنی گۆشتی برژاو و كوڵاوی چەندین باڵندە و ئاژەڵ لە چێشتخانەكانیدا دەگەڕێتەوە كە خەڵكی ئارەزوو دەكەن لە مانگی رەمەزان بیخۆن، یەكێك لەو خواردنانە تكەی (فاتەڕەش) و تكەی (گوان) ی ئاژەڵ و (كێشكەی كوڵاو) واتا ریشۆڵەی كوڵاوە، سیداد عومەر گەنجێكی شاری هەولێرە دەڵێت هیچ مانگێكی رەمەزان نەبووە نەیەمە تەعجیل و گۆشتی برژاوی فاتەڕەش و گوان نەخۆم كە جگە لەوە چەندین جۆرە گۆشتی تری برژاو و كوڵاوی لێیە كە زۆر بەتام و لەزەت ئامادەدەكرێن.
ئەحمەد شەهاب یەكێكە لەخاوەن چێشتخانە دێرینەكانی گەڕەكی تەعجیلی شاری هەولێر خەڵكی ئەو گەڕەكە كۆنەیە و ئێستا خواردنگەی گۆران – ی لەو گەڕەكە هەیە، ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە ئەو كارە دەكات، بۆ کوردستانی نوێ وتی لە ساڵی هەشتاكان تەنها خواردنی پەلەوەری وەكو ریشۆڵە هەبوو تا ساڵی 1991 دواتر لەسەر داوای خەڵك گۆشتی كوڵاوی (كۆتر) و (سوێسكە) و (كەو) و (پۆڕ) و (هەوێردە) و (مراوی توركی) و (مراوی كێوی) م هێنا بۆ فرۆشتن.
پەیڕەوانی چەندین ئاین کۆدەبنەوە
بەڕای ئەو خاوەن چێشتخانە دێرینە شەوانی رەمەزان زۆر جیاوازە لەگەڵ شەوانی تر لە هەولێر بەتایبەتی گەڕەكی تەعجیل و دەیوت: هەركاتێك بڵێی شەوانی رەمەزانی هەولێر واتا گەڕەكی تەعجیل یا بەپێچەوانەوە، پەیڕەوانی چەندین ئایین و نەتەوە رووی تێدەكەن و زۆر قەرەباڵغ دەبێت بەتایبەتی دوای نوێژی تەراویح ، خەڵك هەیە ساڵی یەكجار دێنە لای ئێمە نان دەخۆن ئەویش لە مانگی رەمەزانە، زۆر كڕیارم هەیە لە یەكەم رۆژەوە تا رۆژی عەرەفە خواردنی گۆشت لەلای من دەخۆن، خواردنی فاتەڕەش و گوانی ئاژەڵ لەساڵانی چلەكان و پەنجاكانی سەدەی رابردوو لەتەعجیل لەو مانگە خوراوە و تائێستا بەردەوامە بەبێ پچڕان، ئەو جۆرە گۆشتە لە زۆر پارێزگاو شارو شارۆچكە نایخۆن و فڕێی دەدەن، بەڵام بەپێچەوانەوە لە هەولێر زۆر دەخورێت، چونكە جۆرە تاموچێژێكی تایبەتی خۆی هەیە بەتایبەتی ئەگەر ناسك بێت، پێش رەمەزان ئێمە لە سەربڕخانەكانی هەولێر دەیكڕین، لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر ئەو گۆشتە دەفرۆشن و فرۆشی زۆرە نرخی گران دەبێت و بەهۆیەوە لەشاری كۆیە و سلێمانی و دهۆك و زاخۆ بۆمان دێت.
گەڕەك و شەقامی تەعجیل فەرامۆش كراوە
ئەحمەد شەهاب دەیوت: شەوانی رەمەزان جگە لەهاوووڵاتی ئاسایی بەرپرسان و كارمەندانی كونسوڵخانەی وڵاتان و خەڵكی ئەوروپا و ئەمریكا دێن لەلامان دادەنیشن و خواردنەكانمان دەخۆن و وێنەمان لەگەڵ دەگرن، بە ڕای ئەو خاوەن چێشتخانەیە گەڕەك و شەقامی تەعجیل زۆر فەرامۆش كراوە ئەو دەیوت پێمان باشە حكومەت رێمان پێبدات خۆمان نۆژەنی بكەینەوە یا خۆیان نۆژەنی بكەنەوە، چونكە ئێستا بەهۆی دێرینیەكەی ناتوانین دەستكاری یەك خشت بكەین و گەڕەكەكەش كۆن بووە.
رەمەزانی ساڵانی رابردوو لەگەڵ ئێستا لە هەولێر زۆر جیاوازە، لە كۆندا خەڵكی ئەو شارە بە تەقاندنی تۆپەكەی كەسایەتیەكی وەك (فەتاح ماسێ) رۆژویان دەشكاند كە لەسەر قەڵای شارەكە بە پەڕۆ دەیتەقاند ئەوكات شار بچووك بوو هەموو خەڵكی گوێیان لە دەنگەكەی دەبوو، هەرچەندە ئێستا تۆپێك لەسەر قەڵای هەولێر دانراوە، بەڵام كەس لەجیاتی فەتاح ماسێ بۆ تەقاندنی دانەنراوە.
گۆرانی و بەستەو حەیرانیان دەچڕی
زەمانی زوو بۆ كات بەسەربردن هەموو شەوێك لە چەند چایخانەیەكی شار هونەرمەندانی وەك مشكۆ (یەشار شەوكەت) و محەمەد ئەحمەد ئەربیللی و مامۆستا تایەر تۆفیق و عارەب عوسمان و جەبار ئەحمەد و چەند هونەرمەندو گۆرانی بێژێكی تر ئامادە دەبوون و گۆرانی و بەستە و حەیرانیان دەچڕی و لە هەمانكاتدا خەڵكی شار لەوێ یاری سینی و زەرفیان دەكرد، هەروەك میوانیش لە شارەكانی وەك كەركوك و دوزخورماتوو دەهاتن و داوەت دەكران، بەڵام ئێستا نە هونەرمەندان دێن بۆ ئەوەی گۆرانی و بەستە بچڕن و نە یاری سینی و زەرفیشی تێدا دەكرێت، تەنها لەچەند شوێنێكی گشتی یاری سینی و زەرف دەکرێت و گەنجانی شارەكەش دوای رۆژو شكاندن كاتەكانیان بەیاری دۆمینە و كۆنكان بەسەردەبەن ئارەزووی ئەو یاریە درێرینە ناكەن.
دانانی خواردنگەیەكی زۆری گەڕۆك و ناو مێزو كابینەیە كە ژمارەیەكی زۆری گەنج و پیاوانی ئەو شارە لەسەر شەقام و گەڕەكەكانی ئەو شارە دەیكەنەوە شەوانی رەمەزانی هەولێر لە شارەکانی تر جیادەکاتەوە، تەنها خواردنی برژاو دەفرۆشن و دوای كۆتایی هاتنی ئەو مانگەش خواردنگە سەرپێیەكان نامێنێت، جیاوازیەکی شەوانی رەمەزانی ئێستا و جاران ئەوەیە ماوەی چەند ساڵێكە ژمارەیەكی زۆری گەنجان و پیاوانی شارەكە شەوانی رەمەزان بە نێرگەلەكێشان بەسەردەبەن كە كاریگەری خراپی تەندروستی بۆ خەڵكی شارەكە هەیە.