هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە

پاراستنی منداڵانی قۆناغی سەرەتای لە توندو تیژی سێکسی و هەراسانکاری سێکسی

11:43 - 2023-05-14
دووتوێ
1214 جار خوێندراوەتەوە

تانیا کورد میرزا

خوێندنەوەی:
 رۆزا دڵشاد مەریوانی 



لەگەڵ کرانەوەی دنیا و بوونی دنیا بەدێیەکی بچووک تاوانەکانی بەزاندنی سنووری کەسیی و توندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە، هەروەها تاوانەکانی بەرامبەر بە منداڵ دەکرێت بە تایبەتی ئەو تاوانانەی دەچنە خانەی توندوتیژی سێکسییەوە لە زیادبووندایە، بۆیە هەمیشە دایکان و باوکان لە دڵەڕاوکێدان ئاخۆ چۆن بتوانن منداڵەکانیان لە تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسیی و توندوتیژی سێکسی بپارێزن و هاوکات ئەو رێسا و یاسایانە چین دەبێت پەیڕەوی بکەن بۆ پاراستنی منداڵەکانیان؟ جگەلەوەی چۆن منداڵەکانیان فێربکەن و رابێنن خۆیان لەو ئەگەر و تاوانانە بپارێزن؟ بێگومان کتێبی (هەموو باوەشپێداکردنێک خۆشەویستی نییە-ی نووسەر تانیا کورد میرزا پسپۆری زانستی تاوانناسی و راهێنەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان و منداڵان و خاوەن ماستەرنامە لە یاسادا بۆ پاراستنی منداڵانی قۆناغی سەرەتایی لە توندوتیژی سێکسی و هەراسانکردنی سێکسی) باشترین بژاردە دەبێت بۆ دایکان و باوکان هەروەها پەروەردەکاران و مامۆستایان تا لەو بارەیەوە بەرچاوڕوونییان هەبێت و بنەمایەک فێرببن بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵدا لەڕووی هۆشیارکردنەوەیان بۆ خۆپاراستن هەروەها بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیاندا لە کاتی روودانی ئەو تاوانانەدا.
هەنگاوێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو تاوانە
لە پێشەکیدا نووسراوە: ئەم نامیلکەیە هەنگاوێکە بەرەو رووی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان و چۆنیەتی مامەڵکردن بەشێوەیەکی دروست و زانستیانە لەگەڵ منداڵاندا، نامیلکەکە سەرەتا رووی دەمی دەکاتە دایکان و باوکان، سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و مامۆستایان و هەندێک رێنماییان دەداتێ، مەبەست لە رێنماییەکان لەلایەکەوە بریتییە لە بەرگەگرتن لە روودانی ئەم تاوانە ئەویش لە رێگەی خستنەڕووی چەند رێسایەکی تایبەت، لەلایەکیترەوە مەبەستەکە چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ منداڵاندا لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانەدا.
ئەوەی لەم کتێبەدا سەرنج رادەکێشێت نووسەر بە شێوازێکی سادە و روون ئەو تاوانانەی دەچنە قاڵبی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسییەوە دەخاتەڕوو هەروەها ئامۆژگاری بەخێوکاران دەکات هیچ کامێکیان کاریگەریی و خراپیی بۆسەر جەستە و دەروونی منداڵ لەوی دیکە کەمتر نییە و نابێت هیچ کامێکیان بەکەمتر تەماشا بکرێت، هاوکات کتێبەکە کراوە بە چەند بەشێکەوە بەشی یەکەم رێنمایی و یاساو رێسایە بۆ دایکان و باوکان و بەخێوکاران خۆی لە شانزە رێسادا دەبینێتەوە فێرمان دەکات چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانمان و منداڵەکانی چواردەورماندا بکەین تا بەهیچ جۆرێک نەکەوینە هەڵەی بەزاندنی سنووری کەسیی منداڵ و کردنی تاوانی توندوتیژی سێکسی بەبێ مەبەستیش بێت بۆئەوەی منداڵ فێرببێت پارێزگاری لە جەستەی خۆی بکات و تێبگات سنووری تایبەتی جەستەی تەنانەت دایکیشی بەبێ پرس بۆی نییە بیبەزێنێت لە خاڵێکدا نووسەر دەڵێت: تایبەتمەندی منداڵەکەت بپارێزە و بەبێ ویستی خۆی وێنەی لە سۆشیال میدیادا بڵاومەکەرەوە، چونکە کەسانێک کە بە (منداڵباز) ناسراون دەتوانن وێنەی منداڵەکان بۆ مەرامی تاوانکاری خۆیان بەکاربهێنن..
رێساکانی تایبەت بە منداڵ
نووسەر بەشی دووەمی تەرخانکردووە بۆ رێسا و رێنماییەکانی تایبەتن بە منداڵان و شەش رێسای خستۆتەڕوو بۆئەوەی دایکان و باوکان یان مامۆستایان بۆ منداڵانی بخوێننەوە و فێریان بکەن تا لەو تاوانانە پارێزراو بن و لەکاتی رووبەڕووبوونەوەیدا منداڵ فێرکرابێت چۆن رەفتار بکات یان ئەگەر ئەو تاوانەی بەرامبەر کرا چی بکات و پەنا بۆ کێ بەرێت، لە یەکێک لە رێساکاندا منداڵ فێردەکرێت بڵێت: گەورەکان بۆیان نییە دەستبەرن بۆ لەشم، بۆیان نییە دەست بەرن بۆ دواوەم(سمتم) بۆ پێشەوەم (کۆئەندامی زاوزێم) بۆیان نییە لەشی خۆیان لە لەشم نزیک بکەنەوە و ماچم بکەن.. 
گرنگترین خاڵیش کە نووسەر جەختی لەسەر دەکاتەوە ئەوەیە منداڵ فێری وشەی نەخێر بکرێت بۆ رەتکردنەوەی هەموو ئەو حاڵەتانە و وشەی بەڵێ فێربکرێت بۆ دەربڕینی رەزامەندی خۆی واتا بزانێت کۆنتڕۆڵی جەستە و سنووری کەسیی بەدەست خۆیەتی و لە کاتی خۆیدا دەتوانێت بڵێت نەخێر و دەتوانێت بڵێت بەڵێ، بەبێ ئەوەی بترسێت و شەرم بکات هەروەها لەکاتی روودانی ئەو تاوانەدا ئەگەر لەکاتی خۆیدا نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات چیبکات و متمانە بە کێ بکات بۆ باسکردنی تاوانەکە.
جێی ئاماژەبۆکردنە ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی رۆژنامەی کوردستانی نوێ-ی ساڵی 2023 چاپی یەکەمە و بە تیراژی 500 دانە بڵاوکراوەتەوە.  


#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان