ژماره‌یه‌ك كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی گه‌رمیان وه‌ك رێزلێنان بۆ كاره‌ساتی ئه‌نفال له نوگره‌سه‌لمانن و له‌ناو قه‌ڵای نوگره سه‌لماندا به‌شداری یادی رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستانیش ده‌ڵێت، "له‌م یاده‌دا داوا له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌ین ئه‌مڕ‌ۆژه به‌گرنگ سه‌یربكه‌ن و به‌پێی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كار بكه‌ن بۆ پشكنین و گه‌ڕ‌ان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هینانه‌وه‌یان".
سالار مه‌حمود، سه‌رۆكی یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان له لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند، " 16ی 5ی هه‌موو ساڵێك رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كانه به‌پێی بڕ‌یاری حكومه‌تی عیراقی كه ساڵی 2007 ده‌ریكردووە. ئه‌مساڵ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی و نووسه‌ر و توێژه‌ری بواری جینۆساید چوونه‌ته قه‌ڵای نوگره‌سه‌لمان و له نزیك گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، له‌ناو قه‌ڵاکە له شاری سه‌ماوه یادی قوربانییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه".
وتیشی، "یادكردنه‌وه‌ی رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان له ئه‌مساڵدا تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و بۆیه‌كه‌مجاره وه‌ك بۆنه‌یه‌ك كۆمه‌ڵێك له كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان ئه‌و یاده ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌بێته نه‌ریتێك ساڵانه ئه‌م یاده له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و له باشووریعیراق ده‌كرێته‌وه، به‌ئامانجی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عیراقیش ئه‌مڕ‌ۆژه به‌گرنگ سه‌یر بكه‌ن و به‌پێی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان كار بكه‌ن بۆ پشكنین و گه‌ڕ‌ان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و هینانه‌وه‌یان".
هاوکات، كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب له به‌غدا و سه‌ماوەوە بانگهێشتی یاده‌كه كراون و هاوباشی ده‌كه‌ن له مه‌راسیمه‌كهدا، ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی بایه‌خدان به‌و مۆنۆمێنتانه‌ی كه له ئێستادا وه‌ك ره‌مزی قوربانییه‌كان لێیده‌ڕوانرێت و داوادەکرێت نه‌ك كه‌ناڵه‌كانی میدیا حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاوڕ له‌م كه‌یسه بده‌نه‌وه .
سالار مه‌حمود ده‌شڵێت، "ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه ده‌بێته هۆی بایه‌خدان به‌و مۆنۆمێنتانه‌ی كه له ئێستادا وه‌ك ره‌مزی قوربانییه‌كان لێیده‌ڕوانرێت، پێویستیشه كاربكرێت بۆ به‌رزڕ‌اگرتنی یاده‌كه به‌شێوه‌یه‌كی كرداری، هاوكات تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری ئه‌م بۆنه‌یه له قه‌ڵای نوگره‌سه‌لمان ئه‌وه‌یه كه چالاكی هونه‌ری و پێشانگا و شانۆ و وتار به زمانی عه‌ره‌بی و كوردی و زمانه‌كانی تریش پێشكه‌ش ده‌كرێت".
راشیگه‌یاند، "كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی عه‌ره‌ب له به‌غدا و سه‌ماوه بانگهێشتی یاده‌كه كراون و هاوباشی ده‌كه‌ن له مه‌راسیمه‌كهدا، هه‌ندێك له په‌رله‌مانتاره‌كانی به‌غداش به‌ڵێنی به‌شداریكردنیان داوه، هیوادارین نه‌ك كه‌ناڵه‌كانی میدیا، حكومه‌ت و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانیش ئاوڕ له‌م كه‌یسه بده‌نه‌وه، چونكه په‌یوه‌ندی به جینۆسایدی گه‌له‌كه‌مانه‌وه هه‌یه".
قائیمقامی نوگره سه‌لمان: یه‌كێتی هه‌وڵی گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوانی داوه
عه‌لی خه‌ڵه‌ف، قائیمقامی نوگره‌سه‌لمان له لێدوانێكدا بۆ گه‌لی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ڕێوره‌سمه‌كانی تایبه‌ت به‌قوربانیانی ئه‌نفال و هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوان رایگه‌یاند، "ژماره‌یه‌كی زۆر گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵ له‌سنووره‌كه‌دا هه‌یه كه به‌شێكی زۆریان هاووڵاتی كوردن".
وتیشی، "یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌م قۆناغه و پێشتریش له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌وڵی گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوانی بۆ زێدی خۆیان داوە. سوپاسی یه‌كێتی ده‌كه‌ین كه به‌رده‌وام پشتیوانیان ده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی روفاتی قوربانیه‌كان".
یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی: تاوانه‌كانی به‌عس مه‌ترسیداربوون
هاوكات یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان بۆ رۆژی نیشتمانی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان راگه‌یه‌نراوێكی 10 خاڵی بڵاوكردۆته‌وه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، "گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عیراق به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری پیلانی قۆناغه‌كانی جینۆسایدكردنی گه‌لی كوردن، عیراق له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا زنجیره‌یه‌ك تاوانی مه‌ترسیداری کردووە، ھه‌ر له راگواستن و كۆچپێكردنەوە تا ده‌گاته تاوانی كۆمه‌ڵكوژی".
ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه...
حكومه‌تی عیراقی ساڵی 2007 بڕ‌یاری ده‌ركرد به ده‌ستنیشان كردنی رۆژی 5/16ی ھه‌موو ساڵێك به رۆژی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
جینۆسایدی فه‌یلییه‌كان و سه‌رنگومی بارزانییه‌كان و كیمیابارانی ھه‌ڵه‌بجه و شاڵاوه‌كانی ئه‌نفال له‌و تاوانانه‌ن كه به‌سه‌دان ھه‌زار مرۆڤ به كۆمه‌ڵ كوژران و به‌ھه‌زارانیش ھه‌ر به زیندوویی خرانه گۆڕ‌ی به‌كۆمه‌ڵه‌وه.
تاوانی گۆڕ‌ه به كۆمه‌ڵه‌كان دۆسێیه‌كی یاسایی نێوده‌وڵه‌تییه، تاوانێكی گه‌وره‌ی دژ به مرۆڤایه‌تییه.
ناوچه جیاجیاكانی عیراق گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵی تێدایه به‌تایبه‌تیش ناوه‌ڕ‌است و خوارووی عیراق.
ته‌نیا سه‌حراكانی سه‌ماوه زیاتر له 150 گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵی ئه‌نفالی تێدایه، به‌شێكیان دۆزراونه‌ته‌وه و به‌شێكیان ھێشتا نه دۆزراونه‌ته‌وه.
مێژووی كۆمه‌ڵكوژی كورد له عیراقدا هه‌م كۆن و هه‌م نوێیه. بوونی زیاتر له 270 گۆڕ‌ی به كۆمه‌ڵ به‌پێی ئاماری نافه‌رمی، ئاماژه‌یه‌كی مه‌ترسیداره له تاوانه‌كانی رژێمی به‌عس له عیراق و بێ ھه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی. ئێستاش بێده‌ربه‌ستیه‌كی زۆر و بێباكی مه‌ترسیدار له ئاستی ده‌وڵه‌ت و حكومه‌ته‌كان له‌م دۆسێیه‌دا به‌دی ده‌كرێت.
به‌پێی په‌یماننامه‌ی رووبه‌ڕ‌ووبونه‌وه‌ی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ساڵی 1948 و رێكه‌وتنامه‌ی چواری جنێڤ كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی به‌رپرسیاتێتیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ وه‌ك چۆن له كاتی كۆمه‌ڵكوژیه‌كاندا بێده‌نگ بوون، ئێستاش خۆیان نه‌بان كردووە. حكومه‌تی عیراقیش كه‌مته‌رخه‌مه به‌رامبه‌ر دۆسیه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
یاسای گۆڕ‌ه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ژماره (5)ی ساڵی 2006 به‌رپرسیارێتی حكومه‌تی عیراقی دیاریكردووه سه‌باره‌ت به پاراستنی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان و ھه‌وڵدانی به‌رده‌وام بۆ گه‌ڕ‌ان و پشكنین و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان، ده‌رھێنان و گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌یان به‌ڕ‌ێزه‌وه بۆ نیشتمان و ناو كه‌سوكاریان.
دیاریكردنی رۆژێكی نیشتمانی بۆ گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان
له‌م رۆژه‌دا وه‌كو یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان جه‌خت له جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه، له‌وانه:
یه‌كه‌م: ھه‌ڵدانه‌وه و ھێنانه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه دۆزراوه و تۆماركراوه‌كان.
دووه‌م: گه‌ڕ‌ان به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی ونبوه‌كان و دۆزینه‌وه‌ی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه نه‌دۆزراوه‌كان.
سێیه‌م: به‌پێی كات و گۆڕ‌انی كه‌شوھه‌وا كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نووسی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان دروست ده‌بێت. ئه‌ركێكی چیتر له دواخستن نه‌ھاتووه بۆ پاراستنی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
چواره‌م: په‌له كردن له ھێنانه‌وه‌ی ئێسك و پروسكه‌كان و به‌ڕ‌ێز و مه‌راسیمی تایبه‌ته‌وه بدرێنه‌وه به كه‌سوكاریان. به‌پشت به‌ستن به‌ماده شەشی یاسای گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
پێنجه‌م: دروستكردنی گۆڕ‌ستانی شایسته و مه‌زاری شایسته به رۆحی به‌رزه فڕ‌ی قوربانییه‌كان.
شه‌شه‌م: دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی نیشتمانی تایبه‌ت به پرسی جینۆساید له‌ناو ئه‌و دامه‌زراودا بایه‌خ به دۆسێی گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان بدرێت.
حه‌وته‌م: پشكنینی DNA بۆ قوربانیان و كه‌سوكاری قوربانیان وه‌ك به‌شێك له پڕۆسه‌ی ناسینه‌وه.
ھه‌شته‌م: له ھه‌رێمی كوردستان و عیراق ساڵانه له رۆژی 5/16 مه‌راسیمی نیشتمانی بۆ له‌بیرنه‌كردنی تاوانه‌كان و یادكردنه‌وه‌ی قوربانیه‌كان بکرێت.
نۆیه‌م: ئه‌مساڵ بۆ ئه‌و رۆژه نیشتمانییه كه‌سوكاری قوربانیانی گۆڕ‌ی به‌كۆمه‌ڵ و توێژه‌ر و نووسه‌رانی بواری جینۆساید به‌شداری ده‌كه‌ن له مه‌راسیمێكی تایبه‌ت له قه‌ڵای نوگره سه‌لمان له پارێزگای سه‌ماوه قه‌زای سه‌لمان. وه‌ك سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ساڵانه یادكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژه نیشتمانیه له‌سه‌ر گۆڕ‌ه به‌كۆمه‌ڵه‌كان.
ده‌یه‌م: داوا له كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ھه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌ین بایه‌خ به‌م رۆژه بده‌ن و ئاوڕ‌ێك له رۆژگاره تاڵه‌كان بده‌نه‌وه له‌پێناوی دووباره نه‌بوونه‌وه و له‌بیرنه‌كردن و رێزگرتن له قوربانیانی جینۆساید.
یه‌كێتی نووسه‌رانی جینۆسایدی كوردستان
2023/5/16
PUKMEDIA