كەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆدا باسكرا

10:45 - 2023-05-22
ڕاپۆرت
94 جار خوێندراوەتەوە


ئاریان محەمەد

 

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد

 
پێش نیوەڕۆی رۆژی دووشەمە 6/5/2023 لە ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كۆڕێك بۆ ناساندن و دابەشكردنی كتێبی (قاوغە شقارتە) كە توێژینەوەیەكە سەبارەت روماڵكردنی پرسی كورد لە كەناڵی ئەلجەزیرەدا لە نووسینی نووسەر ئاریان محەمەد بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا ئاریان محەمەد نووسەری كتێبەكە باسی لە ناوەرۆكی كتێبەكە كرد و وتی: لەوانەیە زۆر کەس سەرنجی بچێتە سەر ئەوەی كتێبەكە بۆ ناوی (قاوغە شقارتە) یە لە كاتێكدا توێژینەوەیەكی ئەكادیمییە دەكرا بە ناونیشانێكی تر بێت، حوسنی موبارەك سەرۆكی لە سەر كارلابراوی میسر كاتێك خۆی لە بەڕێوەبردنی ململانێیەكی قورس لەنێوان قەتەر و ئەلجەزیرە لەگەڵ میسر دەدات، كاتێك سەردانی قەتەر دەكات لە دانوستانێكی نێوان هەردوو وڵات سەردانی كەناڵی ئەلجەزیرە دەكات و وتەیەكی هەیە دەڵێت: ئەلجەزیرە بە قەد قاوغە شقارتەیەكە و ئاگرەكەشی دنیا دەسووتێنێت، توێژینەوەكەی منیش لەبەر ئەوەی لەسەر دیوە نەرێنییەكانی رووماڵكردنی كەناڵەكە بۆ پرسی پێكهاتە نەتەوەییەكانی تر وەستاوە و شێوازی روماڵکردنیان زیاتر خۆشکردنی ئاگری ناکۆکییەکانە، بۆیە منیش ئەو ناوەم بۆ کتێبەکەم هەڵبژارد.

 ئێمە دەتوانین سەركۆنەی بكەین
ئاریان محەمەد وتیشی: روونكردنەوەی دووەمم لەپێشەكییەكەی ستران عەبدوڵڵایە كە بۆ توێژینەوەكە نووسیویەتی، باس لەوە دەكات ئێمە مافێكی ئەوتۆمان نییە گلەیی لە ئەلجەزیرە بكەین لە كاتێكدا ئێمە سەرچاوەی پارەداركردنی ئەو كەناڵە نین، لەوانەیە بەشێكی تێڕوانینی ستران دروست بێت، ئێمە ناتوانین سەركۆنەی دامەزراوەیەكی میدیایی غەیرە كوردی بكەین كە نە لە پارەداركردنی رۆڵمان هەیە و نە لەهاوبەشە نەتەوەییەكانیدا، بەڵام ئێمە دەتوانین لەو روانگە و سۆنگەیەوە سەركۆنەی بكەین كە ئەلجەزیرە خۆی دێت سەرزەنشتی میدیای نێودەوڵەتی و میدیای رۆژئاوا دەكات و تۆمەتباریان دەكات بەوەی لەبەرامبەر پێكهاتە نەتەوەییەكانی عەرەب و كەمینە موسڵمانەكان بێ ئینساف و دڵڕەقن بەرامبەریان، ئێمەش بەهەمان ئەو لۆژیكەی ئەلجەزیرە خۆی کە خەڵكی تری پێ تۆمەتبار دەكات، ئێمەش دەتوانین موحاسەبەیەكی ئەخلاقی ئەلجەزیرە بكەین.
ئاریان محەمەد باسی لە خاڵی سێیەم و سەرنجی خۆی كرد کە بەلایەوە گرنگە و وتی: ئەگەرچی توێژینەوەكە خراپ نیە، بەڵام دەبێت بەرچاو روون بن لەوەی من نزیكەی 13 ساڵ لەمەوبەر نووسیومە، ئەوە بەشێك بوو لە توێژینەوەی دەرچوونم لە كۆلێژی زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سلێمانی، بەڵام پێموابوو تەوسیەكردن و بە دیكۆمێنتكردنی هەم سیاسەتی كەناڵی ئەلجەزیرە و هەم بەرنامەی (ئیتیجاه ئەلموعاكس) بۆ ئێمە زۆر گرنگە هەم بۆ تێگەیشتنە سیاسییەكان و هەم بۆ تێگەیشتنە میدیایەكان، پێموایە ناكرێت مردار بكرێتەوە لەبەر ئەوە كەمترین گۆڕانكاریم تێدا كرد، تەنیا ئەوە بوو بەرنامەی (ئیتیجاه موعاكس)م لەبڕی ئەوەی تا 2007 وەربگرم كەچی تا 2021 م وەرگرت یانی 22 ساڵی رێكی بەرنامەكەم لە رێگەی شیكردنەوەی تەواوەتی بەرنامەكەوە وەرگرت و نیشانمدا چۆن بە بایەخ و گرنگی پێشكەش دەكرێت.

بەرهەمی منداڵدانی دەوڵەتێكی كەنداوە
نووسەری كتێبەكە ئاشكراشی كرد كتێبەكە لە سێ بەشی سەرەكی پێكهاتووە، بەشی یەكەمی وەك هەر توێژینەوەیەكی تری ئەكادیمی دیوە تیۆرییەكەیەتی و وتی : لەو دیوەدا پێویست بوو من لەسەر مێژووی دەركەوتنی تەلەفزیۆن و دەستپێكردنی مێژووی پەخشكردنی لەسەر ئاستی جیهان و پاشان لە نیشتمانی عەرەبیدا دەستپێبكەم، ئایا عەرەب لە كوێی ئەو نەخشە و كەڤاڵەدان كە میدیای بینراوی جیهانی لەئاستی نەشونماكردنەكەی خۆیدا پێیگەیشتووە، ئایا دەوڵەتانی عەرەبی بە تایبەتی دەوڵەتانی كەنداو كە ئەلجەزیرە بەرهەمی منداڵدانی دەوڵەتێكی كەنداوە، خۆیان لەناو مێژووی میدیای بینراودا لە كۆی و شوێنپێیان لەكوێ بووە، لەو توێژینەوەیەدا بە وردی هاتوومەتە سەر ئەوەی ئەزموونی وڵاتانی عەرەبی و جیهانی لە بواری میدیای بینراو چۆنە و تا چ ئاستێك توانیویانە گەشە بەو بوارە بدەن.
روونیشی كردەوە هەر لەو بەشەدا شتێك گرنگە ئاماژەی پێبدرێت ئەویش بریتییە لەوەی دوو شت لە دونیا كاریگەری لەسەر گەشەپێدانی میدیای بینراو هەبووە، یەكێكیان بریتییە لە دەركەوتنی مانگە دەستكردەكان، ئەوە وەكو گۆڕانێكی گەورە بوو لە بواری بڵاوكردنەوە و فراوانكردنی بوار و مەودای پەخش لەئاستی جیهاندا و رۆڵێكی گەورەی هەبوو لەپێشخستنی ئاستی كەناڵە بینراوەكان لەنیشتمانی عەرەبیدا، هەڵبەتە لەوەدا میسر دەكرێت وەكو دایكی مانگە دەستكردەكان سەیر بکرێت، چونکە بەشی زۆری پەخشی كەناڵە ئاسمانییەكانی نیشتمانی عەرەبی لەڕێی مانگە دەستكردەكانی ئەوانەوە پەخش دەکران، بەشی دووەمی رۆڵ و كاریگەرییەكی گەورەی هەبووە لەسەر پەخشی میدیایی بینراو لەسەر ئاستی جیهاندا.

دەتوانێت سوود لەو توانایانە وەربگرێت
نووسەری كتێبەكە باسی لە تیۆرییەكانی راگەیاندن كرد و وتی: تیۆرییەكان گرنگییەكی زۆریان هەیە لەپەرەپێدان و گەشەپێدانی بواری میدیای بینراو، سەبارەت بە بەشی دووەمی كتێبەكەشی، ئاریان محەمەد وتی: ئەو بەشە باس لە دەركەوتنی كەناڵی ئەلجەزیرە و پابەندییەكانی دەكات كە ناونیشانەكەی بریتیە لە (پابەندییەكانی بە بەها و پرەنسیپەكانی و روماڵێكی سەنگین بە پرسی كەمینەكان) كە هەمووتان دەزانن كەناڵی ئەلجەزیرە وەكو دیاردەیەكی میدیایی گرنگ بە تەنیا دیاردەیەكی میدیایی نییە، نووسەرێكی ئەمریكی هەیە بە ناوی (هیومایەرس) كتێبێكی هەیە بە ناوی (ئەلجەزیرە) و بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی و باس لەوە دەكات كەناڵەكە بۆ وڵاتی قەتەڕ بە تەنیا دیاردەیەكی میدیایی نییە، بەڵكو توخمێكی گرنگی سیاسەتی دەرەوەی قەتەڕە، ئەو وڵاتە بە حوكمی بچووكی و لاوازییەكەی لە رووی دیپلۆماسییەوە بۆ ئەوەی هاوتای وڵاتانی تری كەنداو و نیشتمانی عەرەب رۆڵ ببینێت، گرنگ بوو بۆ ئەوەی خاوەنی دامەزراوەیەكی میدیای بێت، لەبەر ئەوەشە لەگەڵ یەكەمین ساتەوەختی كودەتای كوڕ بەسەر باوكیدا لەحوكمی ئەو وڵاتە، پڕۆژەی دامەزراندنی كەناڵی ئەلجەزیرە دەخەمڵێت، هەر ئەوكات دەوڵەتی قەتەر 120 ملیۆن دۆلار وەكو تێچوو و دەرخستەی سەرەتایی بۆ دامەزراندنی كەناڵەكە تەرخان دەكات، دوای هەڵوەشانەوەی دوو کەناڵی ORBIT لەگەڵ BBC ARSBIC بەشێكی زۆری كادر و میدیاكارەكانی ئەو دامەزراوانە بێكار دەبن و كەناڵی ئەلجەزیرە دەتوانێت سوود لەو توانایانە وەربگرێت و دەزگایەكی راگەیاندنی گەورە 
دروست بكات.


دیمەنێک لە کۆڕەکە

بابەتە پەیوەندیدارەکان