ئینسایكلۆپیدیای كەركوك

کەلتور و شارستانییەتی شارەکە دەگێڕێتەوە

10:39 - 2023-05-24
ڕاپۆرت
384 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

ئینسایكلۆپیدیا یان فەرهەنگی زانیاری، یەكێكە لەو بەرهەمە ناوازانەی هەموو گەلان بایەخی پێدەدەن، شانازی پێوە دەكەن و بە سەدان كەس كاری تێدا دەكات، تیایدا كەلتور و شارستانییەتی میللەتانی تێدا دەپارێزرێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ هەموو ئەوانەی لە بوارە جیاجیاكاندا كار دەكەن.
ئینسایكلۆپیدیای كەركوك لەم ساڵدا لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی جەمال عیرفان و لەسەر ئەركی د. تەها رەسوڵ لە چاپخانەکانی ئێران چاپکرا، ئەمە بۆ پارێزگایەكی وەك كەركوك  کە لەڕووی سیاسی و رۆشنبیرییەوە پێگەیەكی گرنگی لە عیراقدا هەیە و گرنگی و بەهای تایبەتی خۆی هەیە، هەروەها شاری كەركوك سێیەم شارە لە كوردستاندا خاوەنی ئینسایكلۆپیدیای خۆیەتی لە دوای هەولێر و دهۆكەوە و لە ئێستاشدا سلێمانی و هەڵەبجەش لە بەرنامەی تەواوكردنی ئینسایكلۆپیدیاكەیاندان.
ئینسایكلۆپیدیای كەركوك 10 بەرگە
ئینسایكلۆپیدیای كەركوك بە 10 بەرگە بە قەبارەی (A4) پێكهاتووە لە شەش هەزار لاپەڕە تایبەتە بە جۆرەها تابلۆ و نەخشە و وێنەی رەش و سپی و رەنگاو رەنگ، نزیکەی 200 مامۆستای زانکۆ و هەڵگری بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا کاریان تێدا کردووە، نووسەر و رۆژنامەنووس زاهیر شكور سەرپەرشتیاری كارگێڕیی و د. یوسف گۆران سەرپەرشتیاری ئەكادیمی ئینسایكلۆپیدیای كەركوكە. 
سمكۆ بەهرۆز سەرپەرشتیاری گشتیی نووسین و پێداچوونەوەی ئینسایكلۆپیدیای کەرکوک رایگەیاند، چەكەرەی سەرەتاكانی ئەم پڕۆژەیە بۆ نووسەر و رۆژنامەنووس ستران عەبدوڵڵا دەگەڕێتەوە لەژێر ناونیشانی رووداوەكانی كەركوكدا كارمان دەكرد لە دواییدا بوو بە ئینسایكلۆپیدیای كەركوك و زۆر فراوان بوو.
وتیشی، دەبێت ئەركی هەر یەكە لە خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و رەفعەت عەبدوڵڵا بەرز بنرخێنین لەم كارە مەزنەدا.
سەرپەرشتیاری گشتیی نووسین و پێداچوونەوەی ئینسایكلۆپیدیای کەرکوک دەڵێت، شەونخونی ئەم ئینسایكلۆپیدیایە ئەرك و ماندووبوونی پانزە ساڵی رەنج و تێكۆشانە لەگەڵ ستافێكی ئەكادیمی و كارگێڕی و زانكۆیی بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە، هەموو لایەنەكانی مێژوو و كەلتور و شارستانییەتی كەركوكی لەخۆ گرتووە لە چوارچێوەی یەكە كارگێڕیی و بەڕێوەبەرییەكانی پارێزگاكە لە سەرەتای بەرەبەیانی مێژووەوە تائێستا، هەموو زانیارییەكانی قەزاو ناحیەكانی چەمچەماڵ و خورماتوو، كفری، كەلار و سەنگاوی لەخۆ گرتووە.
* بەرگی یەكەمی ئینسایكلۆپیدیای كەركوك، بە ناونیشانی جیۆپۆلەتیكی پارێزگای كەركوك، لێكۆڵینەوەیەكی زەوی ناسییە دەربارەی پارێزگاكە لە بواری خاك و خۆڵ و ئاو و هەوا و گەرما و شێ و رووكاری زەوییەكەی لە رووی چیا و گرد و دۆڵ و دەشتایی و رووبارەكان.
هەر لە بەرگی یەكەمدا لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیرە لەبواری ئامارەكان و ژمارەی دانیشتوان و مێژووی گوند و لادێكانی پارێزگای كەركوك.
* بەرگی دووەم، كەركوك لە روانگەی مێژووەوە لێكۆڵینەوەیەكی سەرتاپای مێژووی شارەکەیە لە شەش بۆ حەوت هەزار ساڵی پێش زایین تا رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەر و پەیڕەوی سیاسەتی بە عەرەبكردنی نوێ لە هەموو گوند و لادێكانی كەركوك كە لەدوای پڕۆسەی ئازادی عیراقەوە جێبەجێ دەكرێت.
* بەرگی سێیەم، پێكهاتووە لە سێ تەوەری لێكۆڵینەوەی مێژوویی و زانستی لەسەر مێژووی تەعریب لە كەركوك، ئەو كۆمەڵ و رێكخراو و حزبانەی لە ناوچەی كەركوكدا سەریانهەڵداوە، ئەو گەڕیدە و رۆژهەڵاتناسانەی سەردانی كەركوكیان كردووە.
* بەرگی چوارەم، بەناونیشانی ببیلۆگرافیای ناوداران و رۆشنبیرانی كەركوك خۆی دەبینێتەوە لە خستنەڕووی نزیكەی سی هەزار كەسایەتی كەركوك لەڕووی نەتەوایەتی و پێكهاتە و ئایینەكانەوە لە كورد و عەرەب و توركمان و جولەكە و مەسیحی، هەموو ئەوانەی خزمەتیان لە كەركوكدا كردووە.
* بەرگی پێنجەم، تایبەتە بە هونەر لە دەڤەری كەركوك، لەم بەرگەدا زیاتر تیشك خراوەتە سەر لایەنی مێژوویی و مەیدانی هونەر لە پارێزگاكە لەڕووی، شانۆ، شێوەكاری، سینەما، گۆرانی و مۆسیقا و وێنەگرانی پارێزگاكە لە كۆن و نوێدا.
* بەرگی شەشەم، لێكۆڵینەوەیەكی مێژووی و فۆلكلۆری و كەلتورییە بە ناونیشانی كەلتور و شارستانییەت لە دەڤەری كەركوك، كە بریتییە لە لێكۆڵینەوەیەكی گشتگیر لە هەموو ئەو كەلتور و شارستانییەتانەی ە نەتەوە و پێكهاتەكانی كەركوك رەچاویان كردووە و سرووتە ئایینیەكانیان تێدا بەرجەستە كردووە.
* بەرگی حەوتەم، ئەم بەرگە خۆی دەبینێتەوە لە دوو تەوەری مێژوویی  تەندروستی و وەرزشی پارێزگاكە، تەوەری یەكەم تایبەتە بە مێژووی تەندروستی و ئەو نەخۆشی و نەخۆشخانانەی لە كەركوكدا لە رابردوو و ئێستادا بوونیان هەبووە، تەوەری دووەمیشیان تایبەتە بە لایەنی وەرزش و یانە وەرزشییەكانی پارێزگاكە و خستنەڕووی مێژووییەكی دوور و درێژی وەزرش لە پارێزگاكە.
* بەرگی هەشتەم، لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی و ئەندازیارییە بە ناونیشانی هونەری تەلارسازی و نەخش و نیگاری كەركوك و دەوروبەری لە روانگەی سەردەمە مێژووییەكانەوە بە جۆرەها لێكۆڵینەوەی مەیدانی بەرجەستە كراوە دەربارەی خانووە كۆنەكانی كەركوك و نەخش و نیگارەكانیان هەندێكیان تائێستا پاشماوەكانیان لە كوچە و كۆڵانی گەڕەكەكاندا ماون.
* بەرگی نۆیەم، ئەم بەرگە لە ژێر ناونیشانی ئەدەب و رۆشنبیری لە دەڤەری كەركوكدا خۆی لە سێ تەوەری ئەدەبی و مێژووییدا دەبینێتەوە، لەوانە، خوێندن و پەروەردە لە كەركوك، ئەدەب و رۆشنبیریی لە ناوچەی كەركوكدا، مێژووی زار و زاراوەكان لە كەركوكدا، هەر هەمووی لێكۆڵینەوەیەكی ئەكادیمیانەیە لەسەر كەلتوری ئەدەب و رۆشنبیری لە شارەكەدا.
* بەرگی دەیەم و كۆتایی، ئەم بەرگە بە ناونیشانی ببیلۆگرافیای راگەیاندن لە دەڤەری كەركوك لە رووی بیستراو و بینرا و رادیۆ و تەلەفزیۆن و كەناڵە ئاسمانییەكان و ئەو گۆڤار و رۆژنامانەی لە كەركوكدا سەریانهەڵداوە.
ئەم ئینسایكلۆپیدیایە دەوڵەمەندە لە كۆمەڵێك سەرچاوە و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی جۆراوجۆر لە كتێب بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی و توركی و ئینگلیزی و فارسی، هەروەها كۆكردنەوەی هەموو ئەو لێكۆڵینەوانەی لە رابردوو و ئێستادا لە كەركوك نووسراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان