جەواد حەیدەری
عاسم حەیدەری كوڕی حەیدەر كوڕی عاسم كوڕی ئیبراهیم كوری سەبغەتوڵڵای حەیدەرییە، رۆژی 9-6-1921 لە گەڕەكی عارەبان لە شاری هەولێر لە دایكبووە. سەبارەت بە بنەماڵەی حەیدەری بیروڕای جیاواز هەیە، بەڵام رایەك هەیە كە بنەماڵەی حەیدەرییەكانی باشووری كوردستان بە رەگەز كوردن و لە سەرەتای سەدەی شازدەهەمدا لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی سەفەوی بەرەو ناوچەكانی باشووری كوردستان كۆچیان كردووە. ئیبراهیم فەسیح حەیدەری ئاماژە بەوە دەكات لە رێگەی عوسمانییەكانەوە حەیدەرییەكان بوونەتە خاوەنی چەندین گوند لە ناوچەكانی شارەزوور و هەریر.
دەبێتە فەرمانبەر
عاسم حەیدەری لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەكی ئایینی و زانستی و ئەدەب دۆست لە دایكبووە و لە تەمەنی 7 ساڵییەوە
( 1928) دەخرێتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی لە شاری هەولێر تەواو دەكات و پاشان دەچێتە بەغدا و لە ( دارالعلوم)ی ئەو شارە وەرگیراوە. بەهۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسی ناتوانێت خوێندن تەواو بكات و گەڕاوەتەوە هەولێر و دوای ماوەیەك بێكاری لە فەرمانگەی (تەموین- دابەشكردنی خۆراك) دەبێتە فەرمانبەر.
عاسم حەیدەری ساڵی 1948 بەهۆی كاری سیاسی و بەشداری لە چالاكییە سیاسییەكان دەستگیر دەكرێت و پاشان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاستی عیراق دوور دەخرێتەوە. عاسم ساڵی 1958 لە زیندان ئازاد دەكرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەر پیشەی فەرمانبەری و تا ساڵی 1971 لە كارەكەی بەردەوام دەبێت و رۆژی 20-7-1971 لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی تەنگەنەفەسی كۆچی دوایی دەكات.
كەسێكی دڵسۆز
عاسم حەیدەری كەسێكی دڵسۆز و شۆڕشگێڕ و سەنگین بووە و رۆڵی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی بە تایبەتی لە ساڵانی چلەكانی سەدەی بیستدا هەبووە. دكتۆر عیزەدین مستەفا رەسول لە ژمارەی 39 ی رۆژنامەی (ژین) دا عاسم حەیدەری بە كەسێكی دڵسۆز لە كاروانی خەباتی نەتەوەییدا لە قەڵەم دەدات.
نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیری كورد محەمەدی مەلا كەریم، سەبارەت بە عاسم حەیدەری دەڵێت: عاسم لەو جۆرە كەسانە بوو كە سەنگێكی راستەقینەی لە جۆڵانەوەی نیشتمانیدا هەبووە و بە وردی باس لە رۆڵ عاسم لە بزوتنەوەی كوردیدا دەكات و دەڵێت: عاسم حەیدەری تەمەنی لاوی خۆی كردە قوربانی لە پێناو پاراستن و سەركەوتن و خواستی مافی گەلی زۆرلێكراوی كورد و بەشێك لە تەمەنی خۆی لەژێر ئەشكەنجە و ئازاردا بەسەر برد بۆ ئەوەی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد و گەلی عیراق سەر بكەوێت.
هەولێر و عاسم و چالاكی سیاسی
روواوە سیاسییەكانی كە لە ساڵانی 1932 -1942 یەك لە دوای یەك لە هەولێر روویانداون كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر عاسم دانا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كە هەر لە منداڵییەوە هەستی كوردایەتی و نیشتمانپەروەریی لە لای عاسم دروست ببێت و هەست بە ئازار و چەوسانەوەی گەلەكەی بكات، بۆیە قۆڵی هاوكاری و یارمەتیدانی بۆ خەڵك هەڵكرد و ئەوەی پێی كرا، كردی. لە ساڵانی 1942-1943 بیروباوەری ماركسییەت لە هەولێر بڵاوكرایەوە. لەو نێوەندەدا ساڵح حەیدەری یەكێك لە دیارترین ئەو كەسانە بوو رۆڵی پێشەنگ و بەرچاوی گێڕا، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە لە پایزی 1945 بڕیاری دامەزراندنی رێكخراوێكی دیكەیان دا بە ناوی پارتیی كۆمۆنیست لە كوردستانی عیراق، بەڵام لە ناو سیاسییەكان و جەماوەر بە ناوی بڵاوكراوەكەیان واتە( شۆڕش) ناسرا بوون. هەر چەند ئەو رێكخراوە ئەندامەكانی زۆر نەبوون بەڵام ئەو كەسانەی كە لەناو ریزەكانی ئەو حزبەدا كاریان دەكرد لە باری سیاسییەوە زۆر بە توانا و لێهاتوو بوون. گرنگترینی ئەو كەسانەش ساڵح حەیدەری، عاسم حەیدەری، جەمال حەیدەری و نافع یونس و حەمید عوسمان و عەلی عەبدوڵڵا و چەند كەسێكی دیكە بوون.
دواتریش كە حزبی رزگاری دامەزرا عاسم حەیدەری یەكێك لە دیارترین کەسە چالاكەکانی حزبی رزگاری بوو و رۆڵێكی گرنگی لە هەڵسوڕاندن و جێبەجێكردنی رێكخستنەكانی ئەو حزبە بینی. پاشان حزبی رزگاری هەڵوێستی بەرامبەر بە گەلی كورد و مافە رەواكانی زۆر باش بوو بە شێوەیەك كە ئەو حزبە بە بەردەوامی یاداشت و نامەی بۆ وڵاتانی وەك ئەمریكا و بەریتانیا و چین و سۆڤییەت دەنارد بۆ گەیاندنی دەنگ كورد و ناساندنی كێشەكەی كورد.
عاسم وەرگێڕ و رۆژنامەنووس
عاسم حەیدەری لە تەك چالاكی سیاسی و خەباتی نەتەوایەتی، لە بواری نووسین و وەرگێڕان و رۆژنامەنووسیشدا رۆڵی بینیوە و بابەتەكانی بە كوردییەكی پاك و بێگەرد و پەتی دەنووسی و خۆی لە وشەی بێگانە دەپاراست و زۆربەی بابەتەكانی لە گۆڤار و رۆژنامەكانی وەك گەلاوێژ، هیوا، رزگاری، هاوكاری، دەفتەری كوردەواری و ... هتد بڵاو دەكردەوە. یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی عاسم حەیدەری ئەوە بوو كە لە نووسینەكانی گرنگی بە مێژوو و گێڕانەوەی بیرەوەرییەكانی دەدا و بە وتەی محەمەدی مەلا كەریم، عاسم حەیدەری شارەزاییەكی وردی لە مێژووی نوێی
نەتەوەكەی هەبووە.
سەرچاوە:
کتێبی عاصم حەیدەری