خەلیل عەبدوڵڵا
كتێبی (میرایەتیی بابان و شاری سلێمانی لە شیعری شاعیرانی سەدەی هەژدە و نۆزدەدا)، لێكۆڵینەوەیەكی زانستیی بە نرخ و بەهاداری «د. ئاراس محەمەد ساڵح)ە. ئەم لێكۆڵینەوەیە لە دووتوێی كتێبێكی 199 لاپەڕەییدا لەسەر ئەركی پارێزگاری سلێمانی چاپكراوە.
د. ئاراس، لەم كتێبەدا تیشكی خستۆتە سەر شیعری نۆ شاعیری كلاسیكیی سەدەكانی هەژدە و نۆزدە، كە میرایەتیی بابان و شاری سلێمانی لە شیعرەكانیاندا رەنگی داوەتەوە، ئیدی لە شیعرەكانیاندا ستایشی میرەكانی بابانیان كردووە و هەست و سۆزی خۆشەویستیان بۆ شاری سلێمانی دەربڕیوە و مێژووی رووداوەكانی ئەو سەردەمەیان بە شیعر تۆمار كردووە.
د. ئاراس، لە كتێبەكەیدا شیعری نۆ شاعیری كلاسیكی ئەو سەردەمەی بە نموونە هێناوەتەوە و بریتیین لە: (شێخ عەبدولەتیف بەرزنجەیی، رەنجووری، مەولانا خالیدی نەقشبەندی، عەلی بەردەشانی، مستەفا بەگی كوردی، نالی، سالم، حاجی قادری كۆیی و شێخ رەزای تاڵەبانی).
یەكەم: شێخ عەبدولەتیف بەرزنجەیی
شێخ عەبدولەتیف موفتیی قەڵاچوالان بووە، شاعیر نەبووە، بەڵكو هۆنەر بووە و بابەتی زانستییە ئاینییەكانی بە شیعر و بە زمانی عەرەبی داڕشتووە و دوو دەستنووسی لە دوا بەجێماوە و چاپ نەكراون، لە پێشەكی و كۆتایی ئەو دوو دەستنووسەدا باسی بارودۆخی ئەو سەردەمەی میرایەتیی بابانی كردووە.
دووەم: رەنجووری
رەنجووری یەكێكە لە شاعیرە گەورە و پایە بەرزەكانی كورد و زۆربەی شیعرەكانی بە شێوەزاری گۆران نووسیوە. رەنجووری، چامەیەكی جوانی (بۆ عەبدولڕەحمان پاشای بابان) نووسیوە، ئەو كاتەی لە شاری حللە زیندانی بووە. لە بەشێكی چامەكەیدا بە شێوەزاری گۆران نووسیویەتی و دەڵێ:
والی ویلایەت (گشت كوردستان)ەن
ئیسم شەریفش (عبدالرحمن)ەن
ستارەی بەختش قیران نەحسەن
سێیەم: مەولانا خالیدی نەقشبەندی
مەولانا خالیدی زانا و بیرمەندێكی ئایینی ناسراوە، شیعر و پەخشانی بە زمانەكانی فارسی و كوردی و عەرەبی نووسیوە. مەولانا شیعری بۆ ئیبراهیم پاشای بابان نووسیوە، لە ستایشی پاشادا دەڵێت:
حەمد و سەنا بۆ مەلیكی زولجەلال
نەعت و سەلام بۆ مەهی بورجی كەمال
دێمە سەر ئەوسافی شەهی دادگەر
با قەڵەم بێ بە دەواتی نەیشگەر
هەروەها مەولانا خالید شیعری بۆ حەسەن بەگی بابان وتووە و لە شیعرێكدا بەم شێوەیە
وەسفی دەكات:
بژی شەهنشەهی بەرز و پەناهی یەزدانی
لە شەوكەت و لە شكۆها خەلیلی رەحمانی
كەفی سەخاوەت وتم دەریایە دڵ وتی لاچۆ
قیاسی بەحر ئەكەی لە كەف ئەوەندە نادانی
چوارەم: عەلی بەردەشانی
عەلی بەردەشانی، شاعیرێكی میللی و بەیتبێژ بووە، بەیتێكی بۆ عەبدولڕەحمان پاشا وتووە، تیایدا هاتووە:
مەردە عەبدولڕەحمان پاشا
پاشای بەبان جیهانگیری
رەنگ رۆستەمی زاڵی پیری
لە نێو میران پاشای میری
تەحا بەڕاو تەگبیری
پێنجەم: مستەفا بەگی كوردی
كوردی، یەكێكە لە شاعیرانی سێكوچكەی بابان و قوتابخانەی یەكەمی شیعری بابان. كوردی بە شیعر شیوەنی بۆ رووخانی میرایەتیی بابان گێڕاوە و دەڵێ:
لە جێگەی شێركوژانی بەبە شایی دایكی عەبلان
لەجێگەی شێركوژان و دلێرانی بەبەی دوێنێ
شوعال سەردارە، ئەمما گورگ بە دوو گوێیدا ئەلورێنی
شەشەم: نالی
نالی شاعیری ناودار و پایەبەرز بە پێشەنگی سێكوچكەی بابان دادەنرێت. نالی شیعری بۆ میرانی بابان وتوە، بە بۆنەی كۆچی دوایی سلێمان پاشا و هاتنە سەرتەختی ئەحمەد پاشا ئەو شیعرەی وتوە:
تا فەلەك دەورەی نەدا سەد كەوكەبی ئاوا نەبوو
كەوكەبەی میهری موبارەك تەڵعەتی پەیدا نەبوو
تا نەگریا ئاسمان و تەم وڵاتی دانەگرت
گوڵ چەمەن ئارا نەبوو هەم لێوی خونچە وا نەبوو
تا چەمەن پیرا لەسەر ئەسڵی درەختی لانەدا
فەرعی تازە خوڕڕەم و بەرز و بوڵندو باڵا نەبوو
تا سولێمانان نەبوونە سەدری تەختی ئاخیرەت
ئەحمەدی موختاری ئێمە شاهی تەخت ئارا نەبوو
چامەكەی نالی بۆ سالم، یەكێكە لەو شاكارە بەرزانەی كە جێگەی شانازیی ئەدەبی كوردییە. لەو چامەیەدا کە لە شامەوە بۆ سلێمانی و كوردستانی نووسیوە، هاتووە:
ئەمجا مەوەستە تا دەگەییە عەینی سەرچنار
ئاوێكە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور
چەشمێكە میسلی خۆر كە لە سەد جێ بە رۆشنی
فەورانی نووری سافە لەسەر بەردی وەك بلوور
حەوتەم: سالم
سالم شاعیرێكی ناودار و پایەبەرزی كوردستانە، پێویست بە ناساندنی ناكات. چامەكەی سالم كە وەڵامی چامەكەی نالی بووە، بە شاكارێكی بەرزی ئەدەبی دادەنرێت و باسی دۆخی ناهەمواری دوای رووخانی میرایەتیی بابان و پایتەختەكەی شاری سلێمانی دەكات.
لەبەشێكی چامەكەیدا دەڵێ:
لەوساوە حاكمی بەستەم دەربەدەر كرا
نەیدیوە كەس لە چیهرەیی كەس جەوهەری هونەر
تا بوو بە جایی مەتڵەعی خورشیدی موڵكی رۆم
سووتا گیاهی تیشنە و خوشكیدە بوو شەمەر
تا لە كۆتایی چامەكەیدا، بە هۆی بارودۆخی خراپی سلێمانییەوە، داوا لە نالی دەكات نەگەڕێتەوە بۆ شار و دەڵێ:
توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم
بەم نەوعە قەد نەكا بە سلێمانیا گوزەر
هەشتەم: حاجی قادری كۆیی
حاجی قادری كۆیی، شاعیرێكی مەزن و بە پێشەنگی بیری نەتەوەیی دادەنرێت، شیعری بە تەنها بۆ میرایەتی بابان نەنووسیوە، بەڵكو لەگۆشەنیگای نەتەوەییەوە شیعری بۆ هەمووان و بۆ كوردستان نووسیوە. لە شیعرێكدا بەم شێوەیە وەسفی خۆی و نالی دەكات:
نالی و خاكی بەبە، حاجی و كۆیە بە مەسەل
عەینیهی حافز و شیرازە كەلیم و هەمەدان
حاجی لە شیعرێكی تردا بەم جۆرە باسی میرەكانی كوردستان دەكات:
حاكم و میرەكانی كوردستان
هەر لە بۆتانەوە تا بابان
یەك بەیەك حافیزی شەریعەت بوون
سەیدی قەوم و شێخی میللەت بوون
نۆیەم: شێخ ڕەزای تاڵەبانی
شێخ رەزای تاڵەبانی، سەربای ئەوەی زۆربەی شیعرەكانی شیعری هەجوون و دەستی لە كەس نەپاراستووە و لەو بوارەدا بێ ڕكابەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا شیعری بەرزی نیشتمانی و نەتەوەیی هەیە، چامەی شیعریی (دارولمولكی بابان) نموونەیەكی جوان و بڵندی ئەو بوارەیە و تێیدا هاتووە:
لە بیرم دێ سولەیمانی كە داروموڵكی بابان بوو
نە مەحكوومی عەجەم نە سوخرەكێشی ئالی عوسمان بوو
شێخ ڕەزا لە ستایشی كاك ئەحمەدی شێخ و شاری سلێمانیدا دەڵێ:
مەربوتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاكی
خۆزگەم بە سەگی قاپییەكەی ئەحمەدی كاكی