گەڕانێکی ورد بۆ دەستنیشانکردنی هەموو خانەکانی لەش

11:54 - 2023-05-30
دووتوێ
307 جار خوێندراوەتەوە
بەرەوپێشچوون لە زیندەزانی مرۆڤدا، بە ئەندازەیەکی بێوێنە خێراتر بووە

دانیاڵ دەیڤس

لەشی مرۆڤ 37 ترلیۆن خانەی تێدایە، ئەگەر بتوانین لە چۆنێتی کارکردنییان تێبگەین، ئەوا دەکرێت ئەنجامەکان گۆڕانکارییەکی ریشەیی بەسەر  چاودێریی تەندروستیماندا  بهێنن.
لەشێکی ئاسایی نزیکەی 37 ترلیۆن خانەی تێدایە، ئێمەش لە ناوەندی گەڕانێکی ریشەییداین تا لە چۆنێتی کارکردنی هەموویان تێبگەین.
تێگەشتن لەمەش پێویستی بە شارەزایی زانایانە لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا، وەك زانستی کۆمپیوتەر، زیندەزانی، زانستی پزیشکی و زانستی بیرکاری، هەروەها تەکنۆلۆژیای نوێ و هەندێک ئەلگۆریتمی تاڕادەیەک پێشکەوتوو.
لە پێشتردا، مایکرۆسکۆبێکی سادە، کە لە بنەڕەتدا کەمێك پێشکەوتووتربوو لە وردبین، راستەوخۆ و لە خۆوە خانەیەکی نوێی ئاشکرا دەکرد، بەهەمان ئەو شێوەیەى كە ئەنتۆنی ڤان لیوێنهۆک تۆوی لە ساڵی 1677دا دۆزییەوە، لە ئەمڕۆدا شیکاری سەر شاشەیەکی کۆمپیوتەر ئەم دۆزینەوانەمان  نیشاندەدات، بەڵام بە شێوازێکی روونتر.
ئەم چەشنە توێژینەوەیە لە هەموو لایەنێکەوە سەختە، هەر لە خودی زانستەوە تا لایەنی کۆمەڵایەتی تیمە گەورەکان، بەڵام دەکرێت ئەنجامەکەی مەزن بێت. بەدڵنیاییەوە ئەمە بۆ کۆمەڵێک لە زانایان کە ژمارەیان 29 کەس بوو وابوو، کاتێک دەستیانکرد  بە دیاریکردنی جۆری ئەو خانانەی کە ناوپۆشی بۆری هەوا پێکدەهێنن. بەڕێکەوت جۆرێکی نوێی خانەیان دۆزییەوە کە دەتوانێت شێوازی چارەسەرکردن و تێڕوانینمان بۆ نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی کیسەیی بگۆڕێت.
خانە گەرمەکان
تیمەکە، کە ئەڤیڤ ریگاڤ لە پەیمانگەی برۆدی سەر بە پەیمانگەی ماساچوسیتس بۆ تەکنۆلۆجیا  و زانکۆی هارڤارد هاوسەرۆکی بوو، یەکەمجار بەڕێکەوت ئەم خانانەیان دۆزییەوە، کاتێک سەیری شیکاری 300  خانەیان دەکرد لە بۆری هەوای مشکدا. سێ خانە بە هیچ شێوەیەک پێنەدەچوو هاوشێوەی ئەو خانانە بن کە پێشتر بینراون. ئەگەر تەنها دوو خانە بوونایە، لەوانەیە وەك ئەنجامێکی بێ بەها لە داتاکەدا پشتگوێیان بخستایە، بەڵام سێ خانەی نامۆ سەرنجێکی وردتریان پێویست بوو.
لە تاقیگەدا، ئەم خانانە بە «خانە گەرمەکان» ناسراون. زاناکان چەند جارێك ئەم تاقیکردنەوەیەیان کرد و هەر زوو بۆیان دەرکەوت کە بەڕاستی جۆرێکی نوێی خانەیان دۆزیوەتەوە لە بۆری هەوادا.
وەکو دەرکەوت، تیمێکی دیکە لە ئەمریکا و سویسرا بەجیا هەمان شتییان دۆزیبۆوە. لە ساڵی 2017دا، هەردوو تیمەکە بەڕێکەوت لە سیمنارێکدا بە کارەکانی یەکتریان زانی. مۆش بیتۆن سەر بە تیمی پەیمانگەی برۆد وتی: «ئەوە یەکێک بوو لە ساتە جوانەکان لە زانستدا، کە دوو گروپ دوورلەیەك هەمان ئەنجامییان دۆزییەوە».
هەردوو گروپەکە کۆکبوون لەسەر ئەوەی ئەم خانە نوێیانە لە رێڕەوی هەناسەدانی مرۆڤ و مشکیشدا هەن. لەدوای ئەوەی کۆبوونەوە، رێکەوتن توێژینەوەکانیان لەپاڵ یەکدیدا بڵاوبکەنەوە. ئەم خانە نوێیانە پێشتر درکیان پێ نەکرابوو، تەنها لەبەرئەوەی زۆر دەگمەنن و بە نزیکەی ٪1ی رێڕەوی هەناسەدانیان پێکهێناوە. بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە گرنگ نین. کاتێك دوو تیمەکە بەوردی سەرنجی ئەوەیاندا کە چی وایکردووە ئەم خانانە دەربکەون، بەڕێکەوت شتێکی سەرسوڕهێنەرییان دۆزییەوە.
یەکێك لەو بۆهێڵانەی کە دەرکەوتووە چالاکە، لەم خانە نوێیە دۆزراوانەی بۆری هەوادا بریتییە لە بۆهێڵی «بەڕیشاڵبوونی کیسەیی کە بەرپرسە لە رێکخستنی پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو و خوێ لە رێگەی پەردەی خانەوە». ئەمەش واتایەکی تەواو نوێی بە کارەکەی ئەوان دا، لەبەرئەوەی بازدان لەم بۆهێڵەدا دەبێتە هۆی نەخۆشیی بەڕیشاڵبوونی کیسەیی. 
کتومت هۆکاری سەرهەڵدانی ئەم نەخۆشییە بەهۆی گواستنەوەی بۆماوەیی جۆرێکی ناکارا لە بۆهێڵی بەڕیشاڵبوونی کیسەییە کە بەرپرسە لە رێکخستنی پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو و خوێ لە رێگەی پەردەی خانەوە بەنادیاری مابۆوە هەتا ساڵی 1989 کە پەیوەندیی نێوان بۆهێڵەکە و نەخۆشییەکە دۆزرایەوە. 
بەڕیشاڵبوونی کیسەیی نەخۆشییەکی ئاڵۆزە، بەگشتی لە منداڵییەوە دەردەکەوێت و زۆرجار نیشانەکانی بریتین لە هەوکردنی سییەکان و سەختی هەناسەدان. چارەسەری هەیە، بەڵام بنەبڕکەر نییە.
ئێستا پێدەچێت کە سەرەداوی  تێگەشتن لە هۆکاری نەخۆشییەکە پشت بە تێگەشتن ببەستێت لەوەی ئەرکی ئەم خانە نوێیە دۆزراوانە چییە و چییان بەسەردێت کاتێك بۆهێڵی بەڕیشاڵبوونی کیسەیی کە بەرپرسە لە رێکخستنی پڕۆسەی گواستنەوەی ئاو و خوێ لە رێگەی پەردەی خانەوە ناتەواو بێت. توێژینەوە هێشتا بەردەوامە.
بەڵام هەر لەم دۆزینەوەیە و توێژینەوەی تر بە بەکارهێنانی میتۆدی هاوشێوە، ئەو بیرۆکەیە دێتە ئاراوە کە تێگەشتنمان بۆ خانەکانی لەش دەگۆڕێت لەڕێگەی لێکدانێکی نوێی ورد  لە نێوان زانستی کۆمپیوتەر و زیندەزانی. ئەمەش ئەو بوارەیە کە تەنانەت دۆزینەوەی کاریگەرتری  لێ بەرهەمدێت.
هەمەجۆریی خانەکانی لەشی مرۆڤ
هەر یەکێك لەو 37 ترلیۆن خانەیەی لەشت کە دەکرێت کەمێک زیاتریش بێت، لە هەندێک رووەوە بێهاوتان. جۆری خانەکان بەهۆی ئەو پڕۆتینە تایبەتانەی تێیاندایە، دیاریی دەکرێن. کەواتە، بۆ نموونە تەنها خڕۆکەیەکی سووری خوێن هیمۆگڵۆبینی تێدایە و دەمارەخانەیەك پڕۆتینی جیاوازی تێدایە لەچاو خانەیەکی بەرگریدا. لە لەشدا هیچ دوو خانەیەک هەمان بڕی تەواویان لەهەر پڕۆتینێك تێدا نییە.
ئاشکرایە، خانە پێکهێنەرەکانمان بەڕادەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی هەمەجۆرن. سیستمی بەرگریی لەش بەشێوەیەکی تایبەت ئاڵۆزە، چەندین جۆری جیاوازی خانە لەخۆدەگرێت کە بەپێی ئەرکە سەرەکییەکانیان پۆلێن کراون: خانەی تی، خانەی بی و... هتد. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی زۆر و جۆراوجۆری ورد لە خانەی تی و بی هەن. بەڕاستی تەنانەت ئێمەش نازانین چەندێك جۆراوجۆرن، بەڵام ئەگەر تێبگەیشتینایە ئەرکی هەموویان چییە، ئەوا باشتر لە سیستمی بەرگری تێدەگەیشتین. لە بەرامبەردا ئەمەش یارمەتیمان دەدات بۆ دروستکردنی دەرمانی نوێ بۆ یارمەتیدانی سیستمی بەرگری، بۆ نموونە، بۆ باشتر بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە.
جۆرێکی خانەی بەرگری کە تیمی توێژینەوەکەم لە زانکۆی مانچستەر لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن، ناسراوە بە خانەی بکوژی سروشتی. بە نزیکەیی هەزاران لەم خانە بەرگرییانە لەهەر دڵۆپێکی خوێندا هەن، ئەم خانانە بەتایبەتی لە دیارییکردن و لەناوبردنی ئەو خانانەی گۆڕاون بۆ خانەی شێرپەنجەیی، یان تووشی ڤایرۆسێك بوون باشن. دووبارە، هەموو خانە بکوژە سروشتییەکان هاوشێوەی یەکتری نین. شیکارییەک مەزەندەی کردووە کە لە هەر کەسێکدا بە هەزارەها جۆری جیاواز لە خانەی بکوژی سروشتی هەن.
لەساڵی 2020دا، تاقیگەی توێژینەوەکەم شیکارییەكی تێداکرا کە پێشنیازی ئەوەی کرد کە جۆراوجۆری خانە بکوژە سروشتییەکان لە خوێندا دەکرێت بۆ هەشت جۆر پۆلێن بکرێن. لەکاتیکدا رۆڵە جیاوازەکانیان لە لەشدا هێشتا بە تەواوەتی نەزانراوە؛ پێدەچێت هەندێکییان بە شێوەیەکی تایبەت لێهاتووبن لە هێرشکردنە سەر جۆرە تایبەتەکانی ڤایرۆس و ئەوانی دیکەیان لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەدا باشترن و... هتد. تەنانەت جۆرەکانی دیکەی خانەی بەرگری دەکرێت زۆر جیاوازتر بن.
 ئاشکرایە، خانە پێکهێنەرەکانمان بە رادەی بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی هەمەجۆرن و تێگەشتن لەوەی چۆن ئەم کۆمەڵە ئاڵۆزەی خانەکان پێکەوە کاردەکەن (لەم حاڵەتەدا، بۆ بەرگریکردن دژ بە نەخۆشی) بوارێکی زۆر گرنگە بۆ لێکۆڵینەوە.
بەکارهێنانی زمانی ئەلگۆریتمەکان
بۆ تێگەشتن لەم ئاڵۆزییە، دەبێت هەمەجۆریی خانەکانی لەش بگوازرێتەوە بۆ سەر زمانی ئەلگۆریتمەکان کە بەم شێوەیەی خوارەوە کار دەکات:
وێنای خانەیەک بکە تەنها دوو جۆر پڕۆتینی تیدابێت، ئێکس و وای. هەموو خانەیەك بەتەنها بڕێکی دیاریکراو لە هەر یەکێك لەم دوو پڕۆتینەی تێدا دەبێت. ئەمەش دەکرێت لەسەر رووتەختێک بەشێوەی خاڵێك نیشان بدرێت کە ئاستی پڕۆتینی ئێکس لەسەر تەوەرەی ئێکس دەبێت و ئاستی پڕۆتینی وای لەسەر تەوەرەی وای دەبێت واتە (X و Y ).
لەوانەیە خانەیەك بڕێکی زۆر لە پڕۆتینی ئێکسی تێدابێت و بڕێکی کەمیش لە پڕۆتینی وای (کە دەتوانرێت لە رێگەی ئامێرێکی شیکاریی خانەوە بخرێتەڕوو). 
دواتر دەشێت ئەم خانەیە وەك خاڵێکی زۆر دوور لە سەرەتای تەوەرەی ئێکس و کەمێك دوور لە سەرەتای وای نیشان بدرێت.
لەکاتێکدا هەر خانەیەك لەسەر رووتەختەکە شوێنێك دەگرێت، ئەوانەی هەمان ئاست لە پڕۆتینی ئێکس و وای یان تێدایە (رەنگە سەربە هەمان جۆری خانە بن ) و وەك کۆمەڵە خاڵێک دەردەکەون. ئەگەر هەزاران یاخود ملیۆنان خانە بەم شێوەیە دەستنیشانکران، ئەوا ژمارەی ئەو کۆمەڵانەی بەجیاجیا دەردەکەون پێمان دەڵێن، کە چەند جۆری خانە هەیە. هەروەها، ژمارەی خاڵەکانی ناو هەر  کۆمەڵەیەك پێمان دەڵێن چەند خانەی لەو جۆرەمان هەیە.
شتە سەرنجڕاکێشەکە ئەوەیە کە ئەم شێوازە شیکارییە دەکرێت ئەوە نیشان بدات کە چەند جۆری خانە هەیە، بۆ نموونە، لە نموونەیەکی خوێن یاخود لە نموونەیەکی وەرگیراو لە گرێ، بێ ئەوەی بەهیچ شێوەیەك رێنوێنی بکرێن دەربارەی ئەوەی ئێمە چاوەڕێی دۆزینەوەی چ خانەیەك دەکەین. ئەمەش واتای ئەوەیە کە دەکرێت کۆمەڵێك ئەنجامی چاوەڕواننەکراو دەربکەوێت. دەکرێت کۆمەڵێك لە خاڵەکانی داتاکە تایبەتمەندیی چاوەڕوان نەکراویان هەبێت، ئەمەش واتای دۆزینەوەی جۆرێکی نوێی خانەیە.
بێگومان، بۆ باسکردنی خانەکان پێویستمان بە زیاتر لە دوو تان و پۆ هەیە. لەڕاستیدا، لە ماوەی ئەم دەیەی رابردوودا، ئەم جۆرە شیکارییە کە بە ریزبەندیی تاکخانە ناسراوە، پەرەی پێدراوە بۆ پێوانەکردنی ئەوەی تا چ رادەیەک هەر خانەیەک هەریەك لەو 20 هەزار بۆهێڵەی لەشی مرۆڤی پێکهێناوە بەکاردەهێنێت.
کام لەو 20 هەزار بۆهێڵەی لەشی مرۆڤ کە خانەیەکی تایبەت بەکاری دەهێنێت ( کە پێی دەوترێت، ترانسکریپتۆمی خانە کە کۆمەڵەیەکی تەواوە لە گەردەکانی ناوکە ترشی ئاڕ ئێن ئەی کە لە خانەیەك یاخود کۆمەڵە خانەیەکەوە بەرهەمدێت) دەکرێت دواتر شیبکرێتەوە بۆ دروستکردنی «نەخشەیەك» بۆ خانە جیاوازەکان. ناتوانین وێنای خانەکان بکەین کە لەسەر رووتەختێكی 20 هەزار تەوەرەیی نیشاندراون، بەڵام ئەلگۆریتمێکی کۆمپیوتەری دەتوانێت ئەم شیکارییە بکات بەهەمان ئەو شێوەیەی کە تەنها بۆ دوو تەوەرە دەکرێت. خانە لێکچووەکان لەنزیك یەکدی دادەنرێن، لە کاتێکدا ئەو خانانەی کۆمەڵە بۆهێڵێکی زۆر جیاواز بەکاردەهێنن دوورن لەیەکدی.
ئەو ئەلگۆریتمانەی هەڵدەستن بە کردنی ئەم شیکارییە لە بوارەکانی دیکەی زانستەوە وەردەگیرێن، وەك ئەوانەی لە شیکردنەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەکارهاتوون. دواتر دەبێت چەندین رۆژ بەسەرببەین، ئەگەر چەندین ساڵیش نەبێت، بۆ دەستکەوتنی ئەنجامەکە، بۆ لێکدانەوەی واتای نەخشەکە: چەند جۆری خانە هەن، چی جیاوازەکانیان دیاریدەکات، و ئەرکییان چییە لە لەشدا؟
پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤ ئەم کەلێنە لە نێوان کۆدە بۆهێڵییە ئاڵۆزەکان و توانا جەستەییەکانی لەشی مرۆڤ پڕدەکاتەوە
ئێستا، ئەم هەوڵە بە ئەندازەیەکی بێوێنە دەدرێت لەسایەی پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤ، کە هۆکارە بۆ  هەموو ئەو جۆرە دۆزینەوانەی کە پەیوەندییان بە لەشی مرۆڤەوە هەیە.
پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤ
لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016دا، ژمارەیەکی کەم لە زانایان لە نێوانیاندا، رێگاڤ و سارا تایشمن لە پەیمانگای وێڵکەم سانگەر کۆڕێکیان لە لەندەن بۆ نزیکەی 100 لە شارەزاترین زاناکان رێکخست بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتی کێشانی نەخشەیەك بۆ هەموو خانەکانی لەشی مرۆڤ. بیرۆکەکە  ئەوەبوو کە شتێکی وەك نەخشەی گوگڵ دروستبکەن، بەڵام بۆ لەشی مرۆڤ: ئێمە وڵاتەکان و شارە سەرەکییەکان دەزانین، ئێستا پێویستە نەخشەیەك بۆ شەقامەکان و باڵەخانەکان بکێشین.
پاش ساڵێك، رەشنووسی پلانێکی تایبەتیان داڕشت، سەرەتا بۆ هەوڵدان بۆ ناساندنی 100 ملیۆن خانە لە کۆئەندام و ئەندامی جیاوازدا، بە بەکارهێنانی خەڵکی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا. لەو کاتەوە، هەزاران زانا لە زیاتر لە 70 وڵاتەوە لەهەموو شوێنێکی نیشتەجێبوونەوە بەشداریی پڕۆژەکەیان کردووە، پڕۆژەکەش بەتایبەتی کۆمەڵگەیەکی هەمەجۆرە، کە پێویستە هەر بەو شێوەیەش بێت بۆ هەوڵێکی زانستی جیهانی مەزنی لەمشێوەیە.
لە چەندین رێگەوە، ئەم خواستە نوێیە بوێرانەیە درێژەپێدەرێکی راستەوخۆی پڕۆژەی جینۆمی مرۆڤە. لە رێگەی ریزکردنی هەموو بۆهێڵەکانی مرۆڤ کە لە هەر خانەیەکی مرۆڤدا هەن، پڕۆژەکە بەرەسمی لە مانگی نیسانی ساڵی 2003دا کۆتاییهات. هەموو جۆرە جیاوازییە بۆهێڵییەکان وابەستەکراون بە بوونی ئەگەرێکی زیاتر بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکی تایبەت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نەخۆشییە بۆهێڵییەکان لەو خانە دیارییکراوانەدا دەردەکەون کە بەشێوەیەکی ئاسایی بۆهێڵەکەی تێدا بەکارهاتووە. کەواتە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، بە تەنها شیکارییەك بۆ بۆهێڵەکان بەس نییە، لەهەمان کاتدا پێویستە بزانین لە کوێی لەشی مرۆڤدا ئەم بۆهێڵانە کە دەبنە هۆکاری نەخۆشی  چالاک دەبن.
پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤ ئەم کەلێنە لە نێوان کۆدە بۆهێڵییە ئاڵۆزەکان و توانا جەستەییەکانی لەشی مرۆڤدا پڕدەکاتەوە. 
پێشتر گرنگیی ئەمەمان بۆ دەرکەوتووە لە رێگەی نموونەیەکەوە، دۆزینەوەی بۆهێڵی بەڕیشاڵبوونی کیسەیی کە لەلایەن خانەیەکی دەگمەن و نوێوە بەکاردەهێنرا. نموونەیەکی تر لەوەوە دێتە ئاراوە کە چی ڕوودەدات لەماوەی دووگیانیدا.
ئاشکراکردنی نهێنییەکانی دووگیانی
بۆ ماوەی چەندین ساڵە، پێمان وابووە کە سیستمی بەرگریی لەش بەشێوەیەکی نزیک وابەستەبووە بە دووگیانییەوە. بۆ نموونە، بەڕێکەوت لەو هاوسەرانەی کە سێ جار یاخود زیاتر منداڵییان لەبارچووە، هەندێك لە کۆمەڵە بۆهێڵەکانی سیستمی بەرگری تاڕادەیەك زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا دووبارەن. لەکاتێکدا هێشتا تێناگەین بۆچی بەم شێوەیەیە، تێگەشتن لێی لەوانەیە لەڕووی پزیشکییەوە گرنگ بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەماوەی دووگیانیدا.
کەواتە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، کۆمەڵەیەك لە زانایان (بە هاوسەرۆکی  تایشمن وەك بەشێك لە پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤ) شیکارییان بۆ نزیکەی 70 هەزار خانە کرد لە وێڵاش و ناوپۆشی منداڵدانی ئەو خانمانەی کە لەماوەی نێوان هەفتەی 6 تا 14دا کۆتاییان بە دووگیانیەکەیان هێناوە.
وێلاش ئەو ئەندامەیە کە خۆراک و گازەکان دەهێنێت و دەبات لەنێوان دایكەکە و کۆرپەکەی، کە لە  گەشەسەندندایە. پێشتر وازانراوە کە سیستمی بەرگریی لەشی دایك لە ناوپۆشی منداڵداندا لەو شوێنەی کە وێڵاش تێیدا جێگیردەبێت، دەبێت لەکاربکەوێت، هەتا وێڵاش و کۆرپەلەکە هێرشیان نەکرێتە سەر لەبەرئەوەی «نامۆن» (وەك چاندنی ئەندامێکی نەگونجاو)، ئەمەش بە پشتبەستن بەوەی نیوەی بۆهێڵەکانی کۆرپەلەکە لە باوکییەوە دێت. بەڵام دەرکەوت ئەم تێڕوانینە هەڵەیە، یاخود بەلایەنی کەمەوە زۆر سادەیە.
ئێستا بەهۆی هەندێك لە تاقیکردنەوە جۆراوجۆرەکانەوە لە نێویشیاندا ئەم شیکارییە، دەزانین کە چالاکیی خانەکانی بەرگریی دایك لە منداڵداندا تاڕادەیەك کەم دەکرێتەوە، لەوانەیە بۆ رێرگریکردن لە هەر کاردانەوەیەکی زیانبەخش لەدژی خانەکانی کۆرپەلەکە وایان لێهاتبێت، بەڵام سیستمی بەرگری لەکارناکەوێت. لەجیاتی ئەوە، خانەکانی بەرگری کە پێشتر ناسیومانن، «خانە بکوژە سروشتییەکان»، کە بەوە ناسراون خانە تووشبووەکان یاخود خانە شێرپەنجەییەکان لەناودەبەن، ئەرکێکی تەواو جیاواز و زیاتر بنیاتنەرانەیان هەیە لە منداڵداندا، کە یارمەتیدانە لە دروستکردنی وێڵاشدا.
لەگەڵ ئەوەشدا، شیکاری 70 هەزار خانەکەی زانایان جەختی لەوە کردەوە کە هەموو جۆرەکانی دیکەی خانە بەرگرییەکان، بەهەمان شێوە گرنگن لە بنیاتنانی وێڵاشدا. هەرچەندە هێشتا بەڕوونی نازانین ئەرکی هەموویان چییە، ئێستا تەنها زانیارییەکی کەممان لەسەری هەیە.
موزلیفە حەنیفە، پڕۆفیسۆر لە بواری زانستی پێست و بەرگریی لەش، لە پەیمانگەی وێڵکەم سانگەر و پەیمانگەی بایۆسایەنسی سەربە زانکۆی نیوکاسڵ لە شانشینی یەکگرتوو، یەکێکە لەو سێ خانمەی کە سەرپەرشتیی ئەم شیکارییەی کردووە. 
حەنیفە لە زۆربەی رۆژەکانی کارکردنیدا لەشی مرۆڤ لە دوو روانگەوە دەبینێت: وەک شیکارییەکی کۆمپیوتەری، خانەکان لەسەر شاشەیەك و وەك کۆمەڵە نەخۆشێك کە سەردانی دەکەن. هەردووکیان تەواوکەری یەکدین بۆ تێگەشتن لە باری تەندروستی.
ئێستا، ئەم دوو تێڕوانینە بە ئاسانی یەکناگرن. بەڵام بەپێی کات یەکدەگرن. حەنیفە پێیوایە لە داهاتوودا ئەو کەرەستانەی رۆژانە پزیشکەکان بەکاری دەهێنن، وەك بیستۆکێکی پزیشکی کە بۆ گوێگرتن لە سییەکانی کەسێك بەکاردێت، یاخود پشکنینێکی سادەی خوێن، بەو ئامێرانە شوێنیان دەگیرێتەوە کە خانەکانی لەشمان دەناسێنن. 
ئەلگۆریتمەکان ئەنجامەکان شیدەکەنەوە، کێشە بنچینەییەکە روون دەکەنەوە و پێشبینی باشترین چارەسەر دەکەن. پزیشکەکانی دیکەش هاوڕان لەگەڵ حەنیفە، ئەمەش پێویستە ئەو شتە بێت کە لەداهاتووی چاودێریی تەندروستیدا لەئارادا بێت.
ئەمە واتای چی دەگەیەنێت بۆ تۆ؟
لەمڕۆدا بە شێوەیەکی رۆتینی  منداڵان بە رێگەی بلووری  لەدایك دەبن و چاندنی ئەندامەکان بۆتە شتێکی باو و لەم ساڵانەی دواییدا، رێژەی رزگاربووانی شێرپەنجە لە شانشینی یەکگرتوو بە نزیکەیی دوو هێندە بووە، بەڵام هەموو ئەم دەستکەوتانە هیچ نین لەچاو ئەوەی کە دێن.
وەك ئەوەی لە کتێبی  نهێنی لەشدا نووسیومە، بەرەوپێشچوون لە زیندەزانی مرۆڤدا، بە ئەندازەیەکی بێوێنە خێراتر بووە، نەك تەنها لەڕێگەی پڕۆژەی ئەتڵەسی خانەکانی مرۆڤەوە، بەڵکو لە چەندین لایەنی دیکەشەوە. شیکاری بۆهێڵەکانمان تێگەشتنێکی نوێ نیشان دەدات دەربارەی چۆنێتی جیاوازییمان، کارەکانی خانەکانی مێشك ئاماژە بە چۆنێتی کارکردنی مێشکمان دەدەن، ئەو پێکهاتە نوێیانەی لەناو خانەکانماندا دۆزراونەتەوە، رێنوێنیمان دەکەن بەرەو بیرۆکەی نوێ بۆ بواری پزیشکی و دەرکەوتووە ئەو پڕۆتین و گەردیلانەی دیکە کە لە خوێنی ئێمەدا هاتووچۆ دەکەن، تێڕوانینمان دەربارەی تەندروستی دەروونی دەگۆڕن.
بێگومان زانست بەهەموو لایەنەکانییەوە کاریگەریی لەسەر ژیانمان هەیە و کاریگەرییەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە، بەڵام هیچ شتێك هێندەی دۆزینەوە نوێیەکان دەربارەی لەشی مرۆڤ بە راستەوخۆ و بە قووڵی کارمان تێناکات. لە داهاتوویەکی نزیکدا، هەموو ئەم توێژینەوانە، بەتەواوی رێگەی نوێن بۆ پێناسەکردن، پشکنین و چارەسەرکردنی تەندروستی.
وا پێدەچێت کە دەکرێت دۆخی سیستمی بەرگری کەسێك کە بەقووڵی شیکاری بۆکراوە، یارمەتیدەربێت لە پێشبینیکردنی ئەو نیشانانەی کە لەوانەیە تێیدا دەربکەون ئەگەر تووشی ڤایرۆسی سارس- کۆڤ-2 بێت.
ئێمە بەو بیرۆکەیە راهاتووین کە زانیارییە بۆهێڵییە کەسییەکانمان دەتوانرێت بۆ رێنماییکردنی تەندروستیمان بەکاربهێنرێت. بەڵام لە هەمانکاتدا، شۆڕشێکی لەسەرخۆتر و تاڕادەیەکی زۆر  نهێنی، لەئارادایە و تەنانەت لەوانەیە کاریگەرییەکی گەورەتری لەسەر داهاتووی چاودێریی تەندروستی هەبێت: کە بریتییە لە شیکاری قووڵی خانەکانی لەشی مرۆڤ.
رۆژێك دادێت، سەعاتێکی دەستی کە دەتوانێت چەند شتێکی سادە دەربارەی لەشت بپێوێت، وەك ئامێرێکی سەرەتایی پێکەنیناوی سەیر بکرێت. لەداهاتوودا، لەوانەیە لەماوەی 10 ساڵی دیکەدا یاخود زیاتر، دەریایەك لە زانیاری بەردەست بێت، لەوانەش، شیکارییەك بۆ خانەکانی لەشت و تۆش دەبێت بڕیار بدەیت تا چەند دەتەوێت لێی قووڵ ببیتەوە. 
ئەم شۆڕشە لە زیندەزانی مرۆڤدا هەر یەکێکمان بەهێزی نوێ پڕچەک دەکات و هەر یەکێک لە ئێمەش پێویستە بۆ خۆمان بڕیار بدەین ئایا دەمانەوێت و کەی دەمانەوێت سوودیان لێ ببینین.
بۆ نموونە، لەوانەیە رۆژێك سەردانی پزیشکەکەت بکەیت بە هۆکاری هەبوونی شتێکی نائاسایی لەسەر پێستت وەك لیرێك، خروویەك یاخود هەر شتێکی دیکە. دواتر لەوانەیە پزیشکەکە نموونەیەکی بچووك لە پێستت یاخود لەوانەیە نموونەیەك لە خوێنت وەربگرێت و لە رێگەی شیکارییەکی تەواوی خانە بە خانەی ئەو شوێنەی پێستت، بتوانێت بەوردی کێشەکە دیاریبکات و بزانێت باشترین چارەسەر چییە. لەڕاستیدا، لەوانەیە هەندێك لەم کارە بە خۆکارانە بکرێت. لە داهاتووشدا، ئەگەر ئەو ئامێرەی کە پێویستە بۆ جێبەجێ کردنی ئەم کارە بەڕادەیەکی پێویست بچووك و هەرزان بوو، ئەوا لەوانەیە خۆت بتوانیت لەماڵەوە شیکارییەکە بکەیت.
نەخۆشییەکانیش زۆرجار پێشبینی دەکرێن تەنانەت پێش دەرکەوتنی هیچ نیشانەیەکیش. بێگومان، ئەمە یەکێكە لە گرنگترین ئامانجەکانی زانست، کە رێگریکردنە لە نەخۆشی مرۆڤ تەنانەت پێش ئەوەی سەرهەڵبدات. بۆ هەندێك لە نەخۆشییەکان، لەڕێگەی ڤاکسینەکان، ئاوی خاوێن و باشترکردنی خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی ئەمە فەراهەمکراوە. ئێستا، کە لەشی مرۆڤ بەهۆی شیکاریی کۆمپیوتەری خانەکان و بۆهێڵەکان و شتەکانی ترەوە بۆ ئێمە بەردەست دەبێت، رێگەی نوێ بۆ رێگرییکردن لە نەخۆشی دێتە ئاراوە. ئێمە ناچاربووین ئەم دەرفەتە نوێیە بقۆزینەوە، بەڵام لە بواری کرداریدا کۆمەڵێک ئاڵنگاریی و دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراو هەن کە دەبێت رووبەڕوویان ببینەوە.
نموونەیەکی ئاشنا وەربگرە
 بیرۆکەی پێوەری بارستەی لەشی مرۆڤ، کە پێوانەیەکە لە کێش و باڵای مرۆڤەوە وەردەگیرێت. ئەم پێوەرە بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەمان وەك کەسێکی کێش کەم، کێش ئاسایی، کێش زۆر یاخود قەڵەو. ئەمە بەسوودە لەبەرئەوەی ئاماژە دەدات بە زیادبوونی مەترسیی سەرهەڵدانی کێشە تەندروستییەکان، وەك نەخۆشی شەکرەی جۆری 2 هەروەها  دەکرێت هەنگاو بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی ئەم کێشانە. بەڵام خودی جیاکردنەوەکەش دەکرێت ببێتە هۆی وروژاندنی جۆرەکانی دیکەی کێشە کە وابەستەن بە بەهای خودی کەسێکەوە و ئاخۆ چۆن کۆمەڵگە لە قەڵەوی و هەمەجۆری مرۆڤ دەڕوانێت. 
بڕیارە سەختەکان دەربارەی چۆنێتی ژیان
هەر یەکێک لە ئێمە، کەم تا زۆر ئەگەری تووشبوونی بە هەندێك نەخۆشی یاخود زیاتر هەیە. کەواتە هەتا زانست بەرەوپێش بچێت و ئێمەش زیاتر و زیاتر دەربارەی خۆمان فێرببین، بەدڵنیاییەوە هەموومان رۆدەچینە ناو زانیارییەوە دەربارەی خۆمان، کە نوقممان دەکات لەناو ئەو خەمڵاندن و ئەگەرانەی کە یاری بە هزر و شوناسمانەوە دەکەن، و وامان لێدەکەن کە بڕیاری سەخت بدەین دەربارەی تەندروستیمان و چۆنێتی ژیانمان.
بۆ نموونە، واپێدەچێت کە دەکرێت دۆخی سیستمی بەرگریی کەسێك کە بە قووڵی شیکاری بۆ کراوە، یارمەتیدەربێت لە پێشبینیکردنی ئەو نیشانانەی کە لەوانەیە تێیدا دەربکەون ئەگەر بۆ نموونە تووشی ڤایرۆسی سارس-کۆڤ-2 بێت (ئەو ڤایرۆسەی کە دەبێتە هۆکاری کۆڤید19-). تەنانەت لەوانەیە نیشاندانەکانی چالاکی بەرگری پەیوەندیی بە تەندروستی دەروونیی کەسێكەوە هەبێت. شیکارییەك ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئەو دەردراوە تایبەتانەی خانە بەرگرییەکان کە هۆکاری هەوکردنن (ناودەبرێن بە سایتۆکینس) بە ئاستێکی بەرز لەو کەسانەدا دۆزراونەتەوە کە خەمۆکییان هەیە.
هەرچەند دەربارەی پێکهاتە و دۆخی لەشی مرۆڤ فێربین، ئەوا بێگومان رێگای نوێی هەڵسەنگاندنی تەندروستی دێتە ئاراوە. هەروەها، لەوانەیە زۆر بەباشی یارمەتیدەربێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی دووگیانیدا، هەروەك کە بینیومانە. بەڵام لێرەشدا کۆمەڵێك کێشە هەیە، ئەگەر شیکارییەك ئەگەری کێشەیەك پێشنیاز بکات، با بڵێین ٪50، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم زانیارییەدا دەکەیت ئەگەر ئەو رێکارە پزیشکییەی کە دەکرێت یارمەتیدەر بێت مەترسی خۆی هەبێت؟
لە رواڵەتدا، هیچ سنوورێکی دیاریکراو نییە بۆئەوەی کە چۆن شیکارییە پێوانەییەکەی لەشی مرۆڤ پێشەنگ دەبێت لە بڕیارە تەندروستییە نوێیە ئاڵۆزەکان و گرنگەکانیش. لەدوای تاقیکردنەوەیەکی بۆهێڵی کە دەریخست شێوەیەکی تایبەتی بۆ ماوەتەوە لە یەكێك لە بۆهێڵەکانیدا بەناوی BRCA- 1؛. لە ساڵی 2013 دا ئەنجلینا جولی زۆر بە باشی مامەڵەی لەگەڵ زانیارییە بۆهێڵیەکان کرد، لەکاتێکدا لەدوای نەشتەرگەرییەوە، هەردوو مەمکی بڕدرایەوە و دواتر هێلکەدانەکانی و جۆگەکانی فالوبیشی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە، ئەو بە رێژەیەکی زۆر بەرز  ٪87  گومانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکی لێدەکرا. بەشێوەیەکی گشتی، مەترسییەکان و ئەگەرەکان دەربارەی تەندروستیمان زۆر لەمە ناڕوونترن.
هەربۆیە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە، ئێمە چۆن لەگەڵ ئەم هەموو زانیارییە نوێیە مامەڵە بکەین؟ چی روودەدات ئەگەر شتێك دۆزرایەوە و پێشنیازی ئەوە بکات کەوا مەترسی تووشبوونت بە نەخۆشی تێکچوونی سیستمی بەرگری یان شێرپەنجە یەک لەسەر شەش لە 10ساڵی داهاتوودا؟ ئایا جیاواز دەبوو ئەگەر یەک لەسەر چوار بووایە؟ لە چ بارودۆخێکدا بڕیار دەدەیت دەرمان وەك رێوشوێنێکی پێشوەختە بەکاربهێنیت، یاخود نەشتەرگەری بکەیت، لەکاتێكدا دەزانیت ئەوانیش مەترسی خۆیان هەیە؟ ئایا خودی ئەم زانیارییە وات لێدەکات هەست بکەیت نەخۆشیت؟ ئایا شوناست کاریگەریی دەکرێتە سەر؟
من وەڵامم لەلا نییە، بەڵام ئەمە مەبەستەکەیە. لەکاتێکدا ئەم زانستە نوێیە بەرەوپێش دەچێت، هەر یەکێـك لە ئێمە دەبێت بڕیاربدات کە لەڕاستیدا تا چەند دەمانەوێت لەسەر خۆمان شت بزانین؟
وەرگێڕانی خوێندکاران:
نڤار کاروان مەحمود
کۆسار سدیق محەمەد
 هاوڕێ لەتیف حەمەئەمین

سەرچاوە:
WWW.BBC.COM

کارەکانی خانەکانی مێشك ئاماژە بە چۆنییەتی کارکردنی مێشکمان دەدەن

ئەو پرۆتین و گەردیلانەی دیکە کە لەخوێنی ئێمەدا هاتوچۆ دەکەن تێڕوانینمان دەربارەی تەندروستی دەروونی دەگۆڕێت

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان