زانستی تەمەندرێژی و لەشساغی و ئارامی

10:47 - 2023-05-31
کەلتور
316 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

زانستی پزیشکی لە سەرەتادا زانستێکی سروشتی بوو، لە راستیشدا نەک هەر زانستی پزیشکی، بەڵکو هەموو زانستێک دەبێ لەسەر بنەمای یاسا سروشتییەکان بێ. هەزاران ساڵ لەوە پێش کۆمەڵێک مرۆڤی بەئاگا هەوڵیاندا لە بنەڕەت و رۆحی خۆیان رۆبچن و بزانن لە کوێوە هاتوون. ئەوان بە روونی بۆیان دەرکەوت، مرۆڤ و هەرچی لەم بوونەدا هەیە لە ئاگایی پەتی سەرچاوەی گرتووە، ناوی ئەو ئاگایی و ژیرییان بە زمانی سانسکریتی نا «پوورووشا»، ئەوان وتیان لە «پوورووشاوە» تا جەستەی فیزیکی ئێمە، بیست و پێنج رەگەز دەور دەبینن، لێرەدا ناتوانین باسی هەموو رەگەزەکان بکەین، بەڵام ئەگەر حەز دەکەن لەم بوارەوە زانیارییتان هەبێ تکایە لە ئەنتەرنێتدا بۆی بگەڕێن، سەرچاوەی زۆر باش هەیە و دەتوانن کەڵکیان لێوەربگرن. ئەو حەکیمانە ناوی ئەو زانست و فەلسەفە و عیرفانەشیان نا «سامکهیا»، واتە زانستی گەردوون یان گەردوونناسی و بوونناسی. وشەی «سام» لە وشەی «سات»ەوە هاتووە، سات یانی «حەقیقەت»، حەقیقەتیش یانی ئەو بوونە وەک خۆی، یانی خۆی لە بنەڕەتەوە چۆنە وا، نەک ئەوەی ئێمە پێمان چۆنە یان پێمان چۆن نییە و ...هتد. وشەی «کهیا» یانی زانست و مەعریفە، بە یەکەوە دەبێتە زانستی ناسینی حەقیقەت یان زانستی ناسینی بوون وەک خۆی، واتە ناسینی ئەوەی کە هەیە وەک ئەوەی کە هەیە.  ئەو حەکیمەی پەی بەو زانستە برد، ناوی «کاپیلا»یە، کاپیلا وتی: «سروشت لەسەر کۆمەڵێک یاسای نەگۆڕ و نەمر دامەزراوە و کار دەکا، ناوی ئەو بنەمایانەی نا «دهارما ساناتانا» یانی بنەما و یاسا سروشتی و نەگۆڕەکان.
کاپیلا وتی ئێمە هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی سێ جۆر ئازارداین، یەکەم: ئازاری جەستەیی و ناخەکیی، دووەم: ئازاری دەرەکی و سروشتی، سێیەم: ئازاری سەروو فیزیکی و ئاسمانی. بۆ جۆری یەکەمیان وتی جەستەی ئێمە ئەگەر لە دۆخی هاوسەنگی بێتە دەرەوە تووشی نەخۆشی و ناخۆشی دەبێ، بۆ جۆری دووەمیان وتی هەندێجار جەستەی ئێمە دەکەوێتە ژێر هەڕەشەی هێرشی دەرەکییەوە، بۆ نموونە مرۆڤەکانی تر یان ئاژەڵەکان یان دیاردە سروشتییەکانی سەر زەوی ئازارمان دەدەن، بۆ جۆری سێیەمیشیان وتی جەستە و ناخی ئێمە لە ژێر هەڕەشەی وزە و شەبەنگی ئەستێرە و هەسارەکانی دەرەوەی گۆی زەوی دایە.
سێ سەرچاوەی سەرەکیی ئازار
کاتێ «کاپیلا» پەی بەم سێ سەرچاوە سەرەکییەی ئازار برد، وتی بۆ ئەم سێ جۆر ئازارە چارەسەری سروشتی هەیە. پاشان هاوکات و لە دوای ئەو هەوڵەی «کاپیلا»وە جگە لە زانستی «سامکهیا» چوار زانستی تر هەم بۆ پێشگرتن لەم ئازارانە و  کۆتایهێنان بەم ئازارانە، هەم بۆ ناسین و تێگەیشتن لە بوون و مرۆڤ هاتنە ئاراوە، یەکەم: ئایورڤێدا (زانستی سروشتی لەشساغی و تەمەندرێژی و ژیان)، دووەم: یۆگا (زانستی سروشتی خۆناسی) ، سێێەم: جیوتیش (زانستی سروشتی ئەستێرەناسی)، چوارەم: ڤاستوو (زانستی سروشتی بیناسازیی). بە گشتی ئەم پێنج زانستە پێنج زانستی سەرەکیین و زیاتر لە هەزاران ساڵە مرۆڤ پەی پێ بردوون و بەکاریان دێنێ، ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەوەیە ئەو زانستانە نەتەنیا کۆن نابن و کارکردی خۆیان لە دەست نەداوە، بە پێچەوانە رۆژ لە دوای رۆژ تازەتر و گرنگتر دەردەکەون، رۆژانە زیاتر پەی بە دروستی و وردی و کاریگەرییەکانیان دەبەین، بە تایبەتی ئێستا لە وڵاتانی پێسکەوتووی دنیادا زۆر گرنگییان پێدەدرێت.  
مانای ئایورڤێدا
زانستی پزیشکی ئایورڤێدا زیاتر لە هەشت هەزار ساڵ لەوە پێشەوە پەی پێ براوە و چەند هەزار ساڵێک بە شێوەی زارەکیی بەردەوام بووە، پاشان لە لایەن سێ حەکیمەوە بە ناوەکانی «چاراکا»، «سووشرووتا» و «ڤاگبهاتا»وە نووسراوەتەوە.
ئایورڤێدا لە دوو وشە پێکهاتووە، «ئایور» لە «ئایووشا»وە هاتووە، وشەی «ئایووشا» سێ مانای هەیە، یەکەم تەمەن درێژی، دووەم لەشساغی و سێیەم ژیان، کەواتە ئایورڤێدا یانی زانستی تەمەندرێژی و لەشساغی و ژیان. زانستی ئایورڤێدا دەڵێ: (مرۆڤ لە سێ رەهەندی سەرەکیی «جەستە» و «زەین» و «رۆح» پێکهاتووە، تا ئەو کاتەی ئەم سێ رەهەندەی لە هاوسەنگی دابن ئەو کەسە لەشساغ و تەمەدرێژ و ژیانی خۆش دەبێ، بەڵام هەر کاتێ هاوسەنگی ئەم سێ رەهەندی تێکچوو، ئەوا کەسەکە تەمەنی کورت و لەشی نەخۆش و رۆحی لە ئازاردا دەبێت.) زانستی پزیشکی ئایورڤێدا کار لەسەر هاوسەنگکردنەوەی ئەو سێ رەهەندەی مرۆڤ دەکات.
پسپۆڕییەکان
ئایورڤێدا لە هەشت پسپۆڕی پێکهاتووە، یەکەم: پزیشکی گشتی، دووەم: ژنان و منداڵبوون، سێێەم: منداڵان، چوارەم: نەشتەرگەری، پێنجەم: نەخۆشییە گوازراوەکان و ژەهر و ڤایرۆسەکان، شەشەم: دەروونناسی، حەتەم: سێکس، هەشتەم: گەنجکردنەوەی خانەکان و جەستە بە گشتی. کەواتە ئەم زانستە کە ئەمڕۆ بە هەڵە یان لە رووی خۆپەرستیی و خۆ بە زلزانی زانستییەوە، لە لایەم زانستی پزیشکی باوەوە پێی دەگوترێ «پزیشکی جێگرەوە» هەڵەیە، لە راستیدا زانستی پزیشکی کامڵە. بنەمای چارەسەریی لەم هەشت پسپۆڕییەدا بریتییە لە ناسینی جۆری جەستە و حاڵاتی زەین و شێوازی ژیانی رۆژانە و وەرزی کەسەکان. پزیشکی ئایورڤێدا سەرەتا «دۆشا»ی کەسە دیاری دەکات، پاشان چەند جارێک لەگەڵ کەسەکە دادەنیشێت و لە رێگەی کۆمەڵێک پرسیارەوە لە هەموو روویەکەوە کەسەکە و کێشە و سەرچاوەی کێشەکەی دێتە دەست و لێرەوە چارەسەری بۆ دیاریی دەکا، بە گشتی چارەسەرەکان لە بواری خۆراک و خواردنەوە و خەوتن و یۆگا و راهێنانەکاندان هەم لە شەو و رۆژ و هەم لە وەرزەکاندا.
بنەڕەتی جەستە (پراکریتی)
زانستی سامکیها وتی بنەمای جەستە ئاگایی و ژیریی و هۆشمەندی پەتییە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەو ئاگاییە ژیان بە شێوەی فیزیکی بەرجەستە بکاتەوە پێویستی بە دروستکردنی رەگەزێک هەبووە و دروستی کردووە، ئەوان ناوی ئەو رەگەزەیان نا «پراکریتی»، ئەم وشەیە یانی رەگەزی یەکەم  یان ماددەی یەکەم بۆ دروستکردنی لایەنی فیزیکی ژیان، یانی ئەم پراکریتییە بنەڕەتی فیزیکی، فیزیک بوونە، یانی جەستەی فیزیکی ئێمە بنەڕەتێکی فیزیکی هەیە کە لە میتافیزیکاوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان ئەو بنەڕەتەیان ناو نا «پراکریتی»، ئەم پراکریتییە سێ رەهەندی هەیە، ئەم سێ رەهەندە بریتین لە رۆح (ساتڤا)، راجاس (جوڵە)، تاماس (بێ جووڵەیی)، ئەوان وتیان ئەم سێ رەهەندە بۆ نموونە لە ژێر کاریگەری خۆراک و بیرکردنەوە و ژینگەدان و جۆری لەشی ئێمە دەخەنە ژێر کاریگەریی خۆیانەوە.
حەکیمەکان وتیان لەشی ئێمە لە پێنج رەگەزی ئەتەر و هەواو و ئاگر و ئاو و خاک دروست بووە، بەڵام لە هەندێ کەسدا ریزبەندی ئەو رەگەزانە جیاوازە، ئەگەر لە کەسێکدا ئاو و خاک زیاتر بێ ئەوا دۆشای ئەو کەسە «کاڤا»یە، ئەگەر ئاگر و ئاو زیاتر بێ، ئەوا دۆشای ئەو کەسە «پیتایە»، ئەگەریش هەوا و ئەتەر زیاتر بێ، ئەوا دۆشای ئەو کەسە ڤ»ڤاتا»یە، بەڵام هەموو کەس هەر سێکیانی تێدایە، بەڵام لە هەندێ کەسدا یەک دۆشا زیاترە و لە هەندێ کەسیشدا دوو دۆشایان لێک نزیکن. حەکیمەکان وتیان هاوسەنگی ئەم دۆشایانە بنەمای لەشساغی و تەمەندرێژی و ئارامی و ئاسوودەییە و ناهاسەنگبوونیشیان نەخۆشی و زوو پیربوون و زوو مردن و نائارامییە، کەواتە زانستی پزیشکی ئایورڤێدا، زانستی هاوسەنگکردنەوەی دۆشاکان و سێ رەهەندە سەرەکییەکەی جەستە و زەین و رۆحی ئێمەیە.     

بابەتە پەیوەندیدارەکان