بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەم سەرۆك و هەم كارێزما

10:57 - 2023-05-31
دووتوێ
174 جار خوێندراوەتەوە
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی کارەکتەرێکی ئەکتیڤی گۆڕەپانی سیاسی

خەبات گۆران

 راستییەكی بەڵگەنەویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی سەرەكی هەرێمی كوردستانە و كۆكەرەوەی هەموو دەنگ و رەنگ و بیروڕا جیاوازەكانە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، خاوەن مێژوویەكی گەشی خەباتی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان و ئەزموونی گیانفیدایی و قوربانیدانێكی بەردەوامە لەپێناوی هێنانەدی و فەراهەمكردنی سیستمێكی حوكمڕانیی دیموكراسی و نیشتمانیی تا هەموو خەون و ئومێدە سەوزەكان بە راستەقینە بكات و ژیانێكی ئارام و ئیدارەدانێكی سەقامگیر و خزمەتگوزاریی بەربڵاو بۆ كۆمەڵانی خەڵك بەبێ‌ جیاوازی مسۆگەر بكات.
 راڤەیەکی نا دروست لای نەیاران
لەم ساڵانەی دواییدا ئەم حزبە سەرەكی و پڕ ئومێدە درەشاوەیە، بە دۆخێكی چاوەڕواننەكراودا تێپەڕی كە زۆرینەی نەیاران و چاودێرانی سیاسیی پێیانوابوو ئیتر خۆری گەشی یەكێتی روو لە ئاوابوون دەكات و هەژموونی چ لەناوخۆ و چ لەدەرەوەیدا بەرەو كزبوون و كەمبوونەوەی پڕیشك و تیشكەكانی دەچێت. بێگومان ئەمەش لە سۆنگەی هاتنەئارای چەندین هۆكار و گۆڕانكاریی نەرێنییەوە بوو كە لە ریزەكانیدا روویاندا و پێكەوە ئەو خوێندنەوە و راڤەكارییە نادروستەی لای نەیاران خوڵقاند كە چیتر یەكێتی نابێتەوە بەو یەكێتییەی جاران كە سەرۆك مام جەلال و هەڤاڵەكانی نەخشەڕێگەیان بۆ داڕشتبوو پشت ئەستوور بە خوێنی شەهیدان و خەباتی نەبڕاوەی ئەندامەكانی، هاوشانی ئومێد و هیوای گەشی لایەنگران و هەموو ئەوانەی لەژێر چەتر و سایەیدا نیگایان لە سبەینێ‌ و داهاتووی پرشنگدار بڕیبوو.
 هەموو ئەو باڵباڵینەی لەو سەروەختەوە لە یەكێتیدا وەك دیاردەیەك ناویان دەهات، كاتێك هەڤاڵ مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق بوو و دەتوانین بڵێین هەموو جموجۆڵ و لادانەكان دووربوون لەڕاستییەوە، بەڵكو بە گەڕانەوە ناوبەناوەكانی مام جەلال بۆ شاری سلێمانی، دەمودەست بەدڵنیاییەوە تەمی هەموو ئەو دەنگۆیانەی دەڕەواندەوە و سەرلەنوێ‌ گوڕ و تەوژمێكی درەوشاوەی بە یەكێتیی نیشتمانیی دەبەخشییەوە و لە لێدوانەكانیدا هەمیشە و هەردەم گەشبینی بە یەكڕیزیی و ئاسوودەیی ماڵە گەورەكە دەبەخشییەوە.
وتە بەناوبانگەکەی  سەرۆک مام جەلال
 لە لێدوانیدا مام جەلال سەرجەم دەنگۆكانی وەلادەنا و جەختی لە یەكڕیزیی هەمیشەیی و مانەوەی هەتایی یەكێتی دەكردەوە و بە دەربڕینی (سەفین لەبن دێ‌ .. یەكێتی لەبن نایێ‌) سەرلەبەری پێشبینییەكان و خوێندنەوە نالۆژیكییەكانی كاڵ دەكردەوە.
 هەڵبەتە لەناو ئەو بارودۆخەشدا، دوای جیابوونەوەی كاك نەوشیروان مستەفا وەك جێگری هەڤاڵ مام جەلال و دروستكردنی بزووتنەوەیەك بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان كە ئەوەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ بووە كەرتكردنی زۆنی سەوز بەسەر دوو بەرەدا، هەوڵە بێوچانەكانی مام جەلال دیسانەوە لەو هەلومەرجەشدا هەردەم لەپێناوی یەكڕیزیی و خەباتی نەبڕاوەدا لە برەوی ئەوتۆدا بوون و سەرباری كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكێتیش لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا، یەكێتی وەك ماڵە گەورەكە هەمیشە وەكو دەنگ و رەنگی سەرەكی زۆنی سەوز و هەرێمی كوردستان مایەوە و هێز و گوشارەكانی دەرەوەی خۆی بەردەوام دەڕەواندەوە و دڵنیایی دەبەخشییەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەمیشە هەر یەكێتییە و كۆسپ و لەمپەرەكانی بەردەم خۆی خاكەڕاییانە رادەماڵێت. 
بەڵام ئەوەی كە دۆخێكی نەخوازراو و چاوەڕواننەكراوی خوڵقاند، بەداخەوە نەخۆشكەوتنی هەڤاڵ مام جەلال بوو كە ساڵانێكی خایاند و لەو دۆخە نەخوازراوەشدا كۆچی دوایی كاك نەوشیروان مستەفا كە دیسانەوە زۆر چاوەڕواننەكراو بوو، بەدوایدا هات. كە وێڕای لێكتێگەیشتن و كۆبوونەوەی دەباشان لەنێوان یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕاندا، ئەوەش لەو پێناوەدا هەردوولا لەسەر هەموو پرسە چارەنووسسازەكان كۆك و تەبا بن و وەك دوو حزب، لەهەمبەر پێشهات و گۆڕانكارییەكاندا هەڵوێستی مێژوویی و هەماهەنگییان هەبێت. بێگومان دواجاریش یەكێتی و گۆڕان رێكەوتنی سەرەكییان گەیاندە جێ و بووە مایەی رەزامەندیی هەموولایەك و رۆشنكردنەوەی هەموو دید و روانینەكان، هەم لەنێو ئەندامانی یەكێتی و هەم لەنێو ئەندامان و لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕانیشدا.
دوورکەوتنەوەی کارێزماکان لە گۆڕەپانی سیاسی
 مخابن دوابەدوای هەموو ئەو هەوڵ و چالاكییانەش، كۆچی دوایی مام جەلال و لە سەرێكی تریشەوە نەخۆشكەوتنی دوو جەمسەری بەهێزی دیكە لەنێو ریزەكانی یەكێتیدا روویدا كە هەریەك لە كاك كۆسرەت رەسوڵ و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەهۆی باری تەندروستی و ساغڵەمییەوە بڕێك لە گۆڕەپانی سیاسیی حزب و هەرێمی كوردستان دووركەوتنەوە. 
دۆخە نەخوازراوەكان كە هەموویان دوابەدوای یەك هاتن و بۆ یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان دۆخێكی لەناكاو بوون، سەرلەنوێ‌ دیدێكی وەهای لای نەیارانی زۆنی سەوز و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەتایبەتی دروستكردبوو كە ئیدی یەكێتی چیتر لەسەر رایەڵ و بناغە پتەوەكانی نامێنێتەوە و بەرەو دۆخێكی دژوار ئاراستە دەگرێت كە وەكو پێشتر ئاماژەمان پێدا دەنگۆ و بانگەشەی كوژانەوەی خۆری یەكێتی دەردەخست.
 لەسەرجەم ئەو دۆخە خێرایەدا و مانەوەی زۆنی سەوزیش لە بۆشاییەكی بەربڵاوی نەمانی سەركردەی فیزیكیدا، ئەوەش دوای كۆچی دوایی هەریەك لە مام جەلال-ی سەركردە و نەوشیروان مستەفادا، بافڵ جەلال تاڵەبانی وەك كوڕی گەورەی مام جەلال و وەك فریادڕەسێكی هەموو گۆڕانكارییە نەخوازراوەكان، سەرلەنوێ‌ بە گوڕوتینێكی گەشەوە توانی هەموو بۆشاییە بەرچاوەكانی یەكێتیی نیشتمانی و زۆنی سەوز پڕبكاتەوە و دیسانەوە ببێتە داینەمۆی ئومێد و هیوایەكی گەش بۆ هەموو چین و توێژەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان.
 جێگرتنەوەی هەڤاڵ مام جەلال لە روویەكی مێژووییەوە یەكێتیی سۆڤیەتی جارانمان بەبیر دەهێنیتەوە وەختێک لەپاش سەرۆك برێژنێڤەوە، دوو سەرۆك پێكەوە دەیانتوانی بۆشاییەكەی پڕبكەنەوە و بۆ یەكێتیی سۆڤیەت ئەركێكی سەخت بوو. هەمان بارودۆخ لەناو یەكێتیشدا بەهۆی ئۆغری مام جەلال-ەوە روویدا و هاوسەرۆكەكان توانییان لە سەرەتادا كار لەو بۆشاییە بەرچاوەدا بكەن كە بۆشاییەكی ئەوتۆ بوو، وێڕای ئەوەش دەتوانین ئاماژە بە خاڵێكی جەوهەری بدەین، ئەویش ئەوەیە مام جەلال و ئەزموونەكەی دەشێت بڵێین بۆ هەمیشە چرایەكی رۆشنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و ئەو چرایەش بەردەوام پرشنگ و رۆشنایی خۆی پەخش كردووە بەسەر هەموو جوگرافیا سیاسییەكەدا هەم لە ناوەوەی حزب و هەم بۆ دەرەوەی حزبیش، بەڵكو چەندە رۆژگاریش بەرەو پێشەوە بڕوات و گۆڕانكاریی و ریفۆرم لەنێو یەكێتیدا سەرهەڵبدات، رۆڵ و كاریگەریی مام جەلال زیاتر رۆشنتر دەبێتەوە بەسەر هەموو جومگەكاندا و وەك نموونەی باڵای یەكێتی لە درەوشانەوەی خۆیدا بەردەوام دەبێت.
خاوەنی رەنگە رۆشنەکەی یەکێتی
 سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە چاوگی راستییەكەوە لە ئێستادا وزە و توانستی سەرۆكی رەهای یەكێتیی نیشتمانی هەیە كە پێویستە وەك خاڵێكی گرنگ ئاماژەی پێبدرێت. چونكە وەك دەزانرێت ئەم كارەكتەرە، پێشوەختە نە خەباتی شاخی بینیووە، نە هیچ جموجۆڵێكی بەرچاوی سیاسیی، تا وەك كارەكتەرێكی ئەكتیڤی یەكێتیی نیشتمانی لای كۆمەڵانی خەڵك نمایشی كردبێت كە ببێتە زەمینە و رایەڵی پتەوی شوناسی یەكێتیبوونی، بەڵكو بافڵ جەلال تاڵەبانی بە هۆكارێكی بنەڕەتییەوە كە پاڵپشت و زەمینەیەتی توانیویەتی ئەو شوناسە بخاتەڕوو. ئەوەش ئەوەیە کە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی خاوەنی ماتریالێكی دیار و راستەقینەیە، خاوەن رەنگە رۆشنەكەی یەكێتییە و بەو پاڵنەرە بەتینەی داكۆیكارێكی هەردەم سەرسەختە لەپێناوی یەكێتی و نوێبوونەوەی یەكێتیدا، دروشمی نوێبوونەوە لە دیدی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا جۆرێكە لە رێنیسانس و داینەمۆی بوژانەوە و بەگەڕخستنەوەیەكی دروستی سەرجەم جومگە سەرەكییەكان و بە میكانیزمی رەخنەلەخۆگرتن و بەخۆداچوونەوەی پێویست هەم لە هەمبەر رووبەر و پانتاییەكانی ناو یەكێتیی نیشتمانیی و هەم لە دەرەوەی یەكێتیشدا كە رۆڵی سەركردەیەك دەگێڕێت و سازش لەسەر تێپەڕینی هیچ هەڵە و كەموكورتییەك ناكات و كار لەسەر چەسپاندنی ستراكچەری راستەقینەی یەكێتی دەكات.
 جگە لە شوێنگەی دیپلۆماتی و پەیوەندییە دەرەكییەكانی كە پەیوەندییەكی هاوسەنگ و سەقامگیرە و توانی لە دەسپێكی كاركردنییەوە ئەو لایەنە ئەكتیڤەی وەك ئەولەویەتی سەركردایەتیكردن رۆشنتر بكاتەوە و ئامادەگییەكی بەرچاوی هەبێت، بافڵ جەلال تاڵەبانی لەناوخۆی كوردستانیشدا خاوەن وزەیەكی چالاكە و پەیوەندییەكی توندوتۆڵی هەیە لەگەڵ هەموو حزبەكاندا، ئیدی چ لە دەسەڵاتدا بن یاخود ئۆپۆزسیۆن و دەنگی ناڕازی و نزیكبوونەوە لە بۆچوون و بیروڕا جیاوازەكان، بەڵكو بەشێوەیەكی راشكاوانە، دەتوانین بڵێین رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی تەواویش دەگێڕێت زیاتر لە هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە ساحەی سیاسیدا وەكو ئۆپۆزسیۆن لە ئارادان، بێگومان ئەوەش لە سۆنگەی داكۆكیكردنێكی راستەوخۆی بێ‌ سازشە لەپێناوی دەستەبەرکردنی ماف و ئیستیحقاقە بنەڕەتییەكانی كوردستان و بەتایبەتیش زۆنی سەوز و لە زۆرینەی دیبەیت و لێدوانەكانیدا جەخت لەو راستییانە دەكاتەوە كە دەنگی راستەقینەی میللەتە و بەڵكو زیاتریش لە ئۆپۆزسیۆنەكان داكۆكی لە چاكسازیی بنەڕەتی دەكات.
دەستپێشخەرییەکی راشکاوانە
 لایەنێكی دیاری دید و روانینی سیاسییانەی بافڵ جەلال تاڵەبانی لەوەدایە راشكاوانە هەموو ئەوەی لەنێو دڵ و مەرامیدایە، راستەوخۆ و بێ‌ لەمپەر دەریاندەبڕێت و دەیانخاتەڕوو. ئەو ئاشتەواییەی لەم دواییەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك دەستپێشخەرییەك خستییەڕوو بەتایبەتیش ئاشتەوایی لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، ئەگەر بە ویژدانەوە تەماشای بكەین و خوێندنەوە بۆ چركەساتەكانی رابردوویەكی نزیك بكەین، دەبینین دەستپێشخەرییەكە لە سۆنگەی وەشاندنەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە سەرچاوە دەگرێت كە لە دیبەتێكدا بەڕوونی نیەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی دەرخست لەهەمبەر هەموو پێشهات و رووداوەكاندا و بەڕوونی رایگەیاند كە وەكو سەرۆكێك هەمیشە بۆ سازان ئامادەن و یەكێتیی نیشتمانی چاوەڕێی تەنها یەك هەنگاوی ئەرێنی پارتییە، تا ئەو هەنگاوە ئەرێنییە ببێتە دەستپێكی گفتوگۆی جدی لەسەر هەموو پرسەكان و رێگەخۆشكەر بێت بۆ كۆبوونەوە و لێكتێگەیشتنی راستەقینە لەنێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتداردا.
 واتە دەتوانین بڵێین وتەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی دەستپێك و دەستپێشخەریی یەكەم بوو و هەڵوێستەكەی مەسعود بارزانی وەڵامدەرەوەی ئەو دەستپێشخەرییە ئەرێنییە بوو.
کارەکتەرێکی کارێزمی
 جێی ئاماژەیە كە هەموو جموجۆڵ و كردەوە و وەشاندنەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، پێگە و هەبوونی وەك سەركردەیەك لەنێو یەكێتی و هەرێمی كوردستاندا، سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كارەكتەرێكی كاریزمییە و كۆی پرۆسەی سیاسیی و سەقامگیریی و ئارامی دۆخی ناوخۆیی و ناوچەكەش، لە هەبوونیدا چڕدەبێتەوە و هەر كار و كردەیەك رووبدات، بێ‌ بوونی ئەو، كارێكی ناتەواو و بێ‌ ئەنجام دەمێنێتەوە و تەرازووی سیاسی لاسەنگ دەكات.
 لە كۆتاییدا دەتوانین شرۆڤەیەك بۆ سەلماندنی ئەم راستییە بخەینەڕوو كە بۆچی بافڵ جەلال تاڵەبانی توانی لە ماوەیەكی كورتدا هەموو ئەم خەسڵەتە بەرچاوانەی رەنگڕێژ بكات و وەك سەرۆك و كاریزمایەك دەربكەوێت؟ بێگومان خەسڵەتەكانی لە دوو خاڵدا چردەبنەوە، یەكەم ئەوەیە بافڵ جەلال تاڵەبانی یەكێتییەكی سەرسەختە و كانزاكەی پڕە لە رەنگی حزبەكەی، واتە یەكێتییەكی راستەقینەیە و پەرەپێدەری رێبازەكەی مام جەلالە كە ئەمەش بنەڕەتێكی سەنگینییەتی، دووەم وەك ریفۆرمخوازێكی سەردەمیانە لە هەوڵی گۆڕانكاریی و بەرەوپێشچووندایە كە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە وەرچەرخانێكی گشتگیر لەنێو حزب و هێزی سەربازیدا دێنێتە كایەوە، هەموو ئەمەش بێگومان لە ماوەیەكی زۆر خێرادا توانی باڵكێشانێكی ئەوتۆ بڕەخسێنی بەسەر هەردوو جومگە سەرەكییەكەدا و دەتوانین بە سەختترین قۆناغی سەركردایەتیكردن ئەژماری بكەین كە رێنیشاندەرە بۆ پیشاندانی داهاتوویەك كە هەڵبەتە قۆناغی دیكە بەخۆوە دەبینێت و روونتر یەكاڵا دەبێتەوە، چونكە ئەم كارەكتەرە كارەكتەرێكی زیت و چالاكە و ورد بەدواداچوون بۆ هەموو جومگەكان دەكات و ئەوەی لەنێو دڵی كۆمەڵانی خەڵكدایە، لەلای ئەو خاڵی پڕ بایەخ و گرنگیدانە و دەرگاكانی هەمیشە واڵان بۆ گەیشتنی هەر زانیاریی و تێبینییەك كە لەسۆنگەی رەخنەگرتن و چاكسازیدا دەگیرسێنەوە.
ئەمانە لەناو یەکێتیدا جێیان نابێتەوە
 ئەم قۆناغە سەختەی سەركردایەتیكردن كە بافڵ تاڵەبانی پیایدا رەتدەبێت، پێویستە بەهەند وەربگیرێت‌ و هەمووان پشتیوانی و پاڵپشتییەكی تەواوی بكەن كە خواستی زۆرینەیە و ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ئەوانەی بە راستی پەرۆشی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستانن، تەواو كۆك و تەبان كە هەم حزبەكەیان وەكو حزبەكەی جاران بمێنیتەوە و لەهەمانكاتیشدا نوێبوونەوە و ریفۆرم و گۆڕانكاریی ئەرێنی سەرلەبەری جومگەكان بگرێتەوە كە بەرنامەی سەرەكی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییە، تا چاكسازیی لە بنەڕەتەوە پیادە بكرێت و بە میكانیزم و دیسیپیلینێكی بەرنامە بۆداڕێژراوەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت. هەربۆیە پێویستە لەسەر هەمووان پاڵپشتییەكی تەواوی ئەو پلان و بەرنامەیە بن و هەموو ئەوانەشی بە پێچەوانەی ئەو بەرنامەی كاركردنەوە بیر لەوە دەكەنەوە كە رێگەیەكی تر و بەرنامەیەكی تر، دید و روانینێكی دیكەی دژ بەو میكانیزمە بگرنەبەر كە نوێبوونەوە و ریفۆرم وەك خاڵی وەرچەرخان نەبینن، لەئێستاوە لایان روون بێت كە شكستخواردووی راستەقینە دەبن و لەو حزبە دوور دەكەونەوە كە ناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان