لە زاری سەرۆكی لیژنەی داراییەوە، داهاتی سلێمانی چەندە و چی لێدێت؟

09:04 - 2022-04-28
کوردستان
862 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: حكومەتی هەرێم  بڕیاریداوە سەرجەم نەسریە و خەرجیی بەڕێوەبەرایەتییەكان و پڕۆژەكان كە لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێدەكرێن، لەسەر داهاتی خۆی بێت و ئەوەش گرفتی دواكەوتنی مووچەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی دروستكردووە.
لەوبارەیەوە، زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بەPUKmediaی راگەیاندووە: بەپێی بەدواداچوونەكانم داهاتی ناوخۆی سلێمانی مانگی یەك و دوو و سێی ئەمساڵ، مانگانە 90تا96 ملیار دیناربوو‌ە، لەو پارەیە 78 ملیار دیناری دابینكراوە بۆ تەواوكردنی مووچە لەم سنوورە، هەروەها ئەو 15 ملیار دینارەی كە دەمێنێتەوە خەرجی سیادییە و دەبێت هەموو مانگێك لە داهاتی سلێمانی ئەو بڕە پارەیە تەرخان بكرێت. وتیشی: بەپێی ژمارەكان لە داهاتی سلێمانی وەك لەسەرەوە باسمان كرد، تەنها یەك دینار نامێنێتەوە بۆ پڕۆژە و خەرجی بەڕێوەبەرایەتییەكان، هەر ئەوەش وایكردووە كە دابەشكردنی مووچە لە سلێمانی دوابكەوێت، كە بێگومان ئەوە كاری حكومەتە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات نەك حزب.
ئەوەشی خستەڕوو «با خۆڵ نەكرێتە چاوی خەڵك و بە ژمارە و ئامارەكان قسەبكەین، لە 90تا96 ملیار دیناری مانگانە، كە داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانییە، 75تا78 ملیار دیناری بۆ مووچە لێدەڕوات، هەروەها 15 ملیار دینار بۆ خەرجی سیادی لێدەڕوات، هەروەها دەبێت كڕینی دەرمان و خەرجی بەڕێوەبەرایەتییەكان و دەرماڵەی خوێندكاران هەر لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی پڕۆژەكان لە سلێمانی جێبەجێبكرێن، هەر ئەوەشە وایكردووە كە خەڵكی سنووری سلێمانی وابیربكەنەوە كە حكومەت هیچ گرنگییەك بە پارێزگاكە نادات و هیچ بڕە پارەیەكی بۆ تەرخان نەكات تەنانەت بۆ پڕۆژەكانیشی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان