یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران

09:43 - 2023-06-04
ڕاپۆرت
431 جار خوێندراوەتەوە
کرێکاران بەیاسا مافەکانیان پارێزراو دەبێت

ئەحمەد محەمەد سەعید*


دوابەدوای دەرچوونی یەکەم یاسای کاری عیراقی بە ژمارە 72 لە ساڵی 1936 و لەدوای فشارە پیشەییەکانی سەندیکای سەنعاتکارانی عیراق بە سەرکردایەتی رەمزی کرێکاران محەمەد ساڵح ئەلقەزار و یەکدەنگی و یەکڕیزی کرێکاران خەباتی پیشەیی دەستیپێکرد .
تائێستا چوار جار یاسای کار لە عیراقدا بەشێوەیەکی یاسایی و وەرگرتنی ژمارەی یاسایی یاسای نوێ دەرکراوە، کۆتا جار یاسای ژمارە 37 ی ساڵی 2015 بەناوی یاسای کاری عیراقی و پاڵپشت بەبڕگەکانی بەندی یەکەم لەمادەی  61  و بەندی سێیەم لە مادەی 73  ی دەستور سەرۆک کۆمار لە 19 ی 10 ی 2015  یاسای ژمارە 37 بە بڕیاری ژمارە  40  دەرکرد، لە رۆژنامەی فەرمی وقائع العراقیه‌ بەژمارە 4386 لە 9 ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015  بڵاوکرایەوە.

گرنگی یاسای کار
بێگومان یاسای کار دەبێتە بنەمایەک یاخود دەتوانین بڵێین دەستورێک تاکو یاسای خانەنشین و دەستەبەری کرێکاران و بەدوای ئەویشدا بە ئامانجی دروستکردنی سەندیکا و رێکخراوە کرێکارییەکان و رێکخستنیان لە چوارچێوەی یەکێتی و سەندیکای پیشەیی بە ئامانجی بەرگری یاسایی لە چینی کرێکار و سەرجەم پیشەوەرە جۆراوجۆرەکان، پێویستە ژیان و گوزەران و دیاریکردنی ماف لەبەرامبەر ئەرکی رۆژانەی کرێکار بە شێوازێکی رێکخراو و پاڵپشت بە هێزە مادی و مەعنەوی و یاساییەکە یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و دواتر بۆ کۆکردنەوەی کرێکاران یاساکان پێویستن .
هەبوونی یاسای کار وەک دایکی یاساکان تایبەت بەکرێکاران وا دەخوازێت هەردوو یاسای خانەنشین و یاسای رێکخستنی کرێکارانیش بایەخ و گرنگی خۆی هەیە دوای یاسای کار رەنگدانەوەی داوا و داخوازییەکانی کرێکاران بێت لە ناوەندەکانی کار و رێکخراوە راستەقینەکانی کرێکاران لەخۆ بگرێت .

یاسای نوێی خانەنشین و دەستەبەر بۆ کرێکاران 
حکومەتی عیراق دوای هەستکردن بە گۆڕانکاری گەورەی زانستی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا زیاتر لە هەشت ساڵە یاسای کاری نوێی بە ژمارە  37 لە 2015  دەرکردووە و یاسای ژمارە  71 ی 1987 هەڵوەشاندۆتەوە، سەیرەکە لەوەدایە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2019 وە بە هاوکاری چالاکوانان و رێکخراوە چەپ و سەندیکاکان رەشنووسی پڕۆژەیەکیان ئامادەکرد، دوای چوار ساڵ لە تاوتوێکردن و ئامادەکردن پەرلەمانی کوردستان لە 1 /3 /2023  دەنگی لەسەرداوە کەچی دوای دەنگدان کەوتۆتە گۆمێکی بێبن و راناگەیەنرێت و چارەنووسی نادیارە.
یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران بە ژمارە  39 ی 1971  دەرچوو، پاڵپشت بە حوکمەکانی بڕگەی ( أ ) لەمادەی  42  ی دەستوری کاتی عیراق و بە رەزامەندی سەرۆک کۆمار و لەسەر پێشنیازی وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بە بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، لە دانیشتنی ئازاری ساڵی 1971  یاسای ژمارە 39 پەسەندکراو لە رۆژنامەی وەقائعی  عیراق بە ژمارە 1976 لە 22/3/1971 لە 118 مادە پێکهاتوو  بڵاوکرایەوە.
دوای زیاتر لە 52 ساڵ کارکردنی یاسای نوێی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە 17/5/2023 یاسای نوێی خانەنشین و دەستەبەر بۆ کرێکاران دەنگی لەسەر دراو نێردرا بۆ سەرۆکایەتی تاکو ژمارە و ناونیشانی پێ بدرێت و ئەو یاسا نوێیە یاسای 39 هەڵبوەشێنێتەوە و لە کاری بخات و لە بەرامبەردا یاسا نوێیەکە لە ناوەندە قەزاییەکاندا کاری لەسەر بکرێت.
ئەم یاسا نوێیە وەک ئاماژە و لێدوانە وەزاری و رۆژنامەوانییەکان بڵاویانکردۆتەوە بە شێوازێکی پێشکەوتوتر و تاڕادەیەکی باشتر لەگەڵ رەوتی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و مافی زیاتری بە کرێکاران لە کەرتەکانی تایبەت و گشتی و تێکەڵاو بە کرێکاران بەخشیوە، ئەم یاسا نوێیە لە 110 مادە پێکهاتووە و دوای بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی عیراقی و بەپێی مادەی 110 ی ئەم یاسایە دوای واژۆکردنی سەرۆک کۆمار و تێپەڕبوونی 90 رۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەی، یاسا تەمەن 52 ساڵییەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و کار بەم یاسا نوێیە دەکرێت وەک یەکەم مژدە.

تایبەتمەندییەکانی یاسای نوێی کرێکاران
ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کاری عیراق لە لێدوانیکی رۆژنامەوانیدا 18/5/2023 رایگەیاند، موچەی کرێکارێکی خانەنشین لە کەرتی تایبەت لە 100 هەزارەوە زیاد دەکات تا 500 هەزار دینار.
وتیشی، ئەم یاسایە زیاتر هانی کرێکاران دەدات تاکو هاوبەشی مانگانەیان بدەن و خۆیان دابین بکەن و ئەمە و دەیان دەستکەوتی تر کە لە یاسای 39 دانەبووە بۆ کرێکاران چەسپێنراوە لەوانە، (کاراکردن و پاڵپشتی کەرتی تایبەت کە زیاتر لە پێنج ملیۆن کرێکار لەو کەرتەدا کاردەکەن، زیادکردنی خزمەتی کرێکاران لە کەرتی گشتی بە ئامانجی بەرزکردنەوەی مووچە و سەرمووچە تا ئاستی خانەنشینی، گواستنەوەی پاداشتی خانەنشینی کرێکاران بۆ وەرەسەی کرێکار دوای مردنی بەو شێوەیەی یاسای مەدەنی دەیگرێتەوە، بۆ پاڵپشتی زیاتر کرێکار  دەتوانێت ساڵانی خزمەت بکڕێتەوە تاکو یارمەتیدەر بێت بۆ بڕینەوەی مووچەی خانەنشینی)  هەڵبەتە ئەم دەسکەوتە گەورانە دوای دەرچوونی رێنمایی تایبەت لەلایەن وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دیارە دەرچوونی یاسایەک بەبێ کەموکوڕی نابێت، نامەوێت بەتەواوی پشگیریی خۆم بۆ ئەم یاسا نوێیە دەربڕم بێگومان بە تەواویی خواستی کرێکاران بەدی ناهێنێت و ئەمیش بەدەر نییە لە کەموکوڕی، تەنها ئەوەندە دەڵێم دەرچواندنی یاسا لەسەر بنەمای باشترکردنی مەرجەکانی کارکردن و بەدیهێنانی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کرێکاران لە چوارچێوەیەکی یاساییدا و بە تێپەڕبوونی زیاتر لە 50 ساڵ و ئەو پێشکەوتنە زانستییە گەورانە و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانە زۆر درەنگ بوو بۆ دەرچوونی  ئەم یاسایە و دەبوایە چەند دەیەیەک پێشتر کاری بۆ بکرایە.
لەکۆتاییدا ئومێد دەکەم لە هەرێمی کوردستان یاسای نوێی کار بە زووترین کات لە رۆژنامەی فەرمی هەرێم دەربکرێت و کار بۆ دەرچواندنی یاسایەکی هاوچەرخی خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و یاسای رێکخستنی سەندیکایی بکرێت .

* چالاکوان و نووسەری بواری کرێکاران

بابەتە پەیوەندیدارەکان