جگەرە و لیمۆدۆزی

10:12 - 2023-06-04
کەلتور
438 جار خوێندراوەتەوە
دوکانی جارانی گەڕەک

عەلی حەمەڕەشید


لە کۆڵانەکەی ئێمەدا دوکانێکی بچوکی تێدابوو خوێندنگەیەکی ئامادەییشی لێوە نزیک بوو، دوکاندارەکە کەسێکی ورد و وریا و بەسەلیقە بوو، هەرچەندە دوکانەکەی بچوک بوو، بەڵام زۆر لەو پێداویستییانەی رۆژانە بەکار دەهاتن ئەو لای بوو، بۆ هەرشتێک بچوویتایە بەدەستی بەتاڵ نەدەگەڕایتەوە. من زۆرجار دەچووم بۆلای و جارجاریش لای دادەنیشتم چونکە ناسیاوم بوو، پێشتریش دەمناسی. بێجگە لەوانەش شارەزایی باشی لە کارەبا و هەندێک شتی وەک غەسالە و موبەریدە و گسکی کارەبایی و بۆیلەر و چەند ئامێرێکی تردا هەبوو، هاوکاری گشت خەڵکی گەڕەکیشی دەکرد لە تەماشاکردن و چاککردنی ئەو ئامێرانەدا، هەموو ئەمانەشی بێبەرانبەر دەکرد، خەڵکی بەگشتی رێزی تەواویان لێدەگرت و خۆشیاندەویست، پیاوێکی رووخۆش و رۆح سوک و گورجوگۆڵ و شارەزا و 
بەسەلیقە بوو. 

چۆن تۆ جگەرەت لانییە؟
جارجار دادەنیشتم لەلای گفتوگۆمان دەکرد، رۆژێکیان سەرنجمدا زۆر گەنج دەهاتن بۆ جگەرە، ئەویش دەیوت جگەرەمان نییە، هەندێکیان دەیانپرسی کەی دەیهێنی؟ بۆ نیتە؟ چۆن تۆ جگەرەت لانییە؟ ئەویش هەر ئەوەندە وەڵامی ئەوانی دەدایەوە کە جگەرەم لانییە، لای منیش بوو بە پرسیار، ئەو دوکانی داناوە و دەشزانێت جگەرە داواکارییەکی زۆری لەسەرە و نایهێنێت. پێش ئەوەی من هیچ بڵێم وتی مامۆستا ئەم گەنجانە و هی تریش رۆژانە دێن و داوای جگەرە دەکەن، بەڵام من بڕیارم داوە نەیهێنم، دەشزانم زۆرترین فرۆشیشی دەبێت و قازانجی باشیشی لێدەکەم، بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئەوەیە نەبمە ئاسانکار و هۆکارێک ئەو گەنجانە بە هۆی منەوە فێری جگەرە کێشان ببن کە هەمووان دەزانین زیانێکی زۆری هەیە و سەرچاوەیە بۆ نەخۆشییەکانی سی و سینگ.
 بەڕاستی بەلامەوە هەڵوێستێکی زۆر جوان بوو، چونکە هەندێک کەس لەبەر قازانجی خۆیان و دەستکەوتی زۆر هەندێک شت دەفرۆشن کە سور دەزانن زیانی هەیە. دوای ماوەیەک سەرقاڵی کێشانی وشکە بوو بۆ کڕیارێک، وتی مامۆستا من بەلامەوە سەیرە هەندێک خەڵک لە جەژناندا تەقەمەنی و هەندێک شت دەفرۆشن کە دەبێتە هۆی بێزاری خەڵک و زیانیش بە منداڵان دەگەیەنێت، خۆ ئەگەر ئێمەی دوکاندار لێیان نەکڕین، ئەوا لایان دەمێنێتەوە و جارێکی تر نایهێنن، بەڵام کە ئێمە لێمان کڕین ئەوان بەردەوام دەیهێنن. وتم زۆر تەواوە ئەوان چی زۆر بڕوات هەوڵ دەدەن لەو جۆرە شتومەکە زۆر بهێنن، خۆزگە زۆر کەسی تریش وەکو تۆ بیریان دەکردەوە و وەک تۆیان دەکرد و ئاوا بیریان لە بەرژەوەندی گشتی دەکردەوە.

 هەرگیز لیمۆدۆزی ناهێنم
هەر لەو گفتوگۆیانەدابووین دوو کەس هاتن بۆ لیمۆدۆزی، ئەویش پێیدەوتن نیمانە، تەنانەت یەکێکیان پێیوت کەی دەیهێنیت؟ ئەویش بە زەردەخەنەیەکەوە پێیوت من هەرگیز لیمۆدۆزی ناهێنم. کڕیارەکە رۆیشت بە پێکەنینەوە روویکردەوە من و وتی مامۆستا تۆ دەڵێی چی؟ منیش وتم بۆ لیمۆدۆزی؟ وتی بەڵێ، وتم ئەو بۆ؟ وتی باوەڕت بێت لیمۆدۆزی چونکە مادەیەکی کیمیاییە زۆر خراپە و زیانێکی زۆری بۆ مرۆڤ هەیە بۆیە من بڕیارم داوە نەیهێنم، شتی تر هەیە با بەکاری بهێنن، وەک ترش و لیمۆ...هتد، لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو، وتی مامۆستا باوەڕت هەبێت کاشییەکانی حەوشەکەمان لەبەر ئەوەی کرێکارەکان ئیشیان لەسەر کردبوو زۆر ناشیرین ببوون، خەریک بوو بیانگۆڕم، منیش کیلۆیەک لیمۆدۆزیم کڕی و کردمە سەتڵێکی نایلۆنەوە و ئاوم تێکرد، دامنا تا بەباشی توایەوە، پاشان کردم بەسەر کاشییەکاندا دوای ماوەیەک جوان بە ئاو شۆردمان ئێستا کاشییەکان دەڵێی تازە دانراون هێندە پاک و جوانن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان