״هاووڵاتیان دەیانەوێت نوێنەری راستەقینەی ناوچەكانیان بچنە پەرلەمان تا مافەكانیان نەفەوتێت״

09:30 - 2022-04-28
ڕاپۆرت
770 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: تەها عەبدوڵڵا-هەولێر

پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی، گرنگیی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردن لەوەدا دەبیننەوە كە «هاووڵاتیان متمانەیان بۆ دەگەڕێتەوە بەرامبەر هەڵبژاردنەكان، هەروەها دەیانەوێت نوێنەری راستەقینەی ناوچەكانیان بچنە پەرلەمان تا مافەكانیان نەفەوتێت و ئەو داواكارییانەی هەیانە بەزووترین كات بەدواداچوونی بۆ بكرێت، هەر لەبەر ئەوەشە زۆربەی زۆری فراكسیۆنەكان داوادەكەن یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوای تێپەڕبوونی 30 ساڵ بەسەر دەرچوونیدا، لەم قۆناغەدا پێویستی بە هەمواركردنەوە و گۆڕانكاریی هەیە.

یاسای هەڵبژاردن پێویستی بە هەمواركردن و گۆڕانكاری هەیە
لەبارەی ئەو پرسەوە، ئارەزوو مەحمود ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بە هەموو پێوەرەكان ئەو یاسایەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردن هەیە پێویستی بە هەمواركردن و گۆڕانكاری هەیە، بەتایبەتی گۆڕانكاری لەو بڕگەیەی باس لە بازنەكانی هەڵبژاردن دەكات. وتیشی: سیستمی فرەبازنەیی بۆ كوردستان زۆر پێویستە، بۆ ئەوەی دەنگی هاووڵاتیان بەفیڕۆنەچێت و ژمارەی كورسییەكانیش بەپێی ژمارەی دانیشتوان بێت، نەك نوێنەری پارێزگایەك لەسەر حسابی نوێنەری پارێزگایەكی تر بچێتە پەرلەمان وەك ئەوەی ئێستا لە پەرلەمان دەبینرێت و زۆربەی كورسییەكانی پەرلەمان لە پارێزگای دهۆكە، لەسەر حسابی پارێزگاكانی تر.

ئەزموون دەریخستووە یەكبازنەیی سەركەوتوونابێت»
ئەو پەرلەمانتارە، باسی لەوەشكرد كە بە ئەزموون دەركەوتووە یەكبازنەیی سەركەوتوونابێت، چونكە هەر كاندیدێكی هەڵبژاردن جەماوەری لە چوارچێوەی پارێزگا یان ناوچەكەی خۆی هەیە و ناتوانێت دەنگ لە شوێنێكی تر كۆبكاتەوە، تەنانەت ناتوانێت نوێنەرایەتیی ئەو پارێزگایەش بكات كە خۆی تێیدا ناژی، بەڵام لەكاتی فرەبازنەیی هەر شوێنێك كاندیدی خۆی دەنێرێتە پەرلەمان، ئەوكات دەتوانن داوای خزمەت و جێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان لێبكەن. جگەلەوەش لە فرەبازنەییدا دەرفەت دەدرێت بە هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانەی خواستیان هەیە بگەنە پەرلەمان، هەندێكیان لە ناوچەیەكی دیاریكراو جەماوەریان هەیە و دەتوانن لەو بازنەیە سوود لە دەنگدەرەكانیان وەربگرن، ئەمە بۆ پێكهاتەكانیان راستە، بۆیە فرەبازنەیی لە بەرژەوەندیی حزبە بچووكەكان و پێكهاتەكانە و پێویستە ئەوان پشتگیریی لێبكەن.

تا بازنەكان زیاتربن، نوێنەرانیان باشتر دەتوانن خزمەت بكەن
هەر پەیوەست بەو پرسە، شیروان میرزا چاودێری سیاسی و شارەزای بواری هەڵبژاردن، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: لە زۆربەی وڵاتان پەرلەمان بریتییە لە نوێنەرایەتی، بۆیە تا بازنەكان زیاتربن، نوێنەری بازنەكان باشتر دەتوانن نوێنەرایەتیی خەڵكی ناوچەكانی خۆیان بكەن و داواكاری و پێویستییەكانیان بۆ جێبەجێبكەن. وتیشی: ئەگەر هەرێمی كوردستان چوار بازنە یان زیاتریش بێت بەهەمانشێوە باشتر دەتوانن نوێنەرەكانی خۆیان هەڵبژێرن، دواجار دەنگدەرانیش دەتوانن لێپرسینەوە لەگەڵ نوێنەرەكانیان بكەن.

یەكبازنەیی بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە هاووڵاتیان ناكات
هەروەها، گەلاوێژ عەلی پسپۆڕی بواری دەستووری، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: فرەبازنەیی سیستمێكی باشە و پێویستە هەرێمی كوردستان بكرێت بە چوار بازنە وەك ئەوەی فراكسیۆنی یەكێتی و زۆربەی زۆری فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان داوای دەكەن و یەكبازنەییش بە هیچ شێوەیەك خزمەت بە هاووڵاتیان ناكات، وتیشی: راستە هەرێمی كوردستان چوار پارێزگایە، واتا داوای چوار بازنە كراوە، بەڵام باشترە ئەگەر ناوچە دابڕاوەكانیش بازنەیەك بێت و كوردستانیش بكرێت بە پێنج بازنە، چونكە بەجۆرێك لە جۆرەكان زۆربەی خەڵكی ئەو ناوچانە بوونەتە قوربانی لە نێوان هەرێم و بەغدا دا.

داواكاریی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان
هەر پەیوەست بە پرسی گرنگیی فرەبازنەیی بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، رۆژان حەمەڕەش ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز، بەكوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە پەرلەمانی كوردستان وەك فراكسیۆنی یەكێتی و بەشی زۆری فراكسیۆنەكان سەبارەت بە هەمواری یاسای ‌هەڵبژاردنەكان پێشنیازەیاسایەكمان پێشكەشكردووە و داوامانكردووە هەڵبژاردن لە یەكبازنەییەوە بكرێت بە چوار بازنە، كە ئەوە داواكاریی هاووڵاتیانی پارێزگا جیاوازەكانیشە، داواشكراوە تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و كورسیی پێكهاتەكانیش بەپێی شوێنی جوگرافیا رێكبخرێتەوە، لەسەرووی هەمووشیانەوە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە، كە رێگە لە ساختەكاری دەگرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان