لەیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا و لە چوارچێوەی بەرنامەکانی رادیۆی دەنگی گەلی کوردستاندا عومەر شێخمووس ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رۆشنایی خستەسەر سەرەتاکانی دامەزراندنی ی.ن.ک وەکو نیمچە بەرەیەک و جیاواز لە هەموو حزب و ئەزموونەکانی پێشتری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و جەختیشی لەسەر رۆڵ و کاریگەریی یەکێتی کرد لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی باشووری کوردستان و عیراق و ناوچەکە کردەوە و روونیشیکردەوە کە یەکێتی دەبێت سەرەڕای دۆخی هەنووکەیی کوردستان و ئەو ئاستەنگانەی دێنەڕێی، بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی ناوماڵی کورد بەگشتی و ئاشتیی نێوان خۆی و پارتی دیموکراتی کوردستان و نەهێڵێت ئەزموونی شەڕی ناوخۆ دووبارە ببێتەوە و بۆ ئەوەش ئامادەیی دەربڕی بۆ هەر راوێژ و هەوڵێک کە سەرکردایەتی یەکێتی پێی بسپێرێت لە پێناوی چەسپاندنی یەکڕیزیی و تەباییدا.
داڕشتنەوەی: لاپەڕەی سیاسەت
یەکێتی جیالەوەی بۆچوونێکی جیاوازی هەبوو، مۆدێلێکی جیاوازی رێکخستنیشی هەبوو، هەردوو سەرکردایەتی ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئاستی رووناکبیرییان زۆر بەرزبوو، لەڕووی رۆشنبیریی سیاسی و ئەکادیمیی و خوێندەواریی و ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگایەتیشەوە
یەکێتیی ئەزموونێکی نوێ بوو، چ لە شێوەی رێکخستن و چ لە شێوەی کاردا، وەکو نیمچە بەرەیەک مۆدێلێکی نوێ بوو لە رێکخستن و کارکردندا.
هەروەها زەرورەتێکی مێژوویی بوو کە یەکێتیی دامەزرا، بۆ وەڵامدانەوەی هەرەس و ئەو شکستە گەورەیەی بەسەر میللەتی کورد و شۆڕش و خەباتەکەیدا هات، هەروەک وەڵامدانەوە بوو بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی کە وایان دەزانی میللەتی کورد جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە و خەبات و شۆڕش دەستپێناکاتەوە، بۆیە ئەوە وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەوەی کە میللەتەکەمان هەرگیز شکستی بەسەردا نایەت و دەتوانێت هەستێتەوە.
پێداگریی لەسەر پشت بەخۆبەستن
وتیشی: گرنگیی شێوازی هاتنەکایەی یەکێتی ئەوەبوو کە پێداگریی بوو لەسەر پشتبەستن بەخۆ و بە جەماوەر و گەلی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا و هەر ئەو ئیرادەیەش وایکرد کە بتوانرێت شۆڕشی نوێ بەرپابکرێت و دەست بە خەبات و تێکۆشان بکرێتەوە.
هەر لەو باوەڕەشەوە توانی لە ماوەی 28 ساڵدا ئەو رژێمە بەرەو رووخان ببات و گەلی کورد رزگاری ببێت و بگرە یەکێتی رۆڵێکی باڵاش ببینێت لە داڕشتنی سیاسەتی عیراقی نوێ و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.
لەبارەی رۆڵی یەکێتی و پێکهاتەی سەرکردایەتییەکەیەوە لەسەر خەباتی کوردەواریی و کوردایەتی، هۆمەر شیخمووس روونیکردەوە کە ئەو دەستەبژێرەی یەکێتیان دامەزراند وەک پێداویستیی دوای قۆناغی هەرەس، گەیشتینە ئەو قەناعەتەی کە دەبێت زۆرترینی جەماوەری خەڵکی کوردستان بخەینەگەڕ، بۆیە فۆڕمۆڵەکردنی ئەو نیمچەبەرەیەی رێکخراوەییمان بە پێویستزانی، بۆئەوەی بتوانین هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵی کوردەواری، لەناو ی.ن.ک- و لە دەورەبەری کۆبکەینەوە، وتیشی: گەیشتبووینە ئەو قەناعەتەی کە حزبێک ناتوانێت بە یەک رێباز و یەک ئایدیۆلۆژیا، هەموو جەماوەر بەو هەموو بۆچوونە جیاوازەوە لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و بیانخاتەگەڕ، جگە لەوەش پێویستمان بە توانای هەمووان بوو، چونکە شکستەکە ئەوەندە گەورە بوو، دەترساین دوژمن بەتەواوەتی بەسەر رەوشی کوردستاندا زاڵ بێت، بۆیە یەکێک لە بۆچوونەکانمان ئەوەبوو کە واز لە مۆدێلی حزبێکی تایبەتی بە یەک ئایدیۆلۆژیا بهێنین کە ئەوکاتە ئەو مۆدێلە باوبوو.
کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگ و رەنگی جیاواز
راشیگەیاند کە زۆریان بیر لێکردۆتەوە کە چۆن بتوانن زۆرترین خەڵک بخەنەگەڕ لە چوارچێوەی یەکێتیدا.
هەروەها وتی: ئەو هەوڵەمان بۆ ئەوەبوو کە بتوانین بە بزووتنەوەیەکی زۆر بەهێزی جەماوەریی دەست بە خەباتەکەمان بکەینەوە.
لەبارەی ئەو گرفت و ئاستەنگانەشەوە کە هەر لەسەرەتاوە بەرۆکی یەکێتیان گرت، ئەو ئەندامەی دەستەی دامەزرێنەر روونیکردەوە کە ئەو وڵاتانەی زاڵبوون بەسەر پارچەکانی کوردستان و بەشە جیاوازەکانی کوردایەتی و کوردەواریدا، وایاندەزانی کە ئیتر زۆر زەحمەتە جارێکی دیکە میللەتی کورد بتوانێت شۆڕش و خەباتێکی بەرفراوان بەرپابکات، بۆیە کە ی.ن.ک دامەزرا، مەترسییان لەلا دروست بوو، کەوتنەگەڕ بۆئەوەی بتوانن جارێکی دیکە بمانترسێنن و لەناومان بەرن و رێگە لەوە بگرن کە میللەتی کورد بتوانێت خەبات و تێکۆشانی خۆی بە شێوەیەکی سەرکەوتوانە بەرەوپێشەوە ببات، بۆیە هەموویان هاوکاریی یەکترییان دەکرد و دوژمنایەتیی ئێمەیان دەکرد و دەیانەویست یەکێتی گەمارۆ بدەن تا نەتوانێت گەشە بکات. بەڵام بە ماندووبوونێکی زۆر توانیمان بە سەرەڕای دۆخەکە کارەساتەکان تێپەڕێنین و کاروانەکەش درێژە پێبدەین.
بۆچوونی جیاواز و مۆدێلێکی جیاوازتر
روونیشیکردەوە کە دەوڵەمەندترین ئەزموونی یەکێتیی ئەوەیە کە چەندین جار تووشی قەیران بووە، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر بەهێزتر خۆی کۆکردۆتەوە و هەڵساوەتەوە.
لەبارەی گۆڕانی ئەو شکستانەش بە ئەزموون و بەهێزتربوونی یەکێتی، هەڤاڵ شێخمووس ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتی وەک مام جەلال دەیوت: یەکێتیی جیالەوەی بۆچوونێکی جیاوازی هەبوو، مۆدێلێکی نوێ و جیاوازی رێکخستنیشی هەبوو، سەرکردایەتییەکەی رووناکبیرترین سەرکردایەتی بوو کە لەناو حزبێکی کوردیدا هەبوو، وتیشی: هەردوو سەرکردایەتی ناوەوە و دەرەوەی وڵات ئاستی رووناکبیرییان زۆر بەرزبوو، بەراورد بەو رۆژگارە و تائێستاش لەڕووی رۆشنبیریی گشتی و ئەکادیمیی و خوێندەواریی و ئەزموونی خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگایەتیشەوە، کەسانی وەکو شەهید عەلی عەسکەری و دکتۆر خالید، کاک نەوشیروان، مام جەلال، کاک رەسوڵ مامەند، کاک عومەر دەبابە، مامۆستا ساڵح یوسفی، عەلی هەژار و شەهید شیهاب و هاوڕێکانی و برادەرانی کۆمەڵە لە زینداندا و...هتد، واتە هەموو سەرکردایەتی یەکێتی و کادرەکان کە بەشێکیان لە پێشتر بەرپرسی پارتی و شۆڕشی ئەیلول بوون، بەڵام لە دەرەوەش ئێمە توانیمان خەڵکانێکی زۆر کە پێشتر ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوون، لەدەوری خۆمان کۆبکەینەوە و رێکیان بخەین.
فیکر و کارمان کوردستانی بوو
هەروەها وتی: شتێکی تر کە ئێمەی جیادەکردەوە لە رێکخستنەکانی تر کە لەئاستی باشووری کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانیش خەباتیان دەکرد، ئەوەبوو ئێمە بە کردەوە و فیکر و کار کوردستانی بووین، هەر لە رۆژی یەکەمەوە پەیوەندیی خۆمان لەگەڵ تێکۆشەرانی بەشەکانی تری کوردستاندا رێکخست و هاوکاریمان لەگەڵدا دەکردن و توانیمان رایانکێشین بەلای خۆماندا و هاوکاریمان بکەن و یارمەتیمان بدەن و ئێمەش یارمەتیان بدەین، جیا لەوەش زۆرێک لە هێزە دیموکراتخواز و پێشکەوتنخوازەکانی عیراق و وڵاتانی عەرەبی و ئیقلیمیش کاریان لەگەڵ ئێمەدا دەکرد و شەهیدیشیان لە ریزەکانی ئێمەدا دا، هەندێک لە کوردەکانی سوریا لە سەرەتای شۆڕشی یەکێتیدا چوار شەهیدیان دا لە یەکێک لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتیدا.
هەروەها دەڵێت: ئەو چەندین ساڵەش لەو رووداوانە و لە دوای کۆچی دوایی مام جەلال و کاک نەوشیروان و ئەو هەموو سەرکردانەی تر، هێشتا پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ یەکێتی و سەرکردایەتییە نوێیەکەی هەیە و راوێژمان لەگەڵ دەکەن و ئێمە پەیوەندییان پێوە دەکەین و زۆرجار نامەیان بۆ دەنووسین یان تەلەفۆنیان بۆ دەکەین، وتیشی: لە ماوەی مانگی ئازاری ئەمساڵدا کە لە کوردستان بووم، چاوم بە زۆربەی سەرکردەکان کەوتووە و بە بەردەوامی پەیوەندیمان هەیە، راوێژیشیان لەگەڵ دەکەین لەکاتی پێویستدا.
من و د.فوئاد هەمیشە راوێژمان پێدەکرێت
هەروەها وتی: بەداخەوە بۆ یادی یەکێتی درەنگ بانگهێشتنامەکەم بەدەست گەیشتووە، ئەگەرنا ئامادە دەبووم، چونکە لەسەفەر بووم، نەمتوانی بێم و بەشداریی بکەم، بەڵام لەکاتی پێویست و قەیراندا هەموو لایەنەکان پێیان خۆشە و پەیوەندیی لەگەڵ من و د.فوئاد دەکەن کە دوو ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرین و هێشتا لە ژیانداین.
پاشان وتی: پار ئێمە لە بیرەوەریی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال بەشداربووین و هەر جارێک کە دێمەوە بۆ کوردستان و د. فوئادیش کە لە نێوان کوردستان و بەغدا دەژی، هەموو کات پەیوەندیمان هەبووە.
لەبارەی رۆڵی یەکێتی کە ئێستا ئەرکی ئیدارەی بەشێکی زۆری کۆمەڵانی خەڵکی لەئەستۆدایە و ناڕەزایی خەڵکەوە وتی: ئێمە چ لە پەیوەندی لەگەڵ هەڤاڵانی سەرکردایەتی و چ لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی لەکاتی قەیرانی گەورەدا پەیوەندیی دەکەین و هەوڵ دەدەین کە بەتایبەتی نێوانی یەکێتی و پارتی باش بێت، چونکە ئەنجامێکی زۆر گەورە هەیە لەو ئەزموونە ناخۆشەی شەڕی ناوخۆ کە لە کوردستاندا روویدا، ئێمە نامانەوێت ئەو بارودۆخە جارێکی تر دووبارە ببێتەوە، وتیشی: هەموومان پەندێکی باشمان وەرگرتووە و دەبێت میللەتەکەمان یەکگرتوو بێت.
پەرتەوازەیی و بێهێزبوونی هەرێم
ئێستا بەداخەوە بە هۆی ناکۆکی هێزە کوردییەکانەوە وردە وردە رەوشی کوردستان بەرەو خراپی دەچێت و هەرێمەکەمان لاوازبووە و وڵاتانی درواسێ گوشار دەهێنن و هەوڵدەدەن ئەو رۆڵە گەورە و کاریگەرەی کە کورد هەیبووە نەیمێنێت.
لەبارەی ئەوەش کە دەبێت یەکێتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی چی بکات؟ وتی: هیچ لایەک بەبێ سازان ناتوانێت کوردستان بەڕێوەبەرێت و بە سەپاندنی رای لایەک کوردستان بەڕێوەناچێت، بۆیە دەبێت یەکێتی لەسەر هەموو ئاستەکان هەوڵی چارەسەری گرفتەکان بدات و ئامادەیی خۆشی نیشان بدات بۆ کارکردن لەپێناوی هێنانەدیی ئاشتیی نێوماڵی کورد بەگشتی و نێوان یەکێتی و پارتی بەتایبەتی.