سەرۆک بافڵ قەڵغانی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەر و ئەندامانی دژەتیرۆر کرد

10:42 - 2023-06-05
کوردستان
698 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەک لە فەرماندەکانی دژەتیرۆردا کۆبۆوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر پلان و ستراتیژی هەواڵگری و سەربازیی داهاتووی بەڕێوەبەرایەتییەکەی بۆ پاراستنی هەرێم، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەماهەنگی لەگەڵ هێزە عیراقییەکان و هاوپەیماناندا خستەڕوو و جەختی لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆن و هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی هێزەکانی دژەتیرۆر کرد وەک یەکەم هێزی دژەتیرۆر لە کوردستان و هەوڵەکانیان لەپێناوی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و شکستپێهێنانی چەندین پیلان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێم. 
وتیشی، ئێوە نموونەی فەرماندەی دڵسۆز و بەئەمەکی کوردستانن و مێژوویەکی پڕ لە شانازیتان تۆمارکردووە. چالاکییەکانتان لەپێناوی پاراستنی سەقامگیریی هەرێم و خەڵکە خۆشەویستەکەی، گەواهیدەری دڵسۆزی و ماندوونەناسیی ئێوەیە.
سەرۆک بافڵ راشیگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین تاوەکو هێزەکانی دژەتیرۆر فراوانتر و بەهێزتر بکرێت تاوەکو قەڵغانێکی پتەوتر بن بۆ پاراستنی کوردستان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی یەکێتی خەڵاتی رێزلێنانی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی دژەتیرۆر کرد لە بەرامبەر هەوڵ و قوربانیدانەکانیان لەپێناوی خاکی کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی #بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان