جووتیاران دژی داگیركردنی زەوییەكانیان گردبوونەوە

10:15 - 2023-06-06
ڕاپۆرت
357 جار خوێندراوەتەوە
خۆپیشاندانی بەشێک لە جووتیارانی كورد و توركمان

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

جارێکی تر جووتیارانی كورد و توركمانی ناوچەكانی تۆپزاوا، سەرگەڕان، تڕكەڵان و ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوك دژی داگیركردنی زەوییەكانیان لەلایەن سوپای عیراقەوە لەسەر رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك خۆپیشاندانیان کرد و داوایان كرد ئەو بڕیارانە جێبەجێ نەكرێت لەلایەن وەزارەتی بەرگری عیراقەوە دەرچووە بۆ داگیركردنی زەوییەكانی جووتیارانی كورد و توركمانی رەسەنی شارەكە.
پڕۆسەی داگیركردنی زەوی و زاری كورد و توركمان زیاتر لە دوای رووداوەكانی شانزەی ئۆكتۆبەرەوە سەریهەڵداوە، ئامانج لەم پڕۆسەیەش بە عەرەب كردنێكی نوێی كەركوكە، ئەمیش دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی شۆڤێنیانەوە كە عەرەب لە بەغدا پەیڕەوی دەكات و هەوڵدەدەن ئەو بڕیارانەی لە رابردوودا دەرچوون بیخەنە چوارچێوەی جێبەجێكردنەوە.
گرنگی ناوچە کشتوکاڵییەکان
مەحمود محەمەد جووتیارێكی دانیشتووی گوندی تۆپزاوا لەسەر داگیركردنی زەوییەكانیان وتی، ئێمە كۆمەڵێك جووتیاری كورد و توركمانی ئەم ناوچەیەین، هەر لە حەفتاكانی سەدەی رابردوەوە بەپێی بڕیارێكی حزبی بەعسی هەڵوەشاوە ئەم زەوییانە خراوەتە چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری عیراق و خەڵكەكەشی ئاوارە كراون بۆ دەرەوەی كەركوك بەبێ ئەوەی هیچ قەرەبوویەكی مادی بدرێت بە خاوەن زەوییەكان.
وتیشی، لە دوای پڕۆسەی ئازادی بەبڕیاری پەرلەمان بڕیارەكانی تایبەت بە زەوی و زار هەڵوەشایەوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2017ەوە ناوە ناوە هەڵدەكوتنە سەرمان بۆ داگیركردنی ئەم زەوییانە لەبەر ئەوەی ناوچەیەكی گرنگی كشتوكاڵی و نەوتییە و دەیانەوێت كۆنترۆڵی بیرە نەوتییەكان بكەن لەو دەوروبەرانە زەوییەكانیش دابەشی سەر كارمەندانی وەزارەتی بەرگری عیراق بكەن ئەمەش هەنگاوێكە بۆ دەستبەسەرا گرتنی هەموو زەوییەكانی كەركوك.
شاسوار عەلی جووتیارێكی دانیشتووی ناحیەی سەرگەڕان لەسەر داگیركردنی زەوی و زارەکانیان وتی، لە دوای خۆپیشاندانەكە هێزێكی سوپای عیراق هەڵیانكوتاوەتە سەر گوندی شناغە لە سنووری سەرگەڕانی سەر بە پارێزگای كەركوك و ژمارەیەك لە جووتیارانی كوردی ئەو ناوچەیەیان بەبێ هۆ دەستگیركردووە ئەمكارەش بۆ چاوترساندن و تۆقاندنی جووتیارەكانی ترە تا چاوترسێنیان بكەن و خۆیان بە دوور بگرن لە خۆپیشاندان و مانگرتن.
پەرلەمانتاران كەمتەرخەمن
عەبدوڵڵا زەینولعابدین جووتیارێكی توركمانێكی دێی تڕكەڵان وتی، ئێمە لە سەردەمێكی زووەوە زەوییەکانمان داگیركراوە بەبێ ئەوەی هیچ جووتیارێك قەرەبووی وەرگرتبێت، بەڵام بەداخەوە پەرلەمانتارە توركمان و كوردەكان نەیانتوانیوە وەك پێویست كێشەكانمان بۆ چارەسەر بكەن، هەر بۆیە ناوە ناوە هێزە ئەمنییەكان هەڵدەكوتنە سەرمان بۆ داگیركردن، جگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوكیش هۆكارێكە بۆ پاڵپشتی كردنیان و رێنماییان پێدەدات.
فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، ئێمە وەك لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم بەردەوام لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی لەلایەن حكومەتی عیراق و هیزە ئەمنییەكانەوە رووبەڕوومان دەبنەوە لە پڕۆسەی بە عەرەب كردن لە زۆربەی ناوچە كێشە لەسەرەكان.
هەوڵەکانی چارەسەرکردن
وتیشی، بە پشتیوانی وەزارەتی بەرگری عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا ناوە ناوە هێزە ئەمنییەكان كێشەی جۆراوجۆر بۆ هەڵكوتانە سەر زەوی و زاری جووتیارانی گوندەكانی تۆپزاواو و سەرگەڕان و شوان و تڕكەڵان دەدۆزنەوە.
سەرۆكی دەستەی گشتیی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە رابردوودا توانیویانە تا رادەیەك كێشەی ناحیەی سەرگەڕان چارەسەر بكەن و هەنگاوی باشی بۆ بنێین، بەڵام ئێستا كێشەی زەوییەكانی تۆپزاوا و تڕكەڵان دووبارە سەریانهەڵداوەتەوە ئەمەش تەنیا پڕۆسەیەك نییە لە ناوچەیەكی دیاریكراو لە كەركوك سەریهەڵدابێت، بەڵكو ئەم هەنگاوە پەلدەهاوێت بۆ بە عەرەب كردنێكی فراوان و داگیركردنی زەوی و زارێكی زۆری جووتیاران.
باسی لەوەشكرد، ئێستا خالید شوانی وەزیری دادی عیراق و ئەندامانی ناوچە كوردستانییەكان لەسەر هڵێن بۆ چارەسەركردنی كێشەکە.
کارکردن بەبڕیارەکانی رژێمی بەعس
وتیشی، بەپێی مادەی 20ی ساڵی 2012ی پەرلەمانی عیراق هەموو بڕیارەكانی «قیادەی سەورە» هەڵوەشاوەتەوە و كاری پێناكرێت، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا دركیان بەوە كردووە هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو بڕیارانە لە بەرژەوەندی كوردایە، بۆیە هەر لە ساڵی 2014ەوە بڕیاریاندا كار بە بڕیارە كۆنەكانی رژێمی بەعس بكەنەوە، ئەمكارانەی ئێستا كاری سیاسین و لە چوارچێوەی مادەكانی 140دا جێبەجێ دەكرێن، بۆیە هەموو هەوڵێكیان ئەوەیە مادەی 140 كارا نەكرێتەوە، بۆیە ئەگەر لیژنەی مادەی 140 ئەم شێوەیەی ئێستا هەنگاو بنێت ئەوا تا سەد ساڵی تر ناتوانن بڕیارەكان جێبەجێ بكەن.
زوهیر عەلی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك رایگەیاند، كەركوك یەكێكە لەو ناوچانەی كێشە لەسەرە و تایبەتە لە چوارچێوەی مادەی 140، بۆیە بەشێك لە زەوی و زارەكانی كێشەی داراییان هەیە بەشەکەی تریشی كێشەی یاسایی هەیە و پەیوەستە بەو بڕیارانەی لە رابردوودا دەركراوە و بەشێوەی گرێبەست بەسەر عەرەبە هاوردەكاندا دابەشكراون، بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی ئێستا لە ناوچەكانی تۆپزاوا و سەرگەڕان و تڕكەڵان روودەدەن رووبەڕووی ئێمە دەبێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان