هەرەمەكانی میسر لە نێوان راستی و ئەفسانەدا

10:56 - 2023-06-06
کەلتور
491 جار خوێندراوەتەوە

عومەر ئیسماعیل باوزێی

لە هەزارەی چوارەمی پێش زاییندا، میسر لە دوو بەشی سەروو خواروو پێكدەهات، باكووری میسری ئێستا لەوكاتەدا بە بەشی خواروو دەناسرا لە ناوچەی دەلتای نیل، پایتەختەكەی شاری بیۆتۆ بوو، هەروەها شاری (نخیب)یش، كەوتبووە ناوچەی ئیلكەبی ئەمڕۆوە، پایتەختی میسری سەروو بوو، كە یۆنانییەكان (هیراكونپۆلیس)یان پێدەگوت. ئەو ناوچەیە هەتا نزیك شاری (ئەسوان)ی ئەمڕۆ لە باشووری میسر درێژ دەبۆوە. لەوكاتەدا (22) دەوڵەتەشاری سەربەخۆ لە میسری سەروو (20) پاشانشینی دیكەش لە میسری خواروو هەبوو، هەریەكە ئایین، شیوازی فەرمانڕەوایی جیاواز و هێمای تایبەت بە خۆیان هەبوو، بۆیە بەردەوام لەناوخۆیاندا لەشەڕ و ململانێدابوون. بە گوێرەی (هیرۆدۆت 484-425پ.ز)ی مێژوونووسی یۆنانی: (330) پاشا لە مێژووی میسردا فەرمانڕەواییان كردووە، (18) پاشا خەڵكی ناوچەی حەبەشە بوون، ئەوانیدیكە هەمووی میسریی بوون.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، باسكردنی (3) هەرەمە گەورە و بەناوبانگەكەی میسرە، لە ناوچەی جیزە هەڵكەوتوون، ئەو شوێنەش دەكەوێتە لای چەپی كەناری رووباری نیل و (10كم) لە شاری قاهیرەوە دوورە. مەبەستی میسرییەكان لە دروستكردنی هەرەمەكانیان لە خۆرئاوای پایتەختەكەیان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی، كە فیرعەونەكان و خەڵكی ئەو كاتە بە گشتی، پێیانوابوو جیهانی داهاتوو دەكەوێتە لای خۆرئاواو بۆ ئەوەی زووتر بگەنە ئەو جیهانە بێكۆتایە، هەرەمەكانیان لەم شوێنە دروست دەكرد، بۆیە لە ئێستادا لەم شوێنە نزیكەی (80-100) هەرەمی گەورە و بچووك هەیە، بەڵام گەورەترین و دیارترینیان، هەرسێ‌ هەرەمی (خۆفۆ، خەف رع و منك رع)ە، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی (4)ی فیرعەونەكان دروستكران.
جێگای ئاماژەیە، ئەو هەرەمانە وەك گۆڕ دوای مۆمیاكردن بۆ ناشتنی تەرمی فیرعەونەكان بەكاردەهات، لەگەڵیشیاندا بڕێكی زۆر لەخشڵ، زێڕ و زیو و كەلوپەلی سەردەمی ژیانی پاشاكە و چەند جۆرێك لەخواردنیان لەگەڵیاندا دەناشت، هەروەها مەبەستێكی دیكەش لە دروستكردنی هەرەمەكان، جیاكردنەوەی گۆڕی فیرعەونەكان بوو لە گۆڕی خەڵكانی هەژار و سادە.
دروستكردنی یەكەم هەرەم لە وڵاتی میسردا
بە گوێرەی سەرچاوەكان: دروستكردنی یەكەم هەرەم، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەسەڵاتی پاشا (زووسەر 2668-2647پ.ز)ی دامەزرێنەری سێیەم بنەماڵەی فیرعەونەكانی میسر، یەكەم كەس بوو دوای مردن، بۆ گۆڕەكەی بیری لە دروستكردنی هەرەم كردۆتەوە. لە ئێستاشدا ئەو هەرەمە دەكەوێتە ناوچەی سەقارەی جیزە، بەرزییەكەی تەنها (62م)ەو لە (6) چینی سەكۆیی پێكدێت.
چوارەم بنەماڵەی فیرعەونەكان
ئەو بنەماڵەیە لە نێوان ساڵانی (2613-2494پ.ز) دەسەڵاتیان گرتۆتە دەست و سەرچاوەكان لەسەرئەوە كۆكن، (6) پاشا لەو بنەماڵەیە فەرمانڕەوایی بەشێكی زۆری میسری سەروو و خواروویانكردوە.
سنف رع (2613-2590پ.ز) دامەزرێنەری چوارەم بنەماڵەیە، ئەویش لە سەردەمی ژیانی خۆیدا هەرەمێكی لە ناوچەی دهشوری نزیك سەقارە لەسەر شێوەی سێگۆشەیی و لە بەردی سپی دروستكرد، بەڵام لەبەرئەوەی وەستایانی ئەو كارە شارەزاییەكی باشیان نەبوو لە دروستكردنی هەرەمدا، بەهۆی چەند هەڵەیەك لەكاتی دروستكردنیدا، نەتوانرا لە (48م) زیاتر بەرزبكرێتەوە، بۆیە لەناوەوە تووشی درز و داڕوخانبوو، لە ئێستادا بە هەرەمی (تێكشاو) ناو دەبرێت.
چۆنییەتی دروستكردنی هەرەمەكان
زۆربەی بەردەكانی ئەو هەرەمانە و بە تایبەت هەرەمی گەورە، لە ناوچەكانی نزیك شاری (ئەسوان)ی ئێستا، بە دووری (60كم) دەكەوێتە باشووری جیزە، لە رێگەی رووباری نیلەوە هاتوون. زۆربەیان كێشیان نزیكەی دوو تۆن و نیو دەبێت. ئەو كاتە لەسەر گالیسكەی تەختەیی بە پەت بەستوویانن، ئەو گالیسكانە بەسەر رێگایەك، بە تەختەی پان و پتەو فەرشكراوە و بەرەو رووباری نیل راكێشراون، پاشان بەردەكانیان لەسەر بەلەمی تایبەت، بە زیخ و چەو پڕ دەكران، داناوە و دواتریش بەرەو شوێنی هەرەمەكە بردویانن، ئینجا بەردەكانیان داگرتووە و لەسەر رووی سەرەو لێژی گەورە، رایانكێشاون بۆ سەردیواری هەرەمەكان.
هەرەمی خۆفۆ
خۆفۆ (2590-2558پ.ز) كوڕی سنف رع بوو، یۆنانییەكان بە خوپس ناویان دەبرد. ئەم پاشایە لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتی خۆیدا گەورەترین هەرەمی دروستكرد، دواتر بە هەرەمی خۆفۆ، یان هەرەمی گەورە ناوی دەركرد. شوێنی دروستكردنی ئەو هەرەمە، زیاتر لە (13) هێكتار زەوی بۆ تەرخانكراوە، نزیكەی (90) ئەوەندەی رووبەری یاریگایەكی تۆپی پێ‌ دەبێت و بۆ دروستكردنیشی زیاتر لە (2,500,000) دوو ملیۆن و پێنجسەد هەزار بەرد بەكارهاتووە. لە ئێستادا بەرزی هەرەمەكە (146م) و بەرزی دەرگاكەشی (17م)ە. مێژوونووسان لەوباوەڕەدان: بۆ دروستكردنی هەرەمی گەورە نزیكەی (100,000) سەد هەزار كرێكار بە درێژایی (20) ساڵ كاریان تێداكردبێت، ئەگەرچی لەبەر كەش و هەوای میسر لە ساڵێكدا تەنها (3) مانگ کار لە دروستكردنیدا كراوە. بەتەنها دروستكردنی بەشی سەرەوەی نزیكەی (10) ساڵی خایاندووە، هەروەها لە نزیك هەرەمی گەورە، چەند هەرەمێكی بچووك هەیە، گۆڕی هاوسەر و ئەندامانی خێزانی فیرعەونەكانی تێدایە.
هەرەمی خەف رع
خەف رع (2550-2532پ.ز) كوڕی خۆفۆ بوو، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیدا هەرەمێكی تایبەتی بۆ گۆڕەكەی دروستكرد، بەرزییەكەی (136م)، هەروەها لە بەردەم هەرەمەكەیدا پەیكەرێكی گەورەشی دروستكرد، لە ئێستادا بە (ئەبولهۆل) ناودەبرێت و یەكێكە لە بەناوبانگترین پەیكەرەکان لە جیهاندا. یۆنانییەكان ئەو پەیكەرەیان بە (سفینكس) ناو دەبرد، زۆربەی شارەزایان پێیانوایە: ئەو پەیكەرە لە شێوەی سەری «خەف رع» پاشا دروستكراوە، چونكە لەسەر شێوەی سەرێكی گەورە دەردەكەوێت و لاشەكەشی لە شێوەی ئاژەڵێكە. جێگای ئاماژەیە، پەیكەری ئەبولهۆل درێژیەكەی (46م) و بەرزیەكەشی (21م)ە، تەنها سەری پەیكەرەكە (10م) و پانیەكەشی (4م) و درێژی پێیەكانیشی (15م)ە.
هەرەمی منك رع 
منك رع (2532-2496پ.ز) كوڕی خەف رع بوو، ئەویش وەك باوك و باپیرانی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی خۆیدا هەرەمێكی دیكەی دروستكرد، بەرزییەكەی (66م)ەو دەكەوێتە خوارووی هەرەمی خۆفۆوە.
كۆتایهێنان بە دروستكردنی هەرەمەكان
پبس كف (2496-2494پ.ز) كوڕی پاشا «منك رع» بوو، لەسەردەمی دەسەڵاتیدا هیچ هەرەمێكی بۆ گۆڕەكەی دروست نەكرد، بەڵكو لە باشووری ناوچەی سەقارە گۆڕێكی سادە و ساكاری بۆ خۆی دیاریكرد، دواتر بە بێ‌ هیچ میراتگرێك كۆچی دوایی كرد. دوای ئەو پاشایەش كۆتایی بە دیاردەی دروستكردنی هەرەم لە میسر هات.
وەك دەردەكەوێت دروستكردنی هەرەم لە میسردا نزیكەی (153) ساڵ بە چەندین قەبارەو جۆری جیاواز بەردەوام بووە. ئەگەرچی لەوكاتەدا فیرعەونەكان تێچوویەكی زۆریان لە دروستكردنیاندا خەرج دەكرد، بە جۆرێك بەشێكی زۆری داهاتی وڵات بۆ ئەو بوارە تەرخاندەكرا و خەڵكانێكی زۆر بۆ ماوەی چەندین ساڵ رەنج و ماندوبوونێكی زۆریان لەكانەبەردەكان بۆ دروستكردنی هەرەمەكان بەكاردەهێنا، بەڵام لە ئێستادا ئەوكارە ناوازە و دەگمەنەی، زیاتر لە (4500) ساڵە وەك خۆی ماوەتەوە و بووەتە جێگای تێڕامان و پرسیاری تەواوی مرۆڤایەتی. هاوكات هەرەمەكان بوون بە سەروەری و شانازیەكی گەورە بۆ گەلی میسر و دابینكردنی داهاتێكی زۆری ساڵانەش بۆ وڵاتەكە.
سەرچاوەكان:
 . ئەرنۆڵد توینبی: مێژووی مرۆڤایەتی، وەرگێڕانی، دڵشاد مستەفا وەسانی، چاپی یەكەم، دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی رۆژهەڵات، چاپخانەی رۆژهەڵات، (هەولێر، 2010)، ل114-116.
2. بریندا سمیس: میسری فیرعەونەكان، وەرگێڕانی، یادگار حەمە غەریب، چاپی یەكەم، چاپخانەی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، (سلێمانی، 2007)، ل31.
3. برێندا سیمیت: میسری كۆن، وەرگێڕانی، كەنعان نووری ئەحمەد و جابر حەسەن، چاپی یەكەم، چاپخانەی وەزارەتی رۆشنبیری، (هەولێر)، ل21، 37-39.
4. كەلسومە جەمیل: مێژووی دێرینی میسر، چاپی یەكەم، چاپخانەی رۆژهەڵات، (هەولێر، 2012)، ل15-16، 27،30، 38.
5. مەحموود شاكر: پوختەی مێژووی شارستانییەتەكان، وەرگێڕانی، موسا محەمەد عەبدولڕەحمان، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، چاپخانەی گەنج، (2011)، ل195-196.
6. هیرۆدۆت: پوختەیەكی گرنگ لە مێژووی هیرۆدۆت، وەرگێڕانی، زانەر محەمەد، چاپی سێیەم، چاپخانەی چوارچرا، (سلێمانی، 2010)، ل139.

بابەتە پەیوەندیدارەکان