سەرجەم چالاكییەكانی هەفتە یادەكەی كەركوك

12:33 - 2023-06-06
وەرزش
175 جار خوێندراوەتەوە

ستادیۆم

بەبەشداریی زیاتر لە 2500 وەرزشكاری كوڕو كچی لاوان و پێشكەوتووانی وەرزشە جیاجیاكان، چوار بۆنەی وەرزشیی بەرفراوان بەڕێوەچوو.
خولێكی تۆپی پێ
یەكەم چالاكی ئێوارەی رۆژی یەكشەممە 28/5/2023 دەستیپێكرد كە خولێكی بەرفراوانی تیپە میلییەكانی كەركوك بوو تیایدا 48 تیپ بەشدار بوون و رۆژی یەكشەممە 4/6/2023 یاریی كۆتاییەكەی كرا و تیپی  زانكۆ یەكەم و تیپی فرمێسك دووەمی خولەكە بوون.
خولێكی موای تای
دووەم چالاكی بریتی بوو لە خولێكی موای تای و رۆژی 29/5 رێكخراو یانەكانی كەركوك تیایدا بەشدارییان كرد و بەسەرپەرشتی چالاك مەحمود لە یانەی وەرزشیی گازی باكوور رێكخراو ماوەی یەك رۆژ بەردەوام بوو.
یادی هەردوو شەهید شێركۆ فاتیح شوانی و حسێن مونسوور
سێیەم چالاكی بریتی بوو لە خولێكی فوتساڵ كە كۆمیتەی 14 ی ئاسایشی كەركوك رێكیخستبوو، تیپەكانی 16 كۆمیتەو تیپی سەتەلایتی كەركوكیش تیایدا بەشدارییان كرد، رۆرژی 3/6/2023 یاریی كۆتاییەكەی كراو تیپی كۆمیتەی ئاسایش یەكەم و سەتەلایتی كەركوك دووەمی خولەكە بوون.
راكردنێكی ماوە درێژ
بەبەشداریی زیاتر لە 400 وەرزشكاری كوڕ و كچی شاری كەركوك، رۆژی 1/6 راكردنێكی ماوە درێژ رێكخرا، ئەم چالاكییە لیژنەی خانمانی بەشی وەرزشی مەڵبەندی كەركوك بە هاوكاری لقی كەركوكی یەكێتیی گۆڕەپان و مەیدانی كەركوك رێكخست، لە كچاندا ئامال خزر یەكەم و لە كوڕانیشدا لوئەی سەڵاح یەكەم بوو.
حەربی خالید ئەندامی لیژنەی سەرپەرشتی هەفتە یادەكە بەستایدۆمی راگەیاند: بۆ ئەم چالاكییە نابێت رۆڵ و هاریكاری رێزان ئەحمەد بەڕێوەبەری یەكەی چالاكی وەرزش و دیدەوانی خوێندنی كوردی و د.سەباح حەسەن ئەندامی یەكێتیی گۆڕەپان و مەیدانی عیراق لە یاد بكەین كە ئەمان بوونە هۆكاری سەركەوتنی راكردنەكە.
شایانی باسە لە سەرجەم دەستپێك و كۆتایی ئەو چالاكییانەی  كە لەم هەفتە وەرزشییەدا ئەنجامدران، هەڤاڵان ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و ستران عەبدوڵلا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سیروان كوێخا نەجم و رەوەند مەلا محەمەد و هیوا عەبدوڵڵاو هەڵكەوت عەبدوڵڵا و حەسیبە عەبدوڵڵا  و رێبوار تەهاو ئاڤێستا شێخ محەمەد  ئەندامانی سەركردایەتی  یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لێپرسراوانی تری حزبی حكومی  ئامادە بوون. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان