قوباد تاڵەبانی: دڵخۆش نیم بەم دۆخە سیاسییەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت

06:33 - 2023-06-06
کوردستان
206 جار خوێندراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران  پێشوازی کرد لە ئۆلیڤییە دیکۆتینێ، کونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دوا پێشهات و گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و پرسی پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق تاوتوێکران.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەبارەت بەڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دڵخۆش نیم بەم دۆخەی ئێستای هەرێم و  پێویست بوو پەیوەندییەکانی نێوان لایەنەکان باشتر بوایە، بەتایبەت ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر کورد پێویستی بە یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی خۆی هەیە، چونکە تەحەداکانی بەردەم کوردستان ئێستا گەورەتر و زەقترن.
ئاماژەی بەوەش دا؛ هێشتا کات لە بەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکان، لایەنەکان بگەن بە رێکەوتن و یەکدەنگی بەشێوازێک کە لەگەڵ ئەم قۆناغەدا بگونجێت.
سەبارەت بە پێگەی هەرێم لە بەغدا و پەیوەندییەکانی نیوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا؛ ئەوەی لە بەغدا دەگوزەرێت رەنگدانەوەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، بۆیە پێویستە بەر لە هەر شتێک ناوماڵی خۆمان رێکبخەینەوە، ئەوکات دەتوانین لە بەغدا بەهێزتر و یەکگرتووتر دەربکەوین و پێکەوە باشتر بەرگری لە ماف و شایستە دەستوورییەکانمان بکەین. 

وتیشی: بۆ ئەوەی بتوانین بەم یەکدەنگییە بگەین، دەبێت هەموو لایەکمان پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانماندا بکەینەوە.

لە کۆتاییدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی کونسوڵی گشتی فەرەنسای کرد کە پسپۆڕی تایبەت بە چاکسازیی ئابوورییان تەرخانکردووە بۆ نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران تا هاوکار بێت لە جێبەجێکردنی پلانەکانی چاکسازیدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان