تۆڕەکانی رێگەوبانی ئیدارەی راپەڕین خراپن

09:56 - 2023-06-07
ڕاپۆرت
256 جار خوێندراوەتەوە
رێگەیەکی تەواو نەکراوی ئیدارەی راپەڕین

راپۆرتی/ جێگر خدر

هەموو ئەو شەقامانەی ئیدارەی راپەڕین بە شارەکانی دیکەوە دەبەستنەوە پێویستیان بە کارکردن و نۆژەنکردنەوە هەیە، وێڕای ئەوەش لە ناوخۆی ئیدارە سەربەخۆکە کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی رێگەوبان هەن پەکیان کەوتووە و راگیراون.
رێگەکانی گەیشتن بە هەولێر و سلێمانی 
هیوا شۆفێری پاسە لە خەتی رانیە بۆ هەولێر، هەفتەی دووجار بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکات خراپی رێگەی بەستنەوەی رانیە بە هەولێر هەراسانی کردووە و وتی، تێکچوونی تایە و ژێری مینی پاسەکەم بەهۆی ئەو رێگە خراپەوەیە، خێری کەسابەتەکەمانی نەهێشتووە جگە لەوەی هەمیشە لەبەردەم مەترسیداین خۆم و سەرنشینەکانیشمان، پێویستە حکومەتی هەرێم ئاوڕێکی جدی لەو رێگەیە بداتەوە، ئەگەر خراپی و چاڵوچۆڵی ئەو رێگەیە نەبێت رێگەی رانیە بۆ هەولێر رێگەیەکی هێندە دوور نییە، دەتواندرێ بە ئاسانی هاووڵاتیان بگەنە  هەولێر ئەوێ یان لە وێوە بۆ رانیە بێن.
لە زیاتر لە رێگەیەکەوە دەتواندرێ لە رانیەوە بە هەولێری پایتەخت بگەیت، بەڵام سەرجەمیان رێگەی بێ کەڵک و خراپ بوون، رێگەی سماقوڵی هەرە نزیکترینیانە، بەڵام وەک هیوای شۆفێر باسی لێوە دەکات لە هەموویان خراپترە  و دەڵێت، بە هەردوو دیوەوە هەر بێکەڵکە، لە دیوی هەولێرەوە و هەروەها لە دیوی کۆیەشەوە، وا پێدەچێت حکومەت مەبەستی بێت رێبوارانی ئەو رێگەیە سزا بدات!، ئەگینا بۆ کە دەگەیت بە نزیکی هەولێر شەقامەکان پانوبەرین و بێ گرفتن، لە هەولێریشەوە بۆ شارەکانی دیکە بەهەمان شێوە رێگەیەکی بێ کەموکوڕین.
رێگەی چوارقوڕنە - دوکان
ئێستا بەشێک لە شۆفێران رێگەی سەنتەری کۆیە و بەشێکی دیکەشیان رێگەی سەنتەری شەقڵاوە بەکاردەهێنن، ئەگەرچی ئەو دوو رێگەیە بۆ گەیشتن بە هەولێر کاتێکی زیاتری دەوێت بۆ دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕین، هاوکات ئەو دوو رێگەیەش بێ کەموکوڕی نین و بەشێکی زۆری پێویستی بە چاککردن، نۆژەنکردنەوە و نوێکردنەوە هەیە.
رێگەی چوارقوڕنە - دوکانیش پڕۆژەیەکی تەواونەکراوی تەمەن درێژە، زیاتر لە دەیەیەکە دوای چەند جارێک وەستان و راگرتنی هێشتا لە سەدا سەدی قۆناغی یەکەمی کە دەکەوێتە نێوان چوارقوڕنە بۆ هیزۆپ تەواو نەکراوە و دوو قۆناغەکەی دیکەش کارکردنی بە رێژەیەکی زۆر تێیدا ماوە، ئەم هەموو ماوەیە بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژەیە کە پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکومەتی هەرێمە، هاووڵاتیان بەگشتی و دانیشتوانی ئیدارەی راپەڕینی نیگەران کردووە، داوای هەرچی زووە تەواوکردنی دەکەن.
پڕۆژەکە، راپەڕین بە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەبەستێتەوە، شۆفێرانی رێگەی سلێمانی بە هەمان شێوەی رێگەی هەولێر، دووچاری گرفتی رێگەکە بوون، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە، کە ئاسانکارییەکی باشی بۆ شۆفێران کردووە، بەڵام تەواونەکردنی بەشێوەی لە سەدا سەد هێشتا شۆفێرانی رێگەکەی ئاسوودە نەکردووە، بەوپێیەی چەند رێگەیەک هێشتا یەک سایدن و لادانی کاتی و لەمپەڕیشییان تێدایە، بەپێی ئامارەکانی هاتوچۆش رێگەکە رووداوی زۆری تێدا روودەدات.
عەلی عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین رایگەیاند، ساڵی پار 236 رووداوی هاتوچۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان روویداوە، 176 رووداویان لە رێگەکانی دەرەوەی شاربوون، لەو ژمارانەش 349 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی، تێیدا 26 هاووڵاتی گیانی لەدەستداوە.

 

 

 

بێجگە لە رێگەکانی دەرەوەی دەڤەری راپەڕین لەناوخۆی ئیدارەکەش پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەن وەستاون و پەکیان کەوتووە هەندێک لە پڕۆژەکانیش بەسستی کاریان تێدا دەکرێت

 

 

13  ساڵە جووت سایدی ناو بازاڕی رانیە تەواو ناکرێت
هاوکات جگە لە رێگەکانی دەرەوە، لەناوخۆی ئیدارەکەش پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەن وەستاون و پەکیان کەوتووە، پڕۆژەی جووت سایدی ناو بازاڕی رانیە ساڵی 2010 دەستی پێکرد، بەشێکی تەواو بوو، بەڵام بەشێکی گرنگی کە کەوتۆتە چەقی سەنتەری شارەوە راگیراوە و وەستێندراوە، دوای چەند جارێک لە بەڵێندانی حکومەت بە تەواوکردنی هێشتا پڕۆژەکە پەکی کەوتووە و لای لێنەکراوەتەوە، تەواوکردنی پڕۆژەکە داوای سەرەکی دانیشتوانی رانیەیە، بڕی سێ ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا، قەیرانی دارایی و خەرجنەکردنی پارە و گرفتی قەرەبووی هاووڵاتیانی خاوەن موڵکەکانی سەر رێگەکە هۆکاری وەستاندنی پڕۆژەکەن.
پرۆژەی رێگەی تووەسوران ژاراوە، یەکێکی دیکەیە لە پڕۆژە گرنگە وەستاوەکان، پڕۆژەکە لە ساڵی 2013وە دەست بە دروستکردنی کراوە و هێشتا کاری تێدا نەکراوە، ئەمیش داواکاری زۆری دانیشتوانی تەواوی ئیدارەی راپەڕینە، بەتایبەت کە هەردوو شاری رانیە و قەڵادزێ بە یەکەوە دەبەستێتەوە. جیا لەوەی رێگەی مەرزی کێلێ ماوەکانی رابردوو بە رووی گەشتیاراندا کرایەوە و قەڵادزێ بە مەرزەکەوە دەبەستێتەوە، رێگەیەکی خراپ و بێ کەڵکە و ئامارەکانی رووداوی هاتووچۆی لە ساڵی پاردا گەیشتۆتە 87 رووداو، لەمساڵدا گەشتیارێکی زۆر لێیەوە هاتوچۆ دەکەن و داوا دەکرێت چاک بکرێت.
دواکەوتن لە وادەی تەواوکردنی پڕۆژەکان
هاوکات پڕۆژەی دیکەش هەن کارکردن تێیاندا بەردەوامە، بەڵام بەسستی و بەدواکەوتنەوە، پردی دەربەندی رانیە - بنگرد یەکێکە لەو پڕۆژانە، ئەگەرچی لەوادەی خۆی دواکەوتووە، بەڵام ئێستا کارکردن لە دوا قۆناغەکانیدا بەردەوامە و چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو بکرێت.
لە دوو رۆژی رابردووش دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی دۆڵی بالیسانی لە ئیدارەی راپەڕین بەسەرکردەوە، کە چەند ساڵێکە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بە چەندین رێگەی جیاواز داوای چاککردن و نۆژەنکردنەوەیان دەکرد، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وتی، ئەگەر گرفتی دارایی دروست نەبێت، پێش وەرزی زستان پڕۆژەکە تەواو دەبێت.
ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، دانیشتوانێکی زۆری هەیە بە نزیکەی نیو ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت، بەڵام خاوەنی تۆڕێکی رێگەوبانی خراپە، هەم لە ناوخۆ و سەنتەری شارەکان و رێگەی گوندەکانی، ئەویش ئەو رێگانەی لێیەوە بە شار و ناوچەکانی دیکە دەبەستێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان