سه‌عات 10 ی ئه‌مشه‌و یاریگای فۆرتۆنا ئه‌رینا له پراگی پایته‌ختی كۆماری چیك ده‌بێته شانۆی یاریی كۆتایی كۆنفرانس لیگ.
ئه‌م خوله پاش هه‌ردوو خولی چامپیۆنس لیگ و یۆرۆپا لیگ، سێیه‌م گرنگترین خولی یانه‌كانی ئه‌وروپایه، هه‌ردوو یانه‌ی فیۆره‌نتینای ئیتاڵی و وێستهامی ئینگلیزیش ئه‌م یارییه ده‌كه‌ن.
له دوو یاریی پێشكۆتایی ئه‌م خوله‌دا، وێستهام له یاریگای خۆیدا و له یاریی چووندا 2-1 له یانه‌ی ئه‌ی زێد ئه‌لكماری برده‌وه، له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌شدا له هۆڵه‌ندا جارێكی تریش یارییه‌كه‌ی 1-0 له یانه هۆڵه‌ندییه‌كه برده‌وه‌و به‌وه‌ش بووبه یه‌كه‌م یانه‌ی یاریی كۆتایی ئه‌م خوله.
لایه‌نی دووه‌می ئه‌م یارییه فیۆره‌نتینای ئیتاڵییه، ئه‌م یانه‌یه جیاواز له یانه‌ی وێستهام یه‌كه‌م یاریی كه‌له یاریگای خۆیدا بوو 1-2 به یانه‌ی بازلی سویسری دۆڕا، به‌ڵام له یاریی گه‌ڕانه‌وه‌داو له ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆیدا توانی 3-1 له یانه سویسرییه‌كه بباته‌وه به‌م ئه‌نجامه فیۆره‌نتینا بووبه لایه‌نی دووه‌می یاریی كۆتایی ئه‌م خوله‌ی ئه‌وروپا.