كاتێك ئەستێرەكان دەبن بە یاریزانی ئاسایی

10:32 - 2022-04-30
وەرزش
552 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر

وەرزی پاڵەوانێتییەكانی ئەوروپا بەرەو كۆتایی هەنگاو دەنێت و چەندین یاریزان لە ریزی یانەكانیان بە ئاستی بەرز دەركەوتون و پارێزگاریان لەو ئاستە كردوە كە وەرزەكانی پێشووتر پێی دەردەكەوتن.
لەبەرامبەردا چەند ئەستێرەیەكی تر ئەم وەرزە كێشەی گەوەریان بۆ دروست بووە كە سەرەڕای ئەوەی وەرزی پێشووتر ئەستێرەی یانەكانیان بوون، بەڵام ئەم وەرزە بوونەتە یاریزانی ئاسایی و لە جێگەی ویست و خواستی راهێنەر و هاندەرانیان نەبوون.
دەرنەكەوتنی ئەستێرەكانیش بە هەمان ئاستی وەرزی پێشووتر چەندین هۆكاری لە پشتە لە نێویاندا زیادبوونی تەمەن و بڕیاری هەڵە و پێكان و چەندین هۆكاری تر، لەم راپۆرتەشدا تیشك دەخەینە سەر دیارترین ئەو ئەستێرانەی ئەم وەرزە لە ئەستێرەیەكی دیارەوە بوونەتە یاریزانی ئاسایی.
كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پرتوگالی دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی گۆڵكەری خولی ئیتاڵیا بە تۆماركردنی 29 گۆڵ سەرەتای وەرز پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتد كرد و هەرچەندە ئەو ئەستێرە 37 ساڵە لە پریمەرلیگ 16 گۆڵی كردوە، بەڵام نەیتوانیوە بەو ئاستەی وەرزی پێشوو دەربكەوێت.
رۆناڵدۆ لە یارییەكانی ئەم وەرزە بە خراپترین دۆخدا تێپەڕیوە خراپترین ژمارەی بەراورد بە 10 وەرزی رابردوو نووسیوەتەوەو لە چەندین یاریش لەسەر كورسی یەدەك دانیشتوەو بەهۆی ئەمەش چەندین سەرچاوە باس لەوە دەكەن دەیەوێت لە كۆتایی وەرز شەیتانە سوورەكان جێبهێڵێت بەتایبەت ئەگەر زۆرە سەرنەكەون بۆ چامپیۆنس لیگی وەرزی داهاتوو.
یان ئۆبلاكی گۆڵپارێزی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە وەرزەكانی پێشوو ركابەری لەسەر نازناوی باشترین گۆڵپارێزی جیهان دەكرد و ساڵانە زۆرترین كلین شیت دەنووسییەوە و كەمترین گۆڵی لێدەكرا، بەڵام ئەم وەرزە بووەتە گۆڵپارێزێكی ئاسایی و گۆڵی ئاسانی لێدەكرێت و تەنها لە خولی ئیسپانیا 39 گۆڵی لێكراوەو بە كۆی گشتیش لەم وەرزە تا ئێستا  53گۆڵی لێكراوە.
لاوتارۆ مارتینێزی ئەستێرەی ئینتەر میلانیش یەكێكی ترە لەو ئەستێرانەی ئەم وەرزە نەیانتوانیوە پارێزگاری لە هەمان ئاستی وەرزی رابردوو بكەن كە ئەویش بە درێژایی ئەم وەرزە تا ئێستا تەنها 16 گۆڵی تۆماركردوە.
لاوتارۆ سەرەتای وەرز نزیك بوو لەوەی ئینتەر جێبهێڵێت، بەڵام رۆیشتنی لۆكاكۆ بووە هۆی ئەوەی ئیدارەی ئینتەر پارێزگاری لە تواناكانی بكەن و ئێستاش چەندین سەرچاوە باس لەوە دەكەن ئینتەر ئامادەیە دەستبەرداری ئەو هێرشبەرە ئەرژەنتینیە بێت.
جیانلویجی دۆنارۆما یەكێكی ترە لەو یاریزانانەی بڕیاری هەڵەی دا و هاوینی رابردوو چووە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان، ئەمەش لە كاتێكدا ئاستی بەرزی لەگەڵ میلان پێشكەش كردبوو لە پاڵ ئەوەش بە باشترین گۆڵپارێزی یۆرۆ و جیهان دیاری كرابوو، بەڵام لەگەڵ پاریس ئاستی وەكو پێویست نییە و هۆكاری سەرەكی كرانە دەرەوەی یانەكەی بوو لە چامپیۆنس لیگ.
یەكێكی تر لەو ئەستێرانەی بڕیارێكی هەڵەی داوە بە چوونە ریزەكانی یانەی پاریس سان جێرمان جۆرجینیۆ ڤینالدۆمی هۆڵەندی بوو كە یەكێك بوو لە ئەستێرە دیارەكانی لیڤەرپوڵ، بەڵام لە ریزی یانە نوێیەكەی بووەتە یاریزانی یەدەك و لە كەمترین ژمارەی یاری بەشداری پێكراوە.
لیۆنێل مێسی خاوەنی خەڵاتی بالۆن دۆری ساڵی رابردوو دیارترین ئەستێرەیە كە ئەم وەرزە لە ریزی یانەی پاریس سان جێرمان بۆتە یاریزانێكی ئاسایی كە لە ریزی یانەكەی تەنها 4 گۆڵی لە خولی فەرەنسا تۆماركردوە و لە قۆناغی 16ی چامپیۆنس لیگیش كراوەتە دەرەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بۆ بردنەوەی ئەو نازناوە پەیوەندی بەو یانەیەوە كردبوو.
مێسی ساڵانێكی زۆرە هەمیشە ركابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان كردوە، بەڵام بڕیارە هەڵەكەی بە چوونی بۆ پاریس سان جێرمان بووەتە هۆی ئەوەی ژمارە یەكی یانەكەشی نەبێت و وەرزێكی زۆر ئاسایی پێشكەش دەكات.
ئەستێرەیەكی تر كە ئەم وەرزە بەشێوەی دوور لە چاوەڕوانی بووەتە یاریزانێكی ئاسایی و زیندانی كورسی یەدەك لویس سوارێزی هێرشبەری یانەی ئەتلەتیكۆ مەدریدە.
سوارێز وەرزی رابردوو بە پێشكەش كردنی ئاستێكی ناوازە یارمەتی یانەكەی دا خولی ئیسپانیا ببەنەوە، بەڵام ئەم وەرزە بووەتە یاریزانێكی ئاسایی و تەنها 11 گۆڵی كردوە بەهۆی ئەمەش لەم ماوەیەی دوایی بووەتە زیندانی كورسی یەدەك و بە ئەگەری زۆر یانەكەی جێدەهێڵێت.
رۆمێلۆ لۆكاكۆی ئەستێرەی بەلژیكی یەكێكی ترە لەو ئەستێرانەی وەرزی رابردوو كە ئەم وەرزە بوونەتە یاریزانی ئاسایی و لە پاڵ ئەوەشدا پێگەكەشی لە پێكهاتەی سەرەكی لەدەستداوە.
لۆكاكۆ وەرزی رابردوو یەكێك بوو لە باشترین هێرشبەرەكان و لە خولی ئیتاڵیا 24 گۆڵی كرد، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی مان سیتی خەزێنەكەی بۆ بكاتەوەو بە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بیگوازێتەوە ریزەكانی، بەڵام دۆخی باش نییە و بووەتە یاریزانێكی ئاسایی.
هەر لە پریمەریگ ئەم وەرزە سیانەی هێرشبەری یانەی لیڤەرپوڵ كە لە سەڵاح و مانی و فیرمینیۆ پێكهاتبوون ئەم وەرزە كۆتایی پێهاتووە، ئەمەش بەهۆی خراپی دۆخی فێرمینیۆ كە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی جۆتا جێگەی بگرێتەوەو فێرمینیۆ ببێتە بژاردەی چوارەم و پێنجەم لە پێكهاتەكەی كلۆپ لەنێو هێڵی هێرشبەران.
لە نێو بەرگریكارانیش دانی كارڤاخالی بەرگریكاری یانەی ریاڵ مەدرید پێكان كاریگەری زۆری لەسەر دروست كردوەو بووەتە یاریزانێكی ئاسایی و خاڵی لاواز لە پێكهاتەی یانەكەی.
لە بۆندس لیگاش دیارترین یاریزان كە نەیتوانیوە بە ئاستی بەرز دەربكەوێت بینجامین پاڤاردی بەرگریكاری فەرەنسیە وەرزی رابردوو ركابەری لەسەر نازناوی باشترین بەرگریكاری لا دەكرد، بەڵام ئەم وەرزە ئاستی زۆر دابەزیوە بەهۆی ئەمەش بایرن بەدوای جێگرەوەی دا دەگەڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان