ژاڵه سه‌فییاری
وێرانییه‌كی له راده به‌ده‌ربوو، له‌لایه‌ك كاخ و له‌لایه‌ك مناره داڕمابوون، شنه‌ی یاد و هه‌ناسه تۆزاوییه‌كان ده‌یدا له روومه‌تی ته‌نیایی، خوناوه داده‌باری و قوڕاوی خه‌می له‌سه‌ر ردێنی راده‌ماڵی، بووكه‌شووشه‌یه‌ك له ئامێزی بوو، په‌یتا په‌یتا ماچی ده‌كرد و بۆنی ده‌كرد، میزڵدانێكی توند له نێو مشتی نابوو، وه‌ها توند كه ده‌ماری ده‌ستی ده‌رپه‌ڕی بوو، نه‌یده‌وێرا مشتی بكاته‌وه، له چوارده‌وری كه‌سی ئاشنا و نه‌یار بوون، جیرانه‌كانی و چه‌ند كه‌سێك كه له ده‌رێی ئه‌م ته‌مه كه‌س نه‌یده‌زانی چه‌ند كه‌س له‌ژێر ئه‌و ته‌پاوكه‌دا جێماون، ده‌نگی هه‌را و داڕمان چركه چركه زیاتر ده‌بوو، ده‌نگی نزا و پاڕانه‌وه‌ش... له یه‌ك چركه‌دا ده‌ڵه‌ی قیامه‌ت خوڵقابوو، هه‌ر كه‌سه و به دوای ئازیزێ وه‌یلان بوو، بارانێكی ناوه‌ختیش دایكردبوو، شه‌و تاریك و سه‌رما تا ناو ده‌مار ده‌چوو، رووت له هه‌رلایه‌ك ده‌كرد زریكه‌ی دڵێك ده‌هات به ئه‌سته‌م ده‌بیسترا و جوان جوان ده‌بینرا، ده‌نگی رۆڕۆی دایكێ ده‌هاته گوێی، به‌ڵام كز و دووربوو، گریانی منداڵان، گوێی بۆ ئاهه‌نگه‌كه‌ی ماڵی خۆی گرت و نه‌هاته گوێی... ده‌نگی قاقا بزر ببوو ته‌می شیوه‌ن دیلانی مه‌رگی ده‌گێڕا.
گوێ قوڵاخ ده‌یڕوانی و گوێی شل كردبوو، قسه‌ی نه‌ده‌كرد، هه‌ناسه‌ی لاواز و ترس یه‌خه‌ی گرتبوو، ده‌یویست په‌له‌قاژه‌ی مانه‌وه بكا و هێزی نه‌بوو، چاوی لێك ده‌نا، جیرانه‌كه‌ی به نائومێدییه‌وه ده‌یگوت تازه ته‌واو، ده‌بێ باوه‌ش به مه‌رگدا بكه‌ین.
چاوی هه‌ڵێنا و رووی كرده جیران و بزه‌یه‌كی هات و گوتی: بۆ مه‌گه‌ر هه‌وه‌ڵ جاره مردن ده‌بینی؟ بۆت بژمێرم چه‌ند جاران مردووم، ده‌بێ ئێستاش بتوانم و ده‌ره‌قه‌تی بێم...
ئه‌و شه‌وه بیری هه‌ر لای كچه‌كه‌ی بوو، بووكه‌شووشه‌ی توند له ئامێز گرته‌وه بیری ده‌هاته‌وه. گوتبووی قه‌ت ده‌ستی به‌رنادا، به‌ڵام له چه‌ند چركه‌یه‌كدا ئه‌و كه‌وتبووه ئێره‌وه و هه‌واڵێك له ماڵ و خێزانی نه‌بوو.
هه‌موو مێشكی كۆكرده‌وه بۆ یارییه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی له‌گه‌ڵ كچه‌كه‌ی و خێزانی رۆیشت بوون، بیری ده‌هاته‌وه، كاتێ پرچه‌كانی خێزانی شانه ده‌كرد، تاڵ تاڵ به‌ندی دڵی پێوه به‌ستبووه‌وه، بۆنی پرچی تاوه‌كو ناو ده‌ماره‌كانی هه‌ڵمژی بوو، هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵی هه‌ڵكێشا له‌ناو ئه‌و هه‌وره پڕ ته‌وژمه به چاویدا داباری. ئه‌و شه‌وه تازه میوانه‌كانی هاتبوون، ماڵیان رازاندبووه‌وه و خێزانی سفره‌یه‌كی بچووك و جوانی راخستبوو، كچه‌كه‌ی له ژووره‌كه‌ی خۆی هه‌ڵده‌په‌ڕی و خێزانی ماندوو له كاری رۆژانه، به‌ڵام خۆی رازاندبووه‌وه و چاوه‌ڕێی میوانه‌كان بوو، لێی ده‌ڕوانی و گۆرانی به باڵایدا هه‌ڵده‌دا.
«خه‌زالێ خه‌زالێ خه‌زالێ خه‌زالێ...» له‌پڕ زه‌وی و ئاسمان تێكه‌ڵاوبوو، هه‌ر یه‌كه‌و به لایه‌كدا كه‌وتن، له چه‌ند چركه‌یه‌كدا هه‌موو شتێ له‌به‌ر چاوی تاریك و لێڵ بوو. ده‌نگی چه‌ند سه‌گێكی بیست، دیاره له ده‌رێی ئه‌م ته‌پاوكه‌وه بۆ یارمه‌تی هاتوون، به‌ڵام هه‌رچی هاواری كرد... وه‌ڵامێ نه‌بوو.
له‌و خه‌یاڵانه‌دا بوو له‌پڕ به هه‌موو هێزییه‌وه ده‌ستی كرد به هه‌ڵكه‌ندنی زه‌وی، خشتی لاده‌دا، ئاسنی فڕێ ده‌دا، له تاوان نه‌یده‌زانی كوێ رابماڵێ و چ بكات. ده‌ستی كۆڵه‌وار بووبوو، له ده‌ست و په‌نجه‌یه‌وه خوێن ده‌چۆڕا، به لۆی پشتێكه‌ی ده‌ستی به‌ست و ده‌یقیژان... ده‌ستی هه‌ڵگرت له هه‌ڵكه‌ندن و به‌دووی جگه‌ره‌دا گیرفانه‌كانی ده‌گه‌ڕا و نه‌یده‌دۆزییه‌وه. به لۆی پشتێنه‌كه‌ی لووتی سڕی. جیرانه‌كه‌ی گوتی شقارته‌ت ده‌وێ؟ به ئه‌سپایی گوتی بیرم چوو بوو، خۆ چه‌ند رۆژه وه‌لام ناوه.
جیرانه‌كه‌ی له ته‌نیشتییه‌وه گوتی: وا نابێ كاكه وا نابێ، خراپتر ده‌ڕووخێ به‌سه‌رماندا، نازانین له كوێی گه‌ڕه‌ك و ژێر پا و بان سه‌رمان چ خه‌به‌ره.
ده‌نگی پۆلیس و ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنه‌وه ده‌هات.
نه‌ڕاندی به‌سه‌ر جیرانه‌كه‌یاندا
_ ناته‌وێت یارمه‌تیم بده‌ی بێده‌نگ به، بێده‌نگ...
هاواری ئازاری لێ ده‌باری.
چه‌ند سه‌عاتێك تێپه‌ڕیبوو، یه‌ك چركه رانه‌وه‌ستا، به‌ڵام هیچ رۆچنه‌یه‌ك ده‌رنه‌كه‌وت. تاوتاو هیلاك ده‌بوو، هه‌ناسه‌ی یاریده‌ی نادا و به‌رده‌وام ده‌ستی ده‌كرده‌وه به‌هه‌ڵكه‌ندن، هێزێك كه‌وتبووه دڵییه‌وه و بێ ئۆقره خه‌ریكی راماڵینی داروبه‌رد بوو، هیلاكی پێوه دیاربوو، سه‌ر و ریشی ته‌پوتۆزاوی و عارق و خوێن تێكه‌ڵاوببوو، به‌ڵام بێ وچان خه‌ریكی هه‌ڵكه‌ندن بوو، له‌پڕ له‌و تاریكاییه‌دا رۆچنه‌یه‌ك كه‌وته به‌رچاوی. به هه‌موو هێزییه‌وه هاواری كرد.
-تكایه یارمه‌تی تكایه...
جیرانه‌كه‌ی له خۆشیاندا هاواری كرد.
- به خودا رۆشناییه...
ئه‌ویش هات به هانایه‌وه و ده‌ستیان كرد به هه‌ڵكه‌ندن و وه‌لا نانی داروبه‌رده‌كه. ده‌نگی گریان به‌رزتر ده‌هاته گوێی، به ده‌م هه‌نسكه‌وه بانگی كچه‌كه‌ی كرد. شیلان گیان... مه‌گری كچم مه‌گری، به‌رزتر هاواری كرد، ساغن، بڵێن ساغن... له درێ كچه بانگی هه‌ڵدا
- باوكمه، به خوا باوكمه، دڵنیابووم به‌ڵێنه‌كه‌ی ناشكێنێ، ده‌نگی دێ، با‌نگم ده‌كات، وه‌رن تكایه وه‌رن به هانامانه‌وه.
پۆلیس و خه‌ڵك به هانای ده‌نگه‌كه‌وه چوون. خاك و خۆڵیان لادا و چاوه‌كانی ده‌ركه‌وت، خۆڵ به‌سه‌ر سه‌ریه‌وه، گریان و پێكه‌نینی تێكه‌ڵاو بووبوو. كچه‌كه مۆمێكی به ده‌سته‌وه بوو. باڵای مۆم بچووك بوو وه‌ك چه‌ند جار كوژابێته‌وه و دایگرساندبێته‌وه، چاوه خووساوه‌كانی سڕی و چاوی له باوكی كرد و گوتی، داپیره ده‌ڵێ دایكم رۆیشتووه، به‌ڵام مۆمه‌كه‌م فوو لێ نه‌كرد تا تۆ بێیت.
فرمێسك به تین و تاو به‌چاویدا هاته‌خوارێ و چه‌ند چركه‌یه‌ك ده‌ڵێی سڕ بووبوو. قۆڵیان گرت و هێنایانه ده‌رێ، شه‌كه‌ت... كچه‌كه‌ی له ئامێز گرت و ده‌ستێكی به پرچه تۆزاوییه‌كانیدا هێنا و شه‌مچه‌ی له جیرانه‌كه‌ی وه‌رگرت و مۆمه‌كه‌ی داگیرسان و پێكه‌وه فوویه‌كیان له مۆمه‌كه كرد.