كەرنەڤاڵێكی كەم وێنە

10:21 - 2023-06-12
وەرزش
221 جار خوێندراوەتەوە

رەوەز ئیسماعیل

 رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە هۆڵی های كریست لە سلێمانی، بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆنەیەكی نایاب و كەم وێنەی رێكخست كە جێگەی رەزامەندی سەرجەم ئەوانە بووە كە بەشدارییان تیادا كرد، بۆنەكە بریتی بوولەوەی بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، خەڵاتی سەرجەم پاڵەوانانی كوردستان و عیراقی كرد كە لەنێوان ساڵانی 2022-2023 توانیویانە خۆیان یانە لەگەڵ تیپەكانیان نازناوی پاڵەوان لەسەر ئاستی کوردستان و عیراق و دەرەوەی عیراق بەدەستبهێنن.
ژمارەیەكی یەكجار زۆر لەوەرزشكارانی كوڕو كچی كوردستان و عیراق لە سەرجەم وەرزشە جۆراو جۆرەكاندا ئەم خەڵات كردنە گرتنییەوە، وەرزشكارەكان لەسەرتاسەری عیراقەوە هاتبوون بۆ سلێمانی، لێپرسراوانی وەرزشیی عیراق و كوردستان لەم مەراسیمەدا ئامادە بوون، ئەم گردبوونەوەیە بۆ یەكەمین جارە بەم شێوەیە بەرفراوانە رێكدەخرێت و بەبێ جیاوازی یەكێتیی وەرزشی و یانەو شار و نەتەوە، خەڵاتی تایبەتی بۆردی وەرزشیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆیان دەكاتەوە.
سەرتیپ عەلی لێپرسراوی بۆردی وەرزشیی لەووتەیەكیدا باسی ئەوەی كرد كە ئەمە نەریتێكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانە کە رێز لە وەرزشكارانمان بگرین و دەستگیرۆییان بكەین و یارمەتییان بدەین،ئەم نەریتەشمان لە هەڤاڵی كۆچكردوو مام جەلالەوە بۆ ماوەتەوە.
هەروەها باسی ئەوەشی كرد كە ئەمە بۆ یەكەمین جارە بۆنەیەکی بەر فراوانی وا رێكدەخرێت و بەڵێنیش دەدەین كە ئەمە یەكەم و دوا رێزلێنان نەبێت و بەنیازین ساڵانە ئەم بۆنە وەرزشییە رێكبخەین و پاڵپشتی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بۆ وەرزش و وەرزشکاران دووپات بكەینەوە.
لێرەدا دەبێت دەستخۆشی لە هەڤاڵ سەرتیپ عەلی و بۆردی وەرزشیی و مەکتەبی رێكخراوە دیموكراتییەكان و هەڤاڵ جوتیار نوری بكرێت بۆ ئەم ئاوڕدانەوەیەیان لە وەرزشی كوردستان و عیراق و پاڵەوانە كوڕو كچەكانی كوردستان و عیراق تا كاروانی وەرزشیی گەشەی زیاتر بكات.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان