کەرکوکییەکان كاری رۆژانەیان بە پاسكیل رایی دەكەن

08:59 - 2022-05-01
ڕاپۆرت
701 جار خوێندراوەتەوە
عەبدوڵڵا کاکە، لەحەفتاكانی سەدەی رابردوودا پاسكیل سواری وەرزشی بووە

كەركوك، هێمن ئەحمەد

لە شاری كەركوك، لە چلەكانی سەدەی رابردووە وە هاتوچۆکردنی هاووڵاتیان بە پاسکیل بووەتە دیاردە، ئەوکات ئەو ئینگلیزانەی لە كۆمپانیای نەوتی عیراق کاریان دەکرد بە پاسکیل هاتوچۆیان دەکرد دواتر ئەو دیارەدەیە گوازرایەوە بۆ ناو دانیشتوانی شارەکە، لە ئێستادا بەشێکی زۆری دانیشتوانی کەرکوک بە پاسکیل هاتوچۆ دەکەن بۆ سەر کار و راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کە زیاتر لەلایەن منداڵان و مێرد منداڵان و پیاوانەوە بەکاردەهێنرێن.

پاسكیل هاوڕێی هەمیشەییمە
عارف سابیر تەمەن 70 ساڵە، دانیشتووی گەڕەكی زێویی شاری كەركوكە و تا ئێستا بە پاسكیل هاتوچۆی زۆربەی شوێنەكانی شارەكە دەكات، بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: لەوەتەی خۆم ناسیوە ئاشنای لێخوڕینی پاسكیلم، پاسكیلی جاران زۆر چاك و سادە و گەلێك جۆری بە ناوبانگی هەبووە وەكو جۆری «هەمبەر».
وتیشی، جاران پاسكیل سواریی دیاردەیەكی شارستانییەتی شار بوو كە لە ئینگلیزەكانەوە خەڵكی ئاشنای بوون، بەتایبەتی ئەوانەی كە فەرمانبەر و كرێكار بوون لە كۆمپانیای نەوتی كەركوك، تەنانەت لە زۆر شوێنی شارەكەدا وەكو دیاردەیەكی پێشكەوتن شوێنی تایبەتی وەستانی پاسكیل هەبوو بە تایبەتی لە كۆمپانیای نەوتی باكوور.

چێژی خۆی هەیە 
عەبدوڵڵا كاكە، دانیشتووی گەڕەكی دەروازەی شارەكەیە و یەكێكە لەو كەسانەی  لەحەفتاكانی سەدەی رابردوودا پاسكیل سواری وەرزشی بووە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: وەكو یاریزانێكی پاسكیل سواریی و فەرمانبەر لە یەكێك لە فەرمانگەكانی كەركوك، لەبەرئەوەی لەو سەردەمەدا پاسكیل سواریی گرنگی خۆی هەبوو منیش ئارەزووی پاسكیل سواریم لە بورای وەرزشدا كرد، بۆ ئەوەی بەشداری ئەو خولانە بكەم كە لە كەركوكدا رێكدەخرا زۆربەی یانەكانی ئەو كاتەی كەركوك بەشی وەرزشی پاسكیل سوارییان هەبوو، چونكە لەو كاتەدا بایەخی تایبەتی خۆی هەبوو.
وتیشی، ماوەیەكی زۆرە وازم لە وەرزشكردن هێناوە، بەڵام بەهیچ جۆرێك وازم لە پاسكیل نە هێناوە و تاكو ئێستاكەش بە خۆشەویسترین هاوڕێی خۆمی دەزانم.

بۆ نەخۆشی چارەسەرە
رێبین عەلی، هاووڵاتییەكی شاری كەركوكە دەڵێت ماوەیەكی زۆرە سەردانی دكتۆر دەكەم، تووشی بێهێزی و لەشداهێزران بووم، سەردانی زۆر لە دكتۆرەكانم كرد، هەموویان ئامۆژگاری ئەوەیان كردم،وەرزش بە پاسكیل بكەم یان بچمە شوێنەكانی یاریكردن بۆ ئەوەی ماسولكەكانم بەهێز بێت، بەڵام پاسكیل سوارییەكە لە هەمووی زیاتر سوودی پێگەیاندووم و توانیم 90 %ی چارەسەری نەخۆشییەكەم بكەم و بەرەو باشتر بڕۆم.

بالەی ئەوروپی باشترین جۆری پاسكیلە
مستەفا عەلی بریكاری هێنانی پاسكیلی بالەی ئەوروپیە لە گەڕەكی راپەڕینی شاری كەركوك بۆ كوردستانی نوێ وتی: ماوەی بیست ساڵە پیشەی هێنانی پاسكیلی یابانی دەكەم كە دروستكراوی وڵات چینە و هەموو جۆرەكانی لای ئێمە دەستدەكەوێت ‌و بەناوبانگترین جۆریان پاسكیلی (برجرستۆن)ە، نرخەكانی لە نێوان 80 تا 100 هەزار دینارە و هەموو تەمەنێك لای ئێمە پاسكیل دەكڕێت و یەدەكی پاسكیلیشمان لا دەستدەكەوێت.

هەموو توێژەكان بایەخ بە پاسكیل دەدەن
وتیشی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دوور و نزیك بایەخ بە كڕینی پاسكیل دەدەن و هەر یەكەی بە ئارەزووی خۆی قەبارە و جۆر و رەنگ هەڵدەبژێرن و ئەویشی بەرچاوە لە وەرزی هاویندا ئارەزوو لەسەر كڕینی پاسكلیل زیاترە وەكو ئەوەی لە وەرزی زستاندا، چونكە لە وەرزی هاویندا باران نییە و شەقامەكانیش پاك و پوختەن لە باران و قوڕاو و زیاتر گەنجان بایەخ بە پاسکیل لێخوڕین دەدەن.
عەباس محەمەد، دوكانی فرۆشتنی پاسكیلی هەیە لە بازاڕی پەنجا عەلی، بۆ كوردستانی نوێی وتی: جۆرەكانی پاسكیل لەلایان دەست دەکەوێت هی وڵاتانی، چین، یابان، بەریتانیا، ئەمریكا، بەناوبانگترینیشیان جۆری یابانییە و هەموو كەسێك لە منداڵەوە تا گەورە بەكاری دەهێنێت، جۆری ئەمریكی جۆرێكی چاكە، بەڵام لەشێوەی دروستكردندا قورس و قەبەیە، بەڵام جۆری یابانییەكە هەموو پێویستییەكی ئاسان و سەرنج راكێشی تێدایە، تەنانەت جۆری هەستیاریشی هەیە.
وتیشی: دەتوانم بێڵێم لەهەر دە كەسێك لەم شارەدا کەسێکیان پاسكیلی هەیە، جگە لەوەش بەشێك لەو فەرمانبەرانەی كەركوك كە فەرمانگەكانیان لە ماڵەكانیانەوە نزیكە بە پاسكیل هاتوچۆ دەكەن و كاری رۆژانەی خۆشیان هەر بە پاسكیل رایی دەكەن.
لەگەڵ ئەوەی بەکارهێنەریكی زۆری پاسکیل هەیە لە کەرکوک تائێستا بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ بیری لەوە نەکردووەتەوە رێگەی تایبەت بە هاتوچۆ پاسکیل و راگرتنی لەسەر شەقامەکان رەنگڕێژ بکات و جیابکاتەوە.

#كەركوك

بابەتە پەیوەندیدارەکان