ئینیۆس بۆند بۆ كڕینی چێڵسی پێشكەش دەكات

09:17 - 2022-05-01
وەرزش
604 جار خوێندراوەتەوە

جیم راتكلیفی ملیاردێری بەناوبانگی بەریتانی بۆندێكی پێشكەش كردوە بۆ كڕینی یانەی چێڵسی كە باشترین بۆندە تا ئێستا پێشكەش كرابێت و دەكرێت هاندەرانی یانەكەش بەو بۆندە دڵخۆش بن.
یەكێك لەو هۆكارەی وادەكات هاندەرانی یانەكە دڵخۆش بن ئەوەیە وەكو راتكلیف ئاماژەی پێداوە بۆندێكە لە بەریتانیەكەوە بۆ كڕینی یانەیەكی بەریتانی، بەمەش خاوەندارێتی یانەكە دەگەڕێتەوە بۆ كەسێكی وڵاتەكە.
بەڵام لایەنە وەرزشیەكە زیاتر مایەی دڵخۆشییە بۆ هاندەران، ئەمەش بەهۆی وەبەرهێنانەكانی جیم لە بواری وەرزش كە ناوبراو خاوەنی یانەی نیسی فەرەنسی و تیپی ئینیۆس گرۆناندیزی تایبەت بە پاسكیلسواریە.
جیم بڕی 4.25 ملیار پاوەندی پێشكەش كردوە بۆ كڕینی یانەی چێڵسی و بەپێی سەرچاوەكانیش ئەو پارەیە زیاترە لەوەی رۆمان ئەبرامۆڤیچ خاوەنی یانەكە داوای كردوە.
جیم خۆی ئەندازیاری كیمیاییە و خاوەنی كۆمپانیای ئینیۆسی بەناوبانگە كە لە بواری كیمیایی كاردەكات، بەڵێنیشی داوە یاریگای ستامفۆرد بریج بكات بە یەكێك لە دیارترین یاریگاكانی جیهان و باشترین راهێنەر و یاریزانانیش لە یانەكە كۆبكاتەوە.
ئەوەی زیاتر مایەی دڵخۆشی دەبێت بۆ هاندەران ئەوەیە جیم بەوە ناسراوە كە دەیەوێت ئەو تیپانەی موڵكی ئەون لە پاڵ قازانجی دارایی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن ئەوەتا تیپی ئینیۆس كە پێشتر ناوی سكای بوو ساڵانێكی زۆرە باشترین تیپی پاسكیلسواری جیهانە و یانەی نیسیش خاوەنی پڕۆژەیەكی گەورەیە بۆ ئەوەی ببێتە ركابەرێكی بەهێز لە خولی فەرەنسا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان