سومه‌رست موم
له فارسییه‌وه: محه‌مه‌د كه‌ریم
4-1
له‌ناو هه‌موو رۆماننووسه گه‌وره‌كانی جیهاندا كه به به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان گه‌نجینه مه‌عنه‌وییه‌كانی جیهانیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، به باوه‌ڕی من به‌لزاك له هه‌موویان گه‌وره‌تره. به‌لزاك بلیمه‌ت بوو. نووسه‌رانێك هه‌ن به هۆی یه‌كێك یان دوو كتێبی خۆیانه‌وه ناوبانگیان په‌یداكردووه. جاریوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌و هه‌موو بابه‌ته‌ی نووسیویانه، ته‌نیا به‌شێكی به‌های نه‌مریی هه‌یه، جاریوایه له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیلهامیان زاده‌ی ئه‌زموونێكی تایبه‌تییه، یان له تایبه‌تمه‌ندیی خولق و خووی نووسه‌ره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، ته‌نیا به‌كه‌ڵكی كتێبێكی لاپه‌ڕه كه‌م هاتووه. ئه‌م نووسه‌رانه ئه‌وه‌ی له هه‌گبه‌كه‌یاندایه به‌یه‌كجار بۆ هه‌میشه هه‌ڵیده‌ڕێژن، ئه‌گه‌ر دووباره شتێك بنووسن، قسه‌كانی پێشوویان دووباره ده‌كه‌نه‌وه. «به‌رداری» له خاسیه‌ته گه‌وره‌كانی نووسه‌ره. «پڕبه‌رهه‌می» به‌لزاك سه‌رسووڕهێنه‌ر بوو. بواری ئیشكردنی، سه‌راپای ژیانی سه‌رده‌می خۆی بوو، روانگه‌ی فراوانی هێنده‌ی فراوانیی وڵاته‌كه‌ی بوو. به‌لزاك، چینی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵگا: پزیشكان، پارێزه‌ران، كاتب و رۆژنامه‌نووسان، دوكانداران و قه‌شه‌ی لادێكانی باشتر له دنیای گه‌وره و باشتر له جیهانی كرێكارانی شار و جووتیاران ده‌ناسی. وه‌كو هه‌موو رۆماننووسه‌كان، كه بابه‌تێكی سه‌باره‌ت به مرۆڤی خراپ ده‌نووسی، باشتر له‌و شته‌ی سه‌باره‌ت به كه‌سانی باش ده‌ینووسی سه‌ركەو‌تنی به‌ده‌ست ده‌هێنا، چونكه روانگه‌ی به‌لزاك ورد و روون بوو، توانای داهێنانی سه‌یر بوو، ژماره‌ی ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ی دروستی كردبوون سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو.
به‌ڵام باوه‌ڕم وا نییه به‌لزاك پیاوێكی زۆر سه‌رنجراكێش بووبێت. له خاسیه‌ته رۆحی و فكری و ئاكارییه‌كانیدا، مه‌سه‌لەی ئاڵۆز و ناكۆكی سه‌رسوڕهێنه‌ر و خاڵی ئاڵۆزی ورد هه‌بوون. له راستیدا شته شاراوه‌كانی ویژدانی به‌لزاك، تا راده‌یه‌ك ئاشكرا بوو. ته‌نانه‌ت دڵنیاش نیم له‌وه‌ی مرۆڤێكی زۆر هۆشیار بووبێت، بیروباوه‌ڕ و بیروبۆچوونه‌كانی ئاسایی و رووكه‌ش بوون، به‌ڵام ئه‌و توانای داهێنانه‌ی هه‌یبوو نائاسایی بوو. له یه‌كێك له هێزه‌كانی سروشت ده‌چوو. بۆ نموونه، له رووبارێكی سه‌ركه‌ش و خرۆشاو ده‌چوو له كه‌ناره‌كانی خۆی یاخی بێت و هه‌رچی له‌به‌رده‌میدایه له‌گه‌ڵ خۆیدا بیبات. یان وه‌كو گه‌رده‌لوولێك به گڤه گڤ و لووره لووره‌وه به‌سه‌ر ده‌شته ئارام و شه‌قامه‌كانی شاره قه‌ره‌باڵغه‌كاندا هه‌ڵبكات.
توانای به‌رجه‌سته‌ی به‌لزاك، وه‌كو وێنه‌كێشێكی كۆمه‌ڵگا، ته‌نیا ئه‌وه نه‌بوو وێنه‌ی خه‌ڵك له رووی ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌وه كه له‌گه‌ڵ یه‌كتری هه‌یانه بكێشێت-هه‌موو رۆماننووسان، جگه له‌وانه‌ی رۆمانی پڕ رووداوی رووت و ساده ده‌نووسن، هه‌مان شت ده‌كه‌ن- به‌ڵكو به‌لزاك به‌تایبه‌تی ده‌یه‌ویست له‌و روانگه‌یه‌وه وێنه‌ی خه‌ڵك بكێشێت كه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ دنیادا هه‌یه، ئه‌و دنیایه‌ی تیایدا ده‌ژین.
رۆماننووسان زیاتر، كۆمه‌ڵێك مرۆڤ كه هه‌ندێ جار له دوو سێ كه‌س زیاتر نین، بۆ رۆمانه‌كه‌ی خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن و به‌شێوه‌یه‌ك ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤانه له‌ناو «سندوقێكی ئاوێنه«دا بژین. ئه‌م ره‌فتاره زۆرجار كاریگه‌رییه‌كی زۆری له‌سه‌ر خوێنه‌ر ده‌بێت، به‌ڵام به‌دبه‌ختانه كاریگه‌رییه‌كی ده‌سكرده، خه‌ڵك، ته‌نیا له چوار دیواری وجودی خۆیاندا ناژین، به‌ڵكو له پانایی ژیانی ئه‌وانی تریشدا ده‌ژین. خه‌ڵك له ژیانی خۆیاندا، رۆڵی به‌رجه‌سته ده‌بینن، به‌ڵام له ژیانی ئه‌وانی تریشدا هه‌ندێ جار ئه‌و رۆڵه گرنگه ده‌بینن. ئه‌گه‌رچی له‌وانه‌یه له هه‌مانكاتدا زۆر بچو‌وكیش بێت. تۆ ده‌چیته سه‌رتاشخانه بۆ ئه‌وه‌ی قژت چاك بكه‌یت، ئه‌مه بۆ تۆ هیچ گرنگییه‌كی نییه، به‌ڵام له‌وانه‌یه له ژیانی سه‌رتاشه‌كه‌دا، خاڵی وه‌رچه‌رخان بێت.
به‌لزاك به تێگه‌یشتن و ده‌ستنیشانكردنی هه‌موو چه‌مكه ئاماژه‌ییه‌كانی ئه‌م خاڵه، توانی له لایه‌نه جۆراو جۆره‌كانی ژیان، له پاشاگه‌ردانی و نیاز مه‌به‌سته ناكۆكه‌كانی، له «عیله‌ت»ی دوور كه «مه‌علول»ی گرنگ به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئینتباعێكی (impression) زیندوو و هه‌ژێنه‌ر به خوێنه‌ر بدات. پێم وایه به‌لزاك، یه‌كه‌م رۆماننووس بوو كه هه‌ستی به گرنگی «ئابووری» كرد له ژیانی خه‌ڵكدا. به‌لزاك نه‌ك ته‌نیا ده‌یوت پاره ره‌گوڕیشه‌ی هه‌موو خراپییه‌كانه، به‌ڵكو پێی وابوو حه‌زكردن له پاره، ئاره‌زووی پاره، پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی ئیشه‌كانی مرۆڤه. له رۆمانه‌كانی به‌لزاكدا، به‌ده‌ستهێنانی پاره‌ی زیاتر و زیاتر، بابه‌تێكه مێشكی كاره‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی یه‌ك له دوای یه‌ك، داگیر كردووه. ئامانجیان ئه‌وه‌یه شاهانه بژین، خانووی جوان، ئه‌سپی جوان، ژنی جوانیان هه‌بێت، له روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه، تا ئه‌و كاته‌ی له ئیشه‌كانی خۆیاندا سه‌ركه‌وتوو ده‌بن هه‌موو هۆكاره‌كان بۆ گه‌یشتن به ئامانج ره‌وایه. ئه‌مه ئامانجێكی هیچ و نزمه، به‌ڵام پێم وانییه له سه‌رده‌می ئێمه‌دا، كه‌متر له‌وه‌ی له سه‌رده‌می ئه‌ودا باو بووه، باو بێت.
شانازیی به‌ده‌سته‌كانییه‌وه ده‌كرد
ئه‌گه‌ر به‌لزاكت له ته‌مه‌نی سی و سێ ساڵیدا ده‌بینی، سه‌روه‌ختێ كه له به‌رهه‌مه‌كانیدا سه‌ركه‌وتوو بوو، رووبه‌ڕووی پیاوێكی له‌م شێوه‌یه ده‌بوویته‌وه: پیاوێكی كورته‌باڵا، تاڕاده‌یه‌ك قه‌ڵه‌و و چوارشانه و سنگ پان بوو، به‌شێوه‌یه‌ك كورته‌باڵاییه‌كه‌ی سه‌رنجی رانه‌ده‌كێشایت. ملی وه‌كو ملی گا وابوو، سپێتی ملی و سووری ده‌موچاوی جیاواز ده‌رده‌كه‌وت. جلوبه‌رگه‌كه‌ی ئه‌ستوور و ده‌م به‌خه‌نده و سووركار بوو، سووركارییه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك بوو دیار بوو. لووتی چوارگۆشه و كونه‌لووته‌كانی فش بوون. ناوچه‌وانی سپی و به‌زر بوو، قژی پڕ و ره‌ش بوو. قژی وه‌كو یاڵی شێر پشت سه‌ری داپۆشیبوو. چاوانی ره‌شی به خاڵی ئاڵتوونییه‌وه، ژیان و رووناكی و هێزێكی راكێشانی بێوێنه‌یان تێدا بوو. چاوانی ئه‌و راستییه‌یان داده‌پۆشی كه قاڵبی ده‌موچاوی ناڕێك و ئاسایی بوو. ده‌ربڕینی پڕ جۆش و خرۆش، بێپه‌رده بوو، له ناسكی و ته‌بیعه‌ت خۆشییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو. وزه‌ی ژیانیی ئه‌وه‌نده زۆر بوو، ئه‌وه‌نده به‌س بوو له‌لای بیت و هه‌ست به چالاكی و شادی بكه‌یت. پاشان له جوانی ده‌سته‌كانی سه‌رسام ده‌بوویت. به‌لزاك زۆر شانازیی به‌ده‌سته‌كانییه‌وه ده‌كرد. ده‌سته‌كانی وه‌كو هی ئه‌سقه‌فێك، بچووك، سپی و گۆشتن بوون، نینۆكه‌كانی خاكی ره‌نگ بوون. ئه‌گه‌ر شه‌و بتدیایه، ده‌تبینی چاكه‌تێكی سپی قۆپچه ئاڵتوونیی له‌به‌ردایه، پانتۆڵی ره‌ش، هێله‌كی سپی، گۆره‌وی ره‌شی ئاوریشمی به نه‌خش و نیگار، پێڵاوی بریقه‌دار و كراسی سپی جوان و ده‌سكێشی زه‌رد له ده‌ستدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به رۆژ بتدیایه، تووشی سه‌رسوڕمان ده‌بوویت، چونكه: به چاكه‌تێكی كۆنی خوری و كڵاوێكی شڕی ناشیرین و پانتۆڵی قوڕاوی و پێڵاوی پیسه‌وه ده‌تبینی.
هاوچه‌رخانی به‌لزاك، هه‌موویان ده‌ڵێن له‌و زه‌مانه‌دا ساده و بێ رتووش و ره‌فتار مناڵانه و میهره‌بان و خۆش مه‌شره‌ب بوو. «جۆرج ساند» ده‌ڵێت به‌لزاك تاڕاده‌یه‌ك خاكی و گه‌رموگوڕ و بێ ریا و هه‌تا ئه‌وپه‌ڕیش به لاف و گه‌زاف و لووتبه‌رز بوو. متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بوو، ده‌ست و دڵ كراوه بوو، مرۆڤێكی زۆر باش، قورس، میزاجی و خۆش خه‌یاڵ بوو، له ئیشدا بێ‌سنوور و له ئاره‌زوودا مامناوه‌ندی بوو، هه‌م واقیعبین و هه‌م خه‌یاڵپڵاو، هه‌م خۆشباوه‌ڕ و هه‌م به‌گومان بوو، كاره‌كته‌رێكی مه‌ته‌ڵاوی و سیفه‌تی ناكۆكی هه‌بوو.
ناوی راسته‌قینه‌ی ئه‌م رۆماننووسه «بالسا-Balssa» بوو، باوباپیرانی كرێكاری كشتوكاڵی بوون، به‌ڵام باوكی كه پارێزه‌رێكی فێڵباز بوو، دوای شۆڕشی فه‌ره‌نسا سه‌ری له‌ناو سه‌راندا بوو، ناوی خۆی گۆڕی بۆ «به‌لزاك». باوكی به‌لزاك له‌گه‌ڵ كچێكی ده‌وڵه‌مه‌نددا زه‌ماوه‌ندی كرد و «ئۆنۆری به‌لزاك» كه نۆبه‌ره‌ی چوار مناڵی بوو، له ساڵی «1799»دا له شاری «تۆر» له‌دایكبوو. باوكی «ئۆنۆری» له «تۆر» به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی شار بوو. ئۆنۆری به‌لزاك پاش ئه‌وه‌ی چه‌ند ساڵێك له قوتابخانه خوێندی و قوتابییه‌كی خراپ و ته‌مه‌ڵ بوو، له پاریس چووه نووسینگه‌ی یه‌كێك له پارێزه‌ره‌كانی شار. له‌و كاتانه‌دا گوێزابوویه‌وه بۆ پاریس. به‌ڵام سێ ساڵ دوای ئه‌وه، پاش ئه‌وه‌ی ئۆنۆری به‌لزاك له تاقیكردنه‌وه قبووڵكرا، كاتێ داوایان لێ‌كرد ببێته پارێزه‌ر، یاخی بوو. ده‌یه‌ویست ببێت به نووسه‌ر. شه‌ڕو فه‌رته‌نه‌یه‌كی قورسی خێزانی دروست بوو. ئاخری، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی به‌رده‌وامی دایكی كه ژنێكی سه‌رسه‌خت و به حساب و كیتاب بوو، ئۆنۆری به‌لزاك قه‌ت خۆشی نه‌ده‌ویست، باوكی تا ئه‌و راده‌یه ته‌سلیم بوو كه ده‌رفه‌تێكی بداتێ بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به نووسه‌ر. بڕیار بوو ئۆنۆری به‌لزاك به مووچه‌یه‌كی مه‌مره و مه‌ژی ژیانێكی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت و به‌ختی خۆی تاقیبكاته‌وه.
یه‌كه‌م ئیش كه ئۆنۆری به‌لزاك كردی ئه‌وه بوو تراجیدیایه‌كی شیعری سه‌باره‌ت به «ئۆلیڤه‌ر كرۆمویل» نووسی. ئۆنۆری به‌لزاك ئه‌م تراجیدیایه‌ی بۆ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی خوێنده‌وه، كه بۆ گوێگرتن لێی كۆببوونه‌وه. ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی به یه‌ك ده‌نگ وتیان ئه‌مه‌ی نووسیوته لە قسه‌ی قۆڕ زیاتر هیچ نییه. پاشان تراجیدیاكه‌یان نارد بۆ پڕۆفیسۆرێك. قسه‌ی پڕۆفیسۆره‌كه ئه‌وه بوو، نووسه‌ری ئه‌م ده‌قه هه‌ر ئیشێكی تر كه حه‌زی لێیه ده‌توانێت بیكات، جگه‌له نووسه‌ری.
به‌لزاكی تووڕه و نا‌ئومێد، بڕیاریدا ئێستا كه ناتوانێت ببێت به شاعیرێكی تراجیدی، خۆ ده‌توانێت ببێت به رۆماننووس. دوو سێ رۆمانی نووسی كه ئیلیهامی له «واڵته‌ر سكۆت» و «ئان رادكلیف» و «لۆرد بایرۆن» وه‌رگرتبوو. به‌ڵام خێزانه‌كه‌ی به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتبوون له‌م ئه‌زموونه‌شیدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و بۆیه فه‌رمانیان پێكرد بچێته‌وه سه‌ر بژارده‌ی یه‌كه‌م كه پارێزه‌ری بوو.
به‌خێرایی یه‌ك له دوای یه‌ك رووداو دروست بكات
به‌لزاكی پیر، «باوكی به‌لزاك» خانه‌نشین ببوو، خێزانه‌كه‌ی له گوندێك ده‌ژیان به ناوی «ڤیلپاریزیس»، كه زۆر له پاریسه‌وه دوور نه‌بوو. یه‌كێك له هاوڕێكانی ئۆنرێ به‌لزاك، كه نووسه‌رێكی بازاڕی بوو، له‌وێ هاته سه‌ردانی و ئۆنۆری به‌لزاكی هان دا رۆمانێكی تر بنووسێت. ئۆنۆری به‌لزاك ده‌ستیكرد به نووسین. به‌و شێوه‌یه رۆمانی زۆر كه ته‌نیا بۆ نان په‌یداكردن ده‌نووسران، كه‌وتنه بازاڕه‌وه. ئۆنۆری به‌لزاك ئه‌م رۆمانانه‌ی به كۆمه‌ڵێك ناوی خوازراوه‌وه ده‌نووسی، جاریوابوو به ته‌نیا و جارێكیش به هاوكاری كه‌سانی تر. كه‌س نازانێت له ماوه‌ی چوار ساڵی»1825-1821» چه‌ند رۆمانی بڵاوكردۆته‌وه. هه‌ندێك له ئاگاداره‌كان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن په‌نجا رۆمانی بڵاوكردۆته‌وه. زۆربه‌ی ئه‌م رۆمانانه، مێژوویی بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و رۆژگاره واڵته‌ر سكۆت له لووتكه‌ی ناوبانگدا بوو، ئۆنۆری به‌لزاك به شێوه‌یه‌ك رۆمانی ده‌نووسی بۆ پاره په‌یداكردن سوود له شێوازی «فه‌نتازیای» سكۆت وه‌ربگرێت. ئه‌م رۆمانانه زۆر خراپ بوون، به‌ڵام له روویه‌كه‌وه سوودیان بۆ به‌لزاك هه‌بوو. به‌و مانایه‌ی: فێریان كرد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ر رابكێشێت، ده‌بێت له‌ناو رۆمانه‌كه‌یدا، به‌خێرایی یه‌ك له دوای یه‌ك رووداو دروست بكات. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یان فێركرد قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌لای خه‌ڵكه‌وه له‌پله‌ی یه‌كه‌مدان وه‌كو عه‌شق، سامان، شه‌ره‌ف و ژیان، مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگن. له‌وانه‌یه ئه‌و خاڵه‌ش كه حه‌ز و ئاره‌زووشی ئاراسته‌ی ده‌كرد، ئه‌وه‌ی فێركردبێت نووسه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك به‌رهه‌مه‌كانی بخوێننه‌وه، ده‌بێت زۆر بایه‌خ به هه‌ست و سۆز بدات، هه‌ست و سۆز له‌وانه‌یه نزم بێت یان شتێكی ناچیز و نائاسایی بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاخی و به‌هێز بێت، ده‌توانیت چه‌ند ئاماژه‌یه‌كی مه‌زنی و گه‌وره‌یی تێدا بدۆزیته‌وه.
سه‌رچاوه: درباره رمان و داستان كوتاه