خەلیل عەبدوڵڵا
حاجی تۆفیق به‌گ، پیره مێرد مەشھور
مامۆستای زانای كوردی خوارو ژوور
کام پیر؟ ئه‌و پیره‌ی به‌ژیان‌و ژین
گشت كوردستانی پڕ كرد له‌زانین
کام پیر؟ ئه‌و پیره‌ی هیمه‌تی نواند
بۆ كوردی نوسین ئه‌و رچه‌ی شكاند
«قانع»
تۆفیق به‌گی مه‌حمود ئاغای هه‌مزاغای مه‌سره‌ف، كه دواتر ناوی پیره‌مێردی له رۆحی خواجه عوبێدوڵڵای ئه‌نسارییه‌وه وه‌رگرت و كردیه نازناوی خۆی، له‌دایكبووی ساڵی 1867ی گه‌ڕه‌كی گۆیژه‌ی شاری سلێمانییه، له حوجره‌كانی ئه‌م شاره و شاری بانه ده‌رسه ئاینییه‌كانی خوێند. دواتر وه‌ك فه‌رمانبه‌ری میری له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه خزمه‌تی كرد.
پیره‌مێرد هه‌ر له منداڵییه‌وه خولیای ئه‌ده‌ب و خوێندنه‌وه‌ی شیعری شاعیران ئه‌بێ و ئه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری شیعره‌كانی نالییه‌وه، له‌و باره‌یه‌وه ئه‌ڵێ، تا مه‌وله‌ویم نه‌ناسی بوو، نالیم به‌پێغه‌مبه‌ری شیعری كوردی ئه‌زانی!.
پیره‌مێرد 31 ساڵی قۆناغی یه‌كه‌می ته‌مه‌نی له سلێمانی به‌خوێندن و وه‌زیفه و خولیای ئه‌ده‌به‌وه به‌سه‌رئه‌بات.
لەدوای ئه‌وه قۆناغی دووه‌می ژیانی ده‌ست پێده‌كات كه له ساڵی 1898 ه‌وه له‌گه‌ڵ شێخ سه‌عیدی حه‌فید ئه‌چێته ئه‌سته‌نبوڵ و چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له‌وێ ئه‌مێنیه‌وه.
سەرەتا به‌هۆی شاره‌زایی له زمانی فارسی، له كۆشكی سوڵتانه‌وه داوای لێئه‌كرێ به‌زمانی فارسی وه‌ڵامی نامه‌یه‌كی شا ناسره‌دینی پادشای ئێران بداته‌وه كه بۆ سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی نووسی بوو، پیره‌مێرد هێنده وه‌ڵامێكی جوان به‌زمانی فارسی ئه‌نووسێ، ئه‌بێته جێگه‌ی سه‌رنجی كاربه‌ده‌ستان، له‌پای ئه‌وه سوڵتان پله‌ی به‌گی ئه‌داتێ و ئه‌یكاته ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای ئه‌سته‌نبوڵ.
سەرباری وه‌رگرتنی ئه‌و پله‌وپایه باڵایه، پیره‌مێردپێی وابووه ئه‌وه شتێكی كاتییه و لای ئه‌و خوێندن و خوێنده‌واری هه‌میشه‌یی و گرنگتر بوون، هه‌ربۆیه‌ش له‌وێ رێگه‌ی خوێندنی گرتۆته‌به‌ر و كۆلیجی حقوقی ته‌واو كردووه و دواتر بووه به‌پارێزه‌ر و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاری رۆژنامه‌نووسی كردووه و ماوه‌ی چوار ساڵ سه‌رنوسه‌ری گۆڤاری ره‌سملی كتاب و خاوه‌ن و سه‌رنوسه‌ری رۆژنامه‌ی كورد بووه و له چه‌ندین گۆڤار و رۆژنامه‌ی تری كوردی و توركی و فارسی‌دا وتار و شیعر و نووسینه‌كانی بڵاو كردۆته‌وه. ته‌نانه‌ت به‌رهه‌مه‌كانی بۆ رۆژنامه‌كانی ئێران و میسر و فه‌ره‌نساش ناردووه.
بێ له كاری پارێزه‌ری و رۆژنامه‌نووسی، پیره‌مێرد كاری ئیداریشی كردووه و چه‌ندین پۆستی باڵای وه‌ك قائیمقامی و موته‌سه‌ریفی له توركیا وه‌رگرتووه.
سەرباری ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته باڵایانه‌شی هه‌بووه، كێشه‌ی ره‌وای میلله‌ته‌كه‌ی هه‌ر له‌بیر بووه و خه‌باتی سیاسی و رووناكبیری بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كورد كردووه و له چه‌ند كۆمه‌ڵه و رێكخراوی سیاسی كورده‌كانی توركیادا خه‌باتی كردووه و خۆی وته‌نی، ماخۆلانی كوردایه‌تی و نیشتمانپه‌روه‌ری كه‌وتبووه سه‌ری و له ئه‌سته‌نبوڵ نه‌عره‌ی نیشتمانی كێشاوه. هه‌ر به‌هۆی هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كانییه‌وه چه‌ندین جار له توركیا زیندانی كرابوو و بڕیاری له‌سێداره‌دانیشی بۆ ده‌رچوو بوو. به‌ڵام پیره‌مێرد وه‌ك له وه‌سێتنامه‌كه‌یدا ئه‌ڵی به‌سه‌ربه‌رزی ئه‌زانم كه له رێی باوه‌ڕی خۆما حه‌پسی و زیندانی زۆرم دیووه.
ئەسته‌نبوڵ وه‌ك شارێكی گه‌وره و خاوه‌ن شارستانی، مه‌ڵبه‌ندێكی گرنگ بووه بۆ پێگه‌یاندنی پیره‌مێرد له رووی خوێندن و نووسین و زمان و رۆژنامه‌گه‌ری و پارێزه‌ری و ئیداری و سیاسییه‌وه.
لەدوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك مانه‌وه‌ی له توركیا، له ساڵی 1925 گه‌ڕایه‌وه سلێمانی، لێره‌وه قۆناغێكی تری خزمه‌ت و به‌خششه‌كانی ده‌ستی پێكرد و بڕیاری دا هیچ وه‌زیفه‌یه‌كی حوكمی وه‌رنه‌گرێ و خۆی بۆ خزمه‌تی خوێنده‌واری و رۆژنامه‌نووسی ته‌رخان بكات، كه به‌لای ئه‌وه‌وه له هه‌موو كارێكی تر پیرۆزتر بوو. هه‌ر واشی كرد.
ئیدی بووه پشتیوانی رۆژنامه‌ی ژیان و شیعر و نووسینه‌كانی له‌و رۆژنامه‌یه‌دا بڵاوئه‌كرده‌وه.
لە 5ی ئایاری 1932 وه‌وه تا 15ی حوزه‌یرانی 1950 له قه‌له‌نده‌رخانه‌كه‌یه‌وه رۆژنامه‌كانی ژیان و ژینی به‌دوای یه‌كدا ده‌ركرد و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به ره‌وتی رۆشنبیری و رۆژنامه‌گه‌ری كوردی كرد.
بێجگه له كاری رۆژنامه‌نووسی، پیره‌مێرد بایه‌خێكی زۆریشی به‌خوێندن و خوێنده‌واری دا و باوكی روحیی قوتابخانه‌ی زانستی ئێواران بوو، كه ماوه‌ی 12 ساڵ به‌رده‌وام بوو له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خوێنده‌واری و چه‌ندین چالاكی ئه‌ده‌بی و هونه‌ری، سه‌دان كه‌س له‌وێوه فێری خوێنده‌واری بوون.
یه‌كێك له ده‌ستكه‌وته نایابه‌كانی تری پیره‌مێرد بوژانه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز بوو وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گه‌لی كورد، ساڵانه سه‌رپه‌رشتی رێوره‌سمی ئاگركردنه‌وه و سه‌یرانی نه‌ورۆزی له مامه‌یاره و كارێزی وه‌ستا شه‌ریف ئه‌كرد و گیانی به‌رزی نه‌ته‌وه‌یی به به‌ر ئه‌و بۆنه‌یه‌دا كرده‌وه.
پیره‌مێردی نه‌مر باوكی میهره‌بانی ژیان و ژین و زانستی و نه‌ورۆز بووه و چوار جگه‌ر گۆشه‌ی خۆشه‌ویستی بوون و زیاتر له 20 ساڵی ته‌مه‌نی به‌وان به‌خشی. به‌وه‌ش خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به بواری رۆژنامه‌گه‌ری و خوێنده‌واری و كه‌لتووری و بوژانه‌وه‌ی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانپه‌روه‌ری كرد.
سەره‌ڕای ئه‌وانه پیره‌مێرد رووناكبیرێكی پێشكه‌وتنخواز و پشتیوانێكی گه‌وره‌ی ژنان‌و دابینكردنی مافه‌كانیان بوو. هه‌روه‌ها بایه‌خێكی زۆری به‌رشته‌كانی هونه‌ر به‌گشتی و هونه‌ری شانۆ به‌تایبه‌تی دابوو.
به‌بایه‌خه‌وه له رۆڵی پیره‌مێردی نه‌مر ده‌ڕوانرێ و به یه‌كێك له پایه بنچینه‌ییه‌كانی رۆشنبیری و خوێنده‌واریی سلێمانی داده‌نرێ و به هه‌وڵه‌كانی ئه‌م و رووناكبیرانی دیكه ئه‌م شاره به‌شاری رۆشنبیری ناسرا‌و دواتر به ره‌سمیش بووه پایته‌ختی رۆشنبیری.
ئەم كه‌سایه‌تییه گه‌ورەیه له 19ی حوزه‌یرانی 1950دا ماڵئاوایی یه‌كجاری ئه‌كات و به‌خاكی مامه‌یاره ئه‌سپێردرێ.
هەزار سڵاو له گیانی پاكی پیره‌مێردی شاعیر و نووسه‌ر و پارێزه‌ر و رۆژنامه‌نووس و كوردپه‌روه‌ر.