حه‌سه‌ن هه‌ندرێنی
كۆنه‌وارێكی سه‌یره، نه ده‌نگی گاڵه گاڵی هه‌ور و نه شریخه‌ی برووسكه به ئاگای نایێنێ، له‌هه‌ر خوله‌كێك گولله تۆپێكی به‌سه‌ردا ببارێ، ناتوانێ ئه‌و له شیرین خه‌ودا رابپه‌ڕێنێ. نه هیچ جۆرێكی باڵنده به سه‌ر ئاسمانییه‌وه جووڵه‌ی دیاره، نه چۆله‌كه‌یه‌ك جریوه جریوی دێت.
ئه‌وه له ڤژاڤژی هه‌نگ و هاڕه و باعه‌باعی مێگه‌لیش، له پڕمه و كوڕژنی ئه‌سپ و ماینش هه‌ر گه‌ڕێ.
ئه‌گه‌ر جاران له ژێر خوڕه‌ی ئاوی ئه‌و چه‌مه‌ی له سه‌رێڕا ده‌هاته خوار، سه‌دان دار گوێز و دار چناری باڵابه‌رز گه‌ڵاكانیان ده‌شنایه‌وه، ئه‌وا ئێستا دارێك به پێوه نه‌ماوه گه‌واهی ئه‌و راستییه‌مان بۆ بدات.
ئه‌و شاره‌دێیه‌ی جاران و وێرانه گونده‌ی ئێستا، كه‌س ناوێرێ نه كشتوكاڵی تێدا بكات، نه نزیكی بكه‌وێته‌وه. چوار وه‌رزه‌ی ساڵ باران بیشواته‌وه، هێشتا لیژنه‌ی پزیشكان رێگه ناده‌ن خه‌ڵكی بۆ بگه‌ڕێته‌وه. ده‌ڵێن هه‌ر ژن و مێردێك له‌وێ جووت ببن و ژنه زگی پڕ ببێ، ئه‌وا گومانی تێدا نییه كۆرپه‌له‌كه‌ی به ساغی و ته‌ندروستی له دایك نابێت، شه‌ل و گێڕ یان ته‌نگه‌نه‌فه‌س ده‌بێت.
كه‌چی به‌همه‌ن (هێمن)ی دوێنێ، دوای ئه‌وه‌ی له رۆژی كیمیابارانه‌كه لاشه‌ی هه‌موو كه‌سوكاره‌كه‌ی له‌وێ به‌جهێشت و چه‌ند ریشدارێك له‌و ناوه چوارمشقی هه‌ڵیانگرت و پاشان به سواری ئێسترێك گه‌یاندییانه سه‌ر سنووری ئێران و له‌وێش له شاره‌دێیه‌كی سه‌ر سنوور گه‌یاندرایه نه‌خۆشخانه و له‌گه‌ڵ سه‌دانیتر له مردنێكی هه‌ربوو رزگاری بوو. ئێستا خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه به‌و گونده وا خه‌ریكه به ته‌واوی شێتی ده‌كات. هه‌رچی پزیشكی شاره‌زا و پسپۆڕ هه‌ن به ده‌وریه‌وه ده‌خوولێنه‌وه، ناتوانن ئه‌و رۆژه خۆشانه‌ی ئه‌وێی له‌بیر ببه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌ڵێ ئاخر چۆن ده‌بێ ئێوه به به‌هه‌شت بڵێن كه‌ڵكی ژیانی پێوه نییه، ئه‌گه‌ر ئێوه ده‌زانن چ به‌هه‌شتێك بوو، هه‌رگیز زارتان نایگرێ قسه‌یه‌كی ئاوا پووچ، به رووی مندا بكه‌ن. ئه‌و كه زیاتر له‌سه‌ر باسی ئه‌وێ ده‌ڕوات، پێیان ده‌ڵێت گونده‌كه‌مان ئه‌وبه‌ره‌و به‌ر بوو، چه‌مێكی درێژ له بن چیا تا دامێنی گوند به خوڕه و هاژه‌ی هه‌میشه لێژ ده‌بووه‌وه و له‌وێش بۆ ده‌شته پان و به‌رینه‌كانی باشوور، گه‌لی و گه‌لی وه‌ك ئه‌ژدیهایه‌كی حه‌وتسه‌ر به‌ره‌وخوار ده‌خوشی یان له‌گه‌ڵ چه‌ند لكێكیتر یه‌كیان ده‌گرته‌وه و ده‌ڕژانه به‌نداو. ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر به سه‌عاتان له‌بن سێبه‌ری دارگوێز و دار چناران بڕۆیشتابای، مه‌گه‌ر ئه‌و تیرێژه راكشاوانه‌ی له نێو په‌لكی دره‌خته‌كان كه ناوبه‌ناو درێژده‌بوونه‌وه و چاوت ده‌سمن، ئه‌گینا تا له‌وێ دوور نه‌كه‌وتبایه‌وه، به شه‌و و رۆژ چه‌ند سه‌عاتێكی كه‌م رۆژت به خڕی به ئاسمانه‌وه نه‌ده‌دیت. كه‌م ماڵ هه‌بوو مێگه‌لێكی نه‌بێ، چه‌ند سه‌ر ئه‌سپ و مایین و ئێستری نه‌بێ، چه‌ند خه‌ڵێفه هه‌نگ و چه‌ند گا و مانگا و مریشك و كه‌ڵه‌شێر و قاز و مراوی نه‌بێ، كه ئه‌مانه‌ی دوایی، خۆیان له ئه‌ستێلكی خوار ماڵان له گۆلاوه‌كه وه‌رده‌دا و مراوییه‌كان كه‌یفی دونیایان له‌و ئاوه ده‌كرد.
به‌همه‌ن ئه‌وه‌نده بێزاربووه له بیستنی ئه‌و جۆره قسانه بڕیاریداوه كڕ ببێ و ورته له زاری نه‌یێته‌ده‌ر، ئه‌و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ خه‌یاڵه‌كانی بژیێت و چێژی ئه‌و رۆژه خۆشانه‌ی ئه‌وێ نه‌خاته به‌ر ره‌حمه‌تی چه‌قۆی ئه‌و قسه بێ بڕشت و بێزاركه‌رانه‌ی خه‌ڵكی ئێره. ئه‌و ده‌یه‌وێ وه‌ك چۆن هه‌موو به‌یانیان تاریك و روون له‌گه‌ڵ باوكی به كه‌ره‌كانیان ده‌چوونه ئه‌و كێوه‌ی، ئێواران هێشتا به ته‌واوی خۆر ئاوا نه‌ده‌بوو، سێبه‌ری خۆی به سه‌ر ماڵان‌دا ده‌كێشا و پێش ئاوابوونیشی شنه‌یێكی فێنكی ده‌پژاند، له‌گه‌ڵ هه‌ر گه‌ردێكیدا هه‌ناسه‌ی نوێی به ژیان ده‌دایه‌وه. ده‌چوون تا زوو چه‌ند باره دارێك بێننه‌وه و فریای كاره‌كانی تری رۆژیان بكه‌ون، ئه‌و كه ئاودێرێكی باش بوو، نه‌یده‌هێشت دڵی كه‌س بڕه‌نجێ و هه‌موو باخچه‌كانی ئه‌و ئاواییه به به‌رنامه‌یه‌كی یه‌كسان تێراو ده‌بوون.
له‌سه‌ر چرپابێ یان له‌نێو ئه‌و پارچه چیمه‌نه‌ی نه‌خۆشخانه، له كۆڕی ئه‌م و ئه‌وبێ یان له‌ژێر پشكنینی پزیشك، ئه‌و كچه خه‌یاڵی به‌ر نادات، كه پێش كاره‌ساته‌كه به نیاز بوو بنێرێته داخوازی. وه‌ك بڵێی نایه‌وێ خیانه‌ت له هه‌سته‌كانی بكات. یان نا، من هه‌ڵه‌م، ئه‌و ئاوێته‌ی رۆحی ببوو و چه‌شنی ئاوێته‌بوونی رۆحی مه‌ولانا به شه‌مسی ته‌برێزی! سه‌دان پرسیار به‌سه‌رییدا رژابان، تا ده‌ستبه‌رداری خه‌یاڵی ئه‌و رۆژه نه‌با، وه‌ڵامی كه‌سی نه‌ده‌دایه‌وه، ئه‌و رۆژه‌ی، كه لاشه‌ی شل و شێواوی نیوه‌كه‌ی خۆی، ئه‌و كچه دڵخوازه‌ی ئاواته‌كانی بۆ دابین ده‌كردن، له رۆخ كانیاوی سه‌ر رێی مزگه‌وتی گونده‌كه‌یان بینی و هێشتا به ته‌واوی باوه‌ڕی نه‌ده‌كرد، تا به ده‌سته‌كانی خۆی هه‌ڵیگێڕایه‌وه و چاوه شینه‌كانی روو له ئاسمان به كراوه‌یی مابوونه‌وه! وه‌ك بڵێی له‌و كاته به هێمن (به‌همه‌ن)ی ئێستا بڵێ: " به‌خوا حه‌ز ناكه‌م بمرم، حه‌زده‌كه‌م هیچ نه‌بێ شه‌وێك، له‌نێو پێخه‌ف رۆژ له باخه‌ڵی تۆدا بكه‌مه‌وه. ئه‌و كه توند لاشه‌ی شلێری له باوه‌ش گرتبوو، یه‌ك به‌خۆی هاواری ده‌كرد و ده‌گریا. ده‌سته‌یه‌ك گه‌نجی ریشن كه بینییان ده‌نگی پڵمه‌یه‌كی پڕ ناڵه له‌م ناوه خه‌ریكه عه‌رش ده‌له‌رزێنێ، به گورجی به‌ره‌و ئه‌وێ رۆیشتن.
لاشه‌ی شلێریان له چنگی هێمن ده‌رێنا و چوارمه‌شقی به‌رزیان كرده‌وه، قاچه‌كانی هه‌ر به هه‌واوه بوون له كه‌لێنی نێو باسكی ئه‌وان، به گریانه پڕ ئازاره‌كه‌ی ئاوڕی بۆ لاشه‌ی یه‌ك به یه‌كی كه‌سوكار و شلێری دڵخوازی خۆی دایه‌وه.
تا به ته‌واوی له‌و شی‌و و دۆڵانه دووریان نه‌خسته‌وه و به ته‌واوی له‌ناو چڕه دووكه‌ڵی سپیی كیمیاییه‌كه ده‌ریان نه‌كرد، نه‌یانهێشت پێیه‌كانی له‌سه‌ر زه‌وی دابنێ و قۆڵه‌كانیان به‌رنه‌دا. هێشتا ده‌ترسان مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌ر لاشه‌كان به‌سه‌ر خواستی رزگاربوون زاڵ ببێ و له چنگیان رابكات و ئه‌وانیش له ترسی گیانیان نه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ری و لێی گه‌ڕێن ئه‌ویش له‌وێ له ته‌ك لاشه‌ی كه‌سوكاری دوا هه‌ناسه‌ی خۆی بدات.
له‌سه‌ر سنوور له‌گه‌ڵ ئه‌وانه جوێ كرایه‌وه، كه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه ده‌كران، تا ئه‌وێ هێشتا هێندێك نیشانه به ته‌واوی لێی به دیار نه‌كه‌وتبوون، تا زیاتر ده‌مایه‌وه زیاتر نیشانه‌كانی به‌ركه‌وتنی كیمیایی له‌سه‌ر روخسار و ناو هه‌ناوییدا به دیارده‌كه‌وتن.
به‌همه‌نی ئێستا ئه‌و رۆژانه‌ی بیر نایه‌ن كه ماوه‌ی پازده رۆژ بێ هۆش بووه و له هۆڵی چاودێری چڕ به‌ڕێی كردووه.
ئه‌وه‌ی وه‌ك یادگارییه‌ك به گونده‌كه‌ی ده‌یبه‌ستێته‌وه و خه‌یاڵه‌كانی لێی ناپچڕێن، ته‌نگه نه‌فه‌سییه‌كه‌یه‌تی، هه‌ر كه‌س لێی بپرسێ به‌چی وات لێهات، سه‌رله‌نوێ لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و رۆژه هه‌ڵده‌داته‌وه و به كول و كۆڤان ورد وردی كاره‌ساته‌كه ده‌گێڕێته‌وه، ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌شدا له بیری ناكات، خۆشه‌ویستی خۆیه‌تی بۆ كچێك، كه به شلێر ناوی دێنێ.
فه‌رهه‌نگۆك:
نۆستالژیا: سۆزی غه‌ریبی، یان سۆزی گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردووی نیشتمان. یان گه‌ڕانه‌وه بۆ رابردووی ئازار و خه‌مه‌كان.
گاڵه‌گاڵ: هه‌را هه‌رای هه‌ور
شریخه: ده‌نگی بروسك
ڤژڤژ: ده‌نگی پوره‌ی هه‌نگ
پڕمه: ده‌نگی لووتی یه‌كسم
( وڵاخه به‌رزه)
كوڕژن: حیله‌ی ئه‌سپ
هه‌ربوو: حه‌تمی
تیرێژ: تیرۆژ، تیشكی رۆژ، پڕشنگ
په‌لك: گه‌ڵا
مێگه‌ل: رانی مه‌ڕ و بزن
ئه‌ستێلك: ستێر، گۆل، گۆلاو، گۆماو، مه‌نداو، حه‌وز، برك