رزگار سه‌عید
كۆمه‌ڵێك په‌یكه‌ری مه‌جازیین، تایبه‌تن به و منداڵانه‌ی له كه‌مپی چێلمنۆ بوونه قوربانی. ئه‌م پڕۆژه برۆنزییه هونه‌رییه له‌لایه‌ن ماری ئوچیتیلۆڤا له شاری لیدیس له كۆماری چیك كراوه، تایبه‌ته به یادی 82 منداڵ كه له هاوینی ساڵی 1942 له كاتی جه‌نگی جیهانی دووه‌م له شاری چێلمنۆ وه‌ك به‌شێك له كۆمه‌ڵكوژی ئه‌و شاره به‌رگاز ده‌درێن و ده‌بنه خۆراكی جه‌نگ.
ده‌ستپێكی به‌رهه‌مه‌كه بۆ ساڵی 1980 ده‌گه‌ڕێته‌وه، په‌یكه‌رتاش له‌به‌ر گه‌وره‌یی و فراوانی فه‌زای كاره‌كه‌ی تا ساڵی 2000 ناتوانێت پڕۆژه‌كه ته‌واو بكات و مه‌رگ به‌رۆكی ده‌گرێت، كاره‌كان بۆ ماوه‌ی 10ساڵێك ده‌وه‌ستێت، پاشان له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه هه‌وڵی سه‌رخستنی ده‌درێت و خه‌ونه‌كه‌ی به‌دیده‌هێنێت.
باكگراوندی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌ی لیدیس
نازییه‌كان وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له تیرۆركردنی به‌رپرسێكیان به‌ناوی رینهارد هایدریچ، له 10ی حوزه‌یرانی 1942 بێبه‌زه‌ییانه كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نامرۆڤانه ده‌كه‌ن، به شێوه‌یه‌كی سیستماتیكی 173 پیاو له سێداره ده‌ده‌ن، به گروپی ده كه‌سی به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌وتێك ریزیان ده‌كه‌ن و به‌دۆشكه لێیان ده‌ده‌ن، هه‌رچه‌نده بۆ هێوركردنه‌وه كه‌مێك به‌زه‌یی ده‌نوێنن به‌رامبه‌ر به جۆزێف ستێمباركای قه‌شه، به‌ڵام ده‌ڵێت: من له‌گه‌ڵ مه‌ڕه‌كانم ژیاوم، ئێستاش له‌گه‌ڵیان ده‌مرم" ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی ئاماده نابن مێرده‌كانیان جێبهێڵن، ته‌قه‌یان لێده‌كرێت و له‌گه‌ڵ قه‌شه ده‌كوژرێن.
سه‌ربازه‌كان له ناوگونده‌كه 17 منداڵ كه به گونجاوی داده‌نێن بۆ تاقیكردنه‌وه و به‌كارهێنانی گازی ژه‌هراوی له‌سه‌ریان جودایان ده‌كه‌نه‌وه، دانیشتوانه‌كه‌ی تری گونده‌كه له ژن و منداڵ ره‌وانه‌ی ئۆردوگاكانی كۆكردنه‌وه ده‌كرێن.
منداڵه‌كان له‌و هاوینه‌دا له شاری چێلمنۆ گازیان لێده‌درێت و به‌ر تاقیكردنه‌وه ده‌كه‌ون، كاتێك جه‌نگ كۆتایی دێت بۆ یاده‌وه‌رییان خاچێكیان له لیدیس بۆ داده‌نرێت، به‌ڵام بۆ دوو ده‌یه‌ی داهاتوو هیچ شتێكی دیاریكراو بۆ ئه‌م ڕووداوه ناكرێت.
نازییه‌كان بۆ سڕینه‌وه‌ی لیدیس، هه‌موو بینایه‌ك ده‌ڕوخێنن ته‌نانه‌ت گۆڕستانی شارۆچكه‌كه‌ش هه‌ڵده‌ته‌كێنن. قوربانیانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه فڕێ ده‌درێنه ناو گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵه‌وه، پاش سێ رۆژ منداڵ له دایك جودا ده‌كه‌نه‌وه، ژنان به بارهه‌ڵگربۆ كه‌مپی راڤێنسبروك ده‌گوێزرێنه‌وه و زۆربه‌ی منداڵانیش بۆ كه‌مپێك له شاری لۆدزی پۆڵه‌ندا.
له‌و كه‌مپه تاقیكردنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ده‌كرێت، پزیشكه ئه‌ڵمانییه‌كان سیمای روخساریان پێوانه ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی تایبه‌تمه‌ندی "ئاریایی"یان هه‌بووبێت وه‌ك كاندید بۆ ئه‌ڵمانیبوون ده‌ستنیشانیان ده‌كه‌ن، واته پڕۆسه‌یه‌ك بۆ منداڵانی غه‌یره ئه‌ڵمانی ده‌ستپێده‌كات به شێوه‌یه‌ك كه خێزانی ئه‌ڵمانی بتوانێت وه‌ریان بگرێت.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كان
خانمی په‌یكه‌رتاش ماری ئوچیتیلۆڤا له سه‌ره‌تای هه‌شتاكاندا پلانێك داده‌نێت بۆ یادكردنه‌وه‌ی قوربانیانی جه‌نگ، نه‌ك ته‌نها یادی چه‌ند منداڵێكی ناو كه‌مپه‌كان، به‌ڵكو هه‌وڵی هێمایه‌ك ده‌دات بۆ یادكردنه‌وه‌ی 13 ملیۆن قوربانی جه‌نگی جیهانی دووه‌م تا به‌بارته‌قای باڵایان نه‌مربێت وه‌ك ده‌ڵێت "ئه‌و په‌یكه‌رانه دروست ده‌كه‌م تا به‌بێ ده‌نگی به هه‌موو زمانه‌كانی دونیا قسان بكه‌ن، من كار بۆ منداڵ ده‌كه‌م تا خه‌ونی ژیانمی تێدا بهێنمه‌دی"
ماری پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به كاستینگه‌كانی بكات، هه‌وڵده‌دات له‌ڕێی ئه‌و دایكه رزگاربوانه‌وه له تایبه‌تمه‌ندیی جه‌سته‌یی و كه‌سێتی منداڵه‌كان تێبگات، به‌تایبه‌ت ئه‌و ژنانه‌ی كه سیمای منداڵه‌كانیان له‌یادماوه، هه‌رچه‌نده دڵنیا ده‌بێت له‌وه‌ی ئه‌سته‌مه په‌یكه‌ره‌كان به ته‌واوی بناسرێنه‌وه، به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌بێت له بنیاتنانی پڕۆژه‌كه‌ی تا ئه‌و ساته‌ی وێنه‌ی گچكه‌ی منداڵه بێهیواكان دروست ده‌كات. ئازاری ساڵی 1989 كاره‌كان له‌سه‌ر مه‌سره‌فی خۆی به بچووكی ته‌واو ده‌كات و سێ په‌یكه‌ریان ده‌كاته برۆنز.
نه‌مركردنی كۆمه‌ڵكوژی لیدیس
سه‌ره‌تا جیهان بۆ یه‌كه‌مجار له رێگه‌ی راگه‌یاندنێكی رادیۆیی نازییه‌كانه‌وه دوای رۆژێك له هێرشه‌كه ئاگاداری كاره‌ساته‌كه ده‌بێت كه به‌مجۆره په‌خش كرابوو “پیاوان ته‌قه‌یان لێكراوه، ژنان گواستراونه‌ته‌وه بۆ ئۆردوگای كۆكردنه‌وه، منداڵان بۆ ناوه‌نده‌كانی خوێندن، خانووه‌كان خاپور كراون، نازییه‌كان لیدیسیان وه‌ك هێمای ده‌سه‌ڵات له باوه‌ش گرتبوو، شانازییان پێوه ده‌كرد، هه‌وڵیانده‌دا ناوی به‌ته‌واوی له مێژوودا بسڕنه‌وه، به‌ڵام راگه‌یاندنه بوێره‌كانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان به به‌ڵگه‌ی وێنه‌یی هه‌وڵی نه‌مركردنیان ده‌دا تا ئه‌و راده‌یه‌ی فرانك نۆكس، وه‌زیری هێزی ده‌ریایی ئه‌مریكا ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر نه‌وه‌كانی داهاتوو لێمان بپرسن بۆچی شه‌ڕمانكرد، چیرۆكی لیدیسیان بۆ ده‌گێڕینه‌وه"
ساڵی 1947 پاش پشتیوانییه‌كی جیهانی ئه‌و شاره له‌دایكبووه‌وه، بیناسازان به‌ردی بناغه‌ی گونده نوێیه‌كه‌یان له دووری 300 مه‌تر له شوێنی ئه‌سڵی خۆی داده‌ڕێژن كه یادگاری بۆ خه‌ڵكی كوژراوی شارۆچكه‌كه هه‌ڵگرتبوو، له‌گه‌ڵ باخچه‌یه‌ك زیاتر به 24 هه‌زار دار و گوڵه‌وه، به‌ڵام له ساڵی 1967به‌دواوه شاره‌كه میوانداری پیشانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هونه‌ره جوانه‌كانی منداڵان ده‌كات و ده‌بێته هێمای ئازاره‌كانی مرۆڤ له سه‌رانسه‌ری جیهان.
ژیان و به‌دیهێنانی خه‌ونی ماری
جه‌ی ڤی هامپڵی هاوژینی ماری هه‌وڵده‌دات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت پڕۆژه‌كه ته‌واو بكات، هه‌وڵی كۆمه‌ك و پشتیوانیكردن ده‌دات، له به‌هاری 1995 بناغه‌ی كۆنكرێتی بۆ داده‌ڕێژێت و 30 منداڵی لیدیس به برۆنز ده‌گێڕێته‌وه زێدی خۆیان،هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا په‌یكه‌ره‌كان ناڕێكیان پێوه دیار ده‌بێت، به‌ڵام له كۆتاییدا هه‌وڵی چاكردنیان ده‌درێت.
له نۆڤه‌مبه‌ری 2010 په‌یكه‌ری كچێكی بچووك كه له لای راستی پێشه‌وه دانرابوو ده‌دزرێت، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئه‌كاونتێك ده‌كرێته‌وه بۆ كۆمه‌ككردن، ئه‌مه كارێك ده‌كات په‌یكه‌رێكی نوێ دروستبكرێته‌وه و دووباره له شوێنه‌كه‌ی دابنرێته‌وه.
هونه‌رمه‌ند ماری ئوچیتیلۆڤا (17.1.1924 - 16.11.1989) له شاری پیلسن خوێندوویه‌تی، په‌یكه‌رسازیی لای پڕۆفیسۆر ئۆتاكار واڵته‌ر ته‌واو ده‌كات.
ساڵی 1945-1950 ده‌چێته ئه‌كادیمیای هونه‌ر، پاشان وه‌ك مامۆستای هونه‌ری په‌یكه‌رسازی له پراگ وانه ده‌ڵێته‌وه.
خاوه‌نی چه‌ندین په‌یكه‌ر و پۆرترێت و میداله، په‌یكه‌ری بارونكا بۆ سێسكا سكالیس دروستده‌كات كه موتیڤه‌كه‌ی بۆ دراوی یه‌ك كرۆنییه.
له ساڵی 1969 به‌دواوه كار له‌سه‌ر یاده‌وه‌ری قوربانیانی شه‌ڕی منداڵان ده‌كات، كه له رووی چه‌مكه‌وه به یه‌كه‌مین جۆر داده‌نرێت له جیهاندا.
له تشرینی دووه‌می 1989 به‌هۆی جه‌ڵته‌ی دڵه‌وه به شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو گیان له‌ده‌ستده‌دا.