سومەرست موم
لە فارسیەوە: محەمەد کەریم
4-2
كاتێك به‌لزاك له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا له «ڤیلپاریزیس» ده‌ژیا، ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له دراوسێكیانیاندا په‌یداكرد، ژنێك بوو به ناوی «مه‌دام دو بێرنی». كچی موزیكزانێكی ئه‌ڵمانی بوو، باوكی له خزمه‌تی «ماری ئه‌نتوانێت»دا بوو، خۆشی یه‌كێك بوو له یاوه‌ره‌كانی، مه‌دام دو بێرنی ته‌مه‌نی چل‌وپێنج ساڵ بوو. مێرده‌كه‌ی كه‌سێكی نه‌خۆش و به‌دخوو و بۆڵه‌بۆڵكه‌ر بوو. مه‌دام دو بێرنی هه‌شت مناڵی له مێرده نه‌خۆشه‌كه‌ی و دانه‌یه‌كیشی له دڵداره‌كه‌ی هه‌بوو. ئه‌م ژنه بوو به هاوڕێی به‌لزاك، پاشان بوو به دڵداری و هه‌تا چوارده ساڵ دوای ئه‌وه كه مرد، هه‌روا هاوڕێی به‌لزاك بوو. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی سه‌یر بوو. به‌لزاك عاشقی بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌موو ئه‌و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ی لای دایكی هه‌ستی پێنه‌كردبوو، لای ئه‌و هه‌ستیپێده‌كرد. ئه‌م ژنه، ته‌نیا دڵدارێك نه‌بوو، به‌ڵكو هاوڕێیه‌كی راسته‌قینه و فیداكار بوو، كه هه‌میشه به‌دڵسۆزانه له خزمه‌تی به‌لزاكدا بوو به ئامۆژگاری و هاندان و یارمه‌تیدانی.
ئۆنۆرێ به‌لزاك (1799-1850) یه‌كێكه له داهێنه‌ره گه‌وره‌كانی رۆمانی فه‌ره‌نسی، له ماوه‌ی (21) ساڵدا كه ئیتر به ناوی خۆیه‌وه و به‌جدی نووسیوێتی (90) ده‌قی له رۆمانی درێژ و كورت و چیرۆك نووسیوه، پێش ئه‌وه‌ش به‌ناوی تره‌وه ده‌قێكی بێشوماری نووسیوه، گرنگترین وانه‌ی ژیانی به‌لزاك ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر نووسه‌ر به‌رده‌وام بێت و كۆڵ نه‌دات ده‌بێته نووسه‌رێكی داهێنه‌ر.
به‌ڵام مه‌سه‌له‌كه، له‌ناو گونده‌كه‌دا ریسوایی به‌دوای خۆیدا هێنا، بێگومان دایكی به‌لزاك رازینه‌بوو كوڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ژنێكدا په‌یوه‌ندی هه‌بێت كه له ته‌مه‌نی دایكی‌دا بوو. وێڕای ئه‌وه‌ش كتێبه‌كانی به‌لزاك پاره‌یه‌كی زۆر كه‌میان په‌یداده‌كرد، بۆیه دایكی سه‌باره‌ت به داهاتووی كوڕه‌كه‌ی نیگه‌ران بوو. یه‌كێك له هاوڕێكانی رای وابوو، پێویسته به‌لزاك بچێته ناو كاری بازرگانییه‌وه، وادایاره ئه‌م بیرۆكه‌یه سه‌رنجی به‌لزاكی راكێشاوه. مه‌دام دو بێرنی (45) هه‌زار فره‌نك، یانی (9) هه‌زار دۆلاری ئه‌و كاته‌ی ئاماده‌كرد، به‌لزاك بوو به شه‌ریكی دوو سێ ناشر و چاپچی و پیتچن. ئۆنۆرێ به‌لزاك بازرگان نه‌بوو، هه‌تا بڵێی ده‌ستبڵاو بوو. مه‌سره‌فه تایبه‌تییه‌كانی خۆی، پاره‌ی به‌رگدروو، پێلاوفرۆش، ئاڵتوونچی و ته‌نانه‌ت ئوتوشی ده‌خسته‌سه‌ر حسابی بازرگانییه‌كه.
له كۆتایی ساڵی سێهه‌مدا، بازرگانییه‌كه شكستی هێنا، دایكی ناچار بوو (50) هه‌زار فره‌نك بێنێت بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی خاوه‌نقه‌رزه‌كان بداته‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ئه‌زموونه شكستخواردووه، زانیاری زۆری تایبه‌تی سه‌باره‌ت به ژیانی عه‌مه‌لی به به‌لزاك به‌خشی كه له‌و رۆمانانه‌ی دواتر نووسی، سوودی هه‌بوو.
یەکەم بەرهەمی جدی
به‌لزاك دوای مایه‌پووچی چوو بۆ «به‌رتانیه» بۆ ئه‌وه‌ی لای هاوڕێكانی بمێنێته‌وه، له‌وێ بابه‌تی رۆمانێكی ده‌ستكه‌وت به‌ناوی «شوانه‌كان- Les Chouans» ئه‌مه یه‌كه‌م به‌رهه‌می جدی بوو، یه‌كه‌م كتێبیش بوو كه به‌ناوی خۆیه‌وه بڵاویكرده‌وه. له‌م كاته‌دا ته‌مه‌نی سی ساڵ بوو. لێره به‌دواوه، به كۆششێكی شێتانه‌وه، كه هه‌تا رۆژی مردنی، یانی بیست و یه‌ك ساڵ دوای ئه‌وه به‌رده‌وام بوو، شتی نووسی. ژماره‌ی ئه‌و كتێبه گه‌وره و بچووكانه‌ی نووسیونی سه‌رسوڕهێنه‌ره. هه‌موو ساڵێك یه‌ك دوو رۆمانی درێژ و ده دوانزه رۆمانی بچووك و كورته‌چیرۆكی ده‌نووسی. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش چه‌ندین شانۆگه‌ری نووسی. هه‌ندێك له‌م شانۆگه‌ریانه هه‌رگیز په‌سه‌ند نه‌كران و له‌وانه‌ش كه په‌سه‌ندكران، هه‌موویان جگه‌له دانه‌یه‌كیان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر شكستیان هێنا. به‌لزاك ماوه‌یه‌كی كه‌میش رۆژنامه‌یه‌كی به‌ڕێوه‌برد كه حه‌فته‌ی دووجار بڵاوده‌بۆوه و زۆربه‌ی بابه‌ته‌كانی خۆی ده‌ینووسی.
به‌لزاك هه‌رچییه‌كی ده‌بینی و ده‌بیست، تۆماری ده‌كرد، بۆ هه‌ركوێ بچوایه ده‌فته‌ری یاداشته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌برد، كاتێ شتێكی ده‌بینی ره‌نگبوو به‌كه‌ڵكی بێت، یان بیرۆكه‌یه‌كی بۆ ده‌هات، یان شتێكی له‌یه‌كێ ده‌بیست، یه‌كسه‌ر تۆماری ده‌كرد. كه بۆی بگونجایه ده‌چووه ئه‌و شوێنه‌ی رۆمانه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌نووسی، جاریوابوو بۆ بینینی شه‌قامێك یان خانوویه‌ك كه ده‌یه‌ویست وه‌سفی بكات سه‌فه‌ری دووری ده‌كرد.
پێم وایه كاره‌كته‌ره‌كانی به‌لزاكیش وه‌كو كاره‌كته‌ری هه‌موو رۆماننووسه‌كان له نموونه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه هه‌ڵده‌بژێردران كه ده‌یناسین، به‌ڵام هێزی خه‌یاڵیشی له‌گه‌ڵدا ده‌خسته‌كار، ئه‌م كاره‌كته‌رانه، له هه‌موو روویه‌كه‌وه به هه‌موو مانایه‌ك ده‌بوونه دروستكراوی خه‌یاڵی ئه‌و. بۆ ناویشیان زۆر خۆی عه‌زێت ده‌دا، چونكه باوه‌ڕی وابوو ناو ده‌بێت له‌گه‌ڵ خاسیه‌تی رۆحی و فیكری و ئاكاری كاره‌كته‌ردا بگونجێت و نیشانده‌ری ئه‌و كه‌سه بێت كه ئه‌و ناوه‌ی هه‌ڵگرتووه.
به‌لزاك له كاتی نووسیندا ژیانێكی بێڕتووش و سیستماتیكی هه‌بوو، كه‌مێك دوای نانی ئێواره ده‌خه‌وت و سه‌عات یه‌كی شه‌و خزمه‌تكاره‌كه‌ی خه‌به‌ری ده‌كرده‌وه، هه‌ڵده‌سا، جبه سپییه پاكه‌كه‌ی له‌به‌ر ده‌كرد، چونكه باوه‌ڕی وابوو، مرۆڤ بۆ نووسین ده‌بێت جلێكی له‌به‌ردا بێت كه ته‌نانه‌ت یه‌ك خاڵی پیسیشی پێوه نه‌بێت، پاشان له‌به‌ر مۆم، له‌كاتێكدا به قاوه‌ی ره‌شی به‌رده‌وام خۆی ئاماده‌كردبوو، به قه‌ڵه‌می په‌ڕی قه‌له‌ڕه‌ش، ده‌ستیده‌كرد به نووسین، سه‌عات حه‌وتی به‌یانی ده‌ستیهه‌ڵده‌گرت، خۆی ده‌شۆرد و راده‌كشا. سه‌عات هه‌شت بۆ نۆ، ناشری كتێبه‌كانی ده‌هات بۆ ئه‌وه‌ی نموونه هه‌ڵه‌بڕیكراوه‌كانی چاپخانه‌ی بۆ بێنێت یان به‌شێك له ده‌ستنووسه‌كه‌ی لێوه‌ربگرێت. پاشان، دووباره هه‌تا نیوه‌ڕۆ ده‌ینووسی و نیوه‌ڕۆ هێلكه‌ی كوڵاوی ده‌خوارد، ئاوی ده‌خوارده‌وه و دیسان قاوه‌ی ده‌خوارده‌وه، هه‌تا سه‌عات شه‌شی ئێواره ده‌ینووسی، له‌م كاته‌دا خواردنێكی سووكی ئێواره‌ی ده‌خوارد له‌گه‌ڵ كه‌مێك شه‌رابی «ڤۆڤرای». جاریوابوو دوو سێ هاوڕێی ده‌هاتنه لای، به‌ڵام پاش گفتوگۆیه‌كی كورت له‌گه‌ڵیاندا ده‌چووه ناو جێگاوه.
له‌گه‌ڵ ناشری كتێبه‌كانیدا له شه‌ڕدا بوو
به‌لزاك نووسه‌رێك نه‌بوو له سه‌ره‌تاوه بزانێت ده‌یه‌وێت چی بڵێت. به پلۆتێكی سه‌ره‌تایی ده‌ستی به رۆمانه‌كه‌ی ده‌كرد، پاشان دووباره ده‌ینووسییه‌وه و چاكی ده‌كرد، ریزبه‌ندیی به‌شه‌كانی ده‌گۆڕی، به‌شی لاده‌برد و پارچه‌ی زیاد ده‌كرد، بابه‌ته‌كانی ده‌گۆڕی و سه‌ره‌نجام، ده‌ستنووسێكی ده‌نارد بۆ چاپخانه كه ته‌قریبه‌ن خوێندنه‌وه‌ی مه‌حاڵ بوو. نموونه هه‌ڵه‌بڕیكراوه‌كانیان بۆ ده‌نارد، ئه‌وه‌نده‌ی ده‌ستكاری ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی پلۆتی رۆمانێك بێت كه به‌نیازه بینووسێت. نه‌ك وشه‌ی نوێ، به‌ڵكو رسته و په‌ره‌گراف و به‌شی بۆ زیاد ده‌كرد. كاتێ نموونه چاكراوه‌كانی به هه‌موو گۆڕانكاری و چاكردنه‌كانه‌وه، پیتچن ده‌كرا و نموونه پاكه‌كانیان بۆ ده‌نارده‌وه، دووباره ده‌ستی بۆ ده‌بردن و چاكی ده‌كردن، ته‌نیا دوای ئه‌مه رازی ده‌بوو كتێبه‌كه‌ی چاپ بكرێت و بڵاوبكرێته‌وه، به‌و مه‌رجه‌ی له چاپی داهاتوودا مۆڵه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێت پیا بچێته‌وه و زیاتر ده‌سكاری بكات و چاكی بكات. بێگومان خه‌رجی هه‌موو ئه‌مانه زۆر بوو، ئه‌نجامه‌كه‌ی ده‌بووه ئه‌وه‌ی به‌لزاك هه‌میشه له‌گه‌ڵ ناشری كتێبه‌كانیدا له شه‌ڕدا بێت.
بۆ كتێب پێشه‌كی پاره‌ی وه‌رده‌گرت
چیرۆكی په‌یوه‌ندی به‌لزاك له‌گه‌ڵ سه‌رنووسه‌ر و ناشراندا، درێژه و مایه‌ی بێتاقه‌تییه و ناشیرینه، من تابتوانم به كورتی باسی ده‌كه‌م و ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه شرۆڤه‌ی ده‌كه‌م، چونكه له ژیانیدا كاریگه‌ری هه‌بوو. به‌لزاك ئه‌وه‌نده پابه‌ندی پره‌نسیپه‌كانی ئاكار نه‌بوو. بۆ كتێب پێشه‌كی پاره‌ی وه‌رده‌گرت و به‌ڵێنی ده‌دا له كاتێكی دیاریكراودا كتێبه‌كه ته‌سلیم بكات، پاشان له‌به‌رئه‌وه‌ی تووشی دڵه‌ڕاوكێ ده‌بوو له‌وه‌ی یه‌كسه‌ر پاره‌كه وه‌رگرێت، نووسینی ئه‌و كتێبه‌ی راده‌گرت، بۆ ئه‌وه‌ی رۆمان یان ئه‌و چیرۆكه‌ی به‌په‌له نووسیبووی بیدات به سه‌رنووسه‌ر یان ناشرێكی دیكه. به‌هۆی پێشێلكردنی گرێبه‌سته‌كانییه‌وه له دادگا شكاتیان لێده‌كرد، خه‌رجی ده‌عوا و ئه‌و غه‌رامانه‌ی ناچار بوو بیدات، قه‌رزه‌كانیان قورس ده‌كرد كه پێشان خۆیان قورس بوون. بۆیه هه‌رئه‌وه‌نده‌ی سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا، ناشره‌كان بۆ ئه‌و كتێبانه‌ی به‌ڵینی ده‌دا بیاننووسێـت «جاری‌واش بوو قه‌ت نه‌یده‌نووسین» ده‌هاتنه لای و گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌كرد. پاشان گوێزایه‌وه بۆ ئه‌پارتمانێكی گه‌وره و ئه‌وێی به خه‌رجییه‌كی زۆر رازانده‌وه و عه‌ره‌بانه‌یه‌كی تاك ئه‌سپ و جووتێك ئه‌سپی كڕی. به‌لزاك ده‌بێت یه‌كه‌م كه‌س بێت له‌وانه‌ی حه‌زی زۆریان له رازاندنه‌وه‌ی ناوماڵ هه‌یه و ژووره جۆراو جۆره‌كانی خۆی واده‌ڕازانده‌وه كه وه‌سفكردنی چه‌نده نیشانه‌ی شان و شكۆ بوو ئه‌وه‌نده‌ش نیشانه‌ی بێسه‌لیقه‌یی بوو. مه‌یته‌رێك، چێشتلێنه‌رێك و خزمه‌تكارێكی راگرت، جلوبه‌رگی تایبه‌تی بۆ خۆی و مه‌یته‌ره‌كه‌ی كڕی، بڕێكی زۆر قاپ و قاچاخ و كه‌لوپه‌لی ناوماڵی ئاڵتوون و زیوی كڕی. رایسپارد له‌سه‌ر قاپ و قاچاخه‌كان نه‌خشونیگاری به‌رجه‌سته‌ی ناوی خێزانیان دروستكرد كه ناوی خێزانه‌كه‌ی خۆشی نه‌بوو. ئه‌م نه‌خشونیگارانه به‌ناوی خێزانێكی كۆنه‌وه بوو به‌ناوی به‌لزاك، كاتێك پیتی زیادی «دو»ی خسته‌سه‌ر، ئه‌و نیشانانه‌ی كرد به‌هی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی باوه‌ڕ بكه‌ن نه‌جیبزاده‌یه. بۆئه‌وه‌ی خه‌رجی ئه‌و هه‌موو شان و شكۆیه بدات قه‌رزی له خوشكه‌كه‌ی، له هاوڕێكانی، له ناشری به‌رهه‌مه‌كانی ده‌كرد و ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی ئیمزا ده‌كرد كه ناچار بوو به‌رده‌وام تازه‌یان بكاته‌وه. هه‌میشه قه‌رزه‌كانی زیادیان ده‌كرد، به‌ڵام هه‌روا به‌رده‌وام بوو له كڕینی قاپ و قاچاخی چینی، ره‌فه، پارچه‌ی نه‌خشێنراو، وێنه، په‌یكه‌ر، زێڕ و زیو. كتێبه‌كانی ناردبوو به به‌رگی چه‌رم و رازاوه بۆیان ته‌جلید كردبوو، دارده‌ستی جۆراو جۆری ده‌گرت به‌ده‌سته‌وه، یه‌كێكیان پیرۆزه‌یی بوو. بۆ هه‌موو ئێواره‌خوانێك كه‌لوپه‌لی موبه‌قه‌كه‌ی ده‌گۆڕی و دانان و رازاندنه‌وه‌كه‌ی به‌ته‌واوی ده‌گۆڕی. خراپ نییه باسی ئه‌وه بكه‌م، به‌لزاك كاتێك به‌ته‌نیا بوو به‌شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ندی نانی ده‌خوارد، به‌ڵام كاتێك له‌گه‌ڵ كه‌سانی تر بوایه، زیاتر حه‌زی له خواردن بوو، یه‌كێك له ناشره‌كانی ده‌ڵێت: جارێكیان بینیم دوانزه كوبه، مراوییه‌ك، جووتێ كه‌و، حه‌ڵوایه‌كی ماسی، چه‌ندین میوه و شیرینی دوای نانی خوارد. بۆیه سه‌یر نییه ورده ورده زۆر قه‌ڵه‌و ببوو ورگی زل ببوو. ماوه ماوه كه خاوه‌نقه‌رزه‌كان زۆر فشاریان بۆ ده‌هێنا، زۆر له كه‌لوپه‌لی ناوماڵه‌كه حجز ده‌كران، ده‌ڵاڵه‌كان ده‌هاتن و شته‌كانیان كۆده‌كرده‌وه و به زیادكردنی ئاشكرا ده‌یانفرۆشت. هیچ شتێك نه‌یده‌توانی چاكی بكات، هه‌تا كۆتایی ته‌مه‌نی به‌ده‌ستبڵاوییه‌كی گه‌مژانه‌وه به‌رده‌وام بوو له شت‌كڕین. به‌لزاك هه‌تا ده‌هات زیاتر قه‌رزار ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ئافه‌رین و ده‌ستخۆشیانه‌ی له بلیمه‌تی ئه‌و ده‌كران، ئه‌وه‌نده زۆر بوون كه به‌ده‌گمه‌ن به‌خشنده‌یی و جوامێری هاوڕێكانی له ئاستیدا دوایی ده‌هات. ئاسایی ژنان كه‌سانێك نین به ئاره‌زووی خۆیان قه‌رز به‌كه‌سێك بده‌ن، به‌ڵام وادیاره به‌لزاك ئه‌وانیشی نه‌رم كردووه. به‌لزاك ئه‌وه‌نده بێ ئه‌ده‌ب بوو، هیچ نیشانه‌یه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی قه‌رز له ژنان تووشی دڵه‌ڕاوكێ و بێتاقه‌تی بووبێت.
ده‌بێت باسی ئه‌وه‌ش بكرێت دایكی بۆ ئه‌وه‌ی به‌لزاك له مایه‌پووچی رزگار بكات، سامانه كه‌مه‌كه‌ی خۆی به‌بادا، ئه‌و جیازییه‌ی به‌خشی به دوو كچه‌كه‌ی، زیاتر سامانه‌كه‌ی ته‌واو كرد، دواجار ته‌نیا شتێك كه بۆی مابۆوه خانوویه‌ك بوو كه ده‌یدا به‌كرێ. سه‌روه‌ختێ هات دایكی به‌لزاك ئه‌وه‌نده ده‌ستی كورت بوو، نامه‌یه‌كی بۆ كوڕه‌كه‌ی نووسی. «ئه‌ندرێ بیلی» له كتێبه‌كه‌یدا به ناوی «ژیانی به‌لزاك» ئه‌م نامه‌یه‌ی داناوه. «له نامه‌كه‌دا دایكی به‌لزاك باسی خراپی وه‌زعی خۆی ده‌كات و باسی ئه‌و به‌ڵێنانه ده‌كات كه پێی داوه و جێبه‌جێی نه‌كردووه، یه‌كێ له‌وانه ئه‌وه بووه ساڵی دووسه‌د فره‌نكی بۆ بنێرێت و بۆی نه‌ناردووه، باسی ئه‌وه‌ش ده‌كات له جیاتی ئه‌وه‌ی خه‌ریكی رابواردن و ده‌ستبڵاوی بێت باشتر وایه یارمه‌تی دایكی بدات و هتد.» به‌لزاك به یه‌ك دێڕ وه‌ڵامی ئه‌م نامه‌یه‌ی داوه‌ته‌وه و ده‌ڵێت: «پێم وایه باشتر بوو له جیاتی ئه‌م نامه‌یه بهاتیتایه بۆ پاریس و یه‌ك سه‌عات قسه‌ت له‌گه‌ڵ بكردمایه. (من به پێویستم نه‌زانی نامه‌كه ته‌رجه‌مه بكه‌م- وه‌رگێڕ)»
سه‌رچاوه: درباره رمان و داستان كوتاه