لە نێوان سعودیە و تورکیادا خاشقچی ونکرا – knwe.org
سەرەکی » راپۆرت » لە نێوان سعودیە و تورکیادا خاشقچی ونکرا

کەیسێکی تر سعودیــەی تووشی قەیران کردۆتەوە

لە نێوان سعودیە و تورکیادا خاشقچی ونکرا

ئامادەکردنی: بێژەن بورهان

ئەوە چەند ڕۆژە چارەنوسی «جەمال خاشەقچی» نووسەر و ڕۆژنامەنوسی دیاری سعودی دیار نیە،بەڵام سەرە داوەکان بەدەرکەوتون کە لایەنێک دەستی لە ونکردنی هەیە ،زانیاریەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە ئەو ڕۆژنامەنوسە ناوی لە لیستی ئەو ڕۆژنامەنوسانەدایە کە بە هۆی بیرورای سیاسیەوە شوێنبزر کراون.

دەنگی ناڕەزایی لە دژی سعودیە بەرز دەبێتەوە
ئەوە یەکەمین جار نییە کە لە تورکیا ڕۆژنامەنوسیک ون دەکرێت، یەکەمین جاریش نیە کە لە سعودیە مافی مرۆڤ پێشێل دەکرێ و لەسەر دەربرینی بیروڕای ئازاد خەڵک ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت، تارمایی ڕەشی سەر ژیان و چارەنوسی ئەو ڕۆژنامەنوسە لە کاتێکدایە کە دەنگی ناڕەزایی لە زۆر لاوە لە ناوخۆ و دەرەوە بە تایبەتیش لە ڕۆژئاوا بەرزبۆتەوە لە دژی سیاسەتی سعودیە لە ناوچەکە و شەڕی یەمەن و بازرگانیکردنی بە ژیانی مرۆڤ بۆ فراوانکردنی هەژمونی خۆی و سەرکوتکردنی هاوڵاتیانی خۆی لەسەر ئازادی بیروڕا.

جگە لە سعودیە وڵاتی تریش بەشدارن
ئایا ئەو پێشهاتە تازەیە کاری نەرێنی دەکاتە سەر پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ سعودیە، ئایا ئەو کێشەیە سعودیە دەخاتە قەیرانەوە، ئەو کارە هەر سعودیە کردویەتی یان دەستێکی تریش لە پشتی ونکردنی ئەو ڕۆژنامەنوسەدا هەیە؟

بۆتە کەیسێکی جیهانی
هەر لەگەڵ هەواڵەکە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنی ،لە هەموو لایەکەوە داوای دیاریکردنی چارەنوس و دۆزینەوەیان کرد و ڕێکخراوە مرۆییەکان و چالاکوانان بانگەوازیان بۆ تورکیا نارد تا دەست بەلێکۆڵینەوەی جدی بکات بۆ دۆزینەوەی، ئەو کەیسە بۆتە کەیسێکی جیهانی و کەناڵەکانی میدیا بە خەستی باسی لێوەئەکەن.
ئەردۆغان داوای بەڵگە دەکات
ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی، سەرۆکی تورکیا، لە بارەی خاشقچی، ڕۆژنامەنووسی سعوودی، ڕایدەگەیەنێت دەبێت بەرپرسانی سعودیە بیسەلمێنن کە خاشقچی لە کونسۆڵخانەی ئەو وڵاتە لە ئیستەنبول چووەتە دەرەوە.

سعودیە خۆی لێ بێبەری دەکات
چاودێران پێیان وایە کە سعودیە مێژویەکی دورودرێژی هەیە لە خەڵک رفاندن و بێسەروشوێنکردن و گرتن و ڕاوەدونان، بۆیە ئەگەر میدیا و نێوەندە سیاسیەکانیش بەبایەخەوە لەو کەیسەی ئەمڕۆژانە دەنواڕن بەڵام جگە لە ڕێکخراوەمرۆییەکان کە بڕیار بەدەست نین پێناچێت سعودیە ڕوبەڕوی بەرپەچەکرداری ئەمریکا و ڕۆژئاوا ببێتەوە،هەرچەندە دەسەڵاتدارانی سعودی خۆیان بێبەری دەکەن لە بێسەروشوێنکردنی خاشەقچی و تۆمەتەکە دەخەنە ئەستۆی حکومەتی تورکیا،بەڵام ئەوانیش بەڵگەی ئەوەیان لەبەردەستدایە کە سعودیە ئەو کارەی کردووە.

تورکیا سعودیە تاوانبار دەکات
میدیاکانی تورکیا دواین وێنەی جەمال خاشقچیان بڵاوکردەوە، لە ساتەوەختی سەردانکردنی کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، وێنەکە لە ڕێی کامێرای چاودێری بەردەرگای کونسوڵخانەکە گیراوە و تێیدا مێژوو و کاتژمێری چوونە ژوورەیەوە خاشقچی تێدایە ، لە کاتی بڵاوبونەوەی هەواڵی دیارنەمانی ئەو ڕۆژنامەنوسە لە میدیای تورکیەوە باڵیۆزخانەی سعودیە دەنگۆی کوشتنی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند ڕۆژنامەنوسە سعودیەکە پاش تەواوبوونی مامەڵەکانی لە باڵیۆزخانەکەیان دەرچووە. لە وەڵامدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا داوای لە باڵیۆزخانەی سعودیە کرد وێنەی دەرچوون و جێهێشتنی خاشقچی لە باڵیۆزخانەکە بخەنە ڕوو،هەروەها ئەردۆغان وتیشی «ئەوەندە کامیرای چاودێری لە ناو کونسوڵخانەی سعودیە ھەن ئەگەر سعودیە ڕاستدەکات با بە ڤیدیۆی چونە دەرەوەی خاشەقچی لەنێو کونسوڵخانە نیشان بدەن ، ئەوەشی ئاشکراکرد کە لە ھاتن و چوونەکانی کامێرای فڕۆکەخانە دەرکەوتووە کە چەند کەسێک لە سعودیە ھاتوون، داواکاری گشتیش دەستی بە لێکۆڵینەوە کردوە.

بۆتە کێشە بۆ تورکیا و سعودیە
ئێستا ئەو کەیسە بۆتە گرێ کوێرەی نێوان تورکیا و سعودیە و ئەو دوو وڵاتە تۆمەتبارن و دەبێت لەسەر چارەنوسی ئەو کەسایەتیە زانیاری و لێکۆڵینەوەکانیان بۆ میدیا و ڕای گشتی بخەنە ڕوو ، ڕۆژانی داهاتوو دەسیسەی ونکردنی ئەو کەسایەتیە تاوانبارانی دەردەکەون و ئەوکەیسەش دەچێتە ناو کەیسی ئەو سەدان روناکبیرو ڕۆژنامەنوسانەی کە لەسەر بڵاوکردنەوەی بیروبۆچونەکانیان و ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات لەسەر زەوی دەسڕێنەوە.

نەیارێکی سەرسەختی رژێمی ئال سعود
خاشقچی ساڵی ١٩٥٨ لە شاری مەدینەی سعودیە لە دایكبووە ، سەرنووسەری رۆژنامەی عەرەب نیوز و وەتەنی سعودیە بووە، لە ٢٠٠٤ ڕاوێژكاری باڵیۆزی وڵاتەكەی بووە لە بەریتانیا و دواتر لە واشنتۆن. ماوەی چەند ساڵێکیشە بە یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی رژێمی ئال سعود دادەنرێت.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

به‌رگری‌ له‌ گه‌وهه‌ری‌ دیموكراسی‌

شیرین عه‌بادی‌ و كریستۆف دیلوێر رۆژی‌ ده‌یه‌م له‌ مانگی‌ كانونی‌ ...