سەرەکی » وتار » چرۆ شه‌هاب » بە پیشەشازیكردنی كۆبوونەوە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان

بە پیشەشازیكردنی كۆبوونەوە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكان

ئەنجامدانی كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكان و میوانداریكردنیان بونەتە پیشەیەكی گرنگ وەك هەرپیشەیەكی تر، بەڵام بە شێوازێكی گرنگتر توانیویەتی بەسەر هەموو پیشە باوەكانی تردا سەربكەوێت ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ دوو ڕەهەندی گرنگ.

ڕەهەندی یەكەم، ڕەهەندی سیاسییە:
ئەو وڵاتانەی داوای میوانداریكردنی كۆنفرانس یاخود كۆبونەوەیەكی نێودەوڵەتی دەكەن بێگومان ئامانجی هەمەچەشنی سیاسی هەیە، ئەوانیش كۆكردنەوەی زۆرێك لە سەرۆك یاخود وەزیرەكانی دەرەوەی وڵاتانە لە وڵاتەكەی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنفرانس و كۆبونەوانەدا، بەمەش دەتوانێت دانپێدانانی نێودەوڵەتی بۆخۆی ڕابكێشێت لەبارەی سیستمی سیاسی و كار و ئەدای كاركردنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بپارێزێت، ئەمەش خزمەت بە بەڕێوەچونی سیاسەتی وڵاتەكەی دەكات، لەگەڵ ئەمانەشدا دەتوانێت بیكاتە ڕیكلام و پڕوپاگەندە بۆ سیاسەتی وڵاتەكەی لەسەر ئاستی هەرێمایەتی یاخود ئاستی نێودەوڵەتی ، بەمەش دەتوانێت مەسجێكی گرنگ بدات بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گرنگی و بەهێزی وڵاتەكەی خۆی، كە وڵاتێكی گرنگ و ئەمین و پارێزراوە لە بەرامبەر هەر كردەوەیەكی تیرۆریستی.

ڕەهەندی دووەم، ڕەهەندی ئابووری :
ئەویش لەبەر ئەوەی ئەنجامدانی هەر كۆنفراس و كۆبونەوەیەكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی دەبێتە چالاكیەكی ئابووری لە وڵاتدا ، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لە وڵاتی خانەخوێ هۆتێلەكان بازاڕیان دەبێت و لەگەڵ ئەمەشدا دروستكردنی باڵەخانەی تایبەت بە كۆبونەوە و كۆنفرانسەكە دروست دەكرێت، هەروەها گەشەكردنی خزمەتگوزاریە گشتیەكانی پەیوەندیكردن لەخۆدەگرێت.
لایەنێكی تری باشی ئەم جۆرە لە كۆنفرانس و كۆبونەوەیە ئەوەیە كە بەشداربوانیان هەڵدەستن بە كڕینی بابەتی تایبەت لە دیاری وڵاتی خانەخوێ و بردنەوەی بۆ وڵاتانی خۆیان كە لێوەی هاتوون، هەربۆیە ئەنجامدانی كۆنفرانس و كۆبونەوە هەرێمی و نێودەوڵەتیەكان لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا بونەتە پیشەشازیەكی گەورە لە گەشتوگوزاری كۆنفرانسەكان .
لە بارەی گرنگی كۆبونەوە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكان كۆمەڵەی نێودەوڵەتی كۆبونەوە و كۆنفرانسەكان، ڕایانگەیاندووە كە وڵاتانی ئەسكەندنافیا هەریەكە لە « فنلەندا و سوید و نەرویژ و دەنیمارك و ئایسلەندا « لە گروپی یەكەم دێن لەسەر ئاستی جیهان.
ڕكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گەشت وگوزاری جیهانی واچاوەڕوان دەكەن كە هەریەكە لە چین و وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا و هیندستان و یابان و بەرازیل بە بەرزترین ئاست دادەنرێن تا ساڵی 2025 لە بواری گەشت وگوزاری كۆنفرانس و كۆبونەوە و پێشانگای نێودەوڵەتی، بەمەش زۆرترین وەبەرهێنان دەكەن لە بواری گەشتوگوزاری كۆبونەوەو كۆنفرانسەكان، بێگومان دواجار ئەم جۆرە كۆنفرانسانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتەی كە كۆنفرانسە نێودەوڵەتیەكانی تیادا ئەنجام دەدرێت.
ئەگەر وردتر بڕوانین لە گرنگی ئەمجۆرە كۆبونەوە و كۆنفرانسە نێودەوڵەتیانە دەبینین لە دوای پرۆسەی ئازادكردنی عیراق، هەرچی كۆبونەوە و كۆنفرانس هەبوو لەسەر پرسی گەشەی ئابووری و پرۆسەی ژن و بەشداری سیاسی و هەروەها پرسەكانی نێوان بەغداد و هەولێر و پرسە ئابوریەكان، هەموو ئەو كۆنفرانس و كۆبونەوە نێودەوڵەتیانەیان دەبردە وڵاتی ئوردن لەوێ ئەنجام دەدران، وەك لای هەموان ئاشكرایە وڵاتی ئوردن بەشێكی سەرەكی لە ژێرخانی ئابوریەكەی لەسەر گەشت و گوزار بەڕێوە دەچێت.
كەواتە لە ئەنجامی ئەم باسە گرنگی كۆنفرانس و كۆبونەوەی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیمان بۆ دەركەوت، هەربۆیە گرنگ و پێویستە لەسەر ئاستی سیاسی و كولتوری و زانستی ئەم پرۆسەیە لە كورستان بەرەو ئاستێكی باڵا ببەین تاوەكو ببێتە هاندەرێك لە گەشە و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابووری وڵات.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەخشی سەتەلایت بە ناوەڕۆك و پەیامی لۆكاڵی

میدیا لەم سەردەمەی ئەمڕۆماندا لەگەڵ گەشەكردنی بواری تەكنەلۆجیا توانیویەتی خۆی ...