كۆچۆ و حەردان دوو تراژیدیای ئێزدییەكان

10:36 - 2022-08-10
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
397 خوێندراوەتەوە

تاوانی گەورەی داعش لە مانگی ئاب بوو، ئەم مانگی ئابە گەلێك شومە، زۆربەی رۆژەكانی تابلۆیەكی تاریك و بەسەرهات و رووداوی پڕ مەینەتی میللەتی كوردی لێ‌ تۆماركراوە، لە 14 ئاب-ی 2007 تەقینەوە گەورەكەی گرعوزێر و سیبا شێخ خدرێ بوو، كە دوو كۆمەڵگای گەروەی ئێزدیەكانن، تیرۆرستانی ئیسلامیی چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان لەو دوو گوندە تەقاندەوە و بووە هۆی شەهیدبوونی 312 كەس و برینداربوونی  703 كەسی دیكە. هەر لەم مانگە، 23ی ئاب كراوەتە یادكردنەوەی رۆژی بە كۆیلەكردن یان بەندایەتیی لە جیهان، بەختی كوردانی ئێزیدی ئەو رۆژانە بەكردار بوونە كۆیلە و هەزارانیان لێ‌ كران بە كەنیزەك و ژێردەستی دڕندەترین بوونەوەری ئەم سەرزەمینە. 
دواترین رۆژی ره‌ش له‌ 3ی ئابی 2014 بوو كاتێك چه‌كدارانی داعش په‌لاماری‌ ئێزدخانیان دا واته‌ ناوچه‌ی‌ كوردانی ئێزدیی، دڕنده‌ترین تاوانیان به‌رامبه‌ر كردن و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌زارانیان لێ‌ شه‌هید بوو، هه‌زارانیشیان لێ‌ شوێن بزر و كران به‌ كه‌نیزه‌ك و كاره‌كه‌ر.
رۆژانی یەكەمی هێرش و پەلاماری داعش لە هەردوو دیوی قوبلە و شەمال ژمارەیەكی ئێجگار زۆری كوردانی ئێزیدی پەراگەندە ببوون، بە دوای پەنایەك دەگەڕان تا دڕندەیی داعش نەیانگاتێ، بەڵام مەخابن ژمارەیەكی زۆریان لێ‌ تیرۆركراو كەوتنە دەستی ئەو دڕندانە.
ئەوانەی رۆڵی زۆر خراپیان بینی لەو تاوانە قێزەونانەی داعش، بەشێك لە عارەبی ناوچەكەو ئەو توركمانە سوننانەی تەلەعفەر و گوندەكانی دەوروبەری بوون، زۆربەیان دەستدرێژیان كردە سەر ماڵ و موڵكی كوردانی ئێزیدیی و بەشێكیشان بە ئاشكرا كچ و ژنی كوردانیان وەك كەنیزەك برد، خراپترینیان عارەبەكانی سوننە لە عەشیرەتی خاتون و متێوت لە تەلەعفەر و توركمانە سوننەكانی ناوچەك بوون.

رۆڵی خراپی هەندێک دانیشتوی ناوچەکە
دوو لەو گوندانەی ناوچە جیاوازەكانی ئێزدخان تاوانی گەلێك گەورەیان لەلایەن گروپی تیرۆریستی داعش دەرهەق كراوە، كە پێویستە هەڵوەستەی لەسەربكرێت و تەنها وەك چیرۆكی رابردوو لەمیدیاكان باس نەكرێت و تێنەپەڕێت، بەڵكو پێویست دەكات وەك تاوانی جینۆساید بناسێنرێت و خەڵكەكەی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە و بیر و بكەرانیشی بە خەڵك بناسێنرێن. ئەوانیش گوندەكانی كۆچۆ و حەردانن كە هەردووكیان گەورەترین تاوانیان دەرهەق كراوە.
یەكەمیان گوندی (كۆچۆ)یە كە 16 كیلۆمەتر لە باشوری شنگالەوە دوورە و بەپێی پیتاكی خۆراك ژمارەی دانیشتوانەكەی 1603 كەسە و ئەوانەی رزگاریان بووە 303 پیاو و 271 ژنن، ئەوانی دیكە كە دیارنین و كۆمەڵكوژ كراون 520 پیاو و 509 ئافرەتن. 
خەڵكی ئەو گوندە زۆربەیان لە عەشیرەتی (مەنتكا)ن و دەڵێن ئێمە لە دەشتی هەریر هاتووین، ئەمەش بەڵگەیە كە پێشتر كوردانی ئێزیدی لە دەشتی هەریر هەبوون و لەسەردەستی میرنشینی سۆران، میر محەمەد پاشا (1826-1837) دەیان هەزاری لێ‌ كوشتن و هەزاران كچیشی لێ‌ كردنە كەنیزەك، دیارە ئەوكاتە كوردانی موسڵمان هێرشیان كردۆتە سەر كوردانی ئێزیدیی و بەهۆیەوە كوردانی ئێزیدی ناوچەكەیان جێهێشتووە بەرەو پێدەشتی چیای شنگال.
 گوندی حەردان كە زۆربەیان كوردی ئێزیدیین سەدانیان لێ‌ كۆمەلكوژ كراوە، لەو گوندە كە دەكەوێتە رۆژهەڵاتی چیای شنگال نزیكەی 550 كەس دیار نین ئەگەری بەهێز هەیە زۆربەیان شەهید كرابن، چونكە هیچ كەسێك رزگاری نەبووە لە كۆمەڵكوژییەكانی ئەوێ، بۆیە زانیاریی لەسەر ژمارەی شەهیدكراوانی بەردەست نییە. لە گوندی كۆچۆ 19 شایەتحاڵی گولەبارانكردنەكە ماون و هەیانە بەبرینداریی رزگاری بووە و 18 گولەی بەركەوتووە، یەكێكیش لەوانە هیچ گولەی بەرنەكەوتووە و رزگاری بووە، بەڵام مەرگەساتی حەردان زۆر سەخت بووە، چونكە لەوانەی گولەبارانكراون تەنها یەك دەربازبوویشیان نییە، بۆیە نازانرێت هەمویان لە كوێ گولەباران كراون و چەند كەسن ئەوانەی شەهید بوون.
لە رۆژانی یەكەمی هێرشەكەیان داعش لە هەندێ ناوچە دەست بۆ خەڵكەكە نابات، ناوچەكان بە تەواوی كۆنترۆڵ دەكات، دواتر دەست بە كۆمەڵكوژیی و تاوانی زۆرگەورە دەكات. 
بە قسەی شایەتحاڵەكانی ئەو رووداوانە، گروپی تیرۆرستی داعش سەرەتا پرۆپاگەندە بڵاودەكەنەوە كە رێگە دەدەن ئێزدییەكان لەسەر دینی خۆیان بمێننەوەو دەستیان بۆ نابەن، ئەم پرۆپاگەندەیان بۆ ئەوەبوو تا ئەوانەی لەگوندەكان رایان كردووە بگەڕێنەوەو ئەوانەیشی لە نزیك شاخی شنگال خۆیان حەشاردابوو بگەڕێنەوە گوندەكانیان و سەر ماڵ و حاڵی خۆیان! ئەم دەنگۆیەی داعش وایكرد ژمارەیەك لە خەڵكی راكردووی كوردانی ئێزیدی بگەڕێنەوە.
دواتر پرۆپاگەندەیان بڵاوكردەوە وەكو مەسیحییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و ئەوەی دەبێتە موسڵمان ببێتە موسڵمان و سەروماڵیان پارێزراو دەبێت، ئەوەیشی نابێتە موسڵمان رێگەیان دەدەن گوندەكانیان جێبهێلن. لە چەند گوندێك گفتوگۆیان لەگەڵ كەسایەتی و سەرۆك هۆزی ئێزیدییەكان كردبوو، بەڵام گفتوگۆكانیان بۆ خافڵاندنی دانیشتوانی ناوچەكە بوو تاوەكو خۆیان ئامادەبكەن بۆ تاوانی كۆمەڵكوژیی. ئەوەبوو مەرگەساتی گەورەیان بەسەر ناوچەكەدا هێنا. بە تایبەت لە گوندی كۆچۆ كە زیاتر لە 300 كەسیان بە كۆمەڵ شەهید كرد.

رازی نەبوون بە گۆڕینی ئاینی خۆیان
بەپێی قسەی شایەتحاڵەكان، دوای تێپەڕبونی 9 رۆژ بەسەر داگیركردنی ناوچەكە ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش بە ئۆتۆمبێلی جیاواز دێنە گوندی كۆچۆ چەكەكانیان داپۆشیوە، خەڵكی گوندەكە لە قوتابخانە كۆدەكەنەوە و پێیان دەڵێن هەرچی خشڵ و زێڕ و زیو و پارەیان هەیە بیهێنن، كاتێك لە خوێندنگاكە كۆدەكرێنەوە و هەرچی خشڵ و زێڕ و پارەو مۆبایلیان پێیە لێیان وەردەگرن. ژنەكان دەبەنە قاتی دووەمی خوێندنگەكە و پیاوەكانیش لە قاتی یەكەم كۆدەكەنەوە. خەڵكەكە وادەزانن ئیدی رێیان دەدەن ناوچەكانیان جێبهێڵن. لەپڕ گەورە تیرۆرستێكی داعش كە پێی دەڵێن ئەمیری داعش دێت و دەڵێت ئەوەی دەبێتە موسڵمان ئێستا شایەتمان بێنێت ئەگەرنا رایدەگوێزین بۆ ناوچەكانی دیكەی كوردستان. خەڵكەكە بەیەكەوە بەدەنگی بەرز دەڵێن ئێمە ئاینی خۆمان ناگۆڕین و رامانگوێزن بۆ كوردستان.
دوای ئەوەی دڵنیادەبن كەس نابێتە موسڵمان، پیاوەكان بە ئۆتۆمبێل دەبەن و لە نزیك گوندەكەیان بەكۆمەڵ دەستڕێژیان لێدەكەن، خەڵكەكە هەستدەكەن ئەوانەی بردویانن كۆمەڵكوژ دەكرێن. ئیدی لەناو خوێندنگاكە دەبێتە هاوارهاواری خەڵكەكە و شلەژانیان، بەڵام هاواركردنیان دادیان نادات.
بەپێی زانیاریی شایەتحاڵەكان ژمارەیەك لەوانەی دەستڕێژی گوولەیان لێکراوە بە برینداری خۆیان رزگار کردووە. ئەوانە بە لەپان و دەست خۆیان  لە چاڵەكان رزگاردەكەن و لەشوێنی گولەبارانكردنەكان دووردەكەونەوە، بە زەحمەتییەكی زۆر دەتوانن بگەنە شاخ. بەشێك لە بریندارەكانیش لەلایەن چەند عارەبێكی ناوچەكە رزگاركراون، تەنانەت یەكێك لەبریندارەكان لەلایەن مەلایەكی ئاینیی (ئیسلام) برینپێچ كراوەو رزگاركراوە.
گێڕانەوەی چیرۆكی ئەو كۆمەڵكوژیانە لێكۆڵینەوەی زۆری پێویستە، چونكە هەر گوندێك چیرۆكێكی تایبەتی خۆی هەیەو هەركەسێكیش لەوانەی رزگاری بووە یان كراون بە كەنیزەك و كەوتۆتە دەستی داعش، چیرۆكێكی تایبەتی خۆی هەیە. بۆیە باسكردنی ووردەكاریی ئەو تاوانە گەورەی (داعش) بەنوسینێكی رۆژنامەوانیی تێرا نابێت و پێویستی بەتوێژینەوەی بابەتی و وورد هەیە.

کۆمەڵکوژی گوندی حەردان
دوای كۆچۆ، گوندێكی دیكە دڕندانە تاوانی كۆمەڵكوژییان بەرامبەركراوە ئەویش حەردانە كە داعش دڕەندەیی خۆی لەوێ‌ گەیاندۆتە لوتكەو رقی نامرۆڤانەی خۆی هەڵڕشتووە، حەردان 30 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشوری ناحیەی سنونێ‌ و ژمارەی دانیشتوانەكەی بەپێی پیتاكی خۆراك 313 خێزانەو 2904 كەس بوون، زیاتر لە 90%یان كوردی ئێزیدی بوون.
بە وتەی شایەتحاڵەكان، داعش لە 3/8 بەیانییەكەی كاتژمێر 11 بە دوو ئۆتۆمبێل هاتوونەتە ناو گوندەكە و بە بڵندگۆ قورئانیان پەخشكردووە و دواتر بە خەڵكی گوندەكەیان وتووە مەترسن ئێمە دەست بۆ كەس نابەین. دواتر بارەگای پارتییان پشكنیوە! ئەمەش مانای ئەوەیە هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی پێشوەختە ناوچەكەیان جێهێشتوە و داعش بێ‌ هیچ رێگریی و بەرگرییەك هاتۆتە گوندەكان. 
لە (حەردان) بەیانییەكەی بەهۆی بڵاوبونەوەی هەواڵی پەلاماردانی داعش خەڵك دەشڵەژێت، كەسوكار و خزم و دۆستانیان پەیوەندیان پێوەدەكەن و لە دڕندەیی داعش ئاگاداریان دەكەنەوە، بەڵام ئەو هاتنە بێدەنگەی داعش و خۆ بە دوورگرتن لەبەریەكەوتن لەگەڵ خەڵك ماوەیەك خەڵكی گوندەكەی هێوركردۆتەوەو ئەوانەیشی پێشوەختە رایانكردبوو بۆ دهۆك و شاخی شنگال، زۆربەیان گەڕابوونەوە ناو گوند.
خەڵكی حەردان ناسیار و خەڵكی نزیكیان هەبووە لە گوند و ناوچەكانی دەوروبەریان، کە هەندێكیان پێیانووتون هیچ نییە و رامەكەن. بەڵام بەشێكی تریان پێیان ووتبون زوو خۆتان بپێچنەوەو رابكەن چونكە یان دەبێ‌ ئاینی خۆتان بگۆڕن یان دەتانكوژن!
هەرچۆنێك بێت كەمترین خەڵكی گوندەكە جوڵە دەكەن، بۆ هەمان رۆژ چەند ئۆتۆمبێلێكی داعش دەگەنە ناوچەكەو  گوندەكە ئابلوقە دەدەن. بەشێك لە گەنجان و پیاوان دەبەن و لە دووڕیانی سەرەكی گوندی حەردان بەرەو سنونێ‌ كۆمەڵكوژیان دەكەن.
لەگەڵ گەیشتنی هەواڵی گولەبارانكردنی بەشێك لە دانیشتوانی گوندەكە، خەڵكەكە هەوڵی راكردن دەدەن. چەند خێزانێكی حەردان پەنا بۆ گوندەكانی دەوروبەریان دەبەن، بەڵام لەلایەن خەڵکی دووبارە رادەستی چەكدارانی داعش دەكرێن و شوێنبزر دەكرێن. بەڵام بەشێك لەدانیشتوانی حەردان لەلایەن ژمارەیەك خێزانی عارەبەوە ئازایانە دەرباز دەكرێن و لەدەست داعش دەردەهێنرێن.
رۆژی یەكەمی دەستپێكردنی پەلاماردانی خەڵكەكە لەلایەن داعشەوە سەدان گەنج و پیرولاو و ژن و منداڵ لە حەردان كۆدەكرێنەوە، مۆڵەتی سێ رۆژیان دەدەنێ‌ تاوەكو موسڵمان ببن، ئەگەرنا لە ناویان دەبەن! دوای ئەو ماوەیە دەستە دەستە دەیانگوێزنەوە بۆ تەلەعفەر و لەوێ كچەكان دەكرێنە كەنیزەك، مێردمنداڵانیش ئەوانەی تەمەنیان سەرو 10 ساڵە جیادەكرێنەوە و پیاوەكانیش ئەوانەی لەژیاندا ماون كاری زۆر سەختیان پێدەكەن و بەشێكیشیان شوێنبزر دەكرێن.
لە گوندی حەردان زیاتر لە 500 كەسیان شوێنبزرە و بەشی هەرە زۆریان لە سێ‌ گۆڕی بەكۆمەڵ لە دووڕیانی گوندەكەیان كۆمەڵكوژكراون.

 


یەکێک لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی گوندی حەردان

وتارەکانی نوسەر