ئەنجومەنی گشتی راژە و چەند سەرنجێک

10:20 - 2022-08-11
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
974 خوێندراوەتەوە

ئەم بابەتە تایبەتە بە راژە و دامەزراندن و (التوصیف الوظیفی) بۆ تەواوی کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە یاسایەکی تایبەت لە پەرلەمان  دەرچوێندراوە بە ژمارە 7ی ساڵی 2011، بەڵام 11 ساڵە ئەم یاسایە لە پەرلەمان دەرچووە، کەچی نەتواندراوە هەیکەلەکەی و تەواوی ئەنجومەنەکە دەست بکات بە کارەکانی.
وەک یادگاریەک و جێ دەستێکی خۆم دەمەوێ هەندێک بگەڕێمەوە بۆ ساڵانی 2010-2011 کە ئەوکات لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە بووم، لەگەڵ گروپێک لە هەڤاڵان دانەیەک لە رەشنووسی ئەو ئەنجومەنەمان ئامادەکرد و لە رێگای وەزارەتی خوێندنی باڵاوە ناردمان بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام یاساکەی کە لە پەرلەمان شێوازی کۆتایی دەرچووە، جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ (مبدأ)و وردەکاری ئەو رەشنووسەی کە ئەوکات ئێمە کارمان لەسەرکردبوو، چونکە پێمان وابوو کە ئەم ئەنجومەنە گرنگە و کوردستان و حکومڕانی پێویستی پێیەتی، بۆیە دڵمان خۆش بوو بە گرنگمان زانی کە دەربچوێندرێ. 
بەپێی زانیاریەکان کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەو کاتانەی کە بەڕێز عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، ئەم ئەنجومەنە و دامەزراندنی هاتە بەر باس و لە پشکی یەکێتی بوو، بەڵام ئەنجومەنەکە دانەنرا و نە یەکێتی داوای کرد و نە پێداگری کرد کە ئەو ئەنجومەنە وەربگرێت. 
ئەوکات هەندێک بەدواداچوونم کرد، بەڵام پێموایە چونکە دۆخی دارایی و سیاسی و سەربازی کوردستان و حکومەت زۆر باشتر بوو لە ئێستا، بۆیە زۆر گرنگی پێنەدرا. 
ئەو دەزگایە، دەزگایەکی گرنگی حکومڕانییە لە کوردستان و زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا هەن لەوانەیە نەبوونایە و باشتر راژەی گشتی رێکبخرایە. هەرچەندە تایتڵ و ناوی دەزگاکە بە بۆچوونی من دەبوایە ناوەکەی ئەنجومەنی راژەی گشتی بوایە. تەنها کەرتی حکومی بگرتایەوە، چونکە بە ناوەکەی ئێستای ئەنجومەنی گشتی راژە، دەبێ هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت بگرێتەوە. 
لە کۆتاییەکانی کابینەی نۆیەم، ئەم ئەنجومەنە بڕیاری لێدراوە و بەرپرسی یەکەمی بۆ دانراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەیکەلەکەی تەواو دەبێت و دەست دەکات بە کار و ئەرکەکانی. بەم شێوەیە دەمەوێ باسەکە بکەمە سێ تەوەرە. 

دیوانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:
لە زۆر وڵاتانی دونیا زانکۆکان دەزگای سەربەخۆن و وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر نییە، وە لە هەندێک وڵاتانی تریش هەیە بەڵام بەپێی کاری خوێندنی باڵا و ئەرک و گرنگییەکەی و دەسەڵاتی زانکۆکان و ئەرکەکانیان، پێویست بە بوونی سوپایەک لە فەرمانبەر و ئەو هەموو کارمەندەی ناو دیوانی وەزارەت نییە. 
 دەبێت وەزارەت تەنها دەزگایەکی چاودێری و سەرپەرشتی رەسمی بێت بۆ زانکۆکان و چاودێریی جێبەجێکردنی یاسا و رێنمایی و پەیڕەوەکان بکات کە دەبێ زانکۆکان و دەزگاکانی سەر بە وەزارەت پەیڕەوی بکەن، کەواتە دەبێ جارێکی تر بە تەواوی هەیکەلی وەزارەت و دیوان دا بچینەوە و پێویستی بەم ژمارەە زۆرە نییە.

زانکۆکان:
زانکۆکان ژمارەیان زۆرە و ناگونجێ لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، هەڵەیەکی گەورەیە هەموو دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی بخرێنە زانکۆکان.
ئەمە لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نییە، واتە پێویستمان بەم ژمارە زۆرە نییە لە مامۆستا و فەرمانبەر، لەلایەکی تریش لە هەندێک زانکۆ ژمارەی مامۆستایانی بەشێک، کۆلێژێک زۆر لە پێویست زیاترە، لە هەندێک زانکۆی تر (نقص) زۆرە لە راستیدا دەبێ چەندین بەشی زانستی دابنرێن و زانکۆکان خۆیان پێداچوونەوە بەو بەشانەدا بکەن کە ئیتر هەبوونیان پێویست نییە و دەرچووانیان پێویست نین و کار و پیشەیان دەست ناکەوێت. 

بڕوانامەکان بەپێی پێویستی کۆمەڵگە بن

زانکۆکان وەکو دەزگا و وەزارەتەکانی تر نین کە تەنها پێداچوونەوە بە ژمارەی میلاکات بکرێت، بەڵکو دەبێت بزانین ئەو بەشانەی کە هەن پێویستن یاخود نا؟ لە کوێ پێویستە رێکبخرێنەوە و لە کوێ پێویستە دابخرێن؟ واتە دەبێ (تعامل) لەگەڵ زانکۆکان بەهەردوو پێوەر بێت. 
دامەزراندنی یەکەمەکان دەستی لێنەدرێت، بەردەوام بێت لەبەرئەوە نا کە وەک میلاکات زۆر پێویستن، بەڵکو بۆ دروستکردنی رۆحی کێبڕکێی زانستی لە نێوان خوێندکاران. 
دەکرێت بۆ ئەم بابەتە تێکڕای نمرە، یان پێویستی خوێندنی باڵا پسپۆڕییەکە بکرێتە پێوەر، بەڵام دامەزراندنەکە هەر هەبێت و رانەگیرێت. سەنتەرەکانی توێژینەوە بە چەندین شێواز  بەڕێوەدەبرێن، گرنگە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت و یەکبخرێن بەپێی پێویستییان هەیکەلەکانیان رێکبخرێتەوە.

دەزگاکانی تری سەر بە وەزارەت:
چەند دەزگایەکی تریش هەیە سەر بە وەزارەتن، ئەوانیش گرنگە ئەرکەکانیان دیاریبکرێت و ژمارەی پێویست لە پسپۆڕ و میلاکی بۆ دابندرێت. داواکاری پێویست و توێژینەوەی پێویست و ئاست بەرز لەم دەزگایانە بکرێت. 
دەبێ لەکاتی رێکخستنەوەی میلاکات رەچاوی ئەوە بکرێت کە لە چ بوارێک گرنگە کار و توێژینەوە و چالاکی زانستی بکەن، ئەمە بکرێتە بنەمای بوونیان و ژمارەی میلاکی پێویستییان. 
ئێستا دوو دەزگامان هەیە کە یەکێکیان بۆ توێژینەوەی ستراتیژییە ئەوی تریش بۆ بۆردی پزیشکی کە قەبارەی زانکۆ دراوە بەو دوو دەزگایە، بۆیە گرنگە پێداچوونەوە بۆ پسپۆڕی و میلاکیان بکرێت. 
هەر بۆ ئەوەی حکومڕانیی ئەم هەرێمە، هەنگاو بەرەو بە دەزگایی بوون ببات، هیوادارم هەیکەلی ئەم دەزگایە لە کەسانی زۆر شارەزا و بەتوانا پێکبێت کە تەنها بە پشکی حزبی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و جێگرەکانیان دانەنرێن، چونکە ساڵانێکە کابینەکانی ئەم حکومەتە دامەزراوە و بێ بەرنامە و بە هەڕەمەکی کارەکان و دامەزراندن بەڕێوەچووە، دەبێ خەڵکی بەتوانا بە تەواوی میلاکات و پێویستییەکان التوصیف الوڤیفی دا بچنەوە، ئەو دەزگایە زۆر گرنگ و پێویستە بۆ رێکخستنەوەی کەرتی گشتی لە دامەزراندن و توصیف الوڤیفی، هەنگاوێکی پێویست و هاوکار دەبێت، بۆ بە دەزگاییکردنی دامەزراندن لە حکومەت.

وتارەکانی نوسەر