هەفتەی رابردوو مووشەکباران و بۆردومانی نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەشێوەیەکی چڕ ئاڵۆزییەکی نوێی لەنێوانیان ئەو دوو لایەنەدا هێنایە کایەوە کە لە هەردوولا زیانی گیانی و دارایی زۆر کەوتەوە.
پەرتکردنی فەلەستینییەکان
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو هێرشانە پەیوەست نەبوون بە ئیدارەی کەرتی غەززەوە کە بزووتنەوەی بەرەنگاریی ئیسلامی (حەماس) بەڕێوەی دەبات، گوایە رێکەوتنێکی ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ئاگربەست، بەڵکو هێرشەکە تەنها بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی دەگرێتەوە کە سەرپەرشتیی گروپی (کەتائیبی قەسام) دەکات و ئەوان پابەندنین بە رێکەوتنی ئاگربەستەوە و ناوبەناو «بە مووشەک یان کاری تەقینەوە و تیرۆر» ئیسرائیلییەکان لە سنووری کەمپەکانی (ئیستیتان) یان لە قووڵایی خاکی ئیسرائیلدا دەکەنە ئامانج.
هەناردەی گرفتی ناوخۆیی
بەگوێرەی وتەی زۆربەی شرۆڤەکارانی عەرەبی و بیانی و تەنانەت بەشێک لە شرۆڤەکارە ئیسرائیلییەکانیش، کابینە فرەلایەن و ئیئتیلافییەکەی ئێستای ئیسرائیل، لە تەنگژەیەکی قووڵدایە و گوشارێکی زۆر لەسەر حکومەتی تەلئەبیب و کنێست دروستکراوە تا هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، بۆیە حکومەتەکەی یائیر لابید بەهۆی ئەو گوشارانەوە نایەوێت زوو خۆی بەدەستەوە بدات و کابینە ناتەباکەی هەڵبووەشێنێتەوە، بۆیە دەیەوێت کێشەکان هەناردەی دەرەوە بکات و بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پەرتکردنی ریزی فەلەستینییەکان دەیەوێت تەبایی و یەکڕیزیی لەناوخۆی ئیسرائیلدا بهێبنێتە ئاراوە.
لانیکەم دەیەوێت بە ئیسرائیلییەکان بڵێت هەڕەشە و موشەکبارانەکانی جیهاد داوامان لێدەکات ریزەکانمان یەکبخەین، یان دەیەوێت لەم هێرشانەی خۆی بۆسەر کەرتی غەززە هەردوو بزووتنەوە حەماس و فەتح لە هاوکیشەکە بکاتە دەرەوە تا لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش بڵێت ئێمە شەڕی فەلەستین و عەرەب ناکەین، بەڵکو «شەڕی تیرۆر» دەکەین.
کاردانەوەکان
ئەگەرچی ئیسرائیل هەوڵیدا بزووتنەوەی حەماس وەک لایەنی ئیداریی کەرتی غەززە و بزووتنەوەی فەتح-یش وەک لایەنی ئیداریی و دەوڵەتداریی لە کەناری خۆرئاوا لە هاوکێشەی جەنگەکەی بکاتە دەرەوە، بەڵام ئەوە سەری نەگرت، بەهۆی گوشاری بنکەی جەماوەریی سەرجەم گروپ و لایەنە فەلەستینییەکانەوە لەسەر سەرکردایەتیی حزبەکانیان، جگە لەوەش ئیسرائیل ویستی ئەوە بکاتە دەرفەتێک بۆ زانینی راو کاردانەوەی ئەو وڵاتە عەرەبییانەی دەچنە چوارچێوەی رێکەوتننامەی ئەبراهام (سەودای سەدە)ەوە، لەوەشدا ئەگەرچی کاردانەوەکان کشانەوەی هیچ کام لە ئیمارات و بەحرێن و ئەو وڵاتە عەرەبیی و ئیسلامییانەی دیکەی لێنەکەوتەوە کە لە چوارچێوەی (سەودای سەدە)دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاسایی کردۆتەوە، یان لە ریزدان بۆ ئاساییکردنەوە، بەڵام چەند بەیاننامەیەکی سەرکۆنە و سەرزەنشت لەلایەن ئەو وڵاتانەوە بڵاوکرایەوە کە زۆربەی بڕگە و رستەکانی ناو بەیاننامەکان بە ئاراستەی هێورکردنەوەی هاووڵاتیانی ناوخۆی وڵاتەکان بوو نەک بەرگریی لە کێشەی فەلەستین و فەلەستینییەکان.
رۆڵ و کاریگەریی میسر
هەرچەندە لە جیهانی عەرەبیدا میسر لە کۆتایی حەفتاکانەوە باجی ئەوە دەدات کە یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئاساییکردەوە، بەڵام بە خوێندنەوەی دۆخەکە میسر لە کۆن و ئێستاشدا توانیوێتی شوێن دەستی خۆی ئەو ئاساییکردنەوەیەدا جێگیر بکات و کە جگە لەوەی کۆتایی بە جەنگی گەرمی نێوان قاهیرە و تەلئەبیب هێنا، توانیشی بەبێ شەڕ (سینا) و (تابا) لە ئیسرائیل وەربگرێتەوە و تا رادەیەکی زۆر پەیوەندییەکانی خۆشی لەگەڵ ئیسرائیلدا بە قازانجی پشتیوانیی لە دۆزی فەلەستین بەکاربهێنێت.
پێکدادانەکانی ئەمجارەی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل ئەگەرچی وەک حیکایەتی مریشک و هێلکەکەی لێهات لەوەی کامیان خەتابار و دەستپێشخەربوون لە سەرهەڵدانی کێشەکەدا، بەڵام میسر لەسەر زاری وتەبێژی رەسمیی حکومەتەوە زۆر بوێرانە لایەنی خەتاباری دەستنیشانکرد و ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرد کە سەرەڕای بوونی چەندین رێکەوتنی مەیدانی لەگەڵ فەلەستینییەکان و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش کە ئیسرائیل دەستبەرداری دروستکردنی (کەمپی جوو نشین) ببێت لەسەر خاکی فەلەستین لە هەردوو بەری غەززە و کەناری خۆرئاوا و هەوڵبدات جووەکانی کەمپەکان تەشقەڵە بە مسوڵمانانی مزگەوتی ئەقسا نەکەن لە قودس، بەڵام ئیسرائیل دەستبەرداری ئەوە نەبووە، یان توانای بەسەر جووە توندڕەوەکاندا ناشکێت، بەمەش کاردانەوە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە دروست دەبێت، بۆیە ئیسرائیل کارە ئاسانەکە ناکات کە رێگرییە لەو دوو حاڵەتە، بەڵکو لەڕێی درۆنەوە سەرکردەی گروپەکانی فەلەستین دەکاتە ئامانج کە ئەوەش هەم گروپەکان دەوروژێنێت و هانیان دەدات بۆ تۆڵەکردنەوە، وڵاتانی دژ بە ئیسرائیلیش زیاتر دنەی دۆخەکە دەدەن.
میسر لەگەڵ دەستپێکردنی بۆمبارانی ئیسرائیل و جیهاد بەپەلە هاتە سەر خەت و لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی و وەزارەتی دەرەوە و دەزگای هەواڵگریی توانی سەرەڕای گرژیی و توندیی پێکدادانەکان، لە ماوەیەکی کورتدا هەردوولا بێنێتە پای ئاگربەست، ئەگەرچی هێشتا دۆخەکە بەتەواوەتی هێور نەبۆتەوە.
تورکیا کە یەکەم وڵاتی ئیسلامییە کە دانی بە ئیسرائیلدا ناوە، نەک لە پێشوودا، بەڵکو لەم 20 ساڵەی دواییشدا کە حکومەتەکەی ئیسلامییە بە دەستوورێکی عەلمانی وڵات بەڕێوە دەبات، سەرباری هەڵبەز و دابەزی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، نەیتوانیووە نیوەی رۆڵی میسر نە لەم گرژییەی ئێستا و نە لە گرژییەکانی ساڵی رابردووی گەڕەکی شێخ جەڕاحدا ببینێت، جگە لە بەیاننامەی ناڕەزایی و سەرکۆنەکردن.
ئیسرائیل و سەودای سەدە
پێدەچێت ئەم ئاڵۆزییانەی هەفتەی رابردووی غەززە، تاقیکردنەوەیەکی مەیدانی بێت بۆ ئیسرائیل بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەو وڵاتانەی سەودای سەدەی لەگەڵدا ئیمزا کردوون، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتانە جۆرێک لە دڵنیاییان دا بە تەلئەبیب کە لەسەر ئاستی رەسمی کاردانەوەی ئەوتۆیان نابێت لەبەرامبەر هەر کارێکی ئیسرائیل و ئەوەی دەشیکەن بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی شەقامی وڵاتەکانیانە بەتایبەتی ئەوانەی لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە هاوسۆزن لەگەڵ بزووتنەوەی جیهاد، بۆیە ئەگەری هەیە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتی ئێستای ئیسرائیل جگە لە سوود بینین لەم شەڕەی ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی کە بانگەشەی بۆ دەکرێت، لە رووی سیاسیشەوە ئەگەری ئەوەی هەیە لە داهاتوودا خاڵەکانی سەودای سەدە و رێکەوتنی ئەبراهام زیاتر بە قازانجی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بشکێنێتەوە.
ئاسەواری بۆردومانی شاری غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە