لەناو رووداوەکاندا

تونێلێکی نوێی ناکۆکی لە عیراق

12:01 - 2022-08-15
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
435 خوێندراوەتەوە

ئەستەمە لە وڵاتێکی وەک عیراقدا دەرگای ناکۆکییەک دابخرێت و چەندان دەرگای دیکەی ناکۆکی واز نەکرێن. 
عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی هەر ناکۆکی و دووبەرەکییەک تێیدا بێتە ئاراوە، ئاسان شوێنکەوتە دەبێت و جێگیر دەبێت. 
هیچ کێشەیەک لە عیراقدا ئاسان چارەسەر نابێت، چونکە لایەنە ناکۆکەکان تێگەشتنێکی ئەوتۆیان نییە کە عیراق لە هەر گۆتاوەڕۆیەکی ئەو کێشانە بپارێزن و نەهێڵن ببێتە سەربار بۆ سەر خەرمانی ئەو سەدان کێشەیەی بەرۆکی عیراقییەکانی گرتووە. 
هەموو ئەم لەبارییەی ژینگەی عیراق بۆ لە دایکبوونی کێشەی نوێ و بەردەوامبوونی، چەند رەهەند و هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێشینەی ناکۆکییەکان، حەزی خوێنڕشتن و تۆڵەکردنەوە، مەزهەب و بیری خێڵ، دەستتێوەردانی دەرەکی، مادە و پۆست و ... هتد
لە عیراقدا و لە مێژووی ناکۆکی نێوان شیعە و سوننەدا، هەمیشە یەکێک لەم دوو بەرەیە خۆی پێ راستتر و لە پێشتر بووە لە خوداوە، نەک هەر ئەوە ئەم دوو مەزهەبە ویستوویانە لە دواجاردا یەکێکیان ببنە نوێنەری خودا لە سەر زەوی و زۆرجار بەناوی خوداشەوە فەتوایان داوە. سەرەڕای ئەوەی ئەو ناکۆکییە مەزهەبییە هێشتا نەوەستاوە، دواجار تونێلی ناکۆکییەکی دیکە بە رووی عیراقدا کرایەوە کە کۆتایی هاتنی زۆر قورس و ئەستەم دەبێت، ئەویش ئەو ناکۆکییەی نێو ماڵی شیعەیە. ئەم ناکۆکییە تەنها دۆخی سیاسی ماڵی شیعە ناکات بە دوو کەرتەوە، بەڵکو لێرە بەدوا دوو کەرتی جیاوازیش لە میراتی شیعە دەبینین. 
دوو دیوی جودای قسەکەر بەناوی شیعەی پاک و پیس، جوان و ناشیرین، نزیک و دوور لە ئیمام عەلی دەبینین. 
لەدوای هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021ی عیراقەوە، تونێلی چەند کێشەیەکی دیکە لە عیراقدا دەرکەوت، لەوانە دەمەزەرد بوونەوەی ناکۆکی نێوان نوری مالیکی و سەید موقتەدا سەدر، ئەم کێشەیە لەو کاتەوە دروست نەبووە کە سەید موقتەدا داوای حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکرد و نوری مالیکی ئاوت دەکرد، بەڵکو سەرەتای ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دروستکردنی سوپای مەهدی لە ساڵی 2004 لەلایەن موقتەدا سەدرەوە کە نوری مالیکی دژی بوو.
 پاشان داگیرکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عیراق لەلایەن داعشەوە لە هاوینی ساڵی 2014دا و لە خولی دووەمی ویلایەتەکەی نوری مالیکیدا. ئەم نموونانە پێمان دەڵێت کێشە و ناکۆکییەکان ئاسان جێگیر دەبن و لەبیر ناکرێن، بۆیە بەردەوامییان هەیە. 
کردنەوەی تونێلی نوێی ناکۆکی لەم خاکەدا، جگە لەوەی عیراق رادەکێشێتە ناو تاریکاییەکی بێئەندازە مەترسیدارەوە، هیچی نوێی لێ سەوز نابێت بۆ عیراق و عیراقییەکان. 
بۆیە ئێستا دۆخی سیاسی عیراق لە گشت کاتێک خراپتر و مەترسیدارترە، هەموو ماڵێکی سیاسی لە عیراقدا دابەشی سەر دوو ئاراستە و زیاتریش بووە، بەڵام لە هەمووی خراپتر ئەوەیە ماڵی دینی دابەش ببێت بۆ چەندان ماڵ و بەرەی جیاواز.

وتارەکانی نوسەر