سۆزان حەمەتاتە
دوای هۆڵۆکۆستی جوولەکەکان لە سەدەی بیستەمدا، نەتەوەی کورد لە باشووری کوردستان لەسەر دەستی رژێمی بەعسی عیراقی سیاسەتی کۆمەڵکوژیی لە دژی گیرایە بەر و جیهانیش لەسەری نەهاتە دەنگ، ئەوە پەڵەیەکی رەشە لە مێژووی ئەو وڵاتانەی کە مرۆڤدۆست و دیموکراسی خوازن، ئەویش بەهۆی بوونی لینکی بەرژەوەندییەکانیانەوە بە وڵاتانی خۆرئاواوە.
جوولەکەکان چونکە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان و ستراتیژ و سیاسەتێکی یەکگرتوو بوون، هۆڵۆکۆستیان کردە گەورەترین پرسی سەردەم، جیهانیان هێنایە سەر سیاسەتی خۆیان و تا ئێستا هۆکاری مانەوەیان هۆڵۆکۆستە، ساڵانە سەدان دۆکیۆمێنتاری و فیلم لەسەری بەرهەمدەهێنن.
لە سەدەی بیستەم کورد جینۆساید کرا، بە کیمیایی چەندین شار و گوندی کۆمەڵکوژ کرا، بەڵام چونکە خاوەن دەوڵەت و ستراتیژیی یەکگرتوو، هەروەها لۆبیی بەهێزی نەبوو، تائێستا ئەنفالکردنەکەی لە دەرەوەی سیاسەتی نێودەوڵەتییە و جیهان بە رەسمی نەیناساندووە، بەڵکو ئەگەری چەند بارەبوونەوەیشی هەیە.
دەوڵەت بۆ پرسێکی لەو شێوەیە رۆڵی گرنگی هەیە، بگرە تاکە هۆکارە بۆ ئەوەی کۆتایی بە جینۆسایدکردنی بهێنرێت، لەبەرئەوەی کورد دەوڵەتی نییە، بۆیە ئەنفال و هەڵەبجە هێشتا لە دەرەوەی مێژوون، نەبوونەتە هۆکاری پاراستنی ئەو کیانە کوردییەی هەیە.
پرسیارێک بەرۆکم بەرنادات: ئەی کە وڵاتانی زلهێز هیچیان بۆ ناساندنی جینۆسایدکردنی کورد نەکرد، خۆمان واتا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو رووەوە چیکردووە؟
ناکرێ بڵێین هیچ نەکراوە، بەڵکو ئەوەی کراوە هەوڵی لۆکاڵین، نە هەوڵی جیهانیی هەیە، نە لۆبی بۆ خراوەتە گەڕ، نە بەرژەوەندیی وا دروستکراوە وڵاتانی زلهێز ناچار بە ناساندنی جینۆسایدکردنی کورد بکەن، نە فیلمی زۆر لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە بەرهەمهێنراوە، نە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی ناوازە دروستکراوە، بەڵکو هەر لە سنووری هەوڵە لۆکاڵییەکاندا دەخولێینەوە، کە ئەمەش لە ئاست پێناسەی جینۆسایدەکەدا کەمە بگرە زۆریش لاوازە.
هێشتا دەرفەت ماوە، هەوڵە نیشتمانییەکان بخرێنەگەڕ، بۆ ئەوەی جینۆسایدکردنی کورد بە جیهان بناسرێت و دانی پێدا بنرێت، ئەوە دەبێتە قەڵغانی پاراستنی کورد لە جینۆسایدکردنەوەی، دەی با دەستپێبکەین.