ئایا دیموکراسی شکستی هێناوە؟

10:22 - 2022-08-18
سوپا شاکەلی*
441 خوێندراوەتەوە

مێژوو و رووداوە سیاسییەکان یەک لە دوای یەک بە زنجیرە روو دەدەن و هەر یەکێک لە رووداوەکان دەتوانین راستەوخۆ بیبەستینەوە بە رووداوێکی پێش خۆیەوە، بە مانایەکی تر، هەموو رووداوێک پەیوەستە بە رووداو گەلێکی پێش خۆیەوە کە بوون بە هۆکار بۆ رووداوە نوێیەکە.
لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی بیستەم، دوا بە دوای کۆتای هاتنی جەنگی سارد هەندێک لە بیرمەندەکانی سیاسەت بە تایبەتی خۆرئاوایییەکان لایان وابوو ئیتر سەردەمێک لە پێش تەواوی مرۆڤایەتییە کە دیموکراسی رەها دێتە پێشەوە و ئەم رووداوەش بە کۆتایی مێژوو ناو زەند دەکرا وەک کتێبە بەناوبانگەکەی فۆکۆیاما بە ناوی کۆتایی مێژوو بەرجەستە کرابوو و دواتریش چەندین وەڵامی درایەوە کە ناکرێت و ناتوانرێت ئەم جۆرە لە بیرۆکانە ببنە واقیع.
هەر هێندە بەس نەبوو، بەڵکو زۆرێک لە دژەکانی ئەم بیرکردنەوەیە بە مەراقەوە لەم بابەتەیان دەڕوانی و لایان وا بوو نەخێر ئەمە ناکرێت ببێتە کۆتایی بۆ مێژووی ململانێکان و چیتر سیستمی نوێی جیهانی لە خاڵێکدا بوەستێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و تێپەڕینی سێ دەیە بەسەر جەنگی سارد دا، تێبینی کرا، راستە ئەزموونی دیموکراسی خۆی بە کۆتا شێواز و سیستم نیشان دا، بەڵام لە هەمانکاتدا هەر سیستمی دیموکراسی خۆشی دەرگای بەڕووی دژەکانیدا کردەوە و چالاکییە دژەکانی بە بەشێک لە دیموکراسی ناوزەند دەکرا. 
ئەگەر بمانەوێت زیاتر روونی بکەینەوە دەبێت بە نموونە ئەو وڵاتانەی کە سیستمیان ئۆتۆکراسی (فەرمانڕەوایی رەها) بوو توانیان چالاکییەکانیان لە ناوخۆی ئەمریکا و وڵاتانی دیموکراسی کە ژینگەیەکی ئازادیان بەرهەم هێناوە، بۆ دەربڕینی رەنگ و دەنگە جیاوازەکان، ئەم ژینگەیە بەتەواوی خراپ بەکارهێندراوە لە لایەن دژەکانەوە بۆ بەرەوپێشچوونی بیرۆکەکانیان بۆ هەرەس پێ هێنانی دیموکراسی.
لێرەدا و بە روونی دەتوانین ببینین کە روسیا و هەندێک وڵاتی تر،   کە تا رادەیەک بە دژە خۆرئاوا و دیموکراسیی ناسراون توانیویانە کە چالاکییەکانیان لە ناوخۆی ئەمریکا و ئەوروپادا بە ئاشکرا و بێ گرفت بەرەو پێش ببەن بەبێ رێگریەکی بەرچاو چونکە هەر جۆرێک لە رێگری دەکرێت بە بەرتەسک کردنەوەی دیموکراسی ناوزەند بکرێت. لە بەرامبەر دا لە ژینگە دژە دیموکراسییەکان دا بە هیچ جۆرێک چالاکی و جووڵە بە رووی دیموکراسی دا رێگە پێدراو نییە و لە دەیەی رابردوودا و تا سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکرانیا زۆر بە روونی دەرەنجامەکان لە نێو خودی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە دیار دەکەوتن.
بە رای زۆرینەی شارەزایانی سیاسەتە نێودەوڵەتییەکان، ئەوە روونە کە دیموکراسی چیتر ناتوانێت خزمەت بە ژینگەی دیموکراسی خوازەکان بکات و گەڕانەوەش بۆ سیستمە دیکتاتۆر و ئوتۆکراسییەکان ناتوانێت ببێت بە جێگرەوە. هەربۆیە ئێستا هەمووان لە چاوەڕوانی رووداوەکاندان تا بزانن ئایا واقیع چۆن دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات چونکە ئیتر کاتی ئەو گۆڕانکارییە کە بە دژەکانی دیموکراسی بگوترێت لێرەدا رابوەستن.
سیستمی جیهانی لە ئێستا بە دواوە، دەبێت رێگیی زیاتر و توندتر بەڕووی دژە دیموکراسییەکان بکێشێت کە ئەمەش دەکرێت لە لایەن پۆپۆلیستەکانەوە لە ناوخۆی وڵاتان بەکار بهێندرێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دەشکرێت ئەو رێگرییانە خودی خۆیان بە دژە دیموکراسی هەژمار بکرێن و لە قەڵەم بدرێن. 

وتارەکانی نوسەر