چی دەبێ ئەگەر؟

10:18 - 2022-08-22
کەنار قاسم
484 خوێندراوەتەوە

لە ژیانی رۆژانەماندا و لە هەموو ئاستەکاندا
-چی دەبوو ئەگەر هەموو کەسێک ئەمانەتەکەی وەک ئەوەی داوای لێکراوە جێبەجێ بکات، بەبێ ئەوەی هیچ لە متمانەی کەم بکاتەوە ؟
-ئەی ئەگەر هەریەکەمان لە پێناو کاردا کارەکانمان بکەین نەک بۆ شتێکی تر؟
رەنگە رۆژێک ئەم پرسیارانە بە مێشکتدا بێت، ئەگەر ویژدانێکی باشت هەبێت وەڵامێک نەدۆزیتەوە رازیت بکات، بۆیە بەردەوام دەبیت لە گەڕان بەدوای وەڵامەکەدا.
لە هەموو ئەو بوارانەی مرۆڤ تێیدا کاردەکات، پزیشکی، رۆژنامەگەری، سیاسەت، ئابووری، وەرزش.....هتد
ئەو پیشە و کارانە کاتێک راستەقینە دەبن کە تەنها لەپێناو پیشەکەدا بکرێن، ئەو کات دەتوانین شانازییان پێوە بکەین و کار بکەین بۆ پێشخستن و بەرزکردنەوەی.
ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له‌پێناوی نووسیندا نه‌ك له‌پێناو ناوبانگ و پاره‌دا بینووسیایە،  نووسه‌رێكی راسته‌قینه‌ ده‌بوو،‌ شایه‌نی رێز و ستایش دەبوو بۆ به‌رهه‌مهێنانە فیكری و كه‌لتووری و رۆشنبیرییەکانی.
بەهەمان شێوە رۆژنامەنووسەکەش رۆژنامەنووسێکی خاوەن متمانە و شەفافیەت  دەبێت کاتێک لە هەموو پەیوەندییەکان دادەبڕێت و مەیلی وتنی تەنها راستی دەکات و هیچی تر نەبێت.
پیاوی ئاسایش پیاوێکی ئەمنی راستەقینە دەبێت تا ئەو کاتەی پاسەوانی شەرەف و خاکەکەیەتی، نەک لەپێناو مووچەکەیدا کە وەک کرێ وەریدەگرێت.
پزیشک تا ئەو کاتەی ئەم کارە بکات تەنها لەپێناو رزگارکردنی مرۆڤایەتیدا نەک لەپێناو بڕوانامەی زانستی و ناوبانگەکەی فریادڕەسی مرۆڤایەتی دەبێت.
بازرگان دەبێتە بازرگانێکی راستەقینە، سوود و قازانجی بۆ خۆی و کەسانی تر هەیە، کاتێک لە پیشەکەیدا کار دەکات لەپێناو بەرهەمه‌ینانی پارەی پاک، نەک بۆ فێڵ و ریبا خواردن و دەستبەسەرداگرتنی پارەی ئەوانی تر.
پیاوێکی سیاسی، ئەگەر کارەکانی لەپێناو پێشخستنی نیشتمانەکەیدا کردبێت نەک لەپێناو تەماح و دروست کردنی ئاژاوە و وێرانکاری، تەنها لەپێناو نیشتمانەکەیدا باسی حیکمەت و بەرژەوەندی نەتەوەییمان لەگەڵ بکات.
یاریزانەکە دەبێتە نموونەیەک بۆ گەنج و پیر و بە دوایدا دەڕۆن لە جوڵە و ستایلیدا تا ئەو کاتەی بە خۆشەویستییەوە یاری بۆ ئەم وەرزشە بکات، نەک بۆ خۆدەرخستن و خۆنمایشکردن.
هونەرمەند، چ گۆرانیبێژ بێت، ئەکتەر بێت، موزیکژەن بێت، یان وێنەکێش بێت، بە مەرجێک بە خۆشەویستی و سۆزەوە پێشکەشی بکات، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەک و تەواوی نەتەوەیەک بەرز بکاتەوە و بیکاتە شێوازێکی ژیان و رزگارکەری ئەم جیهانە لە خەمۆکی، هونەر ئەو کاتە راستەقینە دەبێت تێکەڵ بە بوارەکانی تری وەک سیاسەت و ئەوانی تر نەکرێت، چەند هونەرمەند مەیلی خۆیان بۆ کەسێک یان پارتێک نیشاندا لەپێناو ناوبانگ و پارەو مێژووی ئەو هونەرەی سڕییەوە زۆربەی تەمەنی تێیدا بەسەر برد بوو.
کەواتە بۆ کۆمەڵگەیەکی باشتر و جیهانێک بە تەماح و تێکۆشان بۆ وێرانکردن و لەناوبردنی گەلان پیس نەکراوە، دڵسۆز بە بۆ ئەو کارەی دەیکەیت.
دەزانم ئەمە وەکو خەیاڵێک دەردەکەوێت، بەڵام با تاقیبکەینەوە.

وتارەکانی نوسەر